ویلایەتی جۆرجیا

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2023-01-18-21:22:00 - کۆدی بابەت: 10925
ویلایەتی جۆرجیا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

جۆرجیا (بە ئینگلیزی: Georgia، بە عەرەبی: جورجیا)، ویلایەتێکە لە ناوچەی باشووری ڕۆژهەڵاتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە باکوورەوە لەگەڵ ویلایەتی تێنێسی و کارۆلینای باکوور؛ لە باکووری ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ کارۆلینای باشوور؛ لە باشووری ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ زەریای ئەتڵەسی؛ لە باشوورەوە لەگەڵ فلۆریدا و لە ڕۆژاواوە لەگەڵ ئەلاباما هاوسنوورە. ئەم ویلایەتە ٢٤ـەم گەورەترین ویلایەت و هەشتەم قەرەباڵغترین ویلایەتی نێو هەر ٥٠ ویلایەتەکەی ئەمریکایە. بەپێی ئامارەکانی نووسینگەی سەرژمێری ئەمریکا، ژمارەی دانیشتووانی جۆرجیا لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا ١٠٫٧١١٫٩٠٨ کەس بوو. ڕووبەری ویلایەتەکە ١٥٣٫٩٠٩ کیلۆمەتر دووجایە و ٢٫٦٪ـی تەواوی ڕووبەرەکەی ئاوییە. چڕی دانیشتووانەکەشی ٧١٫٥ کەسە لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا. ئەتلەنتا کە شارێکی جیهانی بێتایە، هەم پایتەختی ویلایەتەکەیە و هەم گەورەترین شاریەتی. گەورەناوچەی ئەتلەنتا، کە ژمارەی دانیشتووانەکەی لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا زیاتر لە شەش ملیۆن کەس بوو، نۆیەم قەرەباڵغترین گەورەناوچەی ئەمریکایە و نزیکەی ٥٧٪ـی تەواوی دانیشتووانی ویلایەتی جۆرجیا لەخۆ دەگرێت. ویلایەتی جۆرجیا بە ناوی پاشا جۆرجی دووەمی بەریتانیای مەزن (George II)ـەوە ناونراوە و لە دووی کانوونی دووەمی ١٧٨٨ـدا وەکوو چوارەم ویلایەتی ئەمریکا دانیپێدانرا.

لەڕووی دیمۆگرافییەوە

دانیشتووان

نووسینگەی سەرژمێری ئەمریکا لە سەرژمێری ساڵی ٢٠٢٠ـدا ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتی جۆرجیای بە ١٠٫٧١١٫٩٠٨ کەس ڕاگەیاند. ئەم ژمارەیەش بە بەراورد بە ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتەکە لە ساڵی ٢٠١٠ كە ٩٫٦٨٧٫٦٥٣ کەس بوو بە ڕێژەی ١٠٫٥٧٪ زیادی کردووە. بەپێی ڕاپۆرتێکی فیدڕاڵی، لە ساڵی ٢٠١٠ـدا ژمارەی ئەو کۆچبەرە نایاساییانەی لە ویلایەتی جۆرجیا دەژیان، لە کانوونی دووەمی ٢٠٠٠ تا کانوونی دووەمی ٢٠٠٩ بۆ زیاتر لە دوو هێندە بەرزبوویەوە و گەشتە ٤٨٠ هەزار کەس.

لە ساڵی ٢٠١١ـدا ٥٨٫٨٪ـی دانیشتووانی بچووکتر لە یەک ساڵی ویلایەتەکە لانیکەم دایک یان باوکیان سپی پێستی ناهیسپانی نەبوو، بە بەراورد بە ویلایەتەکانی تری وەک کالیفۆرنیا کە بە ڕێژەی ٧٥٫١٪، تەکساس بە ڕێژەی ٦٩٫٨٪ و نیویۆرک بە ڕێژەی ٥٥٫٦٪ بوو.

گەورەترین گرووپە ڕەچەڵەکییە ئەورووپییەکان بریتین لە:

  • ئینگلیزی: ٨٫١٪
  • ئێرلەندی: ٨٫١٪
  • ئەڵمانی: ٧٫٢٪

لە سەرژمێری ساڵی ١٩٨٠ـدا كە ژمارەی دانیشتووانی جۆرجیا ٣٫٩٩٤٫٨١٧ کەس بوو ١٫٥٨٤٫٣٠٣ کەسیان کە دەکاتە ٤٠٪ـی کۆی دانیشتووانی ویلایەتەکە ڕەچەڵەکی خۆیان وەکوو ئینگلیزی دا لە قەڵەم و گەورەترین گرووپی نەتەوەیی ئەو کاتە بوو. لە ئێستادا زۆرێک لە هەمان ئەو کەسانە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە بە ڕەچەڵەک "ئەمریکی"ـن کە لە ڕاستیدا بە ڕەچەڵەک ئینگلیزین و هەندێکیان بە ڕەچەڵەک سکۆتلەندی-ئیرلەندین؛ بەڵام خێزانەکانیان لە سەردەمی کۆلۆنیالیزمەوە لە ویلایەتەکەدا ژیاون، ئەوانیش یان ڕەچەڵەکی خۆیان بە "ئەمریکی"ناساندبوو یان زانیارییان لەسەر ڕەچەڵەکی خۆیانیان نەبوو. لە ساڵی ٢٠٠٤ـدا ئەمریکییە ئەفریقییەکان نزیکەی ٢٩٫٦٪ـی دانیشتووانیان پێکهێنا.

