بانکی ناوەندیی عێراق

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2023-01-01-23:28:00 - کۆدی بابەت: 10823
بانکی ناوەندیی عێراق

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بانکی ناوەندی عێراق (بە ئینگلیزی: Central Bank of Iraq، بە عەرەبی: البنك المركزي العراقي) کورتکراوەی (CBI) بانکی ناوەندی نەتەوەیی عێراقە. بانکی ناوەندیی سەربەخۆی عێراق بەپێی یاسا لە ساڵی ٢٠٠٤ دامەزراوە، سیاسەتی دراوی ناوخۆ بەڕێوەدەبات و سەرپەرشتی سیستەمی دارایی وڵات دەکات. ئامانجە سەرەکییەکانی بریتین لە دڵنیابوون لە سەقامگیری نرخە ناوخۆییەکان و هەوڵدان بۆ  سیستەمێکی دارایی جێگیر و کێبەرکێکار لەسەر بنەمای بازاڕ.

بارەگای سەرەکی لە بەغدادی پایتەختی عێراقە، چوار لقی لە بەسڕە و مووسڵ و سلێمانی و هەولێر هەیە.

زانیاری گشتی 

بارەگای سەرەکی  بەغداد، عێراق
دامەزراندن ١٦ـی تشرینی دووەمی ١٩٤٧ 
دامەزراندنی بانکی ناوەندیی سەربەخۆی عێراق ٢٠٠٤
خاوەندارێتی ١٠٠٪ لە ژێر خاوەندارێتی دەوڵەت
سەرۆک مستەفا غالب
دراو دیناری عێراقی 
یەدەگەکان ٦٤,١٥٠ ملیار دۆلاری ئەمریکی
تەلارساز
زوها حەدید

چۆنیەتی کارکردنی بانکی ناوەندیی عێراق

بانکی ناوەندی عێراق لە ٦ـی ئازاری ساڵی ٢٠٠٤ وەک بانکی ناوەندی سەربەخۆی وڵات دروستکرا. بانکەکە بە بڕی ١٠٠ ملیار دینار سەرمایە دامەزراوە کە لەلایەن دەوڵەتەوە دابینکراوە.

مستەفا غالب لە مانگی ئەیلوولی ساڵی ٢٠٢٠ بوو بە سەرۆکی بانکی ناوەندی. 

ئامانجە سەرەکییەکانی بانکی ناوەندیی عێراق بریتین لە دڵنیابوون لە سەقامگیری نرخەکانی ناوخۆ و پەرەپێدانی سیستەمێکی دارایی جێگیر و کێبەرکێکار لەسەر بنەمای بازاڕ کە سیستەمێکە لە بانکەکان، کۆمپانیا داراییەکان، بۆرسە و کۆمپانیاکانی بیمە پێکدێت. لە بەدیهێنانی ئەم ئامانجانەدا بانکی ناوەندیی عێراق ئامانجیەتی پشتگیری لە گەشەسەندنی بەردەوام و دامەزراندن بکات لە وڵاتەکەدا.

بانکی ناوەندی عێراق ئەم ئەرکە سەرەکیانەی ئەنجام دەدات بۆ ئەوەی ئەم ئامانجانە بەدی بهێنێت:

  • جێبەجێکردنی سیاسەتی دراوی عێراق، سیاسەتی نرخی ئاڵوگۆڕ و پاراستنی سەقامگیری هەڵاوسان.
  • بەڕێوەبردن و هەڵگرتنی یەدەگی زێڕی عێراق و دراوی بیانی.
  • دەرکردن و بەڕێوەبردنی دراوی نیشتمانی عێراق، کە دیناری عێراقییە.
  • سەرپەرشتیکردنی سیستمی پارەدان، هاوکات لەگەڵ ڕێکخستن و سەرپەرشتیکردنی کەرتی بانکی.

بانکی ناوەندیی عێراق سیاسەتی نرخی ئاڵوگۆڕی دراو بۆ دیناری عێراقی بەڕێوەدەبات، کە بە دۆلاری ئەمریکییەوە پەیوەستکراوە. سندووقی دراوی نێودەوڵەتی ئەو پەیوەستکردنە وەک پاڵپشتی سەرەکی بۆ ئابووری وەسف دەکات، بەشێکی پەیوەستکردن بە دۆلارەوە بووە هۆی بەردەوامبوونی هەڵاوسانی نزم و جێگیر لە عێراقدا، کە بۆ چەند ساڵێکە نزیکەی تێکڕای ٢٪ـیە.

