کەشتیی هێڵ

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2023-03-30-01:45:00 - کۆدی بابەت: 11262
کەشتیی هێڵ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

کەشتی هێڵ (بە عەرەبی: سفینة خطية، بە ئینگلیزی؛ ship of the line) کەشتییەکی جەنگییە کە لە سەدەی ١٧ و ١٨ و ١٩ لە دەریادا گوزەری کردووە بە یەکێک لە پێشکەوتووترین کەشتییە جەنگییەکانی مێژوو دادەنرێت کە چارۆکەدار بووە و لە بەهێزترین جۆری دار دروستکراوە. لە زاراوەی سەربازی بە کەشتی تاکتیکی ناوبراوە. چەندین جۆری تۆپ هاوێژی مەودا نزیک و مامناوەند و دووری لەسەر جێگیر کراوە بە ئاراستەی ٣٦٠ پلە واتا بە هەر چوار دەوری کەشتییەکەدا تۆپ هاوێژ هەبووە. 

مێژوو

کەشتی هێڵی پێشەوە، یان ship of the line تایبەت نەبووە بە وڵاتێکی دیاریکراو، هەر وڵاتێکی باڵادەست لە دەریادا بە جۆرێک دیزاینی کردووە و لە جەنگدا بەکارهێنراوه. بۆ نموونە پرتوگالییەکان کەشتییەکەیان لە داری جاوە دروست دەکرد کە بەرگەی پێکدادانی زیاتری دەگرت. بەریتانییەکان لە دروستکردنیدا جگە لە بەیەک بەستنەوەی بەشەکان بە بزمار و جۆینت ئاسنیان بۆ ڕووپۆشی کەشتییەکە بەکارهێناوە تا بتوانێت بەرگەی پێکدادانی کەشتییەکان و تۆپ بگرێت. 

کەشتییە پورتوگالییەکان کە لەم جۆرە بوون پێیان وتراوە (کاراک یان قەرقور) کە لە چەند نهۆمێک پێکهاتبوون و زیاتر لە ٤٠٠ تۆپ هاوێژی مەودا جیاوازی لەسەر جێگیر کرابوو. کەشتییە بەریتانییەکانیش کە لەم جۆرە بوون بە (مێری ڕۆس) ناسراو بوون کە جگە لە تۆپ هاوێژی لایەکان هەشت هاوەن  لە بەشی پێشەوەی کەشتییەکە و ئاسنێکی نووک تیژ لە جۆری پۆڵا کە درێژییەکەی چەند مەترێک بووە جێگیر کرابوو، کاتێک ئەم کەشتییە بە خێرایی خۆی بکێشابایە بە کەشتییەکی تردا ئاسنەکە دەهاتە دەرەوە و دەبووە هۆی کون بوونی بەشی ژێرەوەی کەشتی بەرامبەر کە زۆرجار بێ جەنگ و هاویشتنی هیچ تۆپێک کەشتییەکە نوقم دەبوو. کە ئەمەش لایەنی بەهێزی کەشتییە بەریتانییەکان بوو.

پەرەسەندنی نەخشەسازی کەشتییەکان

لەسەدەی حەڤدەیەمدا کە هاوکات بوو لەگەڵ دروستبوونی چەتەی دەریا، دەریاکان جێگەی مەترسی بوون بۆ بازرگانەکان بۆیە هەندێکجار کە کەلوپەلی وڵاتێک دەگوازرایەوه ژمارەیەک کەشتی سەربازییش لەگەڵ بازرگانەکاندا دەڕۆیشتن تا دڵنیابن لە سەلامەتی کەشتییەکان. ئیمپڕاتۆریەتی دەریا کە بە هەر سێ ئیمپڕاتۆریەتی (بەریتانیا، ئیسپانیا، پورتوگال) دەوترێت خاوەنی کەشتی بەهێز بوون، بەڵام ئیسپانیا و پرتوگال بەوە ناسراوبوون کە کەشتییە جەنگییەکانیان زیاد لە پێویست زەبەلاح بوون. کە دەیانتوانی بە ساڵ لە دەریادا بمێننەوه بێ ئەوەی لەنگەر بگرن و خۆراک عەمبار کەن. 

کەشتی ئیسپانی Nuestra Señora de la Santísima Trinidad 

بە یەکێک لە کەشتییە بەهێزەکان دادەنرێت کە لە جۆری Line ship بوو کە ١١٢ چەکی جیاوازی جێگیر کردبوو لەسەر کەشتییەکان. جگە لەوە بەشێوەی ٣٦٠ پلە تۆپ هاوێژ جێگیر کرابوو. بەشی پێشەوەی کەشتییەکە ٢٠ موشەکی لێ جێگیر کرابوو کە دە دانە لای ڕاست و دە دانە لای چەپ موشەکەکان لە کاتی هاویشتن گڕیان دەگرت و لە کاتی بەرکەوتنیان بە کەشتی بەرامبەر دەتەقینەوە و زیانێکی زۆریان بە کەشتییەکە دەگەیاند. 

کەشتی Mahmudiye

کەشتییەکی بەهێزی عوسمانییەکان بوو بە فەرمانی سوڵتان محەمەدی دووەم دروستکرا لە ساڵی ١٨٢٩. بە گەورەترین کەشتی جەنگی سەدەی ١٩ دادەنرێت کە ئەمیان چەکی زیاتری لەسەر جێگیر بوو وەک لە کەشتییە ئیسپانیەکە ١٢٨ چەکی جیاواز توانای هەڵگرتنی ١٢٨٠ دەریاوانی هەبوو. درێژی کەشتییەکە ٧٦ مەتر و پانی ٢١ مەتر. لە جەنگی سڤاستاپول دژی ڕووسەکان بەکارهێنرا کە شوێنێکە لە نزیک نیمچە دوورگەی کریمیا. ساڵی ١٨٧٤ کەشتی مەحموودییە هەڵوەشێنرایەوە. 

کەشتی Valmy 

کەشتییەکی فەڕەنسی بوو دووەم گەورەترین کەشتی سەدەی ١٩ـیە. لە ساڵی ١٨٤٩ خرایە دەریاوە. کەشتییەکی بەهێز بوو جیاوازییەکەی لەگەڵ کەشتییەکانی Valmy خێرابوون کاتێک هەموو چارۆکەکانی هەڵدەکرا هیچ کەشتییەک خۆی لە بەردەم ڕانەدەگرت. تا ساڵی ١٨٩٠ بەشداری لە چەندین ڕووبەڕوو بوونەوەی دەریایی کردووە. دواتر هەڵوەشێنرایەوه لە ساڵی ١٨٩٤ و زیاتر کەشتی هەڵمی جێگەی ئەم کەشتییانەی گرتەوە. 

کۆتا کەشتی کە لە دەریادا ماوە لەم جۆرە بریتییە لە کەشتی HMS VICTORY بەڕیتانییە کە لەلایەن ئەدمیراڵ "هۆرۆ نێڵسن" بەکارهێنراوە لە ١٨٠٥ و بەشداری جەنگی تڕافلاگەری کردووە دژی فەڕەنسا و ئیسپانیا. کەشتییەکە بۆ جوانی هێڵدراوەتەوە و لە مۆزەخانەی دەریایی بەڕیتانی نمایشکراوە. 


سەرچاوەکان

176 بینین