ئەسمەهان ئەترەش

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2023-03-27-23:48:00 - کۆدی بابەت: 11253
ئەسمەهان ئەترەش

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئەسمەهان ئەترەش (بە عەرەبیٲسمهان اطرش، بە ئینگلیزیAsmahan Al-Atrash) خانمە ئەکتەر و هونەرمەندێکی سوورییە. لە ساڵی ١٩١٨ لەدایکبووە و لە تەمەنی سێ ساڵیدا لەگەڵ خێزانەکەی کۆچیان کرد بۆ میسڕ. هەر لە تەمەنی منداڵیدا درەوشایەوە لەسەر سەکۆی شانۆ و وتنەوەی گۆرانی هونەرمەندە بەناوبانگەکانی ئەو سەردەمە. ئەسمەهان ژیانێکی نامۆی هەبووە کە لەم چەند ساڵەی دوایی هەندێک لەو شتانە ئاشکرابوون لە بارەی ژیانی، لە کەناڵێکی تونسی کە لە لەندەن پەخش دەکرێت بەناوی "المستقلة" هەندێک لەو نهێنیانەی ژیانی ئاشکرا کران لە زنجیرەیەک ئەڵقەدا لەلایەن ڕۆژنامەنووس و میدیاکاری تونسی (د.محەمەد هاشمی حامیدی) ئەسمەهان ساڵی ١٩٤٤ لە ڕووداوێکدا کۆچی دوایی کرد لە تەمەنی ٢٥ ساڵیدا و لە شاری مەنسووڕییە لە میسڕ بە خاک سپێردرا.

زانیارییە گشتییەکان
ناوی تەواو ئەمەل ئەترەش 
بەروار و شوێنی لەدایکبوون ٢٥-١١-١٩١٨ لە نێو کەشتییەک لە دایکبووە و شوێنێکی دیاریکراو نابێتە جێگەی لەدایکبوونی
بەرواری و شوێنی مردن ١٤-٧-١٩٤٤ لە مەنسوورییە-میسڕ کۆچی دوایی کردووە و هەر لەوێ نێژراوە. 
پیشە گۆرانیبێژ، ئەکتەر 
ماوەی چالاکی ١٩٣١-١٩٤٤ 

سەرەتای ژیان

ئەسمەهان کچی هەریەک لە فەهد ئەترەش و عالیە مونزیرە کە لە هۆزی دروزی سووریین، ئەم هۆزە کەوتوونەتە نێو سووریا و لوبنان و فەڵەستین و چەند وڵاتێکی تر و بەپێی ئامارێکی فەرمی ژمارەیان لە نێوان ٨٠٠ هەزار بۆ ١ ملیۆن کەسدایە. باوکی ئەسمەهان والی بووە لە کۆتا ڕۆژەکانی دەوڵەتی عوسمانی و لە شاری دیمیرچی کاری کردووە. واتا خێزانێکی ناسراو بوون. کاتێک لەگەڵ خێزانەکەی لە ئیزمیر بە ڕێگاوە بوون بۆی بچن بۆ بەیرووت لە ڕێگەی دەریاوە، ئەسمەهان لەناو کەشتییەکەدا لە بەرواری ٢٥-١١-١٩١٨ لەدایکبوو. چونکە لەنێو فڕۆکە و کەشتیدا شوێنی لەدایکبوون دیاری ناکرێت، هەر لەبەر ئەمەیە کە دەوترێت ئەسمەهان خەڵکی هیچ وڵاتێک نییە.

کۆچکردن بۆ میسڕ

لە ساڵی ١٩٢٢ عالیە و سێ منداڵەکەی بڕیاریاندا کۆچ بکەن بۆ وڵاتێکی سەلامەت و لە فەڕەنسییەکان بە دووربن، کاتێک چوونە بەیرووت. بەڵام لەوێ کاتێک زانییان بەدوایاندا دەگەڕێن ڕێگایان گۆڕی بۆ شاری حێفا لە فەڵەستین. عالیە بڕیاریدا کە کۆچ بکات بۆ قاهیرە چونکە لە نزیکەوە سەروەزیران "سەعد زەغلول"ـی دەناسی کە کەسێکی ناسۆنالیست بوو. سەعد زەغلول هاوڕێی فەهد ئەترەش بوو، بۆیە دەرگای بۆ کردنەوە هەر لەو سەردەمەدا ڕێژەیەکی زۆر خەڵکی سووریا و لوبنان لە میسڕ نیشتەجێ بوون بەهۆکاری ڕامیاری لە وڵاتەکەیان کۆچیان کردبوو. 

