پێغەمبەر محەمەد ﷺ

پێغەمبەر محەمەد ﷺ

له‌لایه‌ن: محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-07-07-17:32:00 - کۆدی بابەت: 142
پێغەمبەر محەمەد ﷺ

ناوه‌ڕۆك

محەمەد ﷺ

محەمەد ناوی تەواوی ئەبوقاسم محەمەد كوڕی عەبدوڵای كوڕی عەبدولموتەڵیبە، لە ڕۆژی 22/4/571 زایینی لەدایكبووە، یەكێكە لە پێغەمبەران و كۆتا دانەیانە كە نێردراوە بۆ هەردوو گرۆی مرۆڤ و پەری، وەك هەر پێغەمبەرێكی دیكە لەگەڵ ڕاسپاردنی لەلایەن خوداوە دەستی كردووە بە بانگەشە بۆ ئایینی تاكپەرستی و پەرستنی خودای گەورە و دەستهەڵگرتن لە بتپەرستی و جگەخوداپەرستی، ئەم پێغەمبەرە نەخوێندەوار بووە و بەوە جیادەكرێتەوە كۆتا پێغەمبەرە و هیچ كەسێك لەدوای ئەو نایەت لەلایەن خوداوە، پاكترین بونەوەری خودایە و باشترین مرۆڤی مێژووی مرۆڤایەتییەوە لە هەموو ڕوویەكەوە، لەگەڵ هاتنی ناویدا موسوڵمانان بە (صلى الله عليه وسلم) واتە: سڵاوی خودای لەسەر بێت ڕێزی دەگرن و یادی دەكەنەوە، لە قورئان و سوننەتدا هاتووە كە یادكردنەوە و سڵاو ناردن بۆی خەیرێكی یەكجار گەورەیە.

محەمەد ﷺ كاریگەرییەكی گەورەی لەسەر موسوڵمانان و بێباوەڕانی دونیاش داناوە، تەواوی كایەكانی ڕەوشتی بەكۆتا هێنا و نوێترین وەشانی ڕەوشتی گەیاند، لەدوای هاتنی ئەو ئەو كەسانەی شوێنی كەوتن گۆڕانكارییەك بەسەریاندا ڕوویدا كە بە تەواوی هەستی پێدەكرا لە هەموو ڕوویەكەوە.

موسوڵمانان لەدوای خودای گەورە بە خۆشەویستترین كەسی خۆیانی دەزانن و هەمیشە لە یادیانە، ناوی محەمەد ﷺ لە بانگ و وتەی ڕۆژانە و زیكرەكانیان دووبارە دەبێتەوە، لە ساڵیادی لەدایكبوونیشیدا ئاهەنگ دەگێڕن وەك سوپاسێك بۆ ئەوەی بووەتە فریادڕەسیان لەم دونیا و بەو هۆیەشەوە خواردن دابەش دەكرێ و سفرە و خوانی هەژاران پڕدەكرێت و یارمەتی دەدرێن.

محەمەد ﷺ هەمیشە وەسف كراوە لەلایەن دۆست و دوژمنانییەوە هەتاوەكو ئەمڕۆش، نووسەری جولەكە مایكل هارت وەك مەزنترین مرۆڤی مێژووی مرۆڤایەتی دەناسێت و دەڵێت: "تاكە مرۆڤ كە لە هەردوو لایەنی دونیایی و ئایینی سەركەوتوو بووە".

لە ناو باشترین پیاوانی مێژوو ناوی محەمەد ﷺ وەک یەکەمین و کاریگەرترین مرۆڤی زەوی دێت.

