پیشەسازی پاڵاوتنی نەوت

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-26-00:26:00 - کۆدی بابەت: 3728
پیشەسازی پاڵاوتنی نەوت

ناوه‌ڕۆك

پاڵاوتنی نەوت

پاڵاوتنی نەوت کردارێکی تەواوکەری پشکنین و پاککردنەوەیە کە قۆناغێک و بارێکی پیشەسازیی نەوت نیشان دەدات. پاڵاوتنی نەوت گرنگە چونکە لە ڕێی پاڵاوتنەوە دەتوانرێت سوود لە نەوتی خاو وەربگیرێت و مرۆڤ لەم ڕێگەیەوە بەربوومەکانی نەوت (المشتقات النفطیة)ـی وەکو بەنزینی ئۆتۆمبێل و ڕۆنی دیزل و نەوتی سپی و ڕۆنی سووتەمەنی چەوری و گریسی نەوتین و پیشەسازی پترۆکیمیایی و ماددەی تری دەستکەوێت، کە ئەمانە هەموویان بریتین لە بنەمای دامەزراندنی پیشەسازی پترۆکیمیایی، ئەم پیشەسازییە دوو قۆناغی دیوە، کە بریتین لە چەرخی کیرۆسین (واتە نەوتی سپی) و چەرخی گازۆلین (واتە بەنزینی ئۆتۆمبێل).

چەرخی کیرۆسین

چەرخی کیرۆسین لە ساڵی ١٨٦٠ـەوە دەستی پێکردووە و تا ساڵی ١٩٠٠ـی خایاندووە. لەم قۆناغەدا نەوتی سپی (کیرۆسین) لە برەودا بووە و کڕیاری زۆربووە چونکە بۆ چرا و ڕووناککردنەوە بەکارهێنراوە. هەرچی بەروبوومەکانی تری نەوتە بواری بەکارهێنانیان کەم بووە و ئەم برەوەی نەوتی سپیان نەبووە.

چەرخی گازۆلین

لە چەرخی گازۆلیندا کە بە دروستکردنی ئۆتۆمبێل لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە دەستی پێکردووە، بەروبوومی نەوت زیادی کرد و بواری بەکاربردنیشی پەرەی سەند و زۆر بوو، بە تایبەتی گازۆلین کە سووتەمەنیی ئۆتۆمبێلە و بۆ ئۆتۆمبێل بەکاردەهێنرێت.

لە قۆناغی یەکەمی پەیدابوونی پیشەسازی پاڵاوتندا داواکاری جیهانی لە بەرهەمهێنراوە نەوتییەکان تەنها لە سەر کیرۆسین (کە بۆ ڕووناککردنەوە و شتی تر بەکارهاتووە) و نەوت بووە. لەبەر ئەوە ڕێژەی پاشماوە لە ئەنجامی کرداری پاڵاوتندا زۆر بەرزبووە و دەگەیشتە ڕێژەی ٥٠٪ـی کێشی نەوتی خاوی بەکارهێنراو، لەبەر ئەوە ئەم پیشەسازییە لەم قۆناغەدا بەستراوە بە بیرەکانی نەوتەوە بۆ تێنەچوونی زۆر لەسەر ئەو گواستنەوەی پاشماوانەی نرخیان نییە، ئەوەندەی پێنەچوون ئەم بارە گۆڕا لە سەرەتای سەدەی نوێدا لە ساڵی ١٩١٣، لەبەر پەرەپێدانی پیشەسازی پاڵاوتن لە ئەنجامی داهێنانی ڕێگەی تازە لە کردارەکانی پاڵاوتندا کە بۆتە هۆی کەمکردنەوەی پاشماوە بە بەردەوامی، ئیتر لە توانادا بوو کە دڵۆپێنراوە قورسەکان بگۆڕرێت بۆ سووکەکان کە ئەگونجێ بۆ بەرهەمهێنانی بەنزین و ڕۆنی سووتەمەنی و کەرەستەی تر و گاز لە نەوتی خاودا، دوای ساڵی ١٩١٣ پێشکەوتنی تازە ڕوویدا  بۆ دەستکەوتنی دەرهێنراوی تر، بەم جۆرە ڕێکخستن و چاککردن بە دوای یەکدا هاتن تا وای لێهات توانرا لە ٩٥-٩٩٪ـی کێشی نەوت بگۆڕرێت وە بکرێت بە بەروبوومی نەوتینی ئەوتۆ کە ڕاستەوخۆ یان بە شێوەیەکی ناڕآستەوخۆ بەکاربهێنرێت.


سەرچاوەکان



2665 بینین