ژیانی پیشەیی

ئەمەل یاخود ئەسمەهان، هەر لە تەمەنێکی زوودا بەهرەی دەنگ خۆشی تێدا دەرکەوت و درەوشایەوە لە نێو میسڕدا، بەهۆی ئەوەی لە سەرەتادا گۆرانی هونەرمەندەکانی تری دەوتەوە وەک (محەمەد ئەلقەسبجی، زەکەریا ئەحمەد، محەمەد عەبدئەلوەهاب، و فەرید ئەترەشی برای) ئەوەشمان بیرنەچێ ئاوازدانەری بەناوبانگ "داود حوسنی" ڕۆڵی زۆری هەبوو لە پێگەیاندنی ئەسمەهان و بوونی بە ئەستێرەیەکی درەوشاوەی نێو هونەری عەرەبی. ئەسمەهان بەپێی یەکێک لە ئەڵقەکانی کەناڵی مستەقیلە تەمەنی ١٤-١٧ ساڵ بوو کاتێک بەشداری پێکرا لە کۆنسێرتێکی هونەری لە شاری قاهیرە لە هۆڵی ئۆپێرا. کە لەوێوە هەموو کەس شەیدای دەنگی ئەسمەهان بوون و بە جۆش و خرۆشەوە گوێیان بۆ دەگرت و کەیف خۆش دەبوون. 

بەناوبانگبوونی ئەسمەهان

ئەسمەهان بە دیالێکتی عەرەبی ڕۆژهەڵاتی گۆرانییەکانی دەوت، هەروەها لە هۆنراوەکانیدا هەست بەوە دەکرا کە وشەی ناسیۆنالیزمی "نەتەوە پەرستی" تێدا بەدی دەکرا هەرئەمەش وایکرد بە دڵی کەسایەتییە دیارەکانی میسڕ و خانەوادەی شاهانە بێت. لەو سەردەمەشدا لە میسڕ ڕێکخراو و کەسایەتی ناسیۆنالیست زۆربوون تەنانەت لە نێو دەسەڵاتیشدا هەبوون. 

ژیانی تایبەتی

لە ساڵی ١٩٣٣ ئامۆزاکەی ئەسمەهان بەناوی حەسەن ئەترەش داوای هاوسەرگیری لە ئەسمەهان کرد، کە وای کرد پاش درەوشانەوەی لە دونیای هونەر، وازبهێنێت. ئەسمەهانیش بە سێ مەرج ڕازی بوو. 

  1. لە دیمەشق ژیان بەسەر ببەن نەک جەبەل دروز. 
  2. زستانان بگەڕێنەوە بۆ قاهیرە
  3. هەرگیز ناچاری نەکات حیجاب بپۆشێت.

حەسەن بە مەرجەکان ڕازی بوو و هاوسەرگیریان کرد، دوای ماوەیەک بوونە خاوەنی کچێک بەناوی کامیلە. بەڵام لە کۆتاییدا هاوسەرگرییەکەیان سەرکەوتوو نەبوو و لە ساڵی ١٩٣٩ جیابوونەوە. لە کۆتا دادگاییدا ئەسمەهان بە هاوژینەکەی وت "من بۆ ئازادی و سەربەخۆیی لەگەڵت بووم. بەڵام پێم باشە بگەڕێمەوە دونیای هونەر و لەگەڵ فەریدی برام و ئوم کەلسووم کاربکەم".

