زیرەکی ئەقڵی یان زیرەکی هەڵچوونی؟

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-04-03-04:22:00 - کۆدی بابەت: 4114
زیرەکی ئەقڵی یان زیرەکی هەڵچوونی؟

ناوه‌ڕۆك

زیرەکی ئەقڵی و زیرەکی هەڵچوونی

لە چەند ساڵی رابردوو بۆچونی زانایان بۆ زیرەکی گۆڕانکاریان بەسەردا هات، بۆچونێکی نوێیان بۆ زیرەکی خستە ئارا، پێیان وایە زیرەکی تەنها پەیوەست نییە بەلایەنی ئەقڵی بەڵکو زیرەکی لایەنی زۆر گرنگتری هەیە، لەوانە زیرەکی هەڵچوونی بە بۆچونی زاناکان زیرەکی ئەقڵی تەنها (٢٠٪) ڕۆڵی هەیە لە سەرکەوتنی کەسەکە و (٨٠٪) هۆکاری ترە دەبێتە هۆی سەرکەوتنی، لەوانە زیرەکی هەڵچوونیە.
سەرەتاکانی لێکۆڵینەوە دەربارەی زیرەکی هەڵچوونی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی ١٨، هەروەک مایر و سالوفی)\ ئاماژەی پێدەکات،

دابەشکردنی ئەقڵی مرۆڤ لای زاناکان

  1. زانین جەندین کاری هەیە وەک بیرکردنەوە و بیرهاتنەوە و بڕیاردان و پڕۆسە ئەقڵیەکانی تر.
  2. هەڵچوون لایەنە میزاجیەکان دەگریتەوە و سۆزەکانی مرۆڤ وەک دڵخۆشی، ئارامی دڵ و تووڕەبوون و نائومێدی و دڵەڕاوکێ و بەرگری نەگرتن بەرامبەر بارودۆخە جیاجیاکان. ئەوەی شایەنی باسە زانین و هەڵچوون بە هەردووکیان زیرەکی هەڵچوونی پێکدێنن لەم زیرەکیە کۆدەبنەوە و یەکتر تەواو دەکەن.
  3. پاڵنەر لایەنە بایۆلۆژیەکانی مرۆڤ دەگرێتەوە و پەیوەستە بەو ئامانجانەی کە تاک هەوڵی بەدەستهێنانی دەدات.
    زانا مایر زیرەکی بۆ سێ جۆر دابەشدەکات، ئەوانیش (زیرەکی ئەقڵی، زیرەکی هەڵچوونی و زیرەکی پەیوەست بە پاڵنەر) ئەم سێ جۆرە زیرەکیە بەڕێژەی جیاواز پەیوەندیان بەیەکەوە هەیە.

پێناسەی زیرەکی هەڵچوونی

هەردوو زانا جۆن مایر و پیتر سالوفی پێناسەیەکی تایبەت بە زیرەکی هەڵچوونی دانا، بە بۆچونی ئەم دوو زانایە زیرەکی هەڵچوونی بریتیە لە کۆمەڵێک لێزانین و توانستی ئەقڵی، پەیوەستە بە شیکردنەوەی زانیاریە هەڵچوونیەکان تایبەت بە درککردنی هەڵجوونەکان و بەکارهێنانی بۆ ئاسانکردنی پڕۆسەی بیرکردنەوە و تێگەیشتنی هەڵچوونی خۆ و کەسانی تر لەگەڵ ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی هەڵچوونەکان. زیرەکی هەڵچوونی گرنگی خۆی هەیە لە ژیانی مرۆڤ بەتایبەتی لە بواری کار و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان، پسپۆڕان لە بواری پیشەسازی و پەروەردە گرنگی تایبەتیان داوەتە ئەم جۆرە زیرەکییە تا گویشتۆتە ئەو ڕادەیەی زیرەکی هەڵچوونی وەک پێوەرێک دابنێین بۆ فەرمانبەری سەرکەوتوو، پسپۆڕانیش شارەزایی لە کارەکان تەنها پێوەر نییە بۆ ئەوەی بزانین ئەو کەسە دەتوانێت سەرکەوتوانە کارەکانی خۆی ئەنجام بدات، چەندین فاکتەری تر هەیە پێویستە لە کەسەکە بەدیبکرێت بۆ ئەوەی بڕیاربدرێت ئەو کەسە سەرکەوتوو دەبێت یان نا، لەوانە چۆنیەتی مامەڵەکردنی لەگەڵ کێشەکان و هاوڕێیەکانی لە بواری کار و توانای بەرگری لە کارکردن، ئاڕاستەکانی بەرامبەر کارەکەی و ڕێژەی پاڵنەرەکانی و هتد، کە بەشێکی زۆر لەم فاکتەرانە دەکەوێتە چوارچێوەی زیرەکی هەڵچوونی. لەلایەکی تر گرنگی زیرەکی هەڵچوونی لە قوتابخانە پەیوەستە بە ڕادەی گونجانی قوتابی لەگەڵ وانەکان و مامۆستا و هاوڕێیەکانی لەناو پۆل کە ئەوانە هەموویان کاریگەری خۆیان هەیە لەسەر ڕادەی تێگەیشتنی بابەتەکان و یارمەتی قوتابی دەدات بۆ ئەوەی پەیوەندیەکی تەندروست لەگەڵ قوتابخانە دروستبکات و لە کۆتاییدا ڕەنگدانەوەیەکی باشی لەسەر ئاستی قوتابی هەبێت. هەر بۆ ئەم مەبەستەش لە وڵاتە پێشکەوتووەکان گرنگی تایبەت دراوەتە ئەم جۆرە زیرەکیە لەسەر ئاستی قوتابخانە و  کۆمپانیاکان چونکە توێژینەوەکان ئەوەیان سەلماندووە زیرەکی هەڵچوونی ئامڕازێکی سەرکەوتووە بۆ پێشبینی ڕادەی سەرکەوتنی تاک لە کارەکانی لە دواڕۆژ.
لەو زانایانەی گرنگیان بە زیرەکی هەڵچوونی داوە توێژینەوەی زۆریان دەربارەی کردووە دانیال جۆلمان و کتێبێکی بە ناوی زیرەکی هەڵچوونی داناوە. دانیال جۆلمان پەرەی بە تیۆرەکەی دەربارەی زیرەکی هەڵچوونی داوە، پێشی وایە ئەم زیرەکییە پێویستە لە بواری کار گرنگی پێبدرێت، چونکە بە بۆچونی جۆلمان زیرەکی هەڵچوونی پەیوەندیەکی زۆری هەیە بە ڕادەی ئەنجامدانی کارەکان، پێی وایە پێشبینی کردنی ڕادەی سەرکەوتنی کەسەکە لە کارەکانیدا دەبێت لە ڕێگەی دیراسەکردنی توانستەکانی تاک بێت لەڕووی هۆش بە خود و بەڕیوەبردنی خود و هۆشی کۆمەڵایەتی و بەڕیوبردنی پەیوەندیەکان جۆلمان ناوی لەم توانستانە نا "توانستە هەڵچوونیەکان".


سەرچاوەکان



2232 بینین