تووڕەیی منداڵ

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-12-15-03:31:00 - کۆدی بابەت: 10662
تووڕەیی منداڵ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

تووڕەیی (بە عەرەبی: غضب، بە ئینگلیزی: rage)، تووڕەیی هەستێکی دەروونییە، کە هەموو کەسێک لە ژیانیدا ئەزموونی کردووە، دەروونناسان بڕوایان وایە کە تووڕەیی هەیەجانێکی خۆییە کە یارمەتی تاک دەدات لە بارودۆخە مەترسیدارەکاندا بەرگری لە خۆی بکات، ئەم وەسفە بەسەر منداڵانیشدا دەچەسپێت.

هۆکارەکانی تووڕەبوونی منداڵ

- لاوازی لە دەڕبینی هەستەکان

لە زۆربەی بارودۆخەکاندا هۆکاری تووڕەیی منداڵ بەتایبەت لە تەمەنی پێش قوتابخانە، ئەوەیە کە ناتوانن هەستەکانیان بە قسە دەرببڕن یان داوای پێویستییەکانیان بکەن، بۆ نموونە منداڵێک کە براکەی ئامڕازی یارییەکەی لێی بردووە لەبەر ئەوەی ناتوانێت پێی بڵێت ئەو کارە نەکات، هەست بە تووڕەیی دەکات.

- کۆنتڕۆڵنەکردنی هەستەکان

منداڵان توانای کۆنتڕۆڵکردنی هەستەکانیان نییە، ناتوانن تووڕەیی خۆیان کۆنتڕۆڵ بکەن، لەبەرئەوەش ڕەنگە لەکاتی تووڕەییدا ڕەفتاری شەڕەنگێزی بنوێنن، ڕەنگە تووڕەیی خۆی بە لێدانی کەسێک دەرببڕێت لەبری کۆنتڕۆڵکردنی.

- فێربوون لە ڕاگەیاندەکان و ژینگەی کۆمەڵایەتی

زۆربەی ڕەفتارەکانی مرۆڤ لەڕێگای فێربوون و لاساییکردنەوە دروست دەبێت، لەبەرئەوەشی زۆربەی پاڵەوانی ناو کارتۆنەکان، کە نموونەن بۆ منداڵ، تووڕەیی بڵاودەکەنەوە و منداڵانیش لاساییان دەکەنەوە.

- دایک و باوکی توند

هەندێک دایک و باوک زۆر توندن لەگەڵ منداڵ و ڕێگا نادەن منداڵ هەوڵ بدات فێر بێت و هەڵە بکات، ژینگەی ماڵەوە بۆ ئەم منداڵانە داخراوە و نائومێدی خۆیان بە تووڕەیی دەردەبڕن.

- شکست

توانای فێربوونی کارامەییەکی نوێ وەکوو گرێدانی قەیتانی پێڵاو یان ڕێکخستنی کتێبەکان دەکرێت هەستی شکست و لاوازی بە منداڵ بدات ئەمەش تووڕەی دەکات.

- دابین نەکردنی پێویستییەکانی

ڕەنگە منداڵ بە چەندین ڕێگا پێویستییەکانیان داوا بکەن، بەڵام کاتێک سەرنج لە پێویستییەکانی نەدەن و لێیان تێنەگەن، بە تووڕەیی دەری دەبڕن.

چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ منداڵی تووڕە

- گرنگی پێ مەدەن

هەوڵبدەن سەرنجی خۆتانی لەسەر لابدەن، بەجۆرێک بێت کە تێبگات مەیلتان بۆ ئەو ڕەوشتە ناشرینەی نییە، بەڵام ئەمە بۆ کاتێک نابێت کە منداڵ ئازاری خۆی دەدات یان بە کاتێکی سەختدا تێدەپەرێت.

- ئارامی خۆتان بپارێزن

ئارام مانەوە ئاسان نییە بەڵام هەوڵ بدەن و خۆڕاگربن، چەند پێشنیارێک بۆ منداڵ بکەن کە حەزی لێیە، توانای هەڵبژاردن لای منداڵ زووتر ئارامی دەکاتەوە.

- ڕێگا بە توندوتیژی مەدەن

ئەگەر منداڵ هاواری کرد، لێدانی بەکارهێنا، شەقی هاویشت یان شتی هەڵدا، بەپەلە ئەم ڕەفتارانەی بوەستێنن و بۆی ڕوون بکەنەوە کە ئەم توندوتیژییانە جێگای قبوڵکردن نین، بەڵام نابێت خۆشتان لەم بارەیەوە توندوتیژ بن، بەمشێوەیە تێدەگات کە خۆشتاندەوێت، بەڵام ڕەفتارە خراپەکانی قبوڵ ناکەن.

- هەوڵ بدەن لە کاردانەوەکان تێبگەن

کاتێک منداڵ هەوڵ دەدات پەیوەندیتان لەگەڵ ببەستێت، هەوڵبدەن لەوە تێبگەن کە دەیڵێت، چەند پرسیارێکی لێ بکەن تاکوو دەربڕینی قسەکە ئاسان بێت بۆی، ئەمە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی نائومێدی و ئارامی دەکاتەوە.

- ڕێگا فرمێسکەکانی مەگرن

ئەگەر منداڵ گریا، بینینی ئەمە بۆتان ناخۆش دەبێت، بەڵام هەمیشە ڕایان مەگرن، گریان دەبێتە هۆی کەمکردنەویە هۆرمۆنی فشار، کاتێک گریانەکەی تەواو بوو، منداڵ حاڵی باشتر دەبێت.

- ئەگەر تووڕەبوون داوای لێبوردن بکەن

ئەگەر زۆر تووڕە بوون بەمشێوەیە داوای لێبوردن بکەن، دایکت داوای لێبوردن دەکات، من زیاد لە پێویست کاردانەوەم نیشاندا. منداڵ دەبێت تێبگات هەموو کەسێک هەڵە دەکات و کێشە نییە .


سەرچاوەکان



481 بینین