نهێنییەکانی ژیانی ئەسمەهان

لە میانەی جەنگی جیهانیی دووەمدا ١٩٣٩-١٩٤٥ وڵاتانی هاوپەیمان کاریان لەسەر سیخوڕی و گەیاندنی زانیاری دەکرد، پەیامەکانیان ئاڵوگۆڕ دەکرد لە کۆنسێرت و هۆڵی شانۆ و سینەماکان. ئەسمەهان کە تازە گەڕابووەوە نێو دونیای هونەر بە شێوازێکی ڕێکتر لەلایەن هەردوو وڵاتی فەڕەنسا و بەریتانیا پارەیەکی زۆری پێدرا تا کاری سیخوڕی ئەنجامبدات بۆ هاوپەیمانان و سەرپەرشتیارانی هێزی هاوپەیمانان لە وڵاتانی عەرەبی. کە بەپێی بەڵگەیەک ٤٠ هەزار پاوەنی بەریتانی پێدرا، ئەویش ڕازی بوو کار بۆ هاوپەیمانان بکات. گەڕانەوەی ئەسمەهان بۆ دونیای هونەر ئەم جارەیان جیاوازی هەبوو چونکە لەم کاتەدا تەنها بۆ خانەدانەکان گۆرانی دەوت و بەشداری لە فیلم و شانۆدا دەکرد کە هەموو کەس نەیدەتوانی بچێت بۆ شانۆ و سینەماکان بەم جۆرە ئەسمەهان وەک بوکەڵەیەک بەکاردەهێنرا لەلایەن هاوپەیمانان. 

مردنی ئەسمەهان

ئەسمەهان سەرەڕای ئەوەی سیخوڕ بوو و بریکاری نهێنی بەریتانیا بوو لە میسڕ، بەڵام خۆشی لە ژێر چاودێری و سیخوڕیدا بوو لەلایەن دەزگای هەواڵگری شاهانەی بەریتانەوە. کاتێک ئەسمەهان چاوی کەوت بە بریکارێکی "گێستاپۆ" پۆلیسی نهێنی نازییەکان، ڕاستەوخۆ گومانی ئەوە لە ئەسمەهان کرا کە کار بۆ نازییەکان دەکات. بۆیە بڕیاری کوشتنی درا بە جۆرێک کە هەرگیز نەزانرێت بەریتانیا لەناوی بردووە. کاتێک لە ڕێگادا بوو بۆ مەنسووریە لە بەرواری ١٤-٧-١٩٤٤ تووشی ڕووداوێکی هاتووچۆ هات و ئۆتۆمبێلەکەی ئەسمەهانی تێدابوو گڕی گرت و دەست بەجێ تیایدا سووتا و گیانی لە دەستدا.

سەبارەت بە ڕووداوی مردنەکەی بەریتانییەکان هەر زوو پەردەپۆش کرا بەڵام دوای نزیکەی چەندین ساڵ بەسەر ئەم ڕووداوە هەندێک بەڵگەنامە دۆزرانەوە کە باسی لە پەیوەندی و دۆستایەتی ئەسمەهانی دەکرد لەگەڵ بەرپرسە سەربازییەکانی بەریتانیا و فەڕەنسا و وەرگرتنی ٤٠ هەزار پاوەن وەک باسمان کرد. خاڵێکی تر کە گومان دەکرێت بەریتانیا ئەم کارەی کردبێت دووبارە بوونەوەی ڕووداوی لەم شێوەیە وەک ڕووداوی مردنی شازادە دیانا کە دوای جیابوونەوەی لە شازادە چارلزی پاشای بەریتانیا، لە پاریس بە ڕووداوێکی هاتووچۆ گیانی لە دەستدا، بێجگە لەمانە چەندین جاری تر ئەو کەسانەی نزیکبوون لە بەریتانیا بە ڕووداوی جیایا مردوون کە هەموویان لێک نزیک بوون. 

ئەو فیلمانەی ئەسمەهان تێیدا بەشداربووە

  1. سەرکەوتنی گەنجان (١٩٤١) 
  2. خۆشەویستی و تۆڵە (١٩٤٤) 

هەردوو فیلمەکە بودجەکەی لەلایەن هاوپەیمانان دابینکرا و ئەسمەهان تیایدا ئەکتەری سەرەکی بوو. 


سەرچاوەکان

106 بینین