لەدایکبوون ١٢٢ـی ڕەبیعی یەکەمی ٥٣ ـی پێش زایینی / ٥٧١ زایینی
کۆچی دوایی ١٢ـی ڕەبیعی یەکەمی ١١ـی کۆچی/ ٦٣٢ زایینی
پیشە پێغەمبەر، فەرماندەی سەربازی، سەرۆکی دەوڵەت، شوانی مەڕ، بازرگان
پیرۆزە لەلای ئیسلام، بابی، بەهائی، قادیانی، کاودائی
بوون بە پێغەمبەر چل ساڵی
ماڵی سەرەکی ماڵی عائیشەی کچی ئەبوبەکری سدیق لە مزگەوتی نەبەوی
پەرچوو قورئانی پیرۆز
واژوو

ژیانی بە كورتی

لە ساڵی 571 لە شاری مەككە كە دەكەوێتە وڵاتی سعودیە لەدایكبووە، ئەو ساڵەی تێیدا لەدایكبووە پێی دەوترێت ساڵی فیل، بە هەتیوی لەدایكبووە و لە شەش ساڵیش دایكی لەدەست دەدات و بۆیە لەلای باپیری دەمێنێتەوە تاوەكو كۆچكردنی ئەو، دواتریش دەڕواتە لای مامی كە ناوی ئەبوتاڵیبە، كاری شوانی و بازرگانی كردووە، لە تەمەنی 25 ساڵی لەگەڵ خەدیجەی كچی خوەیلد هاوسەرگیری كردووە، لەپێش ئایینەكەی خۆیشی ڕەتی كردوەتەوە بت پەرست بێت یاخود هیچ شتێكی تر بپەرستێت و هەمیشە لە بیركردنەوەدا بووە بۆ پەرستنی شتێكی شیاو، لە تەمەنی 40 ساڵیدا لەلایەن خوداوە پەیامی پێدەگات و دەبێتە پێغەمبەر و بۆ ماوەی سێ ساڵ بە نهێنی بانگەشەی ئایینەكەی دەكات، دواتریش 10 ساڵ بە ئاشكرا دەمێنێتەوە لە شارەكەی خۆی تا ئەوەی ناچار دەبێت كۆچ بكات بۆ شارێكی دیكە بە ناوی مەدینە و خەڵكی ئەوێ ڕێزی دەگرن و پەیمانی لەگەڵ دەبەستن، شارستانی و دەسەڵاتێكی ئیسلامی دادەمەزرێنێت و كاردەكات بۆ سەرخستنی ئایینەكەی، دواتریش بەهۆی ئەمەوە هەموو عەرەب بۆ یەكەمین جار یەكی گرت لەسەر یەك ئایین و وڵاتێكی یەكگرتوو.

ئەو سەرچاوانەی ئاماژەیان بە ژیانی محەمەد ﷺ داوە

قورئان

قورئان سەرچاوەیەكی سەرەكی ژیانی پێغەمبەر محەمەد ﷺ، لەبەرئەوەی كۆنترین و باوەڕپێكراوترین كتێبە و خودا بەڵێنی داوە گۆڕانكاری لە پیتێكیشیدا نەكرێت، بۆیە هەتاوەكو ئەمڕۆ تەنیا ئەو كتێبە هەیە و هیچ وشەیەكی نەگۆڕاوە، قورئان كتێبێكە بە بەلاغەتێكی زۆر گەورەوە، بۆیە ژیانی پێغەمبەر تێیدا وەك چیرۆك باسنەكراوە بەڵكو زۆرجار بە ئاماژەیەكی خێرا و ناڕاستەوخۆ باسكراوە، باشترین سورەت بۆ ژیانی پێغەمبەر سورەتی (الاحزاب)ـە چونكە باس لە هاوسەرەكان و هاوڕێكانی و هەندێك لە جەنگەكانی دەكات.

كتێبەكانی فەرموودە

سیرەی ژیانی محەمەد ﷺ بە هاوكارییەكی گەورەی گێڕانەوەكانی فەرموودە نوسراوە، فەرموودەش لەگەڵ ئەوەی وتەی پێغەمبەرن ﷺ بەڵام باس لە ژیان و بڕیاردان و وێستگەكانی و هاوسەر و مامەڵە و جەنگ و چۆنیەتی بەجێهێنانی ئەركە ئایینیەكانی دەكات، زۆرجار فەرموودەكان لەپێش باسكردنیان بە چیرۆك دەست پێدەكەن بۆیە ئەوە یارمەتیدەری نووسینەوەی ژیانی پێغەمبەر بووە بۆ گرێدانی ڕووداوەكان یەك لە دوای یەك و نووسینەوەیان.

