فێربوونی زمان لە ڕێگای فیلمەوە

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2023-04-01-16:16:00 - کۆدی بابەت: 11281
فێربوونی زمان لە ڕێگای فیلمەوە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

فێربوونی زمان (بە ئینگلیزی: Learning language، بە عەرەبی: تعلم اللغة) بریتییە لە پەرەپێدانی توانای گفتوگۆ و تێگەیشتن بە زمانی دووەم یان زمانی بیانی. فێربوونی زمانێک تەنها لەبەرکردنی وشە و یاساکانی ڕێزمان بە شێوەیەکی بەرچاو نییە، بەڵکوو پێویستی بە تێگەیشتنە لە جیهانی ڕاستەقینە و شێوازی گفتوگۆی ڕاستەقینەی زمانەکە، هەروەها گوێگرتن لە پۆدکاست و خوێندنەوەی کتێب و سەیرکردنی فیلم بۆ فێربوون بەشێکی دانەبڕاوی فێربوونی زمانێکی بیانین.

فیلمەکان تەنها بۆ کاتبەسەربردن نین بەڵکوو پەروەردەیەکی کولتووریت پێدەبەخشێت کە تێگەیشتن و ئاشنابوون بە زمانەکەت دەوڵەمەندتر دەکات، هەروەها فیلمەکان فۆڕمێکی سروشتیتری زمانن کە وشەسازی و گفتوگۆی ناو خەڵک و زمانی جەستەیان تێدایە، کە فێرت دەکەن وشە و ڕستەکان بە زمانی جەستەی پەیوەندیدارەوە ببەستیتەوە و بە شێوەیەکی سروشتی زمانەکە بەکاربهێنیت. 

لە کاتی بەکارهێنانی فیلم بۆ فێربوون پێویستە ڕەچاوی چەند خاڵێک بکەیت لە کاتی سەیرکردنی فیلمەکە پاش ئەوەی فیلمێکت بۆ ئاستی زمانی خۆت دۆزییەوە، کە لە خوارەوە خراونەتە ڕوو. 

سوودی سەرەکی فێربوونی زمانێک لە ڕێگای فیلم

تێگەیشتن لە دەنگسازی: لە کاتی بەکارهێنانی فیلم بۆ فێربوونی زمانێک بێگومان پێویستە بە ژێرنووسەوە سەیری بکەیت، گوێگرتن لە زمان و دیالۆگ لەکاتی خوێندنەوەی ژێرنووسەکاندا ڕێگەیەکی زۆر باشە بۆ بەستنەوەی شێوازی دەنگی وشەکان و چۆنیەتی نووسین و خوێندنەوەیان.

ناسینەوەی وشە باشتر دەکات: سەیرکردنی فیلمێک یان زنجیرەیەکی تەلەفزیۆنی بۆ فێربوونی زمانێکی نوێ ڕێگەیەکی زۆر باشە بۆ بنیاتنانی وشەسازیت. بەو پێیەی دەتوانیت هەمیشە دوگمەی وەستان لێبدەیت و ئەوەی وتراوە بینووسیت و گوێبگریتەوە. لە کۆتایی فیلمەکەدا، لەوانەیە بۆت دەرکەوێت کە لاپەڕەیەکی تەواو لە وشە و دەستەواژەی نوێت هەیە کە فێربوویت، بەم شێوەیە دەتوانیت یان سەیری بکەیت یان دواتر ڕاهێنانی لەسەر بکەیت بۆ ئەوەی بۆ هەمیشەیی لەبیرت بێت.

