ئەمریکای کۆن

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2023-03-27-22:46:00 - کۆدی بابەت: 11252
ئەمریکای کۆن

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئەمریکای کۆن (بە عەرەبی: امریکا قدیم، بە ئینگلیزی: Old America) یان Wild westـیشی پێ دەوترێت ئەو سنوورە جوگرافیایەی ئەمریکایە کە پێشتر لە سەرەتاکانی دۆزینەوەی ئەمریکا تا سەرەتای سەدەی بیستەم ناوچەکەی نا ئارام و دوور لە یاسا بووە. شوێنی ژیانی هیندە سوورەکان و دەستەی دز و چەتەکان بووە. هەروەها ناوێکی تریش بەسەر ئەم ناوچەیەدا وتراوە ئەویش American Frontier واتا میحوەری ئەمریکا کە کۆتا خاڵی سنووری ناوچەی یاسایی بوو لەگەڵ دەستپێکی ناوچەی دوور لە یاسا.

مێژووی ناوچەکە

وەک لە دەستپێکدا باسمان کرد old west یان wild west ناوچەیەکی دوور لە یاسا بووە، سەرەتای ناوبردنی ڕۆژاوای ئەمریکا بە Wild west دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای ساڵانی ١٦٠٠ کە ڕۆژهەڵاتی ئەمریکا شوێنی نیشتەجێ و شارستانیەتی ئەورووپییەکان بوو و ڕۆژاوای ئەمریکاش شوێنی هیندە سوورەکان بوو، چونکە دانیشتووانی ڕەسەنی ئەمریکا دواکەوتوو و لە خەیاڵی سەیردا دەژیان و پێستی ئاژەڵیان لەبەر دەکرد و کەلوپەلی سەرەتاییان بەکاردەهێنا بۆ ژیانی ڕۆژانە بەم جۆرە لەلایەن ئەورووپییەکان بە کێوی و دڕندە ناوبرابوون و وڵاتەکەیان بەشکردبوو لە ناوەڕاستەوە کە بەشی ڕۆژاوا ناوبرا بە Wild west

بەڵام ئەم ناوچەیە هەر شوێنی هیندە سوورەکان نەبوو بەڵکوو شوێنی چەتە و بکوژەکانیش بوو چونکە هیچ یاسایەکی نەبوو، ڕێبواران کە لە مەکسیکۆوە دەهاتن بۆ ئەمریکا لە ڕێگەی وشکانی دەبوو بە ڕۆژاوای دڕندە یاخود کێویدا تێپەڕببن. زۆرجاریش هێرش دەکرایە سەریان و دەکوژران و کەسیش نەیدەزانی کێ کوشتوویەتی، بشزانرابا حکوومەت هەرگیز خۆیان بەم کەیسانەوە ماندوو نەدەکرد، چونکە ناوچەیەکی پڕ مەترسی بووە لە مێژوودا شوێنی وەک ڕۆژاوای ئەمریکا پڕ مەترسی نادۆزیتەوە بۆ ڕێبواران و گەشتیاران. ئەورووپییەکان هەرگیز بۆ کاری پێویست نەبایە نزیک نەدەبوونەوە. هەرچەندە بەردەوام هەوڵ دەدرا ئەو ناوچانەش بخرێنە سەر ئەمریکا. 

کۆتایی ناوچەکە

زیادبوونی دانیشتووان و دروستکردنی هێڵی ئاسنینی کیشوەر بڕ لە ڕۆژهەڵات بۆ ڕۆژاوای ئەمریکا لەلایەن چەند کۆمپانیایەکی ئینگلیزییەوە جێبەجێکرا، بەڵام کاتێک گەیشتنە بەشی میحوەری ئەمریکا سنوورە جیاکەرەوەکە نەیان دەوێرا زیاتر بڕۆنە پێشەوە چەند جارێک ئەم پڕۆژەیە خرایە بەر باس و شکستی هێنا. بەڵام لە کۆتاییدا "یونیەن پەسفیک" ڕێگاکەی تەواو کرد و بەهەموو ویلایەتەکاندا هێڵەکەی برد لە کەناری ڕۆژهەڵات تا کەناری ڕۆژاوا. لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا و زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان و دەرکردنی یاسای تایبەت بە هەر ویلایەتێک لە سەرەتاکانی ١٩١٠ کۆتایی هات بە میحوەری ئەمریکا یان Old America. هەموو ویلایەتەکان یەکیانگرتەوە و کۆتایی هێنرا بە دەستە تاوان کارییەکان و چەتەکان. 

