زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-05-09-14:27:00 - کۆدی بابەت: 12825
زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ (بە عەرەبی: زلاتان إبراهيموفيتش، بە ئینگلیزی: Zlatan Ibrahimović) یاریزانێکی ناوداری هێرشبەری تۆپی پێی بە ڕەچەڵەک سویدییە، لەگەڵ چەندان یانەی ئەورووپی یاری کردووە و نازناوی وەرزشی بەدەستهێناوە، نموونەی یانەی بەرشەلۆنە و ئەی سی میلان و پاریس سان جێرمان و چەندان یانەی تر. زڵاتان خاوەن ٣١ نازناوە و ٥٧٠ گۆڵی بۆ ئەو یانانە تۆمار کردووە کە یاری لەگەڵیان کردووە. لە ساڵی ٢٠٢٣ بە فەرمی وازهێنانی خۆی لە تۆپێ پێ ڕاگەیاند و لە تەمەنی ٤٢ ساڵی کۆتایی بە ئەزموونی وەرزشی هێنا.

زانیاری گشتی

ناو زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ 
ڕێکەوت و شوێنی لەدایکبوون ٣ تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٨١، شاری مالمۆ، سوید
ڕەگەزنامە سویدی
ڕەچەڵەک بۆسنەیی و کرواتی
ئایین مەسیحی کاسۆلیکی
پیشە یاریزان
شوێنی یاریکردن هێرشبەر
ژمارەکەی ١١
نازناو   ئابرا، ئیبراهیمۆڤیچ

ژیاننامەی 

زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ لە سێی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٨١ لە مالمۆ لە باشووری سوید لەدایکبووە، ڕەچەڵەکی باوکی دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتی بۆسنە و ڕەچەڵەکی دایکیشی کرواتییە. تەمەنی منداڵی و لاوی بە سەختی بەسەربردووە، خێزانەکەی هەژار بوونە و باوکی ئالوودەی مەی بووە و دایکیشی باری دەروونی تەواو نەبووە و خێزانەکەی کۆچبەر لە وڵاتی سوید کۆچبەر بوونە، کاتێک زڵاتان تەمەنی دوو ساڵان بووە دایک و باوکی جیابوونەتەوە، زڵاتان خاوەن سێ خوشک و دوو برا بووە. خوێندگەی سەرەتایی و ناوەندی لە مالمۆ لە سوید تەواوکردووە و لە تەمەنی ١٧ ساڵییەوە ئەزموونی وەرزشی وەکوو یاریزانی تۆپی پێ دەستی پێکردووە، وازی لە خوێندن هێناوە تاکو سەرنجی زیاتر بدات بە وەرزش و یاریکردن و قۆناغەکانی خوێندنی تەواو نەکردووە.

زڵاتان لە تەمەنی منداڵییەوە پشتوێنی ڕەشی لە وەرزشی تایکواندۆ وەرگرتووە، هەر یەک لە زمانی سویدی، بۆسنەیی، ئینگلیزی، ئیسپانی و ئیتاڵی دەزانێت، بە یەکێک لە یاریزانە دەوڵەمەندەکانی جیهان دادەنرێت و بڕی سامانەکەی بە ١٦٠ ملیۆن دۆلار خەمڵێندراوە. ئایینی ڕەسەن و ڕەچەڵەکی خێزانەکەی و باوباپیرانی ئایینی ئیسلامیان پەیڕەو کردووە، بەڵام زڵاتان پەیڕەوی ئایینی مەسیحی ڕێبازی کاسۆلیکییە و خۆی بە کەسێکی پەیوەست بە ئایین دادەنێت.

ژیانی تایبەتی و خێزانی

ئیبراهیمۆڤیچ لەگەڵ خانمە نمایشکاری سویدی (هێلینا سیجەر) لە پەیوەندیدا بووە و پاشان هاوسەرگیرییان کردووە، بوونەتە خاوەن دوو کوڕ بە ناوەکانی ماکسیمیلیان و وێڤنێست.