كۆنترین و بەناوبانگترین كتێبی فەرموودەش بریتییە لە (موطأ مالك) كە زۆرێك لە وێستگەكانی ژیانی محەمەدی ﷺ تێدایە، بە دڵنیاییشەوە ئەم فەرموودانە بێ كەموكوڕی نییە لە بوونی فەرموودەی لاواز بەڵام زۆرێكیان ڕاستكراونەتەوە و لابراون و ڕوونكردنەوەی لەسەر دراوە بۆیە ناسینەوەیان ئەوەندە كارێكی زەحمەت نییە.

كتێبەكانی سیرە و ژیاننامە

سەرەتاكانی دوای كۆچی دوایی پێغەمبەری خودا محەمەد ﷺ هاوەڵان تەنیا بە گێڕانەوە ژیانیان دەگێڕایەوە، یەكەمین كەس كە گرنگی بە نووسینەوەی ژیانی پێغەمبەر ﷺ داوە (عوڕوەی كوڕی زوبەیر) بووە، دواتریش (ئابانی كوڕی عوسمانی كوڕی عەفان)، دوای ئەویش (وەهەبی كوڕی منبە)، (شەرحەبیل كوڕی سەعد) و (ئیبن شەهاب زەهری)، هەرچەندە كتێبی ئەم كەسانە ئێستا هیچ چاپێكیان بەردەست نین، هەروەها دواتریش (محەمەد كوڕی ئیسحاق) كە لە ساڵی 152 كۆچی كۆچی دوایی كردووە، كە ژیاننامەكەی ئەو بە باشترینی ئەو سەردەمە دادەنرێت، بە بەردەوامی لێكۆڵەران و مێژوونوسانی ئیسلامی دەستیان كردووە بە لابردنی بیری دواكەوتوانە و ناڕاست و چیرۆكی ئەفسانەیی لە ژیانی محەمەد ﷺ تا ئەوەی گەیشتووە بەم چاپەی ئەمڕۆ.

ناوی تەواوی و بنەچەی

محەمەدی كوڕی عەبدوڵای كوڕی عەبدولموتەڵیب كوڕی هاشم كوڕی مەناف كوڕی قوسەی كوڕی كیلاب كوڕی كەعب كوڕی لوئەی كوڕی غالب كوڕی فهر كوڕی مالیك كوڕی النضر كوڕی قوڕەیش كوڕی كنانة كوڕی خزیمة كوڕی مدركة كوڕی ئیلیاس كوڕی مضر كوڕی نزار كوڕی مەعد كوڕی عەدنان تاوەكو دەگاتەوە بە ئیسماعیل كوڕی ئیبراهیم پێغەمبەر.

باوباپیران و پشتەكانی كەسانی بەهێز و بەناوبانگ بوون و هەموویان هاوسەرگیرییان بە شێوەیەكی یاسایی بووە و هیچ داوێنپیسییەك لەنێویان نییە.

باوكی

ناوی عەبدوڵایە و باشترین و بەڕێزترین كوڕی عەبدولموتەڵیب بووە، و بچووكترین كوڕی ماڵ بووە.

دایكی

ئامینەی كچی وەهب كوڕی عەبدولمەناف كوڕی زوهرە كوڕی كیلاب، باشترین كچی قوڕەیش بووە لە سەردەمی خۆیدا و خاوەن باشترین پشت و خێزان بووە، باوكیشی بەڕێزترین كەسی بەنی زوهرە بووە.