شێوەزار و شێوازی قسەکردن باشتر دەکات: زۆرجار فێربوونی زمانێک لە شوێنێکی فەرمیتردا، وەک پۆلێک، بەو واتایەیە کە زمانێکی زۆر فەرمی فێر دەبین. ئەمە باری پێچەوانەیە بۆ فیلمەکان. فیلمەکان دەتوانن فێری شێوازی قسەکردنی ڕەسەن و ڕۆژانەمان بکەن و بمانخەنە بەردەم شێوازێکی سروشتیتر لە قسەکردن. ئەگەر بەردەوام بیت لە سەیرکردنی فیلم بۆ فێربوونی زمانێک، پێویستە شێوەزارت باشتر بێت چونکە بەردەوام گوێت لەوە دەبێت کە قسەکەرانی ڕەسەن چۆن وشەکان دەڵێنەوە.

چۆن لە ڕێگای فیلمەوە فێری زمان ببین؟

فیلمێکی گونجاو هەڵبژێرە و چیرۆکەکەی بناسە

هەڵبژاردنی فیلمێکی گونجاو گرنگە، تەنها لەبەر ئەوەی فیلمێکی سەرنجڕاکێش هەیە واتای ئەوە نییە دەتوانیت سوودی لێوەربگریت و وەکوو فێرخوازێکی زمان پێشبکەویت، ڕاستە پێویستە فیلمێک هەڵبژێریت کە سەرقاڵت بکات، بەڵام ئەگەر تازە دەستت پێکردووە، ڕەنگە یارمەتیدەر بێت لە فیلمێکەوە دەست پێبکەیت کە پێشتر ئاشنای چیرۆکەکەی بوویت، یان سەرەتا کورتەیەکت لێ خوێندبێتەوە و کەسایەتییەکان بناسیت.

هەروەها ئاستی سەختی گفتوگۆکە لەبەرچاو بگرە. ئەگەر تۆ حەزت لە سەیرکردنی فیلمی منداڵان نییە (کە زۆرجار ئاسانترین وشەسازییان هەیە بۆ پەیڕەوکردن)، ڕەنگە کۆمیدیای سووک یان ڕۆمانسیی کۆمیدی بژاردەیەکی باشتر بێت لە فیلمێکی کاریگەر و دەروونی هەستبزوێن و ئاڵۆز کە ڕەنگە بۆ قسەکەرانی ڕەسەنیش قورس بێت.

بە ژێرنووسەوە سەیری فیلم بکە

مشتومڕێکی بەردەوام هەیە لەسەر ئەوەی کە ئایا پێویستە سەیری فیلمەکان بە ژێرنووسەوە بکەیت یان بە دەنگی دۆبلاژکراو. بەڵام نەک هەر هەندێک جار دۆبلاژکردنەکە کوالیتی خراپە، بەڵکو جۆرێک لە ئامانجی ئەو کارەت دەست ناکەوێت کە هەوڵی بۆ دەدەیت ئەویش فێربوونی زمانە، ژێرنووس گرنگی زۆری بۆ فێربوون هەیە.

هەروەها دووبارەکردنەوە یەکێکە لە گرنگترین بەشەکانی فێربوونی زمانێک لە ڕێگای فیلم. تەنها جارێک سەیرکردنی ڕەنگە ئەنجامێکی گونجاوت بۆ بەدەست نەهێنێت بەڵام دووبارەکردنەوە باشترین ڕێگەیە بۆ فێربوون و ئاشنابوون بە وشە و ڕستە و دەستەواژەکان. بۆیە کاتێک هەستت کرد ئامادەیت هەوڵبدە دووبارە سەیری فیلمەکە بکەیتەوە بەبێ ژێرنووس، یان دەتوانیت سەرەتا بەبێ ژێرنووس سەیری بکەیت، پاشان بگەڕێرەوە و ژێرنووسەکان بەکاربهێنە بۆ ئەوەی تاقی بکەیتەوە کە یەکەمجار چەندە باش لە شتەکان تێگەیشتووی. پاشان دەتوانیت بۆ جاری سێیەم بەبێ ژێرنووس سەیری بکەیتەوە. هەروەها دەتوانیت فیلمێک هەڵبژێریت کە دڵنیا بیت چێژی بۆ ئەم کاری دووبارەکردنەوەیە لێوەردەگریت. 