ئۆفیسی سەرەکی بانکەکە دەکەوێتە بەغداد، چوار لقی لە بەسڕە، مووسڵ، سلێمانی و هەولێر هەیە.

مێژووی بانکی ناوەندیی عێراق

دوای جەنگی جیهانیی یەکەم و کۆتایی هاتنی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی، سیستمی دراوی عێراق تا ساڵی ١٩٣١ لە ژێر دەسەڵاتی بەریتانیا لە عێراق بەڕێوەدەبرا، دواتر دەستەی دراوی عێراق لە لەندەن دامەزرا بۆ دەرکردنی دیناری نوێی عێراقی و پاراستنی یەدەگەکانی، دراوەکە بەهۆی پەیوەندی بە پاوەندی بەریتانییەوە بەهێز بوو. 

لە ساڵی ١٩٤٩ دەستەی دراو بە بانکی نیشتمانی عێراق گۆڕدرا کە دوو ساڵ پێشتر لە ١٦ـی تشرینی دووەمی ١٩٤٧ دامەزرابوو. بانکی نیشتمانی عێراق لە ساڵی ١٩٥٦ بوو بە بانکی ناوەندیی عێراق.

لە ١٨ـی ئازاری ٢٠٠٣ ڕۆژێک پێش هاتنی هێزەکانی ئەمریکا بۆ بەغداد، لە چوارچێوەی لەشکرکێشییەکەی ٢٠٠٣ بۆ سەر عێراق، نزیکەی یەک ملیار دۆلاری ئەمریکی لە بانکی ناوەندی عێراق دزرا.

لەو مانگەدا، یاداشتێکی دەستنووس کە واژۆی سەدام حسێنی لەسەر بوو، دەرکەوت کە ٩٢٠ ملیۆن دۆلار بدرێتە قوسەیی کوڕی.

بەرپرسانی بانکەکە باس لەوە دەکەن کە قوسەی و کەسێکی تری نەناسراو سەرپەرشتی ئەو پارە نەختینەیەیان کردووە، لە میانەی ئۆپەراسیۆنێکی پێنج کاتژمێریدا لە ناو بارهەڵگر و ترێلەدا بارکراون. ئەمەش بە یەکێک لە گەورەترین دزی بانکەکان لە مێژوودا دانراوە. دواتر قوسەی حسێن لە شەڕێکدا کوژرا.

دوای ڕووخانی حکوومەتی سەدام حسێن، بانکی ناوەندیی عێراق بە یاسایی لە ساڵی ٢٠٠٤ وەک بانکی ناوەندیی سەربەخۆی عێراق دامەزرا، بە سەرمایەی ڕێگەپێدراوی ١٠٠ ملیار دینار.

لە دەستووری عێراقدا هاتووە، بانکی ناوەندی دامەزراوەیەکی سەربەخۆیە لە ڕووی دارایی و کارگێڕییەوە. بەگوێرەی دەستوور، حکوومەتی فیدراڵی عێراق دەسەڵاتی تایبەتی و دامەزراندن و بەڕێوەبردنی بانکی ناوەندی هەیە.

ڕۆژی ٢٥ـی کانوونی دووەمی ٢٠١١، دادگای باڵای عێراق بڕیاریدا کە بانکی ناوەندیی عێراق لەژێر چاودێری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا بێت. پاشان سینان ئەلشەبیبی سەرۆکی بانکی ناوەندی هۆشداریدا لەوەی کە ئەم بڕیارە مەترسی لەسەر سەربەخۆیی پێویستی دامەزراوەکە دروست دەکات.

هەروەها لە کاتی شەڕی مووسڵ لە حوزەیرانی ٢٠١٤، چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی داعش بانکی ناوەندییان لە مووسڵ تاڵان کرد و بە زیاتر لە ٤٢٩ ملیۆن دۆلاری ئەمریکییەوە هەڵهاتن.

ڕەچاوکردنی تایبەت

بانکی ناوەندیی عێراق ڕووبەڕووی کۆمەڵێک گژنێ دەبێتەوە، لەوانە بەڕێوەبردنی سیاسەتی دراوی خۆی. یەکێک لە پرسە سەرەکییەکانی نیگەرانی لە داعش لە بەشێک لە وڵاتەوە سەرچاوە دەگرێت. پێدەچێت ئەو گرووپە بەرپرسیار بێت لە کۆمەڵێک پەککەوتنی دارایی سەخت بۆ وڵاتەکە.

