چۆن سەگ ڕادەهێنرێت ڕێنمونی نابینایان بکەن؟

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-03-06-02:46:00 - کۆدی بابەت: 3003
چۆن سەگ ڕادەهێنرێت ڕێنمونی نابینایان بکەن؟

ناوه‌ڕۆك

چۆن سەگ ڕادەهێنرێت ڕێنمونی نابینایان بکەن؟

سەدان گەنجی نابینا و لەش ساغ ئەمڕۆ ئازادیەکی تازەیان وەرگرتووە بۆ ئیش کردن و گواستنەوە بە هاوکاری و ڕێبەری سەگەکانەوە. سەگان بۆ کارێکی وەها بە کردارێکی درێژ خایەن و سەختدا مەشق دەکرێن، یەکەم جار دەبێت سەگەکە پرۆڤەی پێ بکرێت ڕابێت فەرمانەکانی گەورەی خۆی بەجێ بێنێت. هەروەها دەبێت ڕابهێنرێت بە جێبەجێ کردنی هەر فەرمانێک مەترسی تێدا بێت بۆ سەر سەلامەتی. سەگی ڕابەر دەبێت جێبەجێی فەرمانەکانی ئاغاکەی نەکات لە بەردەم ئۆتۆمبێلێکی خێرادا هەرچەندە ئاغاکەی سووربێت لەسەر پەڕینەوە. سەگە ڕابەرەکان بە گشتی لەو سەگە شوانیە ئەڵمانیانەن، هەرچەندە هەندێ جۆری سەگی تریش هەندێک جار بۆ ئەم مەبەستە بەکاردێن، ڕاهێنان و مەشق کردنی هەر سەگێک سێ مانگ دەخایەنێت لە سەرەتادا پرۆڤە کردنی ملکەچی دەست پی دەکات، سەگەکە مەشق دەدرێ لەسەر جێ بە جێ کردنی فەرمانەکانی وەکو هاتن و دانیشتن و وەستان و ئامادە کردنی شتەکان. هەموو ڕۆژێک ئەم پرۆڤانە دووبارە دەکرێنەوە وەکو خۆ ئامادەکردنێک دوای ئەوە ملی سەگەکە بە قامیشێک دەپێچرێتەوە لەسەر شێوەی ڕەشمەی ئەسپ یان پیتی یوی ئینگلیزی فێر دەکرێت کەلە لای چەپی ئاغاکەی یان ڕاهێنەرەکەیەوە ڕێ بکات و تۆزێک لە پێشیەوە بێت. هەروەها فێر دەکرێت چۆن گەورەکەی لە چاڵ و چۆڵی بپەڕێنێتەوە. هەروەها فێردەکرێت بوەستێت و چاوەڕوانی بکات تاوەکو ئۆتۆمبێلەکان لە جادەکاندا تێپەڕ دەبن و نەڕوات تا بە تەواوی لە جادە دڵنیا دەبێت سەرەڕای هەموو فرمانێکیش کە بە سەریا بکرێت. پێش ئەوەی سەگی ڕابەر تەسلیم بە ئاغاکەی بکرێت دواین تاقیکردنەوەی بۆ دەکریت ئەویش بە بەستنی هەردوو چاوی و گەڕاندنی بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ. دوای ئەوە سەگەکە لەگەڵ ئاغا نابیناکەیدا مەشق دەدرێت بۆ ماوەی یەک مانگ هەردووکیان ڕۆژانە ڕادەهێنرێن بە جێ بە جی کردنی فرمانەکان. سەگەکەش لەسەر (مەدیح)ی ئاغاکەی دەژێت. دوای ئەوە لەسەر ڕێ کردن و ڕێنومای کردن ڕادەهێنرێت بۆ ئەوەی هەردوو لایان لەسەر جوڵە و هێماکانی یەکتر ڕابێن دوای ئەوە نابینا و ڕێبەرەکەی ئامادەن بۆ ئەوەی خۆیان تاقی بکەنەوە. لە ناو قەرەباڵغی و هات و چۆی ئۆتۆمبێلدا لە یەکێک لە جادەکاندا. بە سەرپەرشتی ڕاهێنەرێک سەگەکەش زۆر بە لێهاتووی بە ناو خەڵک و قەرەباڵەغیەکەدا ڕێگەی خۆی دەبڕێت و خۆی لە هەرچی کۆسپ و چاڵی و چۆڵیەک بە دوور دەگرێت. لە هەموو شوێنێکی ڕاوەستاندا ڕادەوەستێت و ئێستا هەردووکیان زۆر بە باشی وەکو تیمێک کاردەکەن پێکەوە و دەگەڕێنەوە بۆ ماڵ بۆ دەستپێکردنی ژیانێکی تازەتر کە ئازادی زیاتری تێدابێت بۆ نابینا.


سەرچاوەکان



537 بینین