مێژووی پەخشانی کوردی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-17-23:00:00 - کۆدی بابەت: 3397
مێژووی پەخشانی کوردی

ناوه‌ڕۆك

سە‌رە‌تای پەخشانی كوردی

ئە‌دە‌ب دابە‌ش دە‌كر‌ێت بۆ شیعر و پەخشان، لە‌ باسی ئە‌دە‌بی عە‌رە‌بیدا ئە‌وە‌ت بۆ دە‌ركە‌وت، كە‌ شیعر پێش پەخشان دە‌كە‌وێت و پێش ئە‌و پە‌یدا بووە‌، دیارە‌ ئە‌م یاسا گشتییە‌ بە‌سە‌ر ئە‌دە‌بی كوردیشدا جێبە‌جێدە‌كرێت، لە‌ كوردیدا شیعر زۆر پێش پە‌خشان كە‌وتووە‌.
كۆنترین پە‌خشانی كوردی تا ئێستا لە‌بە‌ردە‌ست بێت كتێبە‌كە‌ی عە‌لی تە‌رماخییە‌ بە‌ ناوی (صە‌رفا لسانی كوردی) لە‌ساڵی (١٥٩١)ز دایناوە‌. ناوە‌ڕۆكی كتێبە‌كە‌ فێركردنی زمانی عە‌رە‌بییە‌ لە‌ (٢٣) وانە‌ پێكھاتووە‌، ھە‌روە‌ھا مە‌ولودنامە‌ی شێخ حوسینی قازی (١٧٩١ - ١٨٧٠)ز كە‌ بە‌ شێوازی كرمانجی ناوە‌ڕاست نوسراو باسی لە‌دایكبوونی پێغە‌مبە‌ر(د.خ) دە‌كات، پاشان چە‌ند چیرۆكێكی كورت دە‌ربارە‌ی سود و گە‌ورە‌یی مە‌ولود خوێندنە‌وە‌ دە‌گێڕێتە‌وە‌ لە‌ ڕووی زمان و ڕوخسارە‌وە‌ نرخی ئە‌م كتێبە‌ لەوە‌دایە‌:

١- بە‌ پە‌خشان نوسراوە‌.
٢- نمونە‌یە‌كە‌ لە‌ (سە‌جع)ی كوردی.
٣- بە‌ جۆرێكی سادە‌ حیكایە‌ت، یان چیرۆك دە‌گێڕێتە‌وە‌.
٤- زمانە‌ كوردییە‌كە‌ی ھە‌ر ئە‌و زمانە‌ تێكە‌ڵە‌یە‌، كە‌ ئە‌دە‌بی قوتابخانە‌ كلاسیكی پێنوسراوە‌، ھە‌رچە‌ندە‌ لە‌ زۆر شوێندا نووسە‌ر سە‌رە‌تاییە‌كی بۆ نوسینی كوردی پە‌تی داناوە‌، لە‌پدابوونی پە‌خشان بە‌م جۆرە‌ و ھە‌ر لە‌ شاری سلێمانیدا بە‌ بە‌شێك دادە‌نرێت لە‌و تە‌وژم و ڕاپە‌ڕینە‌ی ئە‌و سە‌ردە‌مە‌ لە‌ میرنشینی باباندا دە‌بینرا، واتە‌ ھە‌ر ئە‌و ھۆ و بارودۆخە‌ی قوتابخانە‌ی نالی ھێنایە‌ كایە‌وە‌، ھە‌ر ئە‌وە‌ش بوو بە‌ھۆی پە‌یدابوونی پە‌خشانی كوردی.

نمونە‌كەی شێخ حسێنی قازی

لێرە‌دا دە‌توانین نمونە‌یە‌كی جوانی نوسینی كوردی تۆمار بكە‌ین، شێخ حسێنی قازی پاش ئە‌وە‌ی باسی بیستنی مژدە‌ی لە‌دایكبوونی پێغە‌مبە‌ر (د.خ) دە‌كات، دە‌ڵێت:

