ناوهڕۆك
سەرەتا
پەڵاگرا (بە ئینگلیزی; Pellagra، بە عەرەبی: البلاجرا) ئەو نەخۆشییەیە کە بەهۆی کەمی ڕێژەی نایسین (ناسراو بە ڤیتامین B3) ڕوودەدات. بە سکچوون، هەوکردن و هەڵئاوسانی پێست و تێکچوونی بیر و هۆش دەست پێدەکات، ناسراوە بە The three Ds لە یەکەم پیتی ناوی سێ نیشانەکەوە دێت. پەڵاگرا دەکرێت کوشندە بێت ئەگەر چارەسەر نەکرێت.
لەگەڵ ئەوەی نەخۆشییەکی کەم باوە، چونکە پێشکەوتنی پیشەسازی خۆراک توانیویەتی بڕی نایسینی پێویست دابین بکات، بەڵام هێشتاش دەتوانێت کێشە بێت لە وڵاتە پێش نەکەوتووەکان هەروەها بۆ ئەو کەسانەی کێشەی وەرگرتنی نایسینیان هەیە لەڕێی خۆراکەوە.
نیشانەکانی چین؟
نیشانە سەرەکییەکانی پەڵاگرا هەوکردن و هەڵئاوسانی پێست، تێکچوونی بیروهۆش و سکچوون. ئەمە بەهۆی ئەوەوەیە کە کەمی نایسین زیاتر لەو بەشانەی جەستە دەبینرێت کە ڕێژەیەکی زۆری گەشەی خانەییان هەیە وەکوو پێست و ڕێڕەوی هەرس. هەوکردنی پێستی پەیوەندیدار بە پەڵاگرا بەزۆری دەبێتە هۆی پەڵەی سەر ڕووخسار، لێو، پێ و دەستەکان. لە هەندێک کەسدا هەڵئاوسانی پێست لە دەوری مل دەبێت، نیشانەیەکە ناسراوە بە (Casal necklase). لەگەڵ هەوکردن و هەڵئاوسانی پێست نیشانەکانی تری بریتین لە:
- سووری و توێژ بەردانی پێست.
- ڕەنگ گۆڕینی پێست لە سوورەوە بۆ قاوەیی.
- ئەستوور، قەتماغەی پێست، توێژ بەردان یان پێستی شەقبردوو.
- خوران و سووتانەوەی پێست.
- لەهەندێک کەیسدا نیشانە دەمارییەکانی پەڵاگرا هەر لە سەرەتای نەخۆشییەکەوە دەردەکەون، بەڵام بە زۆری قورسن بۆ دەستنیشان کردن.
لەگەڵ بەرەوپێشچوونی نەخۆشییەکە نیشانە بیریی و هۆشییەکانی نەخۆشییەکە دەردەکەون کە بریتیین لە:
نیشانە باوەکانی پەڵاگرا
- برین لەسەر لێو، زمان یان پوک
- کەمی ئارەزووی خواردن
- کێشە لە خواردن و خواردنەوە
- هێڵنجدان و ڕشانەوە
هۆکارەکانی پەڵاگرا چین؟
دوو جۆری پەڵاگرا هەیە، ناسراون بە پەڵاگرای سەرەتایی و پەڵاگرای دووەمی، پەڵاگرای سەرەتایی هۆکارەکەی کەمی نیاسین یان تریپتۆفانە لە ژەمە خۆراکیدا. تریپتۆفان دەگۆڕێت بۆ نایسین لە جەستەدا، هەربۆیە کەمی تریپتۆفان دەکرێت ببێتە هۆکارێک بۆ کەمی نایسین. پەڵاگرای سەرەتایی زیاتر لە وڵاتە دواکەوتووەکان بڵاوە کە پشت بە دانەوێڵە دەبەستن وەک خۆراکی جێگیر. دانەوێڵە لە نیاسیتین (niacytin) پێکدێت، کە شێوەیەکی نیاسینە و مرۆڤ ناتوانێت هەرسی بکات و هەڵیمژێت هەتا بەباشی ئامادەنەکرێت. پەڵاگرای دووەمی روودەدات کاتێک جەستەت ناتوانێت نیاسین هەڵمژێت. ئەو شتانەی کە دەتوانن ببنە هۆی ڕێگرتنی جەستەت لە هەڵمژینی نایسین بریتین لە:
- خواردنەوەی کحول
- ناتەواوی خواردن
- دەرمانی وەک anti-convulsants and immunosuppressive
- نەخۆشییەکانی گەدە وەک نەخۆشی کرۆن Crohn’s disease، برینی گەدە ulcerative colitis
- بەڕیشاڵبوونی جگەر
- لووی شێرپەنجەیی
- نەخۆشی هارتنەپ Hartnup disease
چۆن دەستنیشان دەکرێت؟
پەڵاگرا قورسە بۆ دەستنیشانکردن لەبەر ئەوەی نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە زۆرن و پشکنینی تایبەتیش بەردەست نییە بۆ دەستنیشانکردنی. پزیشک هەڵدەستێت بە پشکنینی کێشەکانی ڕێڕەوی هەرس، هەستیاری و لیری پێست یان گۆڕانی دۆخی دەروونی. هەروەها لەوانەیە داوای شیکاری میزیش بکات. لە هەنێک بارودۆخدا دەستنیشانکردنی پەڵاگرا دەکرێت بە چاودێریکردنی وڵامدانەوەی نیشانەکان بۆ وەرگرتنی نیاسین.
چۆن چارەسەر دەکرێت؟
پەڵاگرای سەرەتایی بە گۆڕانی ژەمەخۆراکی چارە دەکرێت، وەرگرتنی نیاسین و نیکۆتینەماید. هەروەها لەوانەیە پێویست بکات کە لە ناو خوێنهێنەرەوە وەریانبگرێت. نیکۆتینەماید nicotinamide شێوەیەکی تری ڤیتامین B3ــە. لەگەڵ زوو چارەسەر کردن هەنێک خەڵک هەست دەکەن بە تەواوی باش دەبنەوە و هەستێکی باشیان بۆ دروست دەبێت لە دوای چەند ڕۆژێک لە وەرگرتنی چارەسەری. چارەسەری پێستیش لەوانەیە چەند مانگێکی بوێت. لەکاتێکدا چارەسەر نەکردنی نەخۆشییەکە لەدوای چوار بۆ پێنج ساڵ دەبێتە هۆی مردن.
چارەسەرکردنی پەڵاگرای دووەمی بە سەرنج خستنەسەر چارەسەرکردنی هۆکارە بنچینەییەکان دەبێت. لە کاتێکدا هەندێک کەیسی پەڵاگرای دووەمی وەڵامدانەوەیەکی باشیان هەیە بۆ وەرگرتنی نیاسین و نیکۆتینەماید لە ڕێگەی دەمەوە یانیش لەڕێی خوێنهێنەرەوە. لە ماوەی چاکبوونەوەی هەریەک لە پەڵاگرای سەرەتایی یان دووەمی، گرنگە کە برینەکان و لیری پێست بە شێداری بهێڵدرێتەوە و دوور بێت لە تیشکی خۆر.