چۆن ببین بە دراوسێیەکی باش؟

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-12-25-19:53:00 - کۆدی بابەت: 10770
چۆن ببین بە دراوسێیەکی باش؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

دراوسێ (بە عەرەبی: الجار، بە ئینگلیزی: neighborبەو کەسانە دەگوترێت دراوسێ کە هاوبەشن لە یەک گەڕەک و ناوچەدا و لە نزیک یەکەوە دەژین. هەر کەسێک لە بەرانبەر دراوسێکانی خۆی چەند ئەرکێکی هەیە، ئەگەر خۆی بیەوێت دەتوانێت ئەو ئەرکانە جێبەجێ بکات و کەشێکی باشتر بۆ ژیانی خۆی و دراوسێکانی دروست بکات. 

بۆچی گرنگە دراوسێی باشت هەبێت؟

گرنگی دراوسێی باش بەیارمەتیدان لە ڕۆژە سەختەکاندا ماڵەکەتدا دەردەکەوێت، لەبەرئەوە دەبێت دراوسێ هاوڕێیەکی باش بێت و حەزی یارمەتیدانی هەبێت. ئەگەر دراوسێیەکی بەڕەوشتت هەیە، ئەوا ژیانی دراوسێیەتی هەدووکتان زۆر خۆش دەبێت و ئێوە بەختێکی باشتان هەیە. ئەگەر دراوسێکەت کەسێکی عاقڵ و تێگەیشتوو بێت، هەمیشە دەتوانیت ڕاوێژی لەگەڵ بکەیت و یارمەتیدەرت بێت. دەتوانێت لە چارەسەرکردنی زۆربەی کێشە قوورسەکاندا یارمەتیت بدات. 

تایبەتمەندییەکانی دراوسێی باش

١. ڕێزگرتن و ڕەفتاری هاوڕێیانە

یەکێک لە تایبەتمەندییەکان ئەوەیە کە بەڕێز بێت، بۆ نموونە نابێت مۆسیقایەکی بەرز یان هەر دەنگێکی تر کە خەڵک بێزار دەکات، بەردەوام لە ماڵەکەیەوە ببیسترێت و ئارامی دراوسێکان تێکبدات، ڕێزگرتن لە یەکتری گرنگترین تایبەتمەندییە دەبێت دراوسێکان هەیانبێت، بۆ ئەوەی بتوانن بە ئاسوودەی و ئاشتەوایی بەیەکەوە بژین. لە بنەڕەتدا باشترە هەموو خەڵکی ڕەفتارێکی هاوڕێیانە و باشیان بەیەکەوە هەبێت، بەڵام ئەم تایبەتمەندییە بۆ دراوسێکان زۆر گرنگترە، چونکە دراوسێکان زۆر لەیەک نزیکن ڕەنگە هەموو ڕۆژێک یەکتر نەبینن، بەڵام هەمیشە لە نزیک یەکەوە دەژین. بۆیە گرنگە پەیوەندییەکی دۆستانەیان هەبێت و گرنگی بە یەک بدەن.

٢. بەسوودبوون

بەسوودبوون تایبەتمەندییەکە دەبێت لە هەموو کەسێکدا هەبێت، دراوسێی بەسوود لە ئێوەوە نزیکە و دەتوانێت لەکاتی پێویستدا لەگەڵ ئێوە بێت، بۆ نموونە ئەگەر کەسێک لە بارودۆخێکی سەختدا بيت و بەهۆی لەدەستدانی کەسێکی ئازیزی پێویستی بەپشتگیری و دڵدانەوە هەیە، پێویستە دراوسێ بەتەواوی پشتگیری بکات و هانی بدات بۆ ئەوەی بتوانێت پشت بە ئەو ببەستێت. دراوسێی باش کەسێکە هەر کاتێک پێویستت بەیارمەتی هەبێت یەکسەر ئامادەیە بۆ یارمەتیدان، یان بۆ نموونە کاتێک لەگەڵ خێزانەکەت زۆر دەچنە گەشت، داوا لە دراوسێکان دەکەن ئاگایان لە ماڵەکەتان بێت، هەروەها ئەگەر داوایان لێبکەن ئەوان دەتوان بۆ ئاودانی گوڵەکان یارمەتیدەر بن تا دەگەڕێنەوە لە گەشت. 

٣. جێگەی متمانەبوون

دراوسێی باش هەندێک جار ئاگاداری ئەو شتانەیە کە لە ماڵەکەدا ڕوودەدەن، لەبەرئەوەی زۆر نزیک لە ئێوە دەژی و دەتوانێت گوێی لە دەنگی ئێوە بێت، دەتوانێت ببینێت کێ دێت بۆ ماڵتان و کێ دەڕوات، لێرەدا گرنگی دراوسێی باش دەردەکەوێت، دراوسێی باش دەبێت ئەوەندە جێگای متمانە بێت کە نهێنییەکانی خێزانەکەتان بپارێزێت، کێشە و ناکۆکیەکانتان بۆ کەس باس نەکات. 

