نیو مەکسیکۆ

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2023-01-09-20:55:00 - کۆدی بابەت: 10862
نیو مەکسیکۆ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

نیو مەکسیکۆ (بە ئینگلیزی: New Mexico، بە ئیسپانی: Nuevo México٫، بە عەرەبی: نیو مكسيكو) ویلایەتێکە لە باشووری ڕۆژاوای ئەمریکا و یەکێکە لە ویلایەتە شاخاوییەکانی باشووری زنجیرە چیاکانی ڕۆکی. نیو مەکسیکۆ پێنجەم گەورەترین ویلایەتی نێو پەنجا ویلایەتەکەی ئەمریکایە، بەڵام کەمێک زیاتر لە ٢٫١ ملیۆن دانیشتووی هەیە، لەڕووی ژمارەی دانیشتووانەوە لە پلەی ٣٦ و لەڕووی چڕی دانیشتووانەوە لە پلەی ٤٦ـدایە.

لەڕووی جوگرافییەوە

ڕووبەری ویلایەتەکە ٣١٤٫٩١٥ کیلۆمەتر دووجایە، کە ٣١٤٫١٦١ کیلۆمەتری وشکانی و ٧٥٧ کیلۆمەتری ئاوییە. لەگەڵ ئەوەشدا، چڕی دانیشتووانەکەی ٦٫٦٢ کەسە لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا. درێژی ویلایەتەکە ٥٩٦ مەتر، پانییەکەی ٥٥٢ مەتر و بەرزترین خاڵی ٤٫٠١١٫٤ مەترە. کەشوهەوا و جوگرافیای ویلایەتەکە زۆر جۆراوجۆرە، لە شاخە دارستانییەکانەوە تا بیابانە بچووکەکان، ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵات کەشوهەوایەکی شاخاوی ساردتریان هەیە، لە کاتێکدا ناوچەکانی ڕۆژاوا و باشوور گەرمتر و وشکترن.

لەڕووی دیمۆگرافییەوە

دانیشتووان

ژمارەی دانیشتووانی نیو مەکسیکۆ لە سەرژمێری ساڵی ٢٠٢٠ـدا ٢٫١١٧٫٥٢٢ کەس بوو، ئەم ژمارەیە بەراورد بە سەرژمێری ساڵی ٢٠١٠ کە ژمارەی دانیشتووان ٢٫٠٥٩٫١٧٩ کەس بوو، بە ڕێژەی ٢٫٨٪ زیادی کردووە. ئەم ڕێژەیەش لە دوای وایۆمینگ کەمترین ڕێژەی گەشەکردنی دانیشتووان بوو لە ڕۆژاوای ئەمریکا و لەنێو خاوترین ڕێژەی گەشەکردن بوو لە سەرانسەری وڵاتدا. بە بەراورد بەمەش، ڕێژەی گەشەی دانیشتووانی ئەم ویلایەتە لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٠ و ٢٠١٠ـدا ١١٫٧٪ بوو و لەنێو خێراگەشەسەندوترین ویلایەتەکانی وڵاتەکەیدا بوو. بەپێی ڕاپۆرتێکی ئەنجوومەنی یاسادانانی نیو مەکسیکۆ، هۆکاری ئەم گەشە خاوەی دانیشتووانی نیو مەکسیکۆ دەگەڕێتەوە بۆ دابەزینی ڕێژەی لەدایکبوون بە ڕێژەی ١٩٪ و کۆچی هاوڵاتیان بەتایبەتی لەنێو ئەو دانیشتووانانەی کە تەمەنیان ١٨ ساڵ یان کەمترە. بەڵام گەشەکردنی کۆمەڵگەی هیسپانی و ئەمریکی ڕەسەن بە تەندروستی ماوەتەوە.

