نۆرس داکۆتا

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2023-01-18-22:32:00 - کۆدی بابەت: 10927
نۆرس داکۆتا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ویلایەتی نۆرس داکۆتا یان داکۆتای باکوور (بە ئینگلیزی: North Dakota، بە عەرەبی: داکوتا الشمالية)، ویلایەتێکی ئەمریکییە لە بەشی باکووری ڕۆژاوای ناوەڕاست، کە بە ناوی هۆزی داکۆتا سیۆکسی ڕەسەنەوە ناونراوە.‌ داکۆتای باکوور لەڕووی ڕووبەرەوە نۆزدەیەم گەورەترین ویلایەتی ئەمریکایە، بەڵام ژمارەی دانیشتووانەکەی لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا کەمترە لە ٧٨٠ هەزار کەس بوو، چوارەم کەم قەرەباڵغترینی نێو هەر پەنجا ویلایەتەکەی وڵاتەکەیەتی و هەروەها لەڕووی دابەشبوونی دانیشتووانەکەی بەسەر ڕووبەری ویلایەتەکەدا لەنێو کەمچڕترین ویلایەتەکاندایە و لە پلەی چواردایە. پایتەختی ویلایەتەکە شاری بیسمارکە لە کاتێکدا گەورەترین شار فارگۆیە کە نزیکەی یەک لەسەر پێنجی دانیشتووانی ویلایەتەکە پێکدەهێنێت؛ هەردوو شارەکە لە خێرا گەشەسەندوترین شاری ئەمریکان. هەروەها نۆرس داکۆتا شوێنی بەرزترین پێکهاتەی دەستکردی ستوونی (KVLY-TV)ـیە، کە درێژترین ستوونی گواستنەوەی تۆڕی تەلەفزیۆنییە لە نیوەگۆی ڕۆژاوا.

لەڕووی جوگرافییەوە

داکۆتای باکوور لە باکوورەوە لەگەڵ پارێزگا کەنەدییەکانی ساسکاچوان و مانیتۆبای، لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ ویلایەتی مینیسوتای ئەمریکا، لە باشوورەوە لەگەڵ داکۆتای باشوور و له ڕۆژاواوە لەگەڵ مۆنتانا هاوسنوورە. ڕووبەری ئەم ویلایەتە ١٨٣٫١٢٣ کیلۆمەتر دووجایە، لەو ژمارەیەش ١٧٨٫٦٩٤ کیلۆمەتر دووجای وشکانی و ٤٫٤٢٩ کیلۆمەتر دووجا کە دەکاتە ٢٫٤٪ـی ڕووبەری گشتی ئاوییە. هەروەها درێژی داکۆتای باکوور ٤٨٢ کیلۆمەتر و پانییەکەی ٣٢١ کیلۆمەترە. سەرەڕای ئەوەش، ویلایەتەکە بەشێکە لە ناوچەی دەشتە گەورەکان و بەرزترین خاڵی ویلایەتەکە ١٫٠٦٩ مەترە.

مێژووی ویلایەتەکە

هۆزە جۆراوجۆرە ڕەسەنەکانی ئەمریکا بۆ ماوەی هەزاران ساڵە لەم ناوچەیەی کە ئێستا داکۆتای باکوورە نیشتەجێن. گەڕیدە و بازرگانە ئەورووپییەکان بۆ یەکەمجار لە سەرەتای سەدەی ١٨ـدا گەیشتنە ناوچەکە و زۆربەیان بەدوای فەروەی سوودبەخشدا دەگەڕان. ئەمریکا لە سەرەتای سەدەی نۆزدەهەمدا ناوچەی کڕی و خاکی داکۆتا لە ساڵی ١٨٦١ـدا دامەزرا، پاشان ژمارەی دانیشتووانی ناوچەکە گەشەی بەخۆیەوە بینی. بازرگانی نەریتی فەروە ڕووی لە کزی کرد و کەرتی کشتوکاڵی بەتایبەتی گەنم گەشەی سەند. نۆرس داکۆتا لە دووی تشرینی دووەمی ساڵی ١٨٨٩ وەک ٣٩ـەم ویلایەتی ئەمریکا دانیپێدانرا. لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمەوە، سەرچاوە سروشتییە دەوڵەمەندەکانی داکۆتای باکوور گرنگی زیاتریان بۆ گەشەسەندنی ئابووری ویلایەتەکە هەبوو؛ لە سەدەی بیست و یەکەمدا، دەرهێنانی نەوت لە باکووری ڕۆژاوا ڕۆڵێکی سەرەکی لە بووژانەوەی ویلایەتەکەدا هەبوو و ئەم جۆرە گەشەسەندنە بووە هۆی گەشەی ژمارەی دانیشتووان و بەرزبوونەوەی ڕێژەی لەدایکبوون و کەمبوونەوەی ڕێژەی بێکاری. لەگەڵ ئەوەشدا داکۆتای باکوور له دوای ویلایەتی هاواییەوە خاوەنی دووەم نزمترین ڕێژەی بێکارییە لە ئەمریکا. سەرەڕای ئەوەش، ویلایەتەکە لە ستانداردە پێوانەییەکانی وەک ژێرخانی ئابووری، کوالێتی ژیان، دەرفەتی ئابووری و سەلامەتی گشتیدا تاڕادەیەک باشە.