تەمەن و ڕەگەز

لە ساڵی ٢٠٠٤ـدا، تەمەنی ٧٫٧٪ـی دانیشتووانی جۆرجیا لە خوار پێنج ساڵەوە بوو، لەگەڵ ئەوەشدا ٢٦٫٤٪ـی دانیشتووان لە خوار ١٨ ساڵی و ٩٫٦٪ـی دانیشتووان ٦٥ ساڵ یان زیاتر بوون. هەروەها، لە هەمان ساڵدا، ڕێژەی مێینەکان کەمێک لە نێرەکان زیاتر بوو و نزیکەی ٥٠٫٦٪ـی دانیشتووانی جۆرجیایان پێکهێنا. ویلایەتی جۆرجیا دانیشتوویەکی کەمی بەتەمەنی (تەمەن ٦٥ ساڵ یان زیاتر) هەیە کە سێیەم نزمترین ڕێژەیە لە وڵاتەکەیدا و لە ساڵی ٢٠١٥ـدا ١٢٫٨٪ بوو.

لەڕووی مێژووییەوە، نزیکەی نیوەی دانیشتووانی جۆرجیا لە ئەمریکییە ئەفریقییەکان پێکهاتبوو کە پێش شەڕی ناوخۆ بەنزیکەیی کۆیلە بوون. لە کۆچە گەورەکەی ساڵی ١٩١٤ تا ١٩٧٠ سەدان هەزار هاوڵاتی ڕەش پێست لە ناوچە لادێییەکانی باشوورەوە بۆ ناوچە پیشەسازییەکانی باکوور کۆچیانکرد و بەمەش ژمارەی دانیشتووە ئەمریکییە ئەفریقییەکان لە ویلایەتەکەدا کەمبوویەوە.

گەشەی دانیشتووانی ئاسیایی جۆرجیا لە ساڵی ١٩٩٠ تا ٢٠٠٠ دووەم خێراگەشەسەندوترینی ئەمریکا بوو کە لە ماوەی دە ساڵدا زیاتر لە دوو هێندە زیادی کرد. سەرەڕای ئەوەش، بەپێی خەمڵاندنەکانی سەرژمێری، جۆرجیا لە دوای ویلایەتەکانی میسیسیپی و لویزیانا سێیەم ویلایەتی وڵاتەکەیەتی کە خاوەنی زۆرترین ڕێژەی سەدی دانیشتووانی ئەفریقی ئەمریکییە و لە دوای ویلایەتەکانی نیویۆرک و فلۆریدا سێیەم ویلایەتە کە خاوەنی زۆرترین دانیشتووی ڕەش پێستە. هەروەها جۆرجیا دانیشتووانێکی لاتینی زۆری هەیە و زۆربەیان بە ڕەچەڵەک مەکسیکین.

زمانەکان

زمانی سەرەکی دانیشتووانی ویلایەتی جۆرجیا ئینگلیزییە و لە ساڵی ٢٠١٠ـدا، ٨٧٫٣٥٪ـی تەمەن پێنج ساڵ و سەرووری دانیشتووانی ویلایەتەکە (٧٫٦٦٦٫٦٦٣ کەس) لە ماڵەوە بە زمانی ئینگلیزی قسەیان کرد، لە کاتێکدا ٧٫٤٢٪ـی دانیشتووان (٦٥١٫٥٨٣ کەس) بە زمانی ئیسپانی دوان، هەروەها ٠٫٥١٪ـی دانیشتووان (٤٤٫٧٠٢ کەس) بە زمانی کۆری، ٠٫٤٤٪ـی دانیشتووان (٣٨٫٢٤٤ کەس) بە زمانی ڤێتنامی، ٠٫٤٢٪ـی دانیشتووان (٣٦٫٦٧٩ كەس) بە زمانی فەڕەنسی و ٠٫٣٨٪ـی دانیشتووان (٣٣٫٠٠٩ كەس) بە زمانی چینی (کە زمانی ماندارینیش لەخۆ دەگرێت) دەدوان. لەگەڵ ئەوەشدا زمانی ئەڵمانی وەکوو زمانێکی سەرەکی لەلایەن ٠٫٢٩٪ (٢٣٫٣٥١ کەس)ـی دانیشتووانی تەمەن سەروو پێنج ساڵی ویلایەتەکەوە قسەی پێ دەکرا. بەگشتی، ١٢٫٦٥٪ (١٫١٠٩٫٨٨٨ كەس)ـی دانیشتووانی تەمەن پێنج ساڵ و سەرووتری ویلایەتەکە بە زمانێکی دایکی جگە لە زمانی ئینگلیزی قسەیان دەکرد.

