ڕێوی ئاوی چییە؟

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-16-22:39:00 - کۆدی بابەت: 3364
ڕێوی ئاوی چییە؟

ناوه‌ڕۆك

ڕێوی ئاوی چییە؟

ڕێوی ئاوی سەر بە گروپێکە لە ئاژەڵان، کە پێیان دەوترێت Mustelids  کە سەرچاوەکەی وشەیەکی لاتینییە بە مانای"فێڵباز" دێت، ئەو ئاژەڵانەی کە سەر بەم گرووپەن، موش خورما، زەربان، چالاکە. هەموو ئەو ئاژەڵانەی قاچیان کورتە بە چینێکی ئەستوور لە تووک داپۆشراوە. دانیان تیژە، کە یارمەتیان دەدات لە هاڕینی نێچیرەکانیان و لە مەمکدارە گۆشت خۆرەکانن. ڕێوی ئاوی زۆری حەز لە ئاوە قاچە بەرگینییەکانی و کلکە ئەستوورەکەی و توکە زۆرەکەی، وای لێدەکات بە تەواوی ژیانی لەگەڵ ئاودا گونجاوبێت، لە ئەمریکای باکور و دەوروبەریدا، دوو جۆر ڕێوی ئاوی هەیە. یەکیان ڕێوی ئاوی ئاوە سازگارەکان و ئەوی تریشیان ڕێوی دەریاکانە. رێوی ئاوی ئاوە سازگارەکان لە جۆگە و دەریاکانی نێوان مەکسیک و ئەلاسکادا دەژین ڕەنگیشیان قاوەییەکی تێرە. ئەم جۆرەی ڕێوی ئاژەڵێکە ئارامی نازانێت و بەردەوام دەسوڕێتەوە. نێرەکانیان لە گەڕانەکانیاندا، لە وەرزی زستاندا هەندێک جار ماوەی پەنجا بۆ شەست میل دەبڕن، بەڵام ڕێوی ئاوە سازگارەکان گیاندارێکی زۆر شەرمنە و بە دەگمەن خەڵكی دەیانبینێت، ماڵی ڕێوی ئاو سازگارەکان بریتییە لە چاڵێک، لە کەناری ڕوبارێک یان دەریاچەیەک، کە گەڵای دارەکان دایپۆشیووە، هەر لەو چاڵەدا بەچکە دەکات و بە هەر سکێکیش ٢ تا ٣ بەچکەی دەبێت، لە کۆتایی وەرزی زستان و سەرەتای وەرزی بەهاردا دەزێت، تا کاتی فێربوونی مەلەوانی لە ئاودا دایکەکە، بەچکەکان لەسەر پشتی خۆی هەڵدەگرێت، بەڵام بێچوەکان زۆر بەخێرایی فێری مەلەوانی دەبن، دایک و باوکەکە، بێچوەکانیان فێری چوونە ژێر ئاو و ڕاوە ماسی دەکەن کە خواردنی سەرەکییانە. هەر زۆر بە خێرایی بێچوی ئاوی ڕێوی توانای ئەوەی دەبێت بۆ ماوەی چوار خولەک لە ژێر ئاودا بمێنێتەوە. ڕێوی ئاوی لە بەرامبەر لێوارەکانی ڕۆژئاوادا، لە ئەمریکای باکور لە ویلایەتی کالیفۆڕنیادا هەیە تا ئەلاسکا و تا دەگاتە ئاوەکانی تری بەرەو باکور.

ڕێوی دەریاکان، گەورەتر و قورسترن، لە ڕێوی ئاوە سازگارەکان. توکێکی زۆر چڕیان پێوەیە، کە قاوەییەکی تێرە. لە دیمەنیاندا وا دیارە کە بەستویەتی و ڕیشێکی سپی پێوەیە، کە وای لێکردووە پێی بوترێت (پیرەمێردی دەریا). ئەگەر ڕێوی دەریا کارێکی پەلەی نەبێت، خۆی بەسەر پشتدا دەخات دەست دەکات بە مەلەوانی کردن و سکی دەکاتە خوانی نان خواردن بۆ ژیژکەکانی دەریا و مڵەکان و قرژاڵەکان، لەگەڵ گیاندارانی تری دەریادا. خەڵکی کە بۆ تووکە جوان و گرانییەکەی، بە ڕێژەیەکی زۆر ڕێوی دەریاییان ڕاو دەکرد. تا لە ئەنجامدا خەریک بوو لەناوبچن، بەڵام پەیمانگا نێودەوڵەتیەکان ئێستا دەیانپارێزن و ڕێژەیان لە زیاد بووندایە.


سەرچاوەکان



1111 بینین