ئیسلام و مافی چارەی خۆنووسینی گەلان

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-28-02:42:00 - کۆدی بابەت: 3812
ئیسلام و مافی چارەی خۆنووسینی گەلان

ناوه‌ڕۆك

بۆچوونی ئیسلام

ڕوونە کە لە کاتی هاتنە خوارەوەی قورئاندا باسێک لەم زاراوە و مافە لەسەر زەویدا نەبووە، چونکە مافی چارەی خۆنووسینی گەلان دوای سەرهەڵدانی بیری نەتەوەیی لەدوای شۆڕشی فەڕەنسا لە ئەوروپا و ڕوونتریش لە سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیستەمدا هاتۆتە کایەوە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە کە ئێمە توانای ئەوەمان نییە لە ڕوانگەی بەها باڵاکان و بنەما گشتیەکانی ئیسلامەوە لەم مافە تێبگەین.

ئەگەر ئێمە سەیری قورئانی پیرۆز بکەین هەروەک لە باسەکانی پێشووتریشدا ئاماژەمان پێکرد، تێدەگەین کە مرۆڤ لە زەویدا سەرداری خۆیەتی و ئازادی خۆی بە دەستی خۆیەوەیەتی. ئەم سەرداری و سەروەریەی مرۆڤیش لەوێوە سەرچاوە دەگرێت کە خودای گەورە کردوویەتی بە جێنشینی خۆی لەسەر زەویدا و ئیرادە و توانای هەڵبژاردنی پێ بەخشیوە: (وَإِذْ قَالَ رَبُّكَ لِلْمَلَائِكَةِ إِنِّي جَاعِلٌ فِي الْأَرْضِ خَلِيفَةً ...) البقرة:٣٠، واتە: ئێمە مرۆڤمان کردووە بە جێنشین لە زەویدا. خودای گەورە ئەو مافەی بە مرۆڤ بەخشیوە کە چارەنووسی خۆی بەرامبەر بە خۆی و کەسانی دیکە و خودای گەورەش دیاری بکات، هەروەک لە قورئاندا دەفەرموێت: (نَّا هَدَيْنَاهُ السَّبِيلَ إِمَّا شَاكِرًا وَإِمَّا كَفُورًا) الانسان:٣، واتە: ئێمە ڕێگامان پیشانی مرۆڤ داوە ئەویش بە ئیرادەی ئازادی خۆی ڕێبازی باوەڕ و سوپاسگوزاری پەروەردگار یاخود بێباوەڕی و ناسوپاسگوزاری دەگرێتە پێش و هەڵدەبژێرێت. ئەم مافی هەڵبژاردن و دیاریکردنی چارەنوسەش، هەروەک چۆن مافی مرۆڤێکە، ئاوەهاش مافی گروپ و گەل و نەتەوەیەکە، چونکە خودای گەورە ئازادی بە جۆری مرۆڤ بەخشیوە وەک مرۆڤ و گەل و نەتەوەکانیش پێکهاتەی خێزان و تاکەکان و ئەندامانی نەتەوەن.

پرسیار لێرەدا ئەوەیە: کە ئەگەر خودای گەورە لە ناسکترین شت و یەکێک لە گرنگترین چەسپاو (ثوابت)ـەکانی ئاین کە باوەڕە ئەو ئازادیەی بە مرۆڤ دابێت کە باوەڕبێنێت یاخود نەیهێنێت وە بۆ کەسیش نەبێت زۆری لێ بکات، چونکە زۆرکردن لە ئایندا قەدەغەیە: (لا إکراە في الدین ...) البقرة:٢٥٦، داخۆ بۆ مەسەلەیەکی سیاسی وەک ژیان لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی دیاریکراو سیستمی سیاسی و فەرمانڕەوایی کە یەکێکە لە مەسەلە گۆڕاوەکان (المتغیرات) و بەجێ هێڵراوە بۆ ئاڵ و گۆڕ و پێشکەوتنەکانی مرۆڤ لە چوارچێوەی بەهاکانی دادپەروەری و ڕاوێژ و ئازادی و یەکسانیدان چۆن دەبێت زۆر لە گەلان کە بە زۆر و بێ خواستی خۆیان لەناو قەوارەیەکی سیاسیدا بژین؟ ڕوونە کە ئیسلام لەم مەسەلانەدا ڕێزی لەو ئیرادەیە گرتووە کە خودا بە مرۆڤەکانی بەخشیوە، ئەوەی بە لای خودای گەورەشەوە گرنگە ئەوە نییە گەلان خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان بن یاخود بە ئیرادەی ئازادی خۆیان بڕیاری پێکەوەژیان بدەن لە چوارچێوەی سیستمێکی فیدراڵیدا، بەڵکو گرنگ ڕەچاوکردنی بەها ئیسلامییەکانی وەک دادپەروەری و کەرامەتپارێزی و ستەم دژی و ڕاوێژ و ئازادی و یەکسانیە، لە ڕوانگەی ئیسلامەوە ڕەوایەتی فەرمانڕەوایی و فەرمانڕەواکان لەڕێگەی وتن (عقد)ێکی نێوان گەل و هاوڵاتیان و لەوانەوە سەرچاوە دەگرێت، وە گەل سەرچاوەی دەسەڵاتە و بۆ کەس نیە لە دەرەوەی ئیرادە و ڕەزامەندی گەل و هاوڵاتیانەوە خۆیان بەسەردا بسەپێنێت، کەواتە پێش هەموو شتێک دەبێت ڕاپرسی لەنێوان نەتەوە جیاوازەکاندا بکرێت بەتایبەتیش ئەوانەی کە تا ئێستا خاوەنی قەوارەی سەربەخۆی نەتەوەی خۆیان نین، کە داخۆ دەیانەوێت لە چوارچێوەی ئەم دەوڵەتانەی ئێستادا بمێننەوە یاخود دەخوازن جیاببنەوە و قەوارەی سەربەخۆی خۆیان پێک بهێنن، بەدەر لەمە پەنابردنە بەر هێز بۆ سەرکوتکردنی نەتەوەیەک وە بەزۆر هێشتنەوەی لە چوارچیوەی دەوڵەتێکدا و بێ بەشکردنی لە مافی چارەی خۆنووسین دژی گیانی ئیسلام و بەها باڵاکانی و لەوانەش بەهای ستەم دژی واتە دژایەتی و ڕەتکردنەوەی ستەم.

چونکە ئیسلام دژی ستەم و ستەمکاریە لە هەر بەرگێکدا، بێ بەشکردنی گەلانیش لە مافی چارەی خۆنووسین و ڕیزنەگرتن لە ئیرادەی خواپێداوان جۆرەها ستەم و خراپەی لێدەکەوێتەوە، بەم جۆرە و لە ڕوانگەی بنەما و بەها ئیسلامیەکانەوە تێدەگەین کە بۆچونی ئیسلام لەم ڕووەوە لەگەڵ مافی چارەی خۆنووسینی نەتەوەکان و یەکسانی گەلانە.


سەرچاوەکان



1254 بینین