لەڕووی دیمۆگرافییەوە

دانیشتووان

ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتی داکۆتای باکوور لە یەکی تەممووزی ٢٠٢٢ـدا بە ٧٧٧٩٫٢٦١ کەس خەمڵێندرا، ئەم ژمارەیە لە دوای سەرژمێری ساڵی ٢٠٢٠ـی ئەمریکاوە بە ڕێژەی ٠٫٠٢٪ کەمیکردووە. ئەم ویلایەتە ٤٧ـەم گەورەترین ویلایەتی ئەمریکایە و تەنها لە ویلایەتەکانی ئالاسکا، ڤێرمۆنت و وایۆمینگ قەرەباڵغترە. هەروەها بەپێی خەمڵاندنەکانی ساڵی ٢٠٢٢ چڕی دانیشتووانی ویلایەتەکە ٤٫١٣ کەسە لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا. تەمەنی مامناوەندی دانیشتووانی ویلایەتی داکۆتای باکوور ٣٥٫٢ ساڵییە. ڕێژەی مێینەکان کەمێک کەمترە بە بەراورد بە ڕێژەی نێرەکان، مێیەکان نزیکەی ٤٨٫٨٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکە پێکدەهێنن لە کاتێکدا نێرەکان ٥١٫٢٪ـی دانیشتووان پێکدەهێنن.

شوێنی لەدایکبوون

٩٣٫٤٤٪ـی دانیشتووانی داکۆتای باکوور لە ئەمریکا لەدایکبوون و لەو ڕێژەیەش ٦٠٫٧٥٪ـیان لە داکۆتای باکوور لەدایکبوون. لە کاتێکدا ٢٫٤٩٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکە هاوڵاتی ئەمریکی نین، زۆرترین ڕێژەی ئەو دانیشتووانانەشی کە لە ویلایەتە یەکگرتووەکان لەدایک نەبوون خەڵکی ئاسیان.

مێژووی دانیشتووانی ویلایەتەکە

ژمارەی دانیشتووانی داکۆتای باکوور لە ساڵی ١٨٧٠ـدا کەمتر لە ٢٫٠٠٠ کەس بوو، ئەم ژمارەیە تا ساڵی ١٩٣٠ گەشتە ٦٨٠٫٠٠٠ کەس. پاشان گەشەی دانیشتووانی ویلایەتەکە خاوبوویەوە و لە سەرژمێری ساڵی ١٩٧٠ـدا بۆ ٦١٧٫٧٦١ کەس دابەزی. دواتر ژمارەی دانیشتووان وردەوردە گەشەی کرد و لە سەرژمێری ساڵی ٢٠٠٠ـدا گەشتە ٦٤٢٫٢٠٠ کەس. بەپێی نوێترین ACS، پێکهاتە ڕەگەزییەکانی داکۆتای باکوور بریتی بوون لە:

  • سپی پێست: ٨٥٫٦٨٪
  • ئەمریکی ڕەسەن: ٥٫١٥٪
  • ڕەش پێست یان ئەفریقیی ئەمریکی: ٣٫١٥٪
  • ئەوانەی دوو نەتەوە یان زیاتریان هەیە: ٣٫١٥٪
  • ئاسیایی: ١٫٥٨٪
  • ڕەگەزەکانی تر: ١٫١٧٪
  • هاوایی ڕەسەن یان دوورگەنشینی زەریای هێمن: ٠٫١٣٪

٢٩٫٨٪ـی کۆچبەران لە داکۆتای باکوور لە ئەفریقاوە هاتوون، ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی ڕێژەی دانیشتووە ڕەش پێستەکانی ویلایەتەکە لە دەیەکانی ڕابردوودا، لە ساڵی ٢٠٠٠ـدا ٠٫٦٪ـی دانیشتووان ڕەش پێست بوون بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا ئەم ڕێژەیە بەرزبوویەوە بۆ ٣٫٩٪ـی دانیشتووان.

