قەڵای کەرکووک

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2023-01-16-23:56:00 - کۆدی بابەت: 10921
قەڵای کەرکووک

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

قەڵای کرکووک (بە عەرەبی: قلعة كركوك، بە ئینگلیزی: Castle of Kirkuk) قەڵایەکی مێژووییە دەکەوێتە ناوەندی شاری کەرکووک لە عێراق و کۆنترین و دێرینترین شوێنەواری مێژوویی شارەکەیە.

مێژووی قەڵاکە

بەپێی سەرچاوەکان مێژووی قەڵای کەرکووک دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی سەدەی هەشتـەمی پێش زایین چەند سەرچاوەیەکیش ئاماژە بەوە دەکەن مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەزارەی سێیەمی پێش زایین، چەند بۆچوونێک لەسەر بنیاتنانی هەیە، ڕاستترینیان ئەوەیە کە ئەم قەڵایە لە سەردەمی دەسەڵاتی ئاشوورییەکان بنیاتنراوە و لەلایەن (پاشا ئاشوور ناسڕ پاڵی دووەم) لە نێوان ساڵانی ٨٨٤ بۆ ٨٥٤ـی پێش زایین قەڵاکەی بە مەبەستی پارێزگاریکردنی ناوچەکەی لە دوژمن بنیاتنراوە، دوای چەند سەدەیەک ئەسکەندەری مەقدوونی هێرشی کردووەتە سەر قەڵاکە و شا داریۆسی سێیەمی فارسی لەناوبردووە و کۆتایی بە دەسەڵاتەکەی هێناوە، بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان ئەسکەندەری مەقدوونی سێ ڕۆژ لە کەرکووک ماوەتەوە و سەردانی قەڵاکەی کردووە.

لە ساڵی ٣٢٣ـی پێش زایین دوای کۆچی دوایی ئەسکەندەری مەقدوونی دەسەڵاتەکەی دابەش بوونە بە دوو بەشەوە، کەرکووک بووەتە بەشێک لە دەسەڵاتی فەرماندەی (سلووقس) کە لە ساڵانی  ٣١١ بۆ ساڵی ٣١٩ـی پێش زایین دەوڵەتی سلووقییەکانی دامەزراند و بووە پاشایان، ئەم سەرکردەیە قەڵای کەرکووکی نۆژەن کردەوە چونکە بەهۆی جەنگەکانەوە زیانی بەرکەوتبوو، ٧٢ تاوەری نوێی بۆ دروستکرد و دابەشی کردە سەر چەند کۆڵانێک و دوو دەرگای سەرەکی بۆ کردەوە.

ئەم پاشایە هۆز و نەتەوەکانی نزیکی خۆی گواستەوە بۆ ناوچەکانی نزیک قەڵاکە و ناوچەکەی کرد بە یەکەی نیشتەجێبوون و قەڵاکەی کردە ناوەندێکی گرنگ بۆ دەسەڵاتەکەی. دوای کۆچی دوایی (سلووقس) چەند فەرمانڕەوایەکی تر دەسەڵاتی ناوچەکەیان گرتەدەست تاکوو ساڵی ٢٢٧ـی پێش زایین ساسانییەکان دەسەڵاتی ناوچەکەیان وەرگرت و بۆ ماوەیەکی درێژ دەسەڵاتیان لەسەر ناوچەکە هەبوو. دوای ساسانییەکان و بڵاوبوونەوەی ئیسلام، دەسەڵاتی ئیسلامی لە ناوچەکە درێژەی کێشا، لە سەردەمی فەرمانڕەوایی عوسمانییەکان گرنگییەکی تایبەت بە قەڵاکە درا و چوار دەرگای بۆ دروستکرا و دیزاینی تایبەتی بۆ کرا و تەنانەت هەندێک بۆچوونی سەردەم عوسمانییەکان بە پارێزکاری قەڵاقە ناوزەد دەکەن. لە سەردەمی ئێستادا قەڵای کەرکووک پشتگوێخراوە و مەترسی ڕووخانی لەسەرە، بەهۆی جەنگەکانی عێراق و ناوچەکە زیانی بەرکەوتووە و چەندان شوێنی گرنگی لەناوچووە و بۆ ماویەکی زۆرە نۆژەن نەکراوەتەوە.