چۆن ببین بە دراوسێیەکی باش؟

١. ڕێزگرتن و ڕەچاوکردن

دوور کەوتنەوە لە دروستکردنی دەنگەدەنگی بێزارکەر، ڕاگرتنی پاکوخاوێنی ئەو شوێنانەی بە هاوبەشی بەکاری دەهێنن، ئەگەر لە شوقەدا دەژین، دەبێت بەرپرسیارێتی پاراستن و ئاگاداربوون لە شوێنە گشتییەکانی وەکوو ڕێڕەوەکان، دەرگای چوونە ژوورەوە و حەوشە لەگەڵ دراوسێکان دابەشبکەن، خۆڵ و خاشاک فڕێ نەدەنە ئەو شوێنانە، دەنگە تایبەتەکانی وەکوو چاکسازیکردن لەماڵەوە بە دەنگی بەرز دەبێت لە کاتێکی دیاریکراوی ڕۆژدا بکرێت و دراوسێکان بێزار نەکەن، بەتایبەت لە بەیانی زوو یان عەسراندا نابێت دەنگەدەنگ بکەن، چونکە کاتی پشوودانی دراوسێکانە. 

٢. پابەندبوون بە بەرپرسیاریەتییەکان

بۆ نموومە لە پاییزدا گەڵا وەریوەکان کۆبکەنەوە و دووری بخەنەوە. ئەگەر ناتوانن بە تەنیا ئەم کارە ئەنجام بدەن، خاشاکەکانی ماڵەکەتان لە کاتی گونجاودا ببەنە دەرەوە. 

٣. کۆنتڕۆڵکردنی ئاژەڵە ماڵیەکان و ئارامی لە کاتی گفتوگۆکردن

بەوریاییەوە پەیڕەوی یاساکانی بەخێوکردنی ئاژەڵی ماڵی بکەن لە شوێنی نیشتەجێبوونتان، کاتێک کە دەیبەیتە دەرەوە بۆ پیاسە لە کۆڵان و حەوشەکەدا ئاگاداریبە. پیسایی ئاژەڵەکەت لە شوێنە گشتییەکان پاک بکەرەوە ئەگەر سەگێکت هەیە ئەوا ڕایبهێنە کە لە دەرەوە زۆر نەوەڕێت و دەنگە دەنگ دروست نەکات. ئەگەر بەردەوام بوو لە وەڕین، بیبە ژوورەوە هەتا دراوسێکان بێزار نەکات و بە تایبەت ئەو دراوسێیانەی فۆبیای ئاژەڵیان هەیە. دراوسێکانت ئاگادار بکەرەوە ئەگەر ئاژەڵە ماڵیەکانت ئەوان ئازار دەدەن، دەتوانن سەبارەت بەوە قسەت لەگەڵدا بکەن و ئاگادارت بکەنەوە. ئەگەر دراوسێکەت بە تووڕەییەوە هاتە لات، زۆر گرنگە بە لەسەرخۆیی و عاقڵانە وەڵامی بدەیتەوە ئەگەر تووڕەبوویت چەند هەناسەیەکی قووڵ هەڵمژە و  داوای لێبکە کاتێکی تر قسە بکەن و بەئارامی کێشەکە چارەسەر بکەن.

٤. ڕووبەڕووبوونەوەی کێشەکان و ئاگادارکردنەوەی دراوسێ لە میوانداری

ئەگەر کێشەیەک لە باڵەخانەکەدا دروست بوو که پەیوەندی بە دراوسێکانیشەوە هەیە، گرنگە بەخێرایی سەردانی ئەوان بکەیت و ئاگاداریان بکەیتەوە، ئەگەر هەست دەکەن سەلامەتی ئێوە و گەڕەکەکە لە مەترسیدایە لەوانەیە بتوانن بەهاوکاری یەکتر چارەسەری بکەن. ئەگەرنا دەبێت بەکۆی دەنگ بڕیار بدەن پۆلیس و بەرپرسانی گەڕەک ئاگادار بکەنەوە. ئەگەر بەنیاز بوون کەسانێکی زۆر بانگێشتی ماڵەکەتان بکەن و میواندارییەکی گەورە ئەنجامبدەن، باشترە دراوسێکەتان ئاگادار بکەنەوە. ئەگەر ئاگاداربن دەتوانن بڕیاربدەن کە ئایا پێویستە ئوتومبێلەکەیان لە شوێنێکی تر ڕابگرن. هەروەها ئاگاداربن کەسی بێگانە بڕیارە بێنە گەڕەکەکەوە و ڕەنگە گوێبیستی دەنگە دەنگی زۆربن.


سەرچاوەکان



655 بینین