کوزەڵە

له‌لایه‌ن: - دەوەن سەردار حەمەعەلی - به‌روار: 2021-05-11-15:58:00 - کۆدی بابەت: 175
کوزەڵە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کوزەڵە گیایەکی خۆڕسكی نێو جۆگەلە و کانیاو و لێوار چه‌مەکانی کوردستانە و چه‌ند ناوێكی جیاوازی هه‌ییه‌ له‌وانه‌ بەرگەمێ، کوزەڵێ، کوزەڵی، بەریەمێ.

کوزەڵە لە تیرەی "شەوبۆکان" (Cruciferae) کە باڵای لە 10 تاکوو 60 سانتیمیتر بەرز دەبێ، گەڵای ورد و سەوزی هەیە و گوڵەکانیشی هێشووی و چووکە و ڕەنگ سپین.

سووده‌كانی كوزه‌ڵه‌

لەبەر ئەوەی لە گیای کوزەڵەدا ئاسن، کلسیۆم و ئەسید فولیک و کەمێکیش ڤیتامین C ،B ،A هەیە بۆ دەرمان بەکاری دێنن.

لە ساڵی 2010دا زانایەک لە زانستگای ساوتیمتۆن، ئەوەی ڕوونکردەوە کە بە تاقیکاری بۆی دەرکەوتووە کە تەنیا پاش چەند کاتژمێرێک لە بەکارهێنانی 80 گرام کوزەڵە، ڕادەی مولوکولەکانی دژی شێرپەنجە لە خوێندا زیادیان کردووە و لە بەهێزبوونەوەی خانەکانی شێرپەنجە لە مەمکدا، بەرگری دەکا. هەربۆیە کوزەڵە لە بەرگری لە پەرەسەندنی زیاتری نەخۆشی شێرپەنجەدا یارمەتیدەر و دەرمانی باشە.

لە وتارێکی ژورناڵ "هەمووگیرناسی شێرپەنجە"دا کە لە ساڵی 1995دا چاپ کرا، باس لە کەم کردنەوە و لاواز بوونی نەخۆشی شێرپەنجە لە لەشی کەسانی سیگاریدا دەکا کە رۆژانە 57 گرەم کوزەڵەیان خواردووە.

ناوه‌كانی كوزه‌ڵه‌

ناوە لاتینیەکەی (ناوی زانستی) کوزەڵە واتە " nasturtium aquaticum " لە سێ بەش پێک هاتووە "nasus" (لووت، کەپۆ) و "tortus" (توواناندەوە) و هەروەها (aqua) کە مانای ئاو دەدا کە بە گشتی مانای " لە ئاودا دەژی و لووت ئازار دەدا" هۆکاری ئەم ناوەش ئەوەیە کە کوزەڵە بەو بۆن و تامە توونەی کە هەیەتی لووت دەتوێنێتەوە.

  • بە سویدی Källfräne پێ دەڵێن
  • بە فارسی ترەتیزەک وحشی
  • بە ئاڵمانیش Brunnenkresse. 
  • بە هەورامی پێی دەڵێن کوزڵێ و هەروەها "بەرگە"شی پێ دەڵێن

جۆرە کوزەڵەیەکە لە کوێستان دەڕوێت

لە تیرەی (شەوبۆ)ـیە گیایەکی عەلەفی ڕاوەستاوە لقی بەرز و لاسکەکانی چوارگۆشەین یەک لاسک چەند گەڵای ورد دەردەکات و پەلکی بەرامبەر یەکتر نین، لەسەرە چڵەکان گوڵێکی سپی شێوە هێشوویی بڵاو دەردەکات میوەکەی شێوە تورەکەیی چەماوەیە، ووڵاتی پێشوی ئەوروپا بووە، بەڵام ئێستا لە هەموو جیهان بڵاوبووەتەوە و دەچێنرێت بۆ دەرمان و شێوە خۆڕسک لە کەنار ئاوەکان و شوێنی شێدار و کوێستانەکان دەڕوێت، لەکاتی گوڵ کردندا سەرە تولەکان کۆدەکەنەوە و لە سێبەردا وشکی دەکەنەوە و لەکاتی وشککردنەوەدا بۆنی زۆر بڵاو دەکاتەوە لە دەوری خۆیدا.

سوودەکانی ئەم جۆرە کوزەڵە

  • ئارەزووی خواردن زیاد دەکات نیو کاتژمێر پێش نان بخورێتەوە.
  • بۆ هەرس و سستی گەدە بەسوودە.
  • بۆ نەخۆشیەکانی پێست بەسوودە.
  • بۆ خڵتەی کۆنی سنگ و نەخۆشی سیەکان بەکاردێت.
  • بۆ دانانی بەردی گورچیلە بە وشکی و بە دەم کراوی دەخورێت.
  • بۆ نەخۆشی شەکرە ڕۆژی دوو دەسکە بە تەڕی دەخورێت.
  • ماددەی ئاسن و فسفۆڕی زۆرە بۆ کەم خوێنی بەسوودە.
  • بۆ بۆن خۆشکردنی ساس و سوپ و شۆرباکان و جوان کردنیان بەکاردێت.
  • شیرەکەی دەگرن یان هەر بە تەڕی بە فشار ئاوەکەی دەگرن و دەیخۆنەوە بۆ هەناسەتەنگی و سییەکان زۆرباشە.
  • ڕێژەی دەم کردنی دوو کەوچکە بۆ پەرداخێک ئاو و سێ ژەمە دەخورێت، وەک سەوزەش دەخورێت.


سەرچاوەکان



3417 بینین