زیاتر لە نیوەی دانیشتووانی نیو مەکسیکییەکان بەڕێژە ٥١٫٤٪ـی دانیشتووان لە ویلایەتەکەدا لەدایکبووبوون، ٣٧٫٩٪ لە ویلایەتێکی تر، ١٫١٪ لە یان لە پۆرتۆ ڕیکۆ یان لە دەرەوەی وڵات لەدایکبووبوون کە لانیکەم یان دایک یان باوکیان ئەمریکییە و ٩٫٤٪ـی دانیشتووان لەدایکبووی بیانی بوون (بە بەراورد لەگەڵ تێکڕای نیشتیمانی کە نزیکەی ١٢٪ـیه). نزیکەی چارەکێکی دانیشتووان (٢٢٫٧٪) تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵییەوە بووە و تەمەنی مامناوەندی دانیشتووانی ویلایەتەکە ٣٨٫٤ ساڵە کەمێک لە سەرووی تێکڕای نیشتیمانییەوەیە کە ٣٨٫٢ ساڵە. لە ساڵی ٢٠١٨ـدا وەک بەناوبانگترین شوێنی خانەنشینی ڕیزبەندی کراوە و ٤٢٪ـی نیشتەجێبووە نوێیەکانی خانەنشین بوون.

هیسپانییەکان و لاتینییەکان نزیکەی نیوەی تەواوی دانیشتووانی ویلایەتەکە پێکدەهێنن (٤٩٫٣٪)، ئەمەش وا دەکات نیو مەکسیکۆ بەرزترین ڕێژەی ڕەچەڵەکی هیسپانی لە نێو پەنجا ویلایەتەکەدا هەبێت. ئەم پۆلێنکردنە فراوانە نەوەکانی کۆلۆنیالیستە ئیسپانییەکان دەگرێتەوە کە لە نێوان سەدەی ١٦ و ١٨ـدا لە ناوچەکە نیشتەجێ بوون و هەروەها کۆچبەرانی ئەم دواییەی ئەمریکای لاتین بەتایبەتی مەکسیک و ئەمریکای ناوەڕاست.

هەژاری

لە ساڵی ٢٠٠٠ تا ٢٠١٠ ژمارەی ئەو کەسانەی هەژاری بوون بۆ ٤٠٠٫٧٧٩ کەس زیادی کرد، واتە نزیکەی یەک لەسەر پێنجی دانیشتووانی ویلایتەکە لەژێر هێڵی هەژاریدان. لە دوایین سەرژمێری ساڵی ٢٠٢٠ـدا ڕێژەی هەژاری کەمێک کەمبوویەوە و گەشتە ١٨٫٢٪، هەرچەندە ئەم ڕێژەیە سێیەم بەرزترینی نێو ویلایەتەکانی ئەمریکا بوو، بە بەراورد بە تێکڕای نیشتیمانی کە ١٠٫٥٪ بوو. هەژاری بەشێوەیەکی ناهاوڕێژە کاریگەری لەسەر کەمینەکان هەیە، نزیکەی یەک لەسەر سێی ئەمریکییە ئەفریقییەکان و ئەمریکییە ڕەسەنەکان لەژێر هێڵی هەژاریدان، بە بەراورد لەگەڵ کەمتر لە یەک لەسەر پێنجی سپی پێستەکان و نزیکەی یەک لەسەر دەی ئاسیاییەکان.

ڕەگەز و نەتەوە

نیو مەکسیکۆ یەکێکە لەو شەش ویلایەتەی کە سپی پێستە ناهیسپانییەکانی کەمتر لە نیوەی دانیشتووان پێک دەهێنن. لە ساڵی ١٩٤٠ـەوە، نزیکەی نیوەی دانیشتووان بە غەیرە سپی پێست مەزەندەکرا. بەپێی سەرژمێری ساڵی ٢٠٢٠، زۆرینەی هیسپانییەکانی نیو مەکسیکۆ بانگەشەی ئەوە دەکەن کە بە ڕەچەڵەک دەچنەوە سەر کۆلۆنیالیستە ئیسپانییەکان کە لە نێوان سەدەی ١٦ و ١٨ـدا لە ناوچەکە نیشتەجێبوون، ئەو کاتەی ویلایەتەکە بەشێک بوو لە ئیسپانیای نوێ. زۆربەی ئەو هیسپانییانەشی کە ماونەتەوە نەوەی یەکەم و دووەمی ئەو کۆچبەرانەن کە لە مەکسیک و ئەمریکای ناوەڕاستەوە هاتوونەتە ویلایەتەکە.