ئەزموون و ژیانی وەرزشی

زڵاتان لە سەرەتای تەمەنی لاوییەوە خولیای توپی پێ و وەرزش بووە و لە پێش تەمەنی ١٨ ساڵی ئەزموونی خۆی لەگەڵ یانە وەرزشییەکان دەست پێکردووە گرنگترین ئەو یانانەی ئەزموونی وەرزشی لەگەڵیان هەبووە بریتین لە:

  • یانەی وەرزشی مالمۆی سویدی: زڵاتان کاتێک تەمەنی دە ساڵان بووە لەم یانەیەوە دەستی کردووە بە ڕاهێنانە وەرزشییەکان و دوای ماوەیەکی کەم یانەکەی بەجێهێشتووە.
  • یانەی بەڵقان: دوای یانەی مالمۆ زڵاتان بۆ ماوەی چوار ساڵ ڕووی کردووەتەوە یانەی بەڵقان.
  • یانەی مالمۆی خوار تەمەن ١٧ ساڵ: لە ساڵی ١٩٩٥ زڵاتان چووەتە ئەم یانەیە.
  • یانەی مالمۆی خوار تەمەن ١٩ ساڵ: لە ساڵی ١٩٩٨ زڵاتان چووەتە بەشێکی تری یانەی مالمۆی سویدی کە بە بەشی گەنجان و لاوانیش ناسراو بوو.
  • یانەی مالمۆی پێگەیشتووان: لە ساڵی ١٩٩٩ زڵاتان گواسترایەوە بەشی پێگەشتووانی یانەی مالمۆ و لە هەموو یارییەکانی یانەکە لە پێکهاتەی سەرەکی بووە.
  • یانەی ئەیاکسی ئەمستەردامی هۆڵەندی: زڵاتان لە ساڵی ٢٠٠١ بە گرێبەستێک بە بەهای هەشت ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دۆلار چووە ڕیزەکانی یانەی ئەیاکسی هۆڵەندی.
  • یانەی یۆڤانتۆسی ئیتاڵی: ئیبراهیمۆڤیچ لە ساڵی ٢٠٠٤ لە یانەی ئەیاکس ئەمستردام بە گرێبەستێکی ١٧ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار دۆلار گواسترایەوە بۆ یانەی یۆڤانتۆسی ئیتاڵی و زۆربەی پاڵەوانێتییەکانی سەرەتای ئەزموونی لەگەڵ ئەو یانەیە بەدەستهێنا.
  • یانەی ئینتەر میلانی ئیتاڵی: زلاتان ئیبراهیمۆڤیچ لە ساڵی ٢٠٠٦ ڕۆیشتە نێو ڕیزەکانی ئینتەر میلانەوە و بەهای گرێبەستەکەی بە نزیکەی ٢٧ ملیۆن و ٢٨٠ هەزار دۆلار خەمڵێنرا، ئەو بۆ ماوەی سێ وەرز لەگەڵ یانە ئیتاڵییەکە یاری کرد.
  • یانەی بەرشەلۆنە: زلاتان لە ساڵی ٢٠٠٩ لە ئینتەرمیلانەوە چووە یانەی بەرشەلۆنە بە گرێبەستێکی زۆر گرانی ئەو کاتە کە بڕەکەی بە نزیکەی ٧٦ ملیۆن دۆلار مەزەندە کرا، بەڵام تەنها یەک وەرز لەگەڵ یانە کەتەلۆنییەکە یاری کرد و بۆ ماوەیەکی کاتی درا بە یانەی ئەی سی میلان.
  • یانەی ئەی سی میلانی ئیتاڵی: بە بڕی شەش ملیۆن دۆلار و نیو بۆ یەک وەرز زڵاتان لەم یانەیە یاری کرد. ئیبراهیمۆڤیچ دوای تەواوبوونی گرێبەستەکەی لەگەڵ بەرشەلۆنە گەڕایەوە خولی ئیتاڵی لە وەرزی ٢٠١٠-٢٠١١ خولی ئیتاڵی لەگەڵ میلان بەدەست هێنایەوە.
  • پاریس سان جێرمان: لە تەممووزی ساڵی ٢٠١٢ زڵاتان ڕووی کردە یانەی پاریس سان جێرمان. لە ماوەی مانەوەی لە فەڕەنسا کە چوار وەرزی خایاند، لەگەڵ ئەم یانەیە زڵاتان سێ جار بووە گۆڵکاری خولی فەڕەنسی و لە تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٥ بووە گۆڵکاری مێژوویی یانەی پاریس سان جێرمانی ئەو کاتە.
    یانەی مانچستەر یۆنایتد: زڵاتان لە ساڵی ٢٠١٦ بێ بەرامبەر ڕووی کردە یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی و لە یەکەم وەرزی لەگەڵیان خولی ئەورووپای بەدەست هێنا.
  • یانەی لۆس ئەنجلس گالاکسیی ئەمریکی: لە ساڵی ٢٠١٨ ئیبراهیمۆڤیچ ڕووی کردە یانە لۆس ئەنجلس گالاکسیی ئەمریکی بۆ ماوەی دوو ساڵ لەگەڵیان مایەوە.