چەند زانیارییەکی سەرنجڕاکێش لەسەر ڕۆژاوای کۆن، یان Wild west

  1. ئێلمێر ماکاردی ساڵی ١٩١١ لەگەڵ دەستەکەی شەمەندەفەرێکیان تاڵان کرد، کە بڕی چەند هەزار دۆلارێکیان دزی، پاش ئەمە ئێلمێر لەلایەن مارشاڵێکەوە کوژرا و لە بەرانبەر کوشتنیدا تەنها ٤٠ دۆلار پاداشت کرا، دواتر ئەم لاشەیە بە هەموو ویلایەتەکاندا دەگەڕێنرا و نمایشدەکرا، بەپێی ئامرێک لە ماوەی ٦٠ ساڵدا ٦ ملیۆن دۆلاری کۆکردەوە. 
  2. ڕۆژاوای ئەمریکا شوێنی چەندین ئاژەڵی ڕەسەن بووە وەک حوشتر، کە هەندێک کۆمپانیا بازرگانییان پێوە دەکردن بەدرێژایی مێژوو، لەوێوە گواسترانەوە بۆ ڕۆژهەڵات، واتا وشتر لە بنەڕەتدا ئاژەڵێکی ئەمریکییە نەوەک ڕۆژهەڵاتی. بەڵام ئاژەڵی هاوشێوەی حوشتریش هەبوون لە خۆرهەڵات و وڵاتانی عەرەب بەڵام وەک حوشتر لەبار نەبوون بۆ کەشی سەختی بیابان. 
  3. ڕۆژاوای ئەمریکا سەرەڕای ئەوەی ناوچەیەکی بێ یاسا بوو بەڵام لە ژێر سەرپەرشتی ئیمپڕاتۆریەتی ئیسپانیا بوو. 
  4. گاوان و شوانەکانی ڕۆژاوای ئەمریکا کە بە Cowboy ناسراون لە بنەڕەتدا ئەفریقی بوون. کەسانی دوور لە یاسا نەبوون بەڵکوو بۆ پارێزگاری کردن لە زەوی و ئاژەڵەکانیان چەکیان هەڵدەگرت لە ماڵەکانیان. 
  5. باس ڕیڤێرس، مارشاڵێکی ئەمریکی بوو لە ماوەی ٣٠ ساڵدا ٣٠٠٠ کەسی دەستگیرکرد کە بە تاوانی جیاجیا داواکراو بوون. 
  6. گامێشی ئەمریکی یاخود "بایسن" وا خەمڵێنرابوو ١٠-٣٠ ملیۆن بوون بەر لە ساڵی ١٨٠٠، دوای ئەم ساڵە تەنها بە ١٠٠ ساڵ ژمارەیان بوو بە ١٠٠٠ دانە. هەندێکجار ئەم ئاژەڵانە وەک ئامراژێکی نیشانە شکاندن "دەست ڕێکی" بەکار دەهێنران و لە دوورەوە هەر بە مەبەستی کەیف خۆشی تەقەیان لێدەکرا ئەوەی بە کەمترین گولە بیتوانیبا بایسنک بکوژێت براوە دەبوو و خەڵات دەکرا. 

ئایا هیچ فیلمێک هەیە لەسەر ڕۆژاوای ئەمریکا؟

لەسەر ڕۆژاوای ئەمریکا یان Wild west چەشنێکی تایبەتی فیلم و زنجیرە هەیە بەناوی Westren واتا ڕۆژاوایی. ئەم چەشنە بە زۆری باس لە یاسا دەرچووان و ئەمریکای سەدەکانی ڕابردوو و تازە دەرکردنی یاسا دەکات. لێرەدا ناوی زنجیرەیەک دەهێنین کە دەتوانن بینەری ببن کە باسی دروستکردنی هێڵی ئاسنینی کیشوەربڕ دەکات لە ئەمریکا. ناوی زنجیرەکە بریتییە لە Hell on wheels و لە پێنج وەرز پێکدێت. 

ئایا هیچ یارییەکی ڤیدیۆیی هەیە باسی ئەم سەردەمە بکات؟

بۆ هەوادارانی یاری ڤیدیۆیی چەندین یاری هەیە کە باسی ئەم سەردەمەی ئەمریکا دەکەن کە تیایدا ئەمریکا بێ یاسا و شوێنی لە یاسا هەڵاتووان بووە ئەویش هەردوو بەشی یاری Red dead redemption کە لەلایەن کۆمپانیای Rockstar پەرەیان پێدراوە بە دوو باشترین یاری ئەم سەردەمە دادەنرێت کە جوگرافیای یارییەکە کەوتووەتە سنووری ڕۆژاوای کۆن و نزیک سنووری مەکسیکۆ.


سەرچاوەکان

135 بینین