سپاردن - ودیعة

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-04-07-01:40:00 - کۆدی بابەت: 4246
سپاردن - ودیعة

ناوه‌ڕۆك

باسی سپاردن - ودیعة

دانانی شتێک لە لای کەسێک بۆ ئەوەی بیپارێزێ. شتی سپاردراو بە ئەمانەت دائەندرێ و پێی ئەگوترێ ئەمانەت، سوننەتە وەرگرتنی شت بە ئەمانەت بۆ هەر کەسێکی کە بتوانێ بە ئەرکی ئەمانەت هەڵبستێ دەربارەی ئەو شتە داندراوە، واتە: بتوانێ بیپارێزێ و خیانەتیش نەکات (عن أبی هریرة -رضي الله عنه-: وال النبی ﷺ: والله فی عون العبد مادام العبد فی عون أخیه) رواه مسلم، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی خوای گەورە هەمو کات یارمەتی بەندەی خۆی ئەدا، مادام بەندە یارمەتی برای خۆی دەدات.

ئەمیندارەکە تۆڵەی ئەمانەتەکەی ناکەوێتە سەر، ئەگەر لەناوچوو، یان کەم و کوڕی هێنا، تەنها بە دوژمنکاری و کەمتەرغەمی تۆڵەی ئەکەوێتە سەر، وەک بەبێ عوزر و بەبێ پرسی خاوەنەکەی لای یەکێکی تر دایبنێ، یان لەگەڵ خۆیا بیباتە سەفەر، یان لە شوێنێک بیگوازێتەوە بۆ شوێنێکی تر کە شتەکەی تێدا نەپارێزرێ، یان پاسیی لێ نەکا، یان لەلای دز و پیاوخراپ ئاشکرای بکا، یان بۆ خۆی بەکاری بێنێ، بە هەر یەکێک لەوانە تۆڵەی ئەکەوێتە سەر، قسەی ئەمیندارەکە، کە ئەمانەتەکەی لا داندراوە وەرئەگیرێ و باوەڕی پێ ئەکرێ ئەگەر سوێند بخوا، لە بارەی گەڕاندنەوەی بۆ خاوەنەکەی، هەروەها بە سوێند خواردن باوەڕی پێ ئەکرێ ئەگەر بڵێ ماڵە دزراوەکە، یان لەناوچووە، یان لێیان سەندم، ئەگەر گوتی ماڵەکەم داوەتەوە خاوەنەکەی. هیچ شاهیدیشی نەبوو، بە سوێند باوەڕی پێ ئەکەین، بەڵام ئەگەر گوتی ئەمانەتەکەم داوەتەوە میراتگرەکانی خاوەنەکە. یان میراتگرەکانی خاوەنەکە گوتیان ئەمانەتەکەمان داوەتەوە خاوەنەکەی. یان گوتی داومەتە یەکێکی تر ئەوانە بە سوێند باوەڕیان پێ ناکرێ و ئەبێ شاهیدیش هەبێ.

واجبە لەسەر ئەمیندارەکە ئەمانەتەکە بپارێزرێ لەو شوێنەی ئەو جۆرە شتەی لێ دائەندرێ و ئەپارێزرێ، کەوابوو ئەگەر لە شوێنێکی نالەبار داینا، ئینجا دزرا، یان لەناوچوو، یان کەموکوڕی هێنا، ئەوە تۆڵەی ئەکەوێتە سەر، بەلام ئەگەر لە شوێنێکی باش داینا و دزرا، یان زۆردارێک بردی، تۆڵەی ناکەوێتە سەر.

هەر کاتێک داوای لێکرا کە ئەمانەتەکە بداتەوە، ئینجا خاوەنەکەی داوای لێبکا، یان میراتگرەکانی خاوەنەکە، ئەویش ئەمانەتەکەی نەداوە، لەگەڵ ئەوەش توانای هەبوو بیداتەوە، هەر نەیداوە تا لەناوچوو، تۆڵەی ئەکەوێتە سەر، چونکە بە پێچەوانەی ئەم ئایەتە ڕەفتاری کردووە (إِنَّ اللَّهَ يَأْمُرُكُمْ أَن تُؤَدُّوا الْأَمَانَاتِ إِلَىٰ أَهْلِهَا) واتە خوای گەورە فەرمانتان پێ ئەکا ئەماتەکان بدەنەوە خاوەنەکانیان.

ئەرکی گەڕاندنەوەی ئەمانەتەکە لەسەر خاوەنەکەیەتی، ئەگەر خاوەنی ئەمانەتەکە مرد، یان قەرزی کەسێکی لەسەر بوو و خاوەن قەرزەکە مرد، یان ماڵێکی لە زۆردارێک وەرگرتەوە، یان لەناو دەریا، یان لەناو لافاو شتێکی هەڵگرتەوە، ئەگەر خاوەنی ئەو جۆرە شتانە، یان میراتگری خاوەنەکەی دیار بوو، ئەیاندرێتەوە، ئەگەر هیچیان نەبوون، ئەیداتەوە دەست قازی تاکو بۆ (بیت المال) سەرفی بکا، ئەگەر قازی نەبوو، یان فاسق بوو، ئەیداتەوە دەست پیاوێکی دادپەروەر و لێهاتوو، یان با هەر بە خۆی لە بەرژەوەندی موسوڵمانان سەرفی بکات.


سەرچاوەکان



591 بینین