ئەزموونی لەگەڵ هەڵبژاردەی نێودەوڵەتی سوید

زڵاتان هەر لە سەرەتای ئەزموونی وەرزشییەوە لە ساڵی ٢٠٠١ـەوە وەکوو یاریزانێکی سەرەکی لە پێکهاتەی هەڵبژاردەی نێودەوڵەتی وڵاتی سوید وەکوو هێرشبەر یاری کردووە. لە جامی جیهانی ساڵی ٢٠٠٢ و ٢٠٠٦ لەگەڵ هەڵبژاردەی نێودەوڵەتی وڵاتی سوید یاری کردووە و لە پێکهاتەی سەرەکیدا بووە. لەگەڵ هەڵبژاردەی سوید بەشداری لە خولی یانە پاڵەوانەکانی وڵاتانی ئەورووپای ساڵی ٢٠٠٤ و ٢٠٠٨ و ٢٠١٢ و ٢٠١٦ کردووە، چەندان گۆڵی تۆمار کردووە و لە هەڵبژاردەی وڵاتەکەی ڕۆڵی گرنگی هەبووە. بە یەکیک لەو ١١ یاریزانانە دادەنرێت کە بەشداری ١٠٠ یاری کردووە لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی و ٦٢ گۆڵی بۆ هەڵبژاردەکەی تۆمار کردووە.

خەڵات و دەستکەوتەکانی

زڵاتان خاوەن ٣١ نازناوە و ٥٧٠ گۆڵی بۆ ئەو یانانە تۆمار کردووە کە یاری لەگەڵیان کردووە، گرنگترین دەسکەوت و نازناوەکانی بریتین لە:

  • خەڵاتی تۆپی ئاڵتوونی ٢٠١٢
  • خەڵاتی بۆسکاس ٢٠١٣
  • خەڵاتی فێفبیرۆ ٢٠١٣
  • خەڵاتی یویفا بۆ باشترین یانە لە ساڵەکانی ٢٠٠٧، ٢٠٠٩، ٢٠١٣، ٢٠١٤ 
  • خەڵاتی باشترین یاریزانی دروستکەری گۆڵ لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا ساڵی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٣
  • خەڵاتی باشترین یاریزانی نێو خولی فەڕەنسی بۆ ساڵانی ٢٠١٢، ٢٠١٣، ٢٠١٤، ٢٠١٥، ٢٠١٦
  • خەڵاتی گۆڵکاری یانەکانی فەڕەنسا بۆ ساڵەکانی ٢٠١٢، ٢٠١٣، ٢٠١٤، ٢٠١٥، ٢٠١٦
  • خەڵاتی گۆڵکاری یانەکانی ئیتاڵیا بۆ ساڵانی ٢٠٠٩ و ٢٠١٢
  • چەندین خەڵاتی تایبەت بە تۆپی پێی لە نێو هەڵبژاردەکانی سوید بەدەستهێناوە.

ئەو یانانەی یاری بۆ کردوون

  • یانەی مالمۆی سویدی ١٩٩٩ بۆ ٢٠٠١
  • یانەی ئەیاکس ئەمستەردام ٢٠٠١ بۆ ٢٠٠٤
  • یانەی یۆڤانتۆس ٢٠٠٤ بۆ ٢٠٠٦
  • یانەی ئیتەر میلان ٢٠٠٦ بۆ ٢٠٠٩
  • یانەی بەرشەلۆنە ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١١
  • یانەی ئەی سی میلان ٢٠١١ بۆ ٢٠١٢
  • یانەی پاریس سان جێرمان ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٦
  • یانەی مانچستەر یۆنایتد ٢٠١٦ بۆ ٢٠١٨
  • یانەی لۆس ئەنجلس گالاکسی ٢٠١٨ بۆ ٢٠١٩
  • یانەی ئەی سی میلان ٢٠٢٠ بۆ ٢٠٢٣
  • هەڵبژاردەی نێودەوڵەتی سوید ٢٠٠١ بۆ ٢٠٢٠


سەرچاوەکان



38 بینین