پێکهاتە و دیزاینی قەڵاکە

قەڵای کەرکووک لەسەر دیزاینی تەلارسازی ئاشووری کۆن دروستکراوە، ڕووبەرەکەی بە ١٧٠ دۆنم خەمڵێندراوە، چوار دەرگای سەرەکی هەیە کە دووانیان لە بەشی ڕۆژهەڵاتن و دووانەکەی تریش لە بەشی ڕۆژاوان. دەرگای یەکەمی بە دەرگای تۆپ ناسراوە، لە دەرگا سەرەکییەکانی قەڵاکەیە و بەرانبەر ڕووباری خاسەیە لە ساڵی ١٨٢٠ لەلایەن والی مووسڵەوە دروستکراوە، لە ئێستادا تەنیا ئەو دەرگایە بوونی ماوه و پارێزگاری لە شێوەکەی کراوە و نزیکەی ١٥٠ ساڵە دەستکاری نەکراوە، بەرزییەکەی حەوت مەترە و درێژییەکەی چوار و مەترە و پانییەکەشی سێ مەترە. دەرگای دووەم بە دەرگای ڕۆژاوا ناسراوە و بەرانبەر پردی ئاسنییە، دەرگای سێیەم بە دەرگای حەوت کچە پاکیزەکان ناسراوە و دەرگای چوارەمیش بە دەرگای حەلوە ناسراوە و لە بەشی ڕۆژهەڵاتی قەڵاکەیە.

قەڵای کەرکووک لە سێ بەش یان کۆڵانێک پێکهاتبوو، یەکەمیان بە کۆڵانی ئاغاکان ناسراو بووە و شوێنی نیشتەجێبوونی دەسەڵاتداران و فەرمانڕەواکان بووە، ناوچەی دووەمی بە گەڕەک یان ناوچەی گەرماو ناسراوە و لە دوو بەش پێکهاتووە، بەشێکی تایبەت بووە بە گەرماوی موسڵمانان و بەشێکیشی تایبەت بووە بە گەرماوی مەسیحییەکانی شارەکە، سێیەمین ناوچەش بە ناوچەی مەیدان ناسراوە گۆڕەپانێکی کراوە بووە و تێیدا کۆبوونەوە ئەنجام دراوە و ئاهەنگ و بۆنەکانی تێدا کراوە.

شوێنەوارەکانی نێو قەڵاکە

مزگەوتی پێغەمبەر دانیاڵ

مزگەوتێکە لەسەر مەزارێک دروستکراوە کە هەندێک پێیان وایە تەرمی پێغەمبەر دانیاڵی لەخۆگرتووە، مزگەوتەکە دەکەوێتە ناو قەڵای کەرکووکەوە، لە ڕابردوودا بینای مزگەوتەکە یەکێک بوو لە پەرستگاکانی جوولەکە و پاشان کراوە بە کڵێسایەک بۆ مەسیحییەکان، دواتر لە سەردەمی ئیسلام کڵێساکە کرا بە مزگەوت.

گومەزە شینەکە

بریتییە لە گومەزێکی شین و مەزارێکی تێدایە، چەند ئەفسانە و بۆچوونێکی جیاوازی لەسەر هەیە، بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان دەگێڕنەوە کە لە سەردەمی جەلائیرییەکان خاتوونێکی پاکیزەی سەلجووقی ناودار لە ناوچەکانی ئازەربایجانەوە هاتووەتە ئەوێ و لێی ژیاوە و خەڵکی ناوچەکە زۆر پەسەندیان کردووە و ڕێزیان لێیگرتووە، دوای مردنی خاتوونەکە هەر لەوێ نێژراوە و ئەو گومەزە لەسەر گۆڕەکەی لە ساڵی ٧٦٣ دروستکراوە، لە سەردەمی عوسمانییەکان گرنگی زیاتر بەم گومەزە دراوە و بە شێواز و دیزاینی ئیسلامی ڕازێنراوەتەوە و گەورەکراوەتەوە.

شوێنەواری بازاڕی کۆن

لە کۆتایی هەشتاکان و سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو لەکاتی نۆژەنکردنەوەی قەڵاکە شوێنەواری ١٧ بازاڕ و دووکانی کۆن لە ناوچەکە دۆزرانەتەوە و بە یەکێک لە کۆنترین شوێنەوارەکانی عێراق دانراوە.


سەرچاوەکان



1216 بینین