زمانەکان

لە ساڵی ٢٠١٠ـدا ٩٤٫٨٦٪ـی تەمەن سەروو پێنج ساڵی دانیشتووانی داکۆتانی باکوور بە زمانی ئینگلیزی قسەیان کرد و ٥٫١٤٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکە بە زمانێکی تری نائینگلیزی دوان. زمانە نائینگلیزییەکانی دانیشتووانی ئەم ویلایەتە بریتیبوون لە:

  • ئەڵمانی: ١٫٣٩
  • ئیسپانی: ١٫٣٧٪
  • نەرویجی: ٠٫٣٠٪
  • سربی-کرواتی: ٠٫١٩٪
  • چینی و ژاپۆنی: ٠٫١٥٪
  • زمانی ڕەسەنی ئەمریکی و فەڕەنسی: ٠٫١٣٪

ئایین

بەپێی سەنتەری توێژینەوەی پیوو لە ساڵی ٢٠١٤ـدا ٧٧٪ـی دانیشتووانی پێگەیشتووی داکۆتای باکوور مەسیحی بوون. بە پێچەوانەی زۆرێک لە ویلایەتەکانی باشووری ئەمریکاوە، پرۆتستانتی کۆنەپارێز گەورەترین جۆری پرۆتستانتی بوو کە لەلایەن ٢٨٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکەوە پەیڕەو دەکرا. هەروەها پرۆتستانتی ئینجیلی دووەم گەورەترین لقی پرۆتستانت بوو و لەلایەن ٢٢٪ـی دانیشتووانەوە پەیڕەوکرا. لەنێو دانیشتووانی مەسیحی داکۆتای باکووردا، کڵێسای کاسۆلیکی ڕۆمانی تاکە گەورەترین گرووپی مەسیحی بوو. بەپێی دامەزراوەی توێژینەوەی ئایینی گشتی لە ساڵی ٢٠٢٠، ٧٥٪ـی دانیشتووانی پێگەیشتووی ویلایەتەکە مەسیحی بوون، بەجۆرێک کە پەیڕەوکەرانی پرۆتستانتی کۆنەپارێز زۆرینە بوون و پرۆتستانتی ئینجیلی ١٨٪ـی دانیشتووانیان پێکهێنا.

بەپێی هەمان سەنتەری توێژینەوەی پیوو لە ساڵی ٢٠١٤، ئایینە نامەسیحییەکان لەلایەن ٣٪ـی دانیشتووانی سەروو هەژدە ساڵەوە پەیڕەو دەکرێن، لەنێویاندا ئایینی ئیسلام گەورەترین ئایینی نامەسیحییە. ئایینەکانی تر لەلایەن ١٪ـی دانیشتووانەوە پەیڕەو دەکرێن. لە ڕاپرسییەکەی ساڵی ٢٠١٤ـدا، ٢٠٪ـی دانیشتووان سەر بە هیچ ئایینێک نەبوون. بە هەمان شێوە ڕاپرسییەکەی دامەزراوەی توێژینەوەی ئایینی گشتی لەساڵی ٢٠٢٠ـدا ٢٢٪ـی دانیشتووانیان بەبێ ئایین دا لە قەڵەم.