فیلمەکە بە چەند بەشێک سەیر بکە 

تۆ لە سینەمادا نیت و پابەند نیت بەوەی کە تەواوی فیلمەکە لە سەرەتاوە تا کۆتایی بەسەر یەکەوە سەیر بکەیت. لە ڕاستیدا ڕەنگە بۆ مێشکت باشتر بێت کە بیکەیتە پارچە پارچە، لەبری ئەوەی بەسەر یەکەوە سەیر بکەیت هەوڵبدە بیکەیتە پارچەی ٢٠ یان ٣٠ خولەکی بۆ ئەوەی بتوانیت ئەوەی دەیبینیت بە باشی تێبگەیت و دووبارە گوێبگریتەوە و بگەڕێیتەوە. 

وشە و دەستەواژەکان دووبارە بکەرەوە

کاتێک سەیری فیلمەکە دەکەیت، سەرنجت لەسەر ئەوە بێت کە چی ڕوودەدات. ئەگەر تێبینی ئەوەت کرد کە وشەیەک یان دەستەواژەیەکی دیاریکراو بەردەوام دووبارە دەبێتەوە، دەتوانیت بیوەستێنیت و بە دەنگی بەرز مەشقی پێبکەیت و دووبارەی بکەیتەوە. دڵنیابە گرنگییەکی تایبەت بە شێوەزاری دڵخوازت بدەیت بۆ ئەوەی دەست بکەیت بە قسەکردنی دروست و گونجاو. دووبارەکردنەوەی وشە و دەستەواژەکان بە دەنگی بەرز ڕێگەیەکی نایابە بۆ لەبەرکردنی وشە.

تێبینی بنووسە

نووسینی شتەکان نەک هەر یارمەتیت دەدات لەبیرت بێت، بەڵکوو زیاتر توانای گوێگرتنت باش دەکات کە ئەوەی گوێت لێی دەبێت بینووسیت، مەرج نییە بەڕاستی بینووسیت بەڵکوو دەتوانیت لە نووسینی دەنگەکان بەو شێوەیەی دەیبیستیت بینووسیت، پاشان دەتوانیت سەیری ژێرنووسەکەی بکەیتەوە بۆ ئەوەی بزانیت چۆن بوویت، بەراوردکردنیان دەتوانێت لە دەستنیشانکردنی کێشەکەت یارمەتیت بدات کە ئایا لە کوێدا هەڵەت کردووە. 

پشوویەک وەربگرە

ئەگەر ئەو خاڵانەی سەرەوە کەمێک قورس دەربکەون، لەبەر ئەوەیە کە لە ڕاستیدا مەبەست لێی تەماشاکردنێکی ئاسایی نییە، بەڵکوو بۆ فێربوونە لە ڕێگای فیلم و تەنها کات بەسەربردن نییە. بەڵام ئەوە بەو واتایە نییە کە پێویستە زۆر لە خۆت بکەیت بۆ ئەوەی بیکەیت تا بگەیتە لێواری ماندوێتی دەروونی، بۆیە دەتوانیت پشوو وەربگریت و ئەو کاتەی زانیت ئامادەیت و چێژی لێ دەبینیت ئەو کاتە بەردەوام بیت. کاتێک مێشکت ماندوو بوو، مۆڵەت بە خۆت بدە کە تەنها چێژ لە فیلمەکە وەربگریت و گرنگی بە خاڵەکانی سەرەتا نەدەیت. بەم شێوەیە، دەتوانیت بە شێوەیەکی باش خۆت ئاشنا بکەیت بە ناوەڕۆکەکە بۆ ئەوەی باشتر ئامادە بیت بۆ فێربوون و دووبارە هەوڵدانەوە بۆ جارێکی تر. لەگەڵ ئەوەشدا، تەنانەت گوێگرتن بەبێ ئەوەی بەتەواوی تێبگەیت ڕێگەیەکە بۆ زیادکردنی ئاشنابوون بەو زمانەی کە فێری دەبیت.


سەرچاوەکان

224 بینین