ئایا خۆشەویستی لە دڵدایە یان لە مێشک؟

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-19-04:06:00 - کۆدی بابەت: 3448
ئایا خۆشەویستی لە دڵدایە یان لە مێشک؟

ناوه‌ڕۆك

خۆشویستن

خۆشەویستی شتێكی تایبەتە و هەموو مرۆڤێك دەبێت پێیدا تێبپەڕێت و هەستی پێ بكات، بەڵام ئایا ئەم هەستە لە دڵدایە یان لە مێشك؟

نوێترین توێژینەوەكانی سەردەم بەوە گەیشتوون عاشقبوون لە مێشكەوە بڕیاری لەسەر دەدرێ، لە ڕێی تۆڕێكەوە كە بە (تۆڕی خۆشەویستی) ناودەبرێ كە پێكهاتووە لە دوانزە بەشی جیا لە مێشك كە پێكەوە ئەو هەستە دروست دەكەن بۆ كەسی بەرامبەر.

بەشی ناخودئاگای مێشكی ئێمە لیستێكی هەیە لە داواكارییەكانی، بۆیە كاتێك كەسێك دەبینێت كە نزیك بێت لەو داواكارییانە ئەوا كارەكانی دەستپێدەكات بۆ خۆشویستن و تێگەیاندنی جەستە بە دۆزینەوەی ئەو كەسەی كە دەیەوێت، بۆیە ئێمە كاتێك كەسێكی خۆشەویست دەبینین دڵمان بە خێرایی لێدەدات ئەمەش بەهۆی ئەو ڕژێنانەی كە مێشك دەریان دەدات لەكاتی گەیشتنی بە چێژ و دڵخۆشی، بۆیە زۆركەس لە هەموو جەستەیاندا كاردانەوەكانییان دەردەكەوێ.

ڕاستە لە خۆشەویستیدا هەموو شتێك لە دڵەوەیە و ئازار و ناڕەحەتییەكانیشی لەسەر ئەو دەردەكەون، بەڵام لە ڕاستیدا هەموو ئەمانە پەیوەندی بە مێشكەوە هەیە و كاردانەوەكانی ئەو لەسەر دڵ دەردەكەوێت.

چۆن ئەم حاڵەتە ڕوودەدات؟

حەوت ماددەی كیمیایی سەرەكی هەن كە مێشك دەریان دەدات لە كاتی هەستكردن بە خۆشەویستی، كە زیاد و كەم دەكەن ئەوانیش : 

  • دۆپامین
  • ئیسترۆجین
  • تێستێسترۆن
  • ئۆكسیتۆسین
  • نۆرپێنفرین
  • سێرۆتۆنین
  • ڤاسۆوپرێسن

بەپێی توێژینەوەكان لەكاتی خۆشەویستیدا (دۆپامین و ئەدریناڵین و نۆرئەدریناڵین)ـی مرۆڤەكان زیاد دەكات، دۆپامین هەستی چێژ دروست دەكات و ئەدریناڵین و نۆرئەدریناڵینیش لێدانەكانی دڵ خێرا دەكەن و هەستی دڵەڕاوكێی و سەرقاڵبوونی بەردەوام بەو كەسەی كە خۆشمانەوێت دروست دەكەن.

هەروەها خۆشەویستی هۆڕمۆنی سیرۆتۆنین كەمدەكاتەوە، كە ئەمەش هۆكارێكی سەرەكییە بۆ ئەوەی كە دەڵێن "عاشق كوێرە" یان "عەشقی كوێرانە"، كە واتای ئەوەیە ئێمە تەنیا ئەوە دەبینین كە دەمانهەوێ بیبینین و لە چاوی كەسانی دیكەوە وانییە.

بەگشتی عیشق لە سێ بەش پێكهاتووە

چێژ : تێستێستڕۆن و ئیسترۆجین، ئەمانە هۆكارن بۆ هەستكردن بە نزیكییەكی زۆر لە كەسی بەرامبەر، واتە چێژ لە نزیكبوونەوەی دەبینن.

سەرسامی : دۆپامین و نۆرپینڤرین و سیرۆتۆنین بەرپرسن لێی.

پەیوەست بوون : لەگەڵ ئەم دەردانانەش هێشتا ئێمە دەتوانین كۆنتڕۆڵی مێشكی خۆمان بكەین بەڵام ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەوەیە ئەم هۆڕمۆنانە بۆ كەسی بەرامبەر دەمێننەوە و كاتی نین.

عیشق پێكهاتووی كۆی بڕیاری پارچەكانی مێشكتە بۆ دۆزینەوەی باشترین كەسی دڵخواز بەپێی حەزەكانت، دواتریش لەڕێی دەردانی ئەو هۆڕمۆنانەی كە باسكران دەریدەخات.


سەرچاوەکان



2710 بینین