شەوی بەرات

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-27-19:53:00 - کۆدی بابەت: 3784
شەوی بەرات

ناوه‌ڕۆك

بەرات چییە؟

نیوەی مانگی شەعبان لە ساڵنامەی كۆچیدا كە لە ناو كوردا بە ( شەوی بەرات) هاتووە، بۆتە بۆنەیەكی ئاینی و گرنگ تایبەتمەندی خۆی لە ئاینی ئیسلامدا وەرگرتووە، ئەم شەوە دەكەوێتە 15 یەمین رۆژی مانگی شەعبان، لە نوێژی شێوان دەست پێدەكات و بە نوێژی بەیانی رۆژی دواتر كۆتایی دێت، لە کوردستانیش ئەم یادە دەکرێتەوە و منداڵان لەم شەوەدا دەگەڕێن بەنێو ماڵەکان بۆ کۆکردنەوەی شیرینی و نوقڵ.

واتای وشەی بەرات

بەرات وشەیەكی عەرەبیە و لە (البراءة)ـەوە هاتووە، كە لە كوردیدا بە واتای (پاكی) دێت، ئەمەش هەندێك پێیان وایە تایبەتە بە پاكی حەزرەتی عائیشە لەو تۆمەتای دابویانە پاڵی، هەرچەندە زۆرینەی زانایان دەڵێن بەرات هیچ پەیوەندی بە پاكی حەزرەتی عائیشەوە نیە، چونكە خوای گەورە لە قورئاندا بە ئاشكرا بەرائەی حەزرەتی عائیشەی سەلماندووە، هەروەها  چەندین ریوایەتی تر لەسەر ئەم بابەتە هەیە و پێیان وایە جەژنی فریشتەكانە، فریشتەكانیش پاك و بێ گوناهن، و هەندێك دەڵێن لەو شەوەدا قیبلەی موسڵمانان گۆڕدراوە، ئاوی زەمزەم زیادی کردووە.

شەوی بەرات دەكەوێتە 15یەمین رۆژی مانگی شەعبانی ساڵنامەی كۆچی واتە 15 رۆژ پێش هاتنی مانگی رەمەزان

شەوی بەرات وەك خۆی لە قورئاندا ناوی نەهاتووە و لە ئایەتی سێیەمی سورەتی (الدخان)دا خوای گەورە ئاماژە بە شەوێكی پیرۆز دەكات و دەفەرموێت (انا انزلناه فی لیلە مباركة انا كنا منذرین)، ئەم شەوە پیرۆزەش زۆرینەی مامۆستایانی ئاینی پێیان وایە كە مەبەست لێی شەوی قەدرە نەك شەوی بەرات، بەڵام ژمارەیەكی كەمیان پێیان وایە مەبەست لێی شەوی بەراتە، چونكە شەوی قەدر بە ئاشكرا لە قورئاندا ناوی هاتووە.

گەورەیی شەوی بەرات لە ناو كورددا

مێژووی بەرزڕاگرتنی شەوی بەرات لە ناو کورددا بۆ 700 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە. بەرات لە هەریەكە لە وڵاتانی ئێران و عێراق و میسر و بەحرەین یاد دەكرێتەوە، لە كوردستانیش وەك وڵاتێكی مسوڵمان یادی بەرات دەكرێتەوە، باوك و باپیرانی ئێمە ئەم رەحمەتی خوای گەورەیان قۆستۆتەوە و لە ئێواەرەكەیدا خواردنی تایبەتیان ئامادە كردوە و قورئانیان خوێندووە و منداڵانیش بە ماڵاندا گەڕاون و شیرینیان وەرگرتووە و ئەم شێوازەی ئێستای وەرگرتووە.

بەرات لە باشوری كوردستان زیاتر لە شاری سلێمانی گرنگی پێدەدرێت و بۆتە بۆنەیەكی دیاری شارەكە و نوسەران و شاعیران و گەورە پیاوان ئاماژە بەوە دەكەن كە لە دێر زەمانەوە یادی بەرات كراوەتەوە و ئاهەنگیان بۆ گێراوە.

بەرات لە شیعردا

مەدهۆشی شاعیر شیعرێكی لەم بارەوە هەیە و دەڵێت :

ئەمشەو شەوی بەراتە
شەوی خۆشی و خەڵاتە

وا مناڵان ئەگەڕێن
دەس بە دەرگاوە ئەنێن

منیش ھاتوومە دەرگات
تا بەرم کەوێ بەرات

ئەمشەو شەوی بەراتە
شەوی خۆشی و خەڵاتە

بەراتی من جیایە
نە فلس و نە خورمایە

لە باتی فلس و عانە
سەیرێکی ئەو چاوانە

لە باتی دەنکە نوقوڵ
زەردەخەنەی لێوی گوڵ

تۆش دڵی من مەشکێنە
وەرە دەرێ بمدوێنە

بەو دەست و پەنجە جوانە
یەک نامەی بچکۆلانە

بینووسە لە پەناوە
گەر ڕێ نەبوو بیهاوە

بۆ ئەم دڵە بێکەسە
بەرات ھەر ئەوەم بەسە

وەک یاسین ھەڵی ئەگرم
ئەیخوێنمەوە تا ئەمرم

بەو خێرە لای کردگار
دوعام ئەکەوێتە کار

ئەوەندەی تر جوان ئەبی
ڕوو سووری جیهان ئەبی

ئەم شەو شەوی بەراتە
شەوی خۆشی و خەڵاتە


سەرچاوەکان



4080 بینین