ئازادی بیروباوەڕ و ئایین

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-28-02:29:00 - کۆدی بابەت: 3811
ئازادی بیروباوەڕ و ئایین

ناوه‌ڕۆك

ئازادی بیروباوەڕ

ئازادی بیروباوەڕ و ئاین واتە مرۆڤ ئازادبێت لە هەڵبژاردنی بیروباوەڕ و ئاین و بۆ هیچ هێز و دەسەڵات و کەسێک نەبێت لە دەرەوەی قەناعەت و ئیرادەی ئازادی خۆیەوە بیروباوەڕێکی بەسەردا بچوسپێتنێت.

ئیسلام لە سەردەمێکدا کە بەزۆر سەپاندنی ئاین و بیروباوەڕ لە زۆر شوێنی باوبوو جاڕی ئازادی باوەڕهێنان و ئاین و بیروباوەڕیدا و دژی زۆرلێکردن (إکراە) و دەمارگیری ئاینی و بیروباوەڕی وەستایەوە، ئەم بنەما بەرز و ئازادیەش لە چەندین ئایەت و فەرموودەدا چەسپیوە، (ا إِكْرَاهَ فِي الدِّينِ ۖ قَدْ تَبَيَّنَ الرُّشْدُ مِنَ الْغَيِّ ...) البقرة:٢٥٦، واتە: زۆرکردن لە ئایندا نییە و کەس نابێت بەزۆر بکرێت بە مسوڵمان ڕێگەی ڕاست و گومڕایی لەیەکتری جیاکراونەتەوە و مرۆڤ ئازادە کامیان هەڵدەبژێرێت. هەروەها بەرامبەر بە پێغەمبەر (دخ) دەفەرموێت: (وَلَوْ شَاءَ رَبُّكَ لَآمَنَ مَنْ فِي الْأَرْضِ كُلُّهُمْ جَمِيعًا ۚ أَفَأَنْتَ تُكْرِهُ النَّاسَ حَتَّىٰ يَكُونُوا مُؤْمِنِينَ) یونس:٩٩، واتە: ئەگەر پەروەردگارت بیوستایە ئەوا هەرچی وا لەم زەویەدا سەرجەم باوەڕیان دەهێنا، (بەڵام ئەو ئەمەی نەویستووە و ئازادی باوەڕهێنانی داوەتەوە دەست مرۆڤەکان خۆیان) ئایا تۆ زۆر لە خەڵکی دەکەی تا ببنە باوەڕدار؟ ڕوونە کە پرسیارەکە بۆ سەرسوڕمانە و ئەوە دەگەیەنێت کە خودای گەورە ئەو مافەی پێ نەداویت و ئەوەی لەسەر شانتە جوان و ڕوون ڕاگەیاندنی ئەو پەیامەیە کە خوای گەورە نۆی ڕەوانە کردویت: (فَإِنْ حَاجُّوكَ فَقُلْ أَسْلَمْتُ وَجْهِيَ لِلَّهِ وَمَنِ اتَّبَعَنِ ۗ وَقُلْ لِلَّذِينَ أُوتُوا الْكِتَابَ وَالْأُمِّيِّينَ أَأَسْلَمْتُمْ ۚ فَإِنْ أَسْلَمُوا فَقَدِ اهْتَدَوْا ۖ وَإِنْ تَوَلَّوْا فَإِنَّمَا عَلَيْكَ الْبَلَاغُ ...) ال عمران:٢٠، واتە: بڵی بەوانەی کتێبیان بۆ ڕەوانە کراوە و ئەوانەش بۆیان ڕەوانە نەکراوە، ئایا مسوڵمان بوون؟ ئەگەر مسوڵمان بوون ئەوا ڕێنمایی خودایان وەرگرتووە و خۆ ئەگەر پشتیان لە بانگەوازی خوا هەڵکردووە و باوەڕیان پێ نەهێناوە، ئەوە بزانە کە ئەوەی لەسەر شانی تۆیە تەنها ڕاگەیاندنی پەیام و بانگەوازەکەیە نەک شتێکی دیکە. چونکە خودا ئازادی هەڵبژاردنی ئاین و باوەڕی بە مرۆڤ بەخشیووە و لەبەرامبەر ئەو ئازادیەشەوە بەرامبەر بە خودا لە ڕۆژی دواییدا لێپرسراوی کردووە. ئەوەی ئەرکی ێغەمبەر (دخ) و زانا و بانگخوازانی دوای ئەوە تا ڕۆژی دوایی ڕوونکردنەوەی حەق و ڕاستییەکان و ئامۆژگاری و هەوڵدانە بۆ قەناعەت پێکردنی مرۆڤەکان، بۆ ئەوەی ڕێگەی ڕاستی خودا بگرن: (وَقُلِ الْحَقُّ مِنْ رَبِّكُمْ ۖ فَمَنْ شَاءَ فَلْيُؤْمِنْ وَمَنْ شَاءَ فَلْيَكْفُرْ ...) الکهف:٢٩، واتە: ئەی موحەممەد تۆ ئەو حەقە کە لەلای خوداوە هاتووە بە خەڵکی بگەیەنە، دوای ئەوە هەرکەس خواستی با باوەڕبێنێت و هەرکەسێکی دیکەش ویستی با کافر و بێباوەڕ بێت.