(دە‌رگای بە‌ھە‌شت كرایە‌وە‌، دە‌رگای جە‌ھە‌نە‌م داخرا، گوڵی بە‌ھە‌شتێ خۆشحاڵی بوون، درە‌خت سوور بوون، كامی بە‌ حە‌وز بوو، خونچە‌ دە‌می دایە‌وە‌، كانیی وشك ژیاوە‌یە‌، تە‌یران ھە‌موو خرۆش، سە‌رچاوە‌ ھاتنە‌ جۆش، حۆریان گردبوون، ویڵدانی بە‌ھە‌شت شە‌رابە‌نتە‌ھوریان نۆشكرد، بولبول مە‌ستبوون لە‌سە‌ر چڵان، نە‌سیم وە‌بوون بە‌ نێو گۆڵان، گوڵاڵە‌سووربوون، كە‌وسە‌ر سە‌ركە‌وت، زیخی دە‌ركە‌وت جۆگە‌ی پڕ بوو، وشكی‌ تە‌ڕبوو چیمە‌نی شینبوو،نێرگز ڕە‌نگینبوو، گوڵی گە‌شبوو، وە‌نە‌وشە‌ ڕە‌شبوو، نێرگز پشكوت، گیای بزوت، درە‌ختی ھاتە‌ میوە‌، كە‌وتە‌ دە‌ر، قە‌‌سری موزە‌ییە‌ن كرا، ساحیبی مە‌وعە‌ییە‌ن كرا، فە‌رشیان ڕاخست، عە‌روسیان داخست، ھە‌وا موعە‌تە‌ر بوو، بۆن خۆش زۆر بوو....).
ھە‌ر لە‌و ماوە‌یە‌دا بە‌رھە‌مێكی تری پە‌خشان لە‌ باكوری كوردستاندا نووسراوە‌، ئە‌ویش كتێبی (عادات و ڕسوماتنامە‌ی ئە‌كرادیە‌) یە‌ كە‌ زانای كورد مە‌لا مە‌حمودی بایە‌زیدی، كتێبە‌كە‌ لە‌ ساڵی ١٨٥٨ دا نووسیویە‌تی ، ئە‌م كتێبە‌ نمونە‌ی زمانێكی ئاسایی و ساكاری كوردی دیالیكتی كرمانجی سە‌رووە‌، باس لە‌ خوو ڕە‌وشت و ژیانی نە‌تە‌وایە‌تی و كۆمە‌ڵایە‌تی كورد دە‌كات. دە‌ستنووسی كتێبە‌كە‌ لە‌ كتێبخانە‌ی گشتی (لینینگراد)دا تا ساڵی ١٩٦٣ پارێزرابوو، لە‌و ساڵە‌دا بە‌ زمانی كوردی و بە‌ وە‌رگێڕانی ڕوسی و بە‌ پێشە‌كی (مارگریت ڕۆدینكۆ)وە‌ لە‌ مۆسكۆ چاپكرا شێوە‌ی كتێبە‌كە‌ ئە‌وە‌مان بۆ دە‌ردەخات، كە‌ زیاتر بۆ زانین و یاداشتی شە‌خسی نووسرابێتە‌وە‌، چونكە‌ نووسە‌ر بە‌ قسە‌ی ڕۆژھە‌ڵاتناسی ڕوسی (ئە‌لیكسە‌ندە‌ر ژاپا) نووسیویە‌تی و بۆ ئە‌وی نوسیووە‌، جا ھە‌ر چۆنێك بێت لە‌ ڕوی تۆمار كردنی خوو ڕە‌وشتی كوردە‌وە‌ شتێكی بە‌نرخی بۆ بە‌جێ ھێشتووین و نووسینە‌ پە‌خشانە‌كە‌شی ھە‌رچە‌ندە ‌مە‌بە‌ستی توانای ئە‌دە‌بی پیشاندانی تێدا نییە‌ بە‌ڵام بە‌ وێنە‌یە‌كی ساكاری كوردی نووسینی بۆ بە‌جێ ھێشتووین.

نمونە‌یە‌ك لە‌ پە‌خشانە‌كە‌

عادە‌تێكی دن ژی ئە‌وان ئە‌كرادبێت خۆ جە‌ھی ھە‌ین، زڤستانان وە‌كو دێنە‌ مە‌جلیس ئە‌و دكە‌نە‌ گە‌ڕە‌لاوژ، گە‌ڕە‌لاوژ تا وە‌كو ھە‌رچە‌ندە‌ مرۆڤ دوی مە‌جلیسیدا حازر ھە‌یە‌ن، ماقوڵ و مە‌زن و بچوك، حە‌موو دی ھە‌ریە‌ك بە‌ندە‌كی ئسترانی لابود بە‌ بێژیتن، ژ سە‌رێ مە‌جلیسێ دە‌ستپێدكە‌ن حە‌تتا دووماھیا مە‌جلیس، شایە‌د وە‌كو مێوانە‌ك دوی مە‌جلیسی پە‌یدا بتن بێچارە‌ بە‌ ئە‌لبە‌تە‌ ئە‌و مێوان ژی دێ بە‌ندە‌كی ئسترانێ ژ بۆ وان ببێژیتن، نە‌گۆتی ئە‌لبە‌تە‌ نابتن. ئە‌و ئە‌كراد ژی ڤی بە‌ندا ئسترانی ڕا گیسك دبێژن، ئە‌لبە‌تا مێوان ژی دێگیسكە‌ مە‌جلیسی بدە‌تن.