داعش لە نێوان ساڵانی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٧ نزیکەی ٨٠٠ ملیۆن دۆلاری لە بانکەکانی وڵات تاڵان کردووە، کە زۆربەیان دیناری عێراقی بووە. ئەمەش یەدەگەکانی بانکی بازرگانی مووسڵ دەگرێتەوە، ئەو دامەزراوە سەرەکییەیە کە بەغداد بۆ بازرگانی و دارایی بەکاریدەهێنێت.

پرسێکی تری سەرەکی بۆ بانکی ناوەندی لە ناجێگیری و هەڵاوسانی نرخی نەوتەوە سەرچاوە دەگرێت. هەناردەی نەوت سەرچاوەیەکی سەرەکی دراوی بیانییە بۆ عێراق، هەر بۆیەش بۆ ئابووری وڵات گرنگە.

بەپێی ئاماری ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپیک)، هەناردەی نەوتی خاوی عێراق لە ساڵی ٢٠١٩ نزیکەی چوار ملیۆن بەرمیل بووە. دابەزینی نرخی نەوت هێزێکی گەورەی دابەزینی یەدەگی دەرەکی عێراق بوو، لە ٥٤ ملیار دۆلارەوە لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٥ بۆ ٤٥ ملیار دۆلار لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٦ دابەزی. 

نرخی نەوتی جیهانی لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠ داڕما و بارودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی وڵاتانی نەوتی خستە ژێر فشارێکی زۆرەوە، عێراقیش لەو فشارە بێ بەش نەبوو.

 کۆی داهاتی نەوتی عێراق نزیکەی نیوەی دابەزیوە، لە ٥,٠٥ ملیار دۆلار لە مانگی شوباتی ٢٠٢٠ بۆ ٢,٩٩ ملیار دۆلار لە مانگی ئازار.

هەروەها نەبوونی ڕێوشوێنی پێویستی عێراق بۆ ڕێگریکردن لە سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لەگەڵ شکستهێنانی لە بەهێزکردنی یاساکانی دژە گەندەڵی، هۆکارێکە بۆ فشاری بانکی ناوەندیی عێراق.

بەهۆی نەبوونی هەنگاوی وڵات بۆ پێشەوە لەم پرسانەدا، عێراق لە (FATF) دوورخرایەوە، کە لە ساڵی ١٩٨٩ وەک ڕێگەیەک بۆ وڵاتانی ئەندام بۆ ئەوەی پێکەوە کاربکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم کێشە جیهانییانە کاریان کرد.

ڕاوێژکارییەکانی نێوان عێراق و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی پرسەکانی وەک، چوارچێوەی سیاسەتی دارایی و هەروەها پێویستی یاسای دژە گەندەڵی و هاوکاری نێوان دەزگا جیاوازەکانی حکوومەتی گرتەوە. بەم شێوەیە عێراق نەهێنرایەوە ناو ڕێکخراوی (FATF).

تەلارسازی بانکەکە

بارەگای سەرەکی بانکەکە لەلایەن تەلارسازەکانی دانیمارکی دیسینگ+وایتلینگ دیزاین کراوە و لە ساڵی ١٩٨٥ تەواو بووە، بینایەکی شەشپاڵوویی و لە کۆنکرێتی بەهێز دروستکراوە و بە مەڕمەڕ پۆشراوە. حەوشەکەی لە هەموو لایەکەوە بە ئۆفیسەکان دەورە دراوە.

لە مانگی ئابی ساڵی ٢٠١٠، تەلارساز زوها حەدید، لەدایکبووی بەغداد، بۆ دیزاینکردنی بارەگایەکی نوێ بۆ بانکی ناوەندی لە بەغداد ڕاسپێردرا.

 لە ١٤ـی ئابی ٢٠١٠، بە ئامادەبوونی سینان ئەلشەبیبی، سەرۆکی بانکی ناوەندی لە شاری ئەستەنبووڵ لە تورکیا گفتوگۆی سەرەتایی سەبارەت بەو پڕۆژەیە ئەنجامدرا.

لە ٢ی شوباتی ٢٠١٢، زوها حەدید لە مەراسیمێکدا لە لەندەن پەیوەندی بە سینان ئەلشەبیبیەوە کرد بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنی نێوان بانکی ناوەندی عێراق و تەلارسازەکانی زوها حەدید بۆ قۆناغەکانی دیزاینی نوێی بارەگای بانکی ناوەندیی عێراق، دیزاینی بانکەکەی پێ سپێردرا.


سەرچاوەکان

590 بینین