ناوهڕۆك
سەرەتا
ئایا دەتوانین یاری ڤیدیۆیی بۆ فێربوون بەکاربێنین؟ (بە عەرەبی: هل يمكننا استخدام ألعاب فيديو للتعلم، بە ئینگلیزی: Can we use video games for learning) یاری ڤیدیۆیی بریتییە لە جووڵەیەکی ئەلیکترۆنی کە لەڕێگەی پڕۆگرام و بزوێنەری تایبەتەوە دروست دەکرێت بە ئامانجی کەیف خۆشی و کات بەڕێکردن لەلایەک و پێدانی زانیاری و گەیاندنی پەیامێک.
جۆرەکانی یاری ڤیدیۆیی
یاری ڤیدیۆیی دەکرێت بە دوو پۆلەوە، پۆلی یەکەم یارییە چیرۆکییەکانن کە بەبێ بەکارهێنانی هێڵی ئینتەرنێت لەسەر ئامێرەکە کار دەکەن. پۆلی دووەم یارییە ئۆنڵاینەکانن کە چەند کەسێک لە شوێنی جیاواز دەتوانن بە پەیوەست بوون بە هێڵی ئینتەرنێت یاری بکەن. یارییە ئۆنڵاینەکان تەنها بۆ چێژ و بەسەر بردنی کاتێکی خۆشە لەگەڵ هاوڕێکان و کەسە نزیکەکان.
ئایا یاری ڤیدیۆیی سوودی هەیە؟
کاتێک باسی یاری ڤیدیۆیی دەکرێت ڕاستەوخۆ لە چەند یارییەکی ئۆنڵایندا بچووک دەکرێنەوە بەتایبەتی ئەو ناوەی لای هەمووان ڕوونە یاری PUBG و چەند یارییەکی تر کە پسپۆڕانی دەروونی تەنها باس لە زیانەکانی یاری ئۆنڵاین دەکەن و دەڵێن هیچ سوودی نییە جگە لە زیان. بەڵام لە یاری چیرۆکی دەکرێت سوود وەربگرین و لە پاڵ چێژ و کات بەسەربردن. خۆی لە ڕاستیشدا کە یاری ڤیدیۆیی بەبازاڕ کرا لەلایەن پزیشکانی دەروونی ئامانجیان لەوە بوو بەکارهێنەران سوود وەربگرن و کاتێکی خۆشیش بەسەر بەرن.
چۆن دەکرێت لە یاری ڤیدیۆیی فێربین؟
یارییە ڤیدیۆییەکان هاوشانی فیلم و زنجیرە و کتێب چەشنی هەیە و هەر چەشنێکیش بۆ کۆمەڵێک تەمەنی جیاوازە. بەڵام هەندێک چەشن گشتی و خێزانین و هەموو کەسێک و ئەندامانی تەواوی خێزان بێ ترس دەتوانن ئەنجامی بدەن. ئەو چەشنەی کە بۆ فێربوونە پێی دەوترێت (Educational) واتا پەروەردەیی کە یارییەکانی ئەم چەشنە یان ژانەرە لە بابەتەکانی قوتابخانە و زانکۆکان نزیکە یان ئامرازەکانی پەروەردەی منداڵ بەشێوەیەکی دروست.
شێوازی یارییە پەروەردەییەکان بەکارهێنەر ئاڕاستە دەکات بۆ لایەنی ئەرێنی ژیان، بۆ نموونە منداڵێک لە بەیانیان کە لە خەو هەستا یەکەم شت بیکات چییە؟ چۆن بە شێوازێکی دروست نان بخوات؟ چۆن کاتەکانی دابەشکات؟ یان کاتێک لە وانەیەکدا باش نییە ئەوا تێبینی و ڕاهێنانی زیاتر بکات بەنموونە لە بیرکاری خراپیت یاری ڤیدیۆیی هەیە بەناوی (Math games) کە تایبەتە بە وانەی بیرکاری و هەر وانەیەک تۆ تێیدا خراپیت دەتوانیت بەشێوەی یاری ڕاهێنان بکەیت و تاقیکردنەوەی خۆت بکەیت. کە وا دەکات نە ڕقت لە بیرکاری بێت و نە ترسیشت لێی بێت و دیمەنەکەشت لەبەرچاو بمێنێت.