بێگومان ئە‌م كتێبە‌ی مە‌لا مە‌حمودی بایە‌زیدی كاری نە‌كردووتە‌ سە‌ر بە‌رە‌وپێشچوونی ئە‌دە‌بییاتی كوردی، چونكە‌ لە‌كاتی خۆیدا بڵاو نە‌كرایتە‌وە‌، تە‌نانە‌ت لە‌بە‌ریشی نە‌نوسرایتە‌وە‌ و ھە‌ر ئە‌و دە‌ستنووسە‌ ھە‌بوو، كە‌ لە‌م دواییە‌دا بڵاوكرایە‌وە‌.
بە‌ڵام بزوتنە‌وە‌ی ئازادیخوازی كورد لە‌دوای ساڵانی سە‌دە‌ی نۆزدە‌یە‌مدا، ھۆیە‌كی تری بۆ خە‌بات و شێوە‌یە‌كی تری بۆ دە‌ربڕینی بیری سیاسی و كۆمە‌ڵایە‌تی خۆی دۆزییە‌وە‌، كە‌ ئە‌ویش ڕۆژنامە‌ی كور‌دییە‌.
ڕۆژنامە‌ی كوردی، ئە‌و سە‌ردە‌مە‌ و ئێستاش زۆر شێوە‌ی ئە‌دە‌بی ھە‌یە‌، تە‌نانە‌ت لە‌ نووسینە‌ سیاسیە‌كانیشدا شێوازی ئە‌دە‌بی دە‌سە‌ڵات بە‌سە‌ر نوسە‌ردا دە‌كێشێت، لە‌بە‌ر ئە‌مە‌ پە‌یدابوونی ڕۆژنامە‌گە‌ری كوردی بە‌ سە‌رە‌تای پە‌رە‌سە‌ندنی پە‌خشانی كوردی دە‌زانرێت، یە‌كە‌مین ڕۆژنامە‌ی كوردی، ڕۆژنامە‌ی (كوردستان) بوو، كە‌ لە‌ ڕۆژی ٢٢ ی نیسانی (١٨٩٨) دا لە‌ قاھیرە‌ (میقداد مدحە‌ت بە‌درخان) دە‌ری دە‌كرد و پاشان لە‌ جنێڤ و ئە‌ستە‌مبۆل دە‌ردە‌چوو، لە‌پاش ئە‌مە‌ گۆڤاری (ڕۆژی كورد) لە‌ ئە‌ستە‌مبۆل لە‌ ساڵی(١٩١١) دا بڵاوكرایە‌وە‌، ئینجا گۆڤاری (بانگی كوردستان) ھە‌ر لە‌ ئە‌ستە‌مبۆل ساڵی ١٩١٣ بڵاوكرایە‌وە‌.
وردە‌ وردە‌ لە‌گە‌ڵ دە‌رچوونی ڕۆژنامە‌ و گۆڤاری تازە‌دا پە‌خشانی كوردی دە‌ستی بە‌ پە‌رە‌سە‌ندن كرد، بابە‌تی تازە‌ی پە‌خشان ھاتە‌ كایە‌وە‌، لە‌ وتاری سیاسییە‌وە‌، كە‌ بە‌ شێوازێكی ئە‌دە‌بی دە‌نوسرا بۆ وتاری كۆمە‌ڵایە‌تی و پارچە‌ی ئە‌دە‌بی، تا لە‌ ڕۆژانی فە‌رمانڕە‌وایی شێخ مە‌حمودی نە‌مردا چیرۆكی كوردی سە‌ریھە‌ڵدا چیرۆكی كوردی چە‌ند بابە‌ت و چە‌ند پلە‌ی خۆی ھە‌یە‌، ھە‌روە‌ك لە‌ پاڵ چیرۆكدا وتاریش بە‌رە‌وپش چوو.


سەرچاوەکان



12584 بینین