نیو مەکسیکۆ خاوەنی چوارەم گەورەترین کۆمەڵگەی ئەمریکی ڕەسەنە لە ئەمریکا، کە ژمارەیان زیاتر لە ٢٠٠ هەزار کەسە و نزیکەی یەک لەسەر دەی تەواوی دانیشتووانی ویلایەتەکە پێکدەهێنێت. هەروەها نیو مەکسیکۆ تاکە ویلایەتە جگە لە ئالاسکا کە خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکە بۆ زیاتر لە سەدەیەک ڕێژەیەکی جێگیر لە دانیشتووانەکەی پاراستووە، لەساڵی ١٨٩٠ـدا ئەمریکییە ڕەسەنەکان ٩٫٤٪ـی دانیشتووانی نیو مەکسیکۆیان پێکهێنابوو، ئەم ڕێژەیەش نزیکەی هەمان ڕێژەی ساڵی ٢٠٢٠ـە.

بەپێی سەرژمێری ساڵی ٢٠٠٠ـی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، شەش گرووپە ڕەچەڵەکییەکانی ویلایەتی نیو مەکسیکۆ بریتی بوون لە:

  • مەکسیکی: ١٦٫٣٪
  • ئەمریکی ڕەسەن: ١٠٫٣٪
  • ئەڵمانی: ٩٫٨٪
  • ئیسپانی: ٩٫٣٪
  • ئینگلیز: ٧٫٢٪

داتاکانی سەرژمێری ساڵی ٢٠٢٠ ئەوەیان دەرخستووە کە ١٩٫٩٪ـی دانیشتووان خۆیان وەک فرەڕەگەز یاخود ڕەگەزی تێکەڵ دەناسێنن، ئەم ڕێژەیەش لە گرووپەکانی ئەمریکی ڕەسەن، ڕەشپێست، ئاسیا و هاوایی ڕەسەن و دوورگە نشینەکانی زەریای هێمن (NHPI) گەورەترە.

زمانەکان

ئەو زمانانەی کە دانیشتووانی نیو مەکسیکۆ قسەی پێدەکەن بریتین لە، ئینگلیزی کە لەلایەن ٦٤٪ـی دانیشتووانەوە بەکاردێت، بەدوای ئەمیشدا زمانی ئیسپانی دێت کە لەلایەن ٢٨٪ـی دانیشتووان، ناڤاهو ٤٪ و زمانەکانی تر لەلایەن ٤٪ـی دانیشتووانەوەی قسەی پێ دەکرێت.

ئایین

وەکوو زۆربەی ویلایەتەکانی ئەمریکا، ئایینی زۆرینەی دانیشتووانی نیو مەکسیکۆ مەسیحی و کاسۆلیکی ڕۆمانی و پرۆتستانتییە کە هەریەکەیان لەلایەن نزیکەی یەک لەسەر سێی دانیشتووانەوە پەیڕەو دەکرێت. بەپێی ئامارەکانی ساڵی ٢٠١٠ گەورەترین گرووپە ئیینییەکانی ویلایەتەکە بریتین لە کڵێسای کاسۆلیکی ٦٨٤٫٩٤١ ئەندام، کۆنفڕانسی باپتیستی باشوور ١١٣٫٤٥٢ ئەندام، قەشەی هاوچەرخی کڵێسای عیسا مەسیح ٦٧٫٦٣٧ ئەندام و کڵێسای یونایتد میتۆدیست ٣٦٫٤٢٤ ئەندام. هەروەها نزیکەی یەک لەسەر پێنجی دانیشتووان سەر بە هیچ ئایینێک نین، ئەوانیش یان بێ ئایین یان گوماناوین لە بوونی خوا یان دێیزمن. بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی تری ساڵی ٢٠٢٠، دامەزراوەی توێژینەوەی ئایینی گشتی ئەوەی دیاریکرد کە ٦٧٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکە مەسیحین و کاسۆلیکی ڕۆمانی گەورەترین گرووپی ئایینی بوو.