مامەكانی

  • عەباس
  • حەمزە
  • زوبەیر
  • موقووەم
  • حارث
  • غیداق
  • قوتم
  • عەبدولكەعبە
  • جەحل
  • ئەبولەهەب
  • ئەبوتاڵیب
  • ضرار

پورەكانی

  • عاتیكە
  • ئاروی
  • ئوم حەكیم
  • برة
  • صەفیە

لەدایكبوونی

بابەتی پەیوەندیدار: شوێنی لەدایکبوونی پێغەمبەر

دوای ئەوەی تەمەنی عەبدوڵا گەیشتە نزیكی 25 ساڵی هاوسەرگیری كرد و بووە خاوەنی منداڵێك، كاتێك محەمەد ﷺ تەمەنی دوو مانگ بوو لە سكی دایكیدا باوكی بۆ مەبەستی بازرگانی گەشت دەكات بۆ شام و لە ڕێگادا لە شاری مەدینە نەخۆش دەكەوێت و ماوەی مانگێك لەوێ دەمێنێتەوە و دواتر كۆچی دوایی دەكات و لە (دار النابغة) دەنێژرێت.

لەدوای خۆی پێنج وشتر و كۆمەڵێك مەڕ و خزمەتكارێكی ئەسیوبی (حەبەشی) بەناوی (بركة) كە پێی دەوترا ئوم ئەیمەن جێدەهێڵێت بۆ ئامینە.

لەدوای تەواوكردنی نۆ مانگ لە سكی دایكیدا محەمەدی كوڕی عەبدوڵا لەدایكدەبێت لە شیوی ئەبوتاڵیب لە ماڵی ئیبن یوسف، كاری مامانییەكەی لەلایەن دایكی عەبدولڕەحمانی كوڕی عەوفەوە بۆ ئەنجامدرا كە یەكێكە لە هاوەڵانی نزیكی پێغەمبەری خودا ﷺ.

لەدایكبوونەكەی كەوتە دووشەممەی 12ـی ڕەبیعولئەوەلی مانگی كۆچی، ڕۆژی لەدایكبوونی لەلای مێژوونووسان بە هەریەك لە ڕۆژەكانی 8 و 9 ـی مانگ دانراوە و ئەهلی سوننەش دەڵێن ڕۆژی 12ـی مانگ بووە، لە مەزهەبی شیعەشدا بە ڕۆژی 17ـی مانگ دانراوە لە ساڵی فیل.

كە دەكاتە 22ـی نیسانی ساڵی 571ـی زایینی.

هەندێك لەوانەی دەیگڕێنەوە وتویانە كە محەمەد ﷺ بە سوننەتكراوی لەدایكبووە، هەندێكیش دەڵێن باپیری لە ڕۆژی حەوتەمی لەدایكبوونی خەتەنەی كردووە، ئامینەی دایكی لەكاتی سكپڕی بە محەمەدەوە ئازاری زۆرێك لە ژنانی دیكەی نەبووە وەك قورسبوون، یاخود خواردنی خاك و هەندێك ڕەفتار لە لە سكپڕەكان دەبینرێن.

دواتریش باپیری ناوی محەمەدی بۆ هەڵدەبژێرێت كە ناوێكی تاكە و نموونەی نەبووە و بە واتای سوپاسكراو دێت.

کورتەیەکی مێژوویی ناوچەكە

لە ڕووی سیاسییەوە، نیمچەدوورگەی عەرەبی لێک هەڵوەشابوو، نە دەوڵەتێک یەکی ئەخست و نە حکومەتێک بەڕێوەی دەبرد، دەوڵەتە دێرینەکانی کە لە یەمەن و نەجد و دەورووبەری عێراق و شام بوون لێک هەڵوەشابوون، و ژیانی کۆچەری دەستی بەسەر شارەکانی حیجازدا گرتبوو، و هۆزەکان یەکەی سەرەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بوون.

