ناوهڕۆك
ناساندن
ئۆپڕاسیۆنی باگراتیۆن (بە عەرەبی: معركة باکراتیون، بە ئینگلیزی: Operation of Bagration) بریتییە لە ئۆپراسیۆنێکی سەربازی کە لەلایەن ئیمپراتۆریەتی ڕووسیاوە دژی ئیمپڕاتۆریەتی ئەڵمانیا و یەکێتیی سۆڤیەتیش دژی ئەڵمانیای نازی بەکاریهێناوە لە میانەی جەنگی ڕزگارکردنی ئەورووپا لە دەستی ناپلیۆن و جەنگی دووەمی جیهانیدا کە دەرئەنجامەکەی بریتی بووە لە شکستهێنانی فەڕەنسا و ئەڵمانیا و سەرکەوتنی ئیمپراتۆریەتی ڕووسیا و سۆڤیەت لە جەنگەکەدا.
سەرەتای دانانی پلانە سەربازییەکە
ڕەگ و ڕیشەی ئەم ئۆپراسیۆنە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٨١٢ کاتێک جەنەڕاڵ "باگراتیۆن" لە میانەی هێرشی ناپلیۆن بۆناپارت بۆ سەر خاکی ڕووسیا ئەم پلانە سەربازییەی دانا. لە کاتی دانانی پلانەکەدا بە ئەفسەر و کەسایەتییە سەربازییەکانی تری وڵاتەکەی وت "ئەم پلانە بریتییە لە گەمارۆدانی خنکێنەر"، مەبەست لەمەش گەمارۆدانی دوژمنە لەو کاتەی هێرش دەکات وە لە گونجاوترین ساتدا هێرشی پێچەوانە دەکرێتە سەر خاڵەکانی دوژمن. بەشێکی تری پلانە بریتییە لە بەرگری کردن بە جۆرێک دوژمن ماندوو بکات لەو ساتەی دوژمن توانای هێرشی نامێنێت ئەوا ئێمە هێرشی خێرا دەکەین کە بە کەمترین ماوە زۆرترین شوێن ئازاد بکەین...".
ئۆپراسیۆنی باگراتیۆن لە ساڵی ١٨١٣-١٨١٥
باگراتیۆن، دانەری پلانەکە لە ساڵی ١٨١٢ بەهۆی برینداربوونی لە جەنگی بۆردینۆ و توشبوونی برینەکەی بە گارگارین کۆچی دوایی کرد. بەڵام سەردارە سەربازییەکانی ڕووسیا بەتایبەتیش ئەوانەی لەتیمەکەی باگراتیۆن بوون ئۆپراسیۆنی باگراتیۆنییان دژی هێزەکانی فەڕەنسا ئەنجامدا بەوەی بەشێوەیەکی بازنەیی هێزەکانی ناپلیۆنیان گەمارۆ دابوو کە ڕێگەیان نەدا زیاتر پێشڕەوی بکات لە ڕووسیا، لە بری ئەوە ناچارییان کرد پاشەکشێ بکات و بگەڕێتەوە فەڕەنسا لە ڕێگەی سنووری پۆڵەندا. ئەمەش لە ساڵی ١٨١٣ ڕوویدا کاتێک ژەنەڕاڵ میخائیل کۆتۆزۆڤ ١٧٤٥-١٨١٣ هێرشێکی پێچەوانەی خێرای کردە سەر پاشماوەی سوپای فەڕەنسا و بە ماوەی چەند مانگێک بەتەواوی پاشەکشەیان کرد لە ڕووسیا. دواتر بەشێکی تری ئۆپراسیۆنەکە جێبەجێ کرا ئەویش ڕزگارکردنی ئەورووپا بوو کە بە جەنگی ڕزگارکردنی ئەورووپا ناسراوە لە نێوان ١٨١٣-١٨١٤ و لەو ماوەیەشدا بە شێوازێکی زۆر خێرا توانرا هەموو ئەو خاکەی ناپلیۆن داگیری کردبوو ڕزگار بکرێت.
ئۆپراسیۆنی باگراتیۆن لە جەنگی دووەمی جیهانیدا ١٩٤٤-١٩٤٥
داگیرکردنی بەشێکی ڕووسیا لە لایەن ئەڵمانیای نازی لە ١٩٤٢ دا کە بە ئۆپراسیۆنی بەربۆسا ناسراوە هەمان سیناریۆی ناپلیۆن پۆناپارت بوو دووبارە ببووەوە. هێزەکانی هیتلەر بەخێرایی پێشڕەوییان کرد دواتر توشی ئاڵنگاری هاتن لە شاری ستالین گراد بەهۆی بەرگری سەختی سۆڤێتییەکانەوە. دواتر ناچار بوو بکشێتەوه. لە ساتی کشانەوەی هیتلەردا جۆزێف ستالین لەبەر ئەوەی خۆی لە بنەڕەتدا خەڵکی وڵاتی جۆرجیا بوو. وە سەرکەوتووترین پلانی سەربازیش لە مێژووی ١٠٠ ساڵی ڕابردووی سۆڤێتدا (ئۆپراسیۆنی باگراتیۆن) بوو لەبەر خۆشەویستی بۆ ئەو جەنەڕاڵە جۆرجییە بڕیاریدا کە ئۆپراسیۆنەکە بکات پرۆگرامی لەناوبردنی ئەڵمانیای نازی.
لە بەرواری ١٠-٦-١٩٤٤ هێزەکانی سۆڤێت دەستییان بە ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنەکە کرد و بەشێوەیەکی خێرا توانیان هەموو خاکی ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا کۆنتڕۆڵ بکەن و بەخێرایی بگەنە شاری بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا، هێزەکەی سۆڤێت وا مەزەندە کرابوو کە ٨٠٪ـی هێزی هاوپەیمانان بوو هەر ئەمەش وای کردبوو لە کورتترین ماوەدا بگەنە بەرلین بەر لە گەیشتنی هێزەکانی ئەمریکا لە بەرەی ڕۆژاوا.
ئایا ئەم ئۆپراسیۆنە بەردەوامی هەیە؟
ئۆپراسیۆنی باگراتیۆن گومانی تێدا نییە یەکێکە لە باشترین پلانە سەربازییەکان نەک تەنها ڕووسیا بەڵکوو لە چەندین وڵاتی تر بووەتە بنەمایەکی گرنگی سەربازی، بەڵام چونکە بناغەی پلانەکە ڕووسیایە زیاتر لەلایەن ڕووسیاوە بەکار دەهێنرێت. لە جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیادا، هێزەکانی کۆمپانیای PMC WAGNER لە ئۆکرانیا بۆ داگیرکردنی شاری باخموت ئەم ئۆپراسیۆنە بەکاردەهێنن بەڵام لە بری ناوی باگراتیۆن، ناوی ئۆپراسیۆنەکە گۆڕدراوە بۆ (هاڕینی گۆشت).