ئایینی کاسۆلیکی ڕۆمانی بەقووڵی ڕەگی لە مێژوو و کولتووری نیو مەکسیکۆدا داکوتاوە، بەشێوەیەک کە دەگەڕێتەوە بۆ جێگیربوونی ئیسپانییەکان لە سەرەتای سەدەی ١٧. کۆنترین کڵێسای مەسیحی لە کیشوەری ئەمریکا لە شاری سانتا فیی ویلایەتەکەیە، کە لە ساڵی ١٦١٠ـدا دروستکراوە. سەرەڕای ئەوەش، بەپێی ڕاپرسییەکی ساڵی ٢٠١٧ـی سەنتەری توێژینەوەی پیو، لەڕووی ئایینییەوە، ویلایەتی نیو مەکسیکۆ لە نێو ٥٠ ویلایەتی ئەمریکا لە پلەی ١٨ـەدایە، ٦٣٪ـی بەشداربووان ڕایانگەیاندووە کە باوەڕیان بە خودا هەیە و ٥٩٪ ـیان ئایین بە شتێکی گرنگی ژیانیان دەزانن.

ئابووری ویلایەتەکە

ئابووری نیو مەکسیکۆ زۆر هەمەچەشنە، لەوانەش ئاژەڵداری، کشتوکاڵ، تەختەی خاو، توێژینەوەی زانستی و تەکنەلۆجی، گەشتیاری و هونەر، بەتایبەتی قوماش و هونەرە شێوەکارییەکان. ویلایەتەکە لە بوارەکانی کانسازی، نەوت و گاز، فڕۆکەوانی، میدیا و فیلمدا پێشەنگی نیشتمانییە. تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی گشتیی ویلایەتەکە لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا ٩٥٫٧٣ ملیار دۆلار و تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی تاکەکانی نزیکەی ٤٦٫٣٠٠ دۆلار بوو. هەروەها باجێکی کەم تا مامناوەندی خستۆتە سەر هاوڵاتیانی و ویلایەتەکه شوێنی یەکەم تاقیکردنەوەی ئەتۆمی بوو بە ناوی ترینیتی (Trinity).

کەشوهەوا

کەشوهەوای ویلایەتی نیو مەکسیکۆ کەشوهەوایەکی وشک و مامناوەندە. ساڵانه ٣٥٠ مللیمەتر باران دەبارێت و وەرزی هاوین باراناویترین وەرزی ساڵە. پلەی گەرمی ساڵانە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ویلایەتەکە ١٨ پلەی سەدی و لە زنجیرە شاخەکانی باکوور لە خوار ٤ پلەی سەدییەوەیە. لە وەرزی هاویندا، دەشێت زۆرجار پلەی گەرمی ڕۆژ لە بەرزاییەکانی خوار ١٫٥٠٠ مەتردا زیاتر لە ٣٨ پلەی سەدی بێت، تێکڕای پلەی گەرمی بەرز لە مانگی تەممووزدا لە نێوان ٣٧ پلەی سەدی لە بەرزاییە نزمەکاندا تا ٢٦ پلەی سەدی لە بەرزاییە بەرزەکاندایە. لە مانگە ساردەکاندا، مانگەکانی تشرینی دووەم تا ئازار، دەشێت پلەی گەرمی لە زۆرێک لە شارەکانی ویلایەتی نیو مەکسیکۆ لە کاتەکانی شەودا لە سەرووی پلەی بەستن یان لە خوار پلەی بەستنەوە بێت. بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراوی ویلایەتەکە ٥٠ پلەی سەدی بوو کە لە ٢٧ـی حوزەیرانی ساڵی ١٩٩٤ تۆمارکرا، لە کاتێکدا نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو ٤٦- پلەی سەدی بوو کە لە ١ـی شوباتی ١٩٥١ـدا تۆمارکرا. بەهۆی جێگیری کەشوهەوا و کەمی ژمارەی دانیشتووانی نیو مەکسیکۆوە ئاسمانی ویلایەتەکە ڕوونتر و کەشوهەواکەی کەمتر پیسە.


سەرچاوەکان



282 بینین