ئابووری ویلایەتەکە

سەرەڕای ئەو ڕاستییەکەی کە پیشەسازییەکانی نەوت، پرۆسێسکردنی خۆراک و تەکنەلۆجیا پیشەسازی سەرەکی داکۆتای باکوورن بەڵام کشتوکاڵ گەورەترین پیشەسازی ویلایەتەکەیە. بەپێی نووسینگەی شیکاری ئابووری ئەمریکا، تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی داکۆتای باکوور لە چارەکی دووەمی ساڵی ٢٠١٨ـدا ٥٥٫١٨٠ ملیار دۆلار بوو و داهاتی تاکەکانیشی ٣٤٫٢٥٦ دۆلار بوو. هەروەها ڕێژەی گەشەی ئابووری ویلایەتەکە نزیکەی ٤٫١٪ بوو. لە ساڵی ٢٠١٣ـدا كە تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی ویلایەتەکە ٤٩٫٧٧ ملیار دۆلار بوو، زیاتر لە ٢١٪ـی لە سەرچاوە سروشتییەکان و کانگاکانەوە سەرچاوەیان گرتبوو. بەپێی زانیارییەکانی گالۆپ، لە ساڵی ٢٠١٣ـدا داکۆتای باکوور لە ڕەخساندنی کاردا پێشەنگی ئەمریکا بوو و لە ساڵی ٢٠٠٩ـەوە بە دابینکردنی کار بۆ دانیشتووانەکەیەوە سەرقاڵە. سەرەڕای ئەوەش، لە مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩، ڕێژەی بێکاری دانیشتووانی ویلایەتەکە لەنێو نزمترین ڕێژەکانی وڵاتدا بوو کە لە سەدا ٢٫٤ بوو. لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٠ـدا داهاتی تاکەکانی ویلایەتەکە لە پلەی ١٧ـی وڵاتدا بوو، ئەمەش گەورەترین بەرزبوونەوە بوو بە بەراورد بە هەموو ویلایەتەکانی تر کە لە ماوەی دە ساڵدا و لە پلەی ٣٨ـەوە بۆ ١٧ بەرزبوویەوە. نزمبوونەوەی ڕێژەی بێکاری و گەشەی داهاتی تاکەکان دەگەڕێتەوە بۆ بووژانەوەی کەرتی نەوت لە ویلایەتەکەدا.

کەشوهەوا

کەشوهەوای ویلایەتی داکۆتای باکوور کیشوەریە و هاوینی گەرمە و زستانی ساردە. جیاوازی پلەی گەرمی لەم ویلایەتەدا زۆرە، هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ دوو شت، ئەوانیش پێگەی دووری ویلایەتەکە لە ناوچەکانی ناوەوە و نزیکی لە جەمسەری باکوور و هێڵی ئیستوای بە هەمان مەودا. بەرزترین و نزمترین پلەی گەرمی مانگانەدا لە نێوان ٥٢ پلەی سەدی لە مانگی حوزەیران بۆ ٧٦ پلەی سەدی لە مانگی ئازاردایە. لە بەشی ناوەڕاستی ویلایەتەکەدا، مانگەکانی وەرزی هاوین گەرمن؛ مانگەکانی وەرزی زستان زۆر سارد و بەفراوییە و بای هەیە؛ ئاسمانی ویلایەتەکە تاڕادەیەک بە بەردەوامی هەوراوییە. پلەی گەرمی ناوچەکە بەدرێژایی ساڵ بەشێوەیەکی گشتی لە ١٥٫٦- بۆ ٢٨٫٣ پلەی سەدی دەگۆڕێت و بەدەگمەن لە خوار ٢٧٫٨- پلەی سەدی یان زیاترە لە ٣٣٫٩ پلەی سەدیدایە.

وەرزی گەرما ٣٫٦ مانگ دەخایەنێت، لە ٣٠ـی ئایار تا ١٧ـی ئەیلوول، لەگەڵ ئەوەشدا تێکڕای پلەی گەرمی بەرزی رۆژانە لە سەرووی ٢١٫٧ پلەی سەدییەوەیە. گەرمترین مانگی ساڵ لە بەشی ناوەڕاستی ویلایەتەکەدا مانگی تەممووزە، تێکڕای بەرزترین پلەی گەرمی ٢٧٫٨ پلەی سەدی و نزمترین پلەی گەرمی ١٢٫٨ پلەی سەدییە. هەروەها، وەرزی سەرما ٣٫٤ مانگ دەخایەنێت، لە ٢٤ـی تشرینی دووەم تا ٥ـی ئازار، تێکڕای پلەی گەرمی بەرزی ڕۆژانە لە خوار ١٫١ پلەی سەدییەوەیە. ساردترین مانگی ساڵ لە بەشی ناوەڕاستی ویلایەتەکەدا مانگی کانوونی دووەمە، تێکڕای نزمترین پلەی گەرمی ١٥- پلەی سەدی و بەرزترین پلەی گەرمی ٥- پلەی سەدییە.

باشترین کات بۆ سەردانکردن

بە پشتبەستن بە نمرەی گەشتیاران، باشترین کات بۆ سەردانکردنی بەشی ناوەڕاستی داکۆتای باکوور کۆتایی مانگی حوزەیران تا کۆتایی مانگی ئابە.


سەرچاوەکان



296 بینین