وەک بەشێک لەو دەستەبەریانەی قورئانیش بۆ ئازادی ئاین وۆەرستن پاراستنی مافی ئەوی دی ئاینی و شوێنکەوتەی ئاینەکانی دیکە و بەتایبەتیش ئاینە ئاسمانییەکان خسرویەتیە ڕوو لە مسوڵمانانی قەدەغە کردووە هیچ شێوازێکی نادروست لەکاتی مشتومڕکردندا بەرامبەر خاوەن پەیامەکانی دیکە بەکاربێنن: (وَلَا تُجَادِلُوا أَهْلَ الْكِتَابِ إِلَّا بِالَّتِي هِيَ أَحْسَنُ إِلَّا الَّذِينَ ظَلَمُوا مِنْهُمْ ...) العنکبوت:٤٦، واتە: بە باشترین شێواز نەبێت مشت و مڕ لەگەڵ خاوەن ئاینەکانی دیکە نەکەن. لەبەر ڕووناکی ئەم بنەما و دەقە پیرۆز و بەرزانەی ئیسلام و شەریعەتەکەی، ئازادی پەرستنی بۆ شوێنکەوتەی ئاینەکانی دیکە دەستەبەرکردووە، بۆیە قەدەغەی کردووە لە مسوڵمانان دەستدرێژی بکەنە سەر پەرستگە و بیروباوەڕیان و بۆیان هەیە لە بواری بیروباوەڕ و باری کەسێتیدا بەگوێرەی ئاینەکانی خۆیان بجوڵێنەوە و تەنانەت هەندێک شت کە لە ئیسلامدا حەرامە و لە هەندێک لە ئاینەکانی دیکەدا حەرام نەکراوە وەک مەی خواردنەوە و خواردنی گۆشتی بەراز لێیان قەدەغە ناکرێت، لەڕووی مێژویشەوە وڵاتانی ئیسلامی بە بەراورد لەگەڵ بەشەکانی دیکەی جیهاندا فراوانترین ئازادی ئاین و بیروباوەڕی تێدابووە، تەنانەت لە سەردەمی عەباسیەکاندا زانای ئاینە جۆراوجۆرەکان و هەندێک جار بێباوەڕانیش لە مزگەوت و خوێندنگە و کۆشکی سوڵتاندا بە شێوەیەکی زانستی گفتوگۆیان لەسەر ئاینەکان کردووە.

بەکورتی ئیسلام ئازادی بیروباوەڕ و ئاینی بۆ نامسوڵمانەکان دەستەبەرکردووە، و ئازادی خواپەرستی پێداون و زانایانیش لەم بارەیەوە ڕێسای گشتیان لە قورئان و فەرموودەکان هەڵێنجاوە کە دەڵێن (اترکوهم و ما یدینون) واتە: وازیان لێ بێنن با بەگوێرەی ئەو ئاینەی باوڕیان پێیەتی خواپەرستی بکەن و ژیان و ڕەفتاری خۆیان ڕیکبخەن. لەڕووی مێژووییشەوە ئیسلام خاوەنی دروشمی زێڕینی زۆرلێکردن لە ئایندا نییە (لا إکراە في الدین) تەنانەت دووڕووەکانیش لەژێر سایەی ئیسلامدا ئازادیان پارێزراوبوو لەکاتێکدا جەنگی دەروونییان بەرامبەر مسوڵمانان بەرپاکردووە وە بە شێوازی ناشرین باسی پێغەمبەر (دخ) و باوەڕدارانیان دەکرد، هەر بۆیە نە بەزۆر کەسێک دەکاتە مسوڵمان و نە مسوڵمانێکیش بە زۆر لە بازنەی ئیسلامدا دەهێڵێتەوە، چونکە باوەڕ پەیوەندی بە دڵ و دەروون و قەناعەتی ناوەوەی مرۆڤەوە هەیە، بۆیە لە هەموو قورئاندا ئایەتێک نییە باس لەوە بکات کە یەکێک لە ئیسلام هەڵگەڕێتەوە دەکوژرێت، بەڵکو تەنها باسی ئەوەیە لە قیامەتدا ڕووبەڕووی سزا دەبێتەوە


سەرچاوەکان



3133 بینین