لە ڕووی ئابووریەوە، دەشتەکییە عەرەبەکان پشتیان بە شوانکارەیی و کۆچکردن ئەبەست بۆ ئەو ناوچانەی ئاویان لێیە، ئەمەش بوو بووە هۆی شەڕ بۆ دەستکەوتنی پێداویستییەکان، بەڵام لە شارەکاندا چالاکی بازرگانی و کشتوکاڵی و پیشەسازی هەبوو، مەککە چالاکی بازرگانی تێیدا باڵادەست بوو و ڕێگەی بازرگانی نێوان شام و یەمەنی بەڕێوە ئەبرد، بەڵام مەدینە کشتوکاڵ تێیدا لە برەودا بوو بە هۆی باخی میوە و خورما و ترێوە.

عەرەب دیناری بیزەنتی و دەرهەمی فارسییان بەکاردەهێنا لە ئاڵوگۆڕی بازرگانیدا، بەڵام لە ڕووی پیشەسازییەوە مەدینە ناسرابوو بە داڕشتنی جوانکاری زێڕ و زیو، لەگەڵ دروستکردنی چەک و شمشێر و تیر و ڕم و زرێپۆش، هەروەها لە شارە عەرەبیەکاندا ئاسنگەری و زەڕەنگەری و دەباغچییەتی و چنین پەرەی سەند، هەروەها عەرەب چەند جۆرێک مامەڵەی داراییان ئەزانی وەک قەرز و ڕەهن و باج.

لە ڕووی ئایینییەوە، بت پەرستی نیمچەدوورگەی عەرەبی گرتبوویەوە بە شێوەیەکی گشتی، خواوەندێکیان ئەپەرست کە وەک بت دروستکران لە بەرد و تەختە، ژمارەیان ئەگەیشتە ٣٦٠ بت لە دەوری کەعبە، ئەو هۆزانە دەیانپەرستن کە دەهاتن بۆ حەج و قوربانی و نەزریان بۆ دەکردن، لەگەڵ ئەمانەشدا چەند دروشمێکیان لە پاشماوەی ئاینی ئیبراهیم بۆ مابوویەوە وەک بەرز ڕاگرتنی کەعبە، و سەردان کردنی، و حەج و عومرە، لە هەمان کاتدا چەند تاکێک هەبوون کە لەسەر ڕێبازی ئیبراهیم و ئیسماعیل بوون بە تەنها و ناسرابوون بە حەنەفییەکان، هەروەها چەند ئاینێکی تر هەبوو بە شێوەیکی دیاریکراو وەک جولەکە لە یەمەن و مەدینە، و مەسیحییەت لە نەجران و حیرە و دەوروبەری شام، و هەروەها بڵاوبونەوەیەکی دیاریکراوی ئاگرپەرستی هەبوو کە لە ئێرانەوە هاتبوون.

سەرەتای منداڵی

لەو سەردەمەدا عەرەب منداڵەكانیان دەنارد بۆ ناوچە دەشتاییەكان و گوندەكان بۆ فێربوونی سوارچاكی و بەهێزبوونی جەستەیان، كۆمەڵێكی زۆریش لەو كەسانەی لەو سەردەمە هاتن منداڵەكانیان برد و محەمەدی كوڕی عەبدوڵاش درا بە حەلیمەی كچی بەنی ذوئەیب بۆ ئەوەی بەخێوی بكا لەگەڵ كوڕەكەی خۆیدا كە ناوی (عەبدوڵا) بوو لە دۆڵی بەنی سەعد، حەلیمە و هاوسەرەكەی كە ناوی "حارثی كوڕی عەبدولعزی" بوو پێكەوە هاتنە مەككە و محەمەدیان لەگەڵ خۆیان برد، جگە لە عەبدوڵا خاوەنی دوو منداڵی دیكەبوون بە ناوەكانی "ئانیسە" و "حذافە"، ئەو سەردەمە دۆڵی بەنی سەعد بەهۆی وشكەساڵی و قاتییەوە دەیناڵاند، هەریەك لە حەلیمە و حارثی مێردی بە وشتر و گوێدرێژێكی لاواز هاتبوون، بەڵام لە كاتی گەڕانەوە هەریەك لە ئاژەڵەكان وزەیان چەند بەرامبەر دەبێت و بە بەهێزییەوە دەڕۆن، كاتێكیش دەگەنە نزیكی گوندەكەیان باران دەبارێت و گوانی مەڕ و ماڵاتەكانیان پڕ دەبێت لە شیر، ئەمەش دەبێتە هۆی سەرسوڕمانی حەلیمە و هاوسەرەكەی.