ئایین

ئایینی سەرەکی دانیشتووانی ویلایەتی جۆرجیا مەسیحییە و پێکهاتە ئایینییەکانی دانیشتووان بەم شێوەیەیە:

  • پرۆتستانت: ٧٠٪
  • کاسۆلیک: ٩٪
  • مۆرمۆن: ١٪
  • جوولەکە: ١٪
  • مسوڵمان: ٠٫٥٪
  • بوودی: ٠٫٥٪
  • هیندۆس: ٠٫٥٪

بێ ئایینەکان، لادین و ئەوانەی گوماناوین لە بوونی خوا: ١٣٪ گەورەترین گرووپە ئایینییە مەسیحییەکانی جۆرجیا بەپێی ژمارەی لایەنگران لە ساڵی ٢٠١٠ـدا، کۆبوونەوەی باپتیستی باشوور بوو کە ١٫٧٥٩٫٣١٧ لایەنگر؛ کڵێسای یونایتد میتۆدیست کە ٦١٩٫٣٩٤ لایەنگر و کڵێسای کاسۆلیکی ڕۆمانی کە ٥٩٦٫٣٨٤ لایەنگری هەبوو. هەروەها ژمارەی لایەنگرانی پرۆتستانتە ئینجیلییە نائایینییەکان ٥٦٦٫٧٨٢، کڵێسای خوا ١٧٥٫١٨٤ و کۆنفڕانسی نیشتیمانی باپتیست ١٧٢٫٩٨٢ لایەنگر بوو.

ئابووری ویلایەتەکە

تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی ویلایەتی جۆرجیا لە ساڵی ٢٠١٨ـدا ٦٠٢ ملیار دۆلار بوو و و لە ساڵی ٢٠١٦ـدا داهاتی ساڵانەی تاکەکانی ویلایەتەکە لە نێوان ٥٠٫٠٠٠ بۆ ٥٩٫٩٩٩ دۆلاردا بوو. بنکەی سەرەکی ١٦ کۆمپانیای فۆرچن ٥٠٠ و ٢٦ کۆمپانیای فۆرچن ١٠٠٠ لەم ویلایەتەدا هەن، وانە TSYS، UPS، کۆمپانیای باشوور و کۆکا-کۆلا. ئابووریی ویلایەتەکە پشت بە کەرتەکانی کشتوکاڵ، کانسازی، پیشەسازی، لۆجستی، سەربازی، بەکارهێنان و بەرهەمهێنانی وزە، باجی ویلایەت، فیلم و گەشتیاری دەبەستێت.

کەشوهەوا

کەشوهەوای زۆربەی ناوچەکانی ویلایەتی جۆرجیا بە پلەی یەکەم نیمچە خولگەیی شێدارە. هاوینی ئەم ویلایەتە جگە لەو ناوچانەی کە لە بەرزاییە بەرزەکاندان گەرم و شێدارە. ڕێژەی دابارین لە ١٫١٤٣ مللیمەتر لە ناوەڕاستی جۆرجیا بۆ نزیکەی ١٫٩٠٥ مللیمەتر لە دەوروبەری بەشی باکووری ڕۆژهەڵاتی ویلایەتەکە دەگۆڕێت.

بەرزترین پلەی گەرمی کە تا ئێستا لە ویلایەتەکەدا تۆمارکراوە ٤٤٫٤ پلەی سەدییە کە لە ٢٤ـی تەممووزی ١٩٥٢ـدا تۆمارکرا، لە کاتێکدا نزمترین پلەی گەرمی ٢٧٫٢- پلەی سەدییە کە لە ٢٧ـی کانوونی دووەمی ١٩٤٠ـدا تۆمارکرا. جۆرجیا یەکێکە لەو ویلایەتانەی ئەمریکا کە زۆرجار گەردەلوول لێی دەدات، بەڵام بەدەگمەن لە EF1 (گەردەلوولی EF1: خێرایی با لە نێوان ١٣٨ بۆ ١٧٧ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدایە) بەهێزترن. لە ١٤ـی ئازاری ٢٠٠٨ـدا گەردەلوولێکی EF2 (گەردەلوولی EF2: خێرایی با لە نێوان ١٧٨ بۆ ٢١٧ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدایە) لە ناوەندی شاری ئەتلەنتای دا و زیانێکی مامناوەند تا زۆری بە هەندێک باڵەخانە گەیاند. هەروەها ئەو ناوچانەی کە دەکەونە سەر کەنارەکانی زەریای ئەتڵەسی مەترسی زریانەکانیان لەسەرە بەڵام لە سەدەی بیستدا بەدەگمەن زریانی ڕاستەوخۆ لە ویلایەتەکەی داوە. زۆرجار جۆرجیا کاریگەری ئەو زریانانەی لەسەرە کە لە فلۆریدا پانهاندڵەوە هەڵدەکەن، پاشان لەسەر زەوی لاواز دەبن و بای بەهێزی گێژەڵووكەی خولگەیی و بارانێکی زۆر دەهێننە بەشی ناوەوە.


سەرچاوەکان



371 بینین