یان کەسێک لە وێنەکێشاندا خراپە یان نازانێت ڕەنگەکان لەگەڵ یەکتر بگونجێنێت لە کاتی وێنەکێشاندا ئەوا یاری ڤیدیۆیی هەیە تایبەت بەم بابەتە بەناوی (Painting games) کە لە ڕێگەی پلەبەندی وێنەی ئاسان بۆ ئاڵۆز بە زیاتر لە هەنگاوێک وادەکات هونەری وێنەکێشان و تێکەڵکردنی ڕەنگ فێرببیت. بە شێوەیەکی گشتی دەتەوێت هەڵسەنگاندن بۆ زیرەکی خۆت بکەیت لە ڕێگەی یاری ڤیدیۆیی کە تا چەند زانیاری گشتی و زانستیت هەیە ئەوا (Quiz games) باشترین بژاردەن کە هەم چێژبەخشن و هەمیش سوودیان هەیە. یارییە مەتەڵ ئامێزەکان بۆ منداڵ (Puzzle games for kids) کە زنجیرەیەکی بەرفراوان یاری هەیە کە ئامانج لێی بەهێزکردنی یادگەی منداڵە. هەموو ئەمانە لە پاڵ پەروەردەیی لە ژانەری خێزانیشن کە تەواوی ئەندامانی خێزان دەتوانن بەیەکەوە بیکەن.
ئایا جگە لە ژانەری پەروەردەیی هیچ ژانەرێکی تر سوودی هەیە بۆ فێربوون؟
بە گوێرەی توێژینەوەکان و ڕاپرسییەکان هەموو ژانەرێکی تر سوودی هەیە بە مەرجێک بە گوێرەی Rate (تەمەن) هەڵببژێردرێن. کاتێک یاری دەکڕیت لەسەر بەرگەکەی لە ڕێگەی ژمارە یان پیتی ئینگلیزی ئاماژە بە ناوەڕۆکی یارییەکان دەدرێت. بۆ نموونە یارییەک توندوتیژی، وشە و دیمەنی نەشیاو، ماددەی هۆشبەر، قومار لەخۆ بگرێت بە M هێما دەکرێت. کە ئەم یارییانە زیاتر بۆ سەرووی ١٨ ساڵ ڕێپێدراون. بەڵام ئەو یارییانەی بۆ منداڵ شیاون و خاڵین لەو بابەتانە بە F هێما دەکرێن یان بە ژمارە حەوت.
بۆیە گەر منداڵەکانمان فێری یاری ڤیدیۆیی کرد دەبێت بە وریایی یارییان بۆ هەڵبژێرین و خۆیان ئازاد نەبن لە هەڵبژاردنی یاری. چونکە هەندێک بابەت هەن هێشتا لەو تەمەنەدا ئامادەی نین بە بینینیان کاریگەری خراپ دروست دەکات. بە شێوەیەکی گشتی هەندێک یاری ڤیدیۆیی لە ژانەرەکانی تر گەیاندنی پەیام و گێڕانەوەی ڕووداو و بەسەرهاتە. یان ئاشناکردن بە کولتوور و جوگرافیای و میتۆلۆجیا و مێژووی وڵاتان. لێرەدا ئاشناتان دەکەین بە هەندێک یاری ڤیدیۆیی کە وەک ئینسایکلۆپیدیان.
- زنجیرە یارییەکانی Call of duty کە یاری تەقەکەرن و بەشێکیان باس لە جەنگی دووەمی جیهانی دەکەن. و باسی ڕووداوەکانی جەنگ دەکات.
- زنجیرە یاری Battlefield یارییەکی تەقەکەر و جەنگییە، باسی مێژووی جەنگی جیهانی و جەنگەکانی دواتر دەکات.
- زجیرەی Conflict یاری جەنگییە و هەر بەشێک باسی جەنگێکی مێژوو دەکات.
- God of war باسی میتۆلۆجیا دەکات هی یۆنان و نۆڕس. میتۆلۆجیا واتا بابەتی خواوەند و نەمرەکانی مێژوو. کە زانیاری تەواومان دەدەنێ لەسەریان.
- زنجیرە یارییەکانی Assassin´s creed کە ئینسایکلۆپیدیایەکی تەواوە لەسەر مێژوو، جوگرافیا، کولتوور، زمان و چەندین بابەتی تر. کە وڵاتەکان لە سەردەمە کۆنەکاندا دروستکراون و کاتێک بە نزیک باڵەخانەیەک یان شەقامێکدا دەڕۆیت زانیاری زیاترت دەداتێ لەسەر ئەم شوێنە و مێژووی دروستکردنی.