هەر چەند مانگ جارێك دەیهێننەوە بۆ مەككە بۆ سەردانی دایكی، و دوای تێپەڕاندنی دوو ساڵی حەلیمە دەیگەڕێنێتەوە بۆ مەككە بە یەكجاری بەڵام كاتێك بۆی دەردەكەوێت كە پەتا لە مەككە بڵاوبۆتەوە داوا لە ئامینە دەكات بیگەڕێنێتەوە بۆ گوند بۆ ئەوەی پارێزراو بێت، دایكیشی قبووڵی دەكات.

ڕووداوی كرانەوەی سنگی

لە دوای تەمەنی چوار پێنج ساڵی ڕۆژێك لە گوند لەگەڵ منداڵان یاری دەكات و جوبرەئیل كە یەكێكە لە فریشتەكان سەردانی دەكات و سنگی محەمەد لەت دەكات و دڵی دەردەهێنێت و لە قاپێكی زێڕیندا دەیشواتەوە بە ئاوی زەمزەم و بەشێكی لێدەكاتەوە و پێی دەڵێت كە ئەوە ئارەزووی شەیتانییە لە ناختدا و لێی دووردەخاتەوە، دواتریش دڵی دەخاتەوە شوێن خۆی و سنگیشی چارەسەر دەكات، منداڵەكانیش بە بینینی ئەو ڕووداوە دەگەڕێنەوە بۆلای حەلیمە و دەڵێن محەمەد كوژرا، بەڵام كاتێك دێنە سەری دەبینن ڕووی كراوەتر بووە و كێشەی نییە، ئەم فەرموودەیەش لەلایەن موسلیمەوە ڕیوایەت كراوە.

ئەنەسی كوڕی مالیك دەفەرموێت كاتێك پێغەمبەرم بەبێ جلوبەرگی سەرەوە دەبینی شوێنی بڕینەكەی سنگی هێشتا ئاشكرابوو.

كۆچی دوایی دایكی

لە ساڵی شەشەمی تەمەنیدا لە كاتی گەشتكردن بۆ ماڵی خاڵەكانی لە بەنی عودەی كوڕی نەجار لە شوێنێك بەناوی "الأبواء"، ئامینەی دایكی لە ڕێگای گەشتكردن كۆچی دوایی دەكات، بۆیە بۆ ماوەی دوو ساڵ لەلای باپیری دەمێنێتەوە و لە تەمەنی هەشت ساڵیش باپیری كۆچی دوایی دەكات و لە سەرەمەرگدا محەمەد دەسپێرێت بە ئەبوتاڵیبی مامی.

بابەتی پەیوەندیدار: ژیان لەگەڵ باپیری

تەمەنی گەنجی

دوای كۆچی دوایی باپیری محەمەد ﷺ لەلای مامی دەمایەوە، بەڵام لەبەرئەوەی مامی پارەیەكی زۆری نەبوو بۆیە محەمەد دەستی كرد بە كاری شوانی بەرامبەر بە بڕێك پارە، پێغەمبەری خوا دەفەرموێت: "هیچ پێغەمبەرێك نەهاتووە لە پێش من كاری شوانی نەكردبێت، منیش كردوومە بەرامبەر كۆمەڵێك درهەم بۆ خەڵكی مەككە".

لە تەمەنی دوانزە ساڵی لەگەڵ ئەبوتاڵیبی مامی بە مەبەستی بازرگانی گەشت دەكات بۆ وڵاتی شام، لە نزیك "بصری" لە ڕۆژئاوای شام دەگەن بە ڕاهیبێك بەناوی "بوحەیرا" كە زانابوو لە كتێبی ئینجیلدا، كاتێك محەمەد ﷺ دەبینێت سەیری دەكات و لێی ورد دەبێتەوە و دواتر بە ئەبوتاڵیبی مامی دەڵێت: "برازاكەت بگەڕێنەرەوە بۆ شارەكەی خۆت با جولەكەكان نەیبینن، چونكە گەر بیناسنەوە زیانی پێدەگەیەنن، برازاكەت ئەركێكی زۆر سەختی لەسەر شانە كە لە كتێبەكەماندا هاتووە و لە باوباپیرمانەوە بۆمان ماوەتەوە".

هەر لە تەمەنی گەنجیدا محەمەدی كوڕی عەبدوڵا ﷺ بە نازناوی "دەستپاك" ناسرا، و خەڵكی سپاردەكانی خۆیان دەبرد بۆی تاوەكو بیپارێزێت، هەرگیز لە گەنجیشدا نوێژ و نزای بۆ بتەكان نەكردووە و لە یاری و خۆشبارییە ڕێگەپێنەدراوەكانیان كە لەو سەردەمەدا باو بوو بەشداری نەكردووە، لە تەمەنی چواردە ساڵیشدا كاتێك شەڕی فیجار دروست دەبێت لە نێوان كەنانە و قیس وعیلان، محەمەد ﷺ لە شەڕەكەدا بەشداری كرد لە بەرەی كەنانە چونكە قوڕەیش لە نەوەی كەنانەن.

لەو جەنگەدا كە بە گەورەیی دەڵێت لێی پەشیمان بووە، تیری كۆكردوەتەوە و لەبەر مامەكانی بەشداری كردووە.

هەروەها لە پەیمانێك بەناوی "حلف الفضول" كە دوای مانگێك لە شەڕی فیجار بەسترا لە ماڵی عەبدوڵای كوڕی جدعان بۆ پاراستنی بێهێز و ستەملێكراوان، پێغەمبەر دەفەرموێت: "لەو پەیماننامەدا بەشداربووم لە ماڵی عەبدوڵای كوڕی جدعان، كە ئەگەر لە سەردەمی ئیسلامیش شتێكی وا بكرایە بەشداریم دەكرد".

بونیادنانەوەی كەعبە

لە سەرەتای بیستەكانی تەمەنیدا لافاوێك لە مەككە دەدات و دەبێتە هۆی ڕووخانی بەشێكی كەعبە، بۆیە خەڵكی مەككەش بڕیار دەدەن بونیادی بنێنەوە، بەڵام لە ساتی دانانەوەی بەردە ڕەشەكەدا كێشە دەكەوێتە نێوانیان كە كێ ئەو بەردە دابنێتەوە، بۆیە بڕیار دەدەن هەركەس كە یەكەمین كەس دەربكەوێت ئەو بیخاتەوە شوێنی خۆی، یەكەمین كەس لەو كاتەدا كە هاتە شوێنەكە محەمەدی كوڕی عەبدوڵا ﷺ بوو كە ئەوكات تەمەنی 23 ساڵ بوو، هەر كە بینیان وتیان "ئەوە دەستپاك هات، ئێمە ڕازین"، كاتێك هات عەباكەی دانا و بەردەكەیان خستە ناوی و وتی هەر هۆزێك بەشێكی عەباكە هەڵبگرێت و بەرزی بكاتەوە و خۆی بە دەستەكانی بەردەكەی خستەوە شوێنی خۆی، بەمەش هەموو هۆزێك بەشداربوو لەو كارەدا.

هاوسەرگیری لەگەڵ خەدیجە

خەدیجەی كچی خوەیلد ئافرەتێكی بازرگانی بەڕێزی شاری مەككە بوو، كاتێك ناوبانگی محەمەدی بیست لە دەستپاكیدا بانگهێشتی كرد بۆ ئەوەی كاروانێكی بەڕێبكات بۆ شام و لە پاداشتیدا باشترینی پێببەخشێت لەوەی تا ئێستا بە هەر بازرگانێكی دیكەی بەخشیوە.

محەمەد ﷺ كاروانەكەی خەدیجە بەڕێدەكات و بەردەستێكی خەدیجەش لەگەڵ خۆی دەبات بەناوی "مەیسەرە"، دوای ئەوەی دەگاتە ناوچەی "بصری" لە شام و لە ژێر سێبەری درەختێك لە نزیك نوێژگەی ڕاهیبێك بەناوی "نەستوڕا" دەمێننەوە، ڕاهیبەكە دێتە دەرەوە بە مەیسەرە دەڵێت "بەدڵنیاییەوە هەركەس لە ژێر ئەم سێبەرە دانیشتووە پێغەمبەرە".

مەیسەرە دەیبینی كاتێك ئەوان گەرمایەكی زۆریان دەبوو، سێبەرێك هەمیشە لەسەر وشترەكەی محەمەد ﷺ بوو و دەیپاراست لە تیشكی گەرمای ڕۆژ، ئەمە و چەندین ڕەفتاری دیكەی سەرنجی مەیسەرەی ڕاكێشابوو.

كاتێك گەڕانەوە قازانجی كاروانەكە دوو ئەوەندەی ئەوەبوو كە چاوەڕواندەكرا، دوای ئەوە خەدیجە لەڕێگای هاوڕێیەكیەوە بەناوی "نەفسیەی كچی مەنیە" داوای هاوسەرگیری لە محەمەد ﷺ دەكات و ئەویش ڕازی دەبێت و بە مامەكانی ڕادەگەیەنێت، لەگەڵ حەمزەی مامی دەڕۆنە خوازبێنی و داوای خەدیجە لە عەمڕی كوڕی ئەسەدی مامی دەكەن، ئەویش ڕازی دەبێت بە مارەیی 10 خلۆكە، لەو كاتەشدا محەمەد تەمەنی 25 ساڵ بوو، تەمەنی خەدیجەش 40 ساڵ بوو (هەندێكی كەمیش دەڵێن 28 ساڵ بووە)، و پێکەوە بۆ ماوەی ٢٥ ساڵ ژیاون.

هەموو منداڵەكانی پێغەمبەر لە خەدیجەی خێزانیەوەتی جگە لە ئیبراهیم، كاتێكیش لەگەڵ خەدیجە هاوسەرگیری كرد ئوم ئەیمەنی بەخێوكەری منداڵی خۆی كە كەنیزەكی ئەبولەهەب بوو لە كۆیلەیی ڕزگاركرد و لەگەڵ "عوبەیدی كوڕی زەیدی كوڕی حارث" ڕێكی خستن و هاوسەرگیرییان كرد.

پێغەمبەرایەتی

خودای گەورە هەر پێغەمبەرێكی ناردبێت، موژدەی كۆتا پێغەمبەری پێداوە كە محەمەدی كوڕی عەبدوڵایە ﷺ، پێغەمبەر دەفەرموێت: "من بانگەوازی ئیبراهیمی باوكمم و مژدەی عیسام"، زۆرێك لە حاخام و قەشەكانی ئەو سەردەمەش دەیانزانی پێغەمبەرێك دێت و بەو پێیەی لە ئایینەكانیان ناسرابوو.

سروش

پێش ئەوەی سروشی بۆ دابەزێت و موژدەی پێغەمبەرایەتی پێبدرێت، چەندین ساڵ بەردەوام دەچووە ئەشكەوت و بە تەنیا بیری دەكردەوە دەربارەی دروستكراوەكانی گەردوون و خەڵكی و مرۆڤ و ئەندام و جەستە و دەروونیان، ئەم كارەش بۆ چەندین ڕۆژ و مانگ بەردەوام بوو و كاری ماوەیەكی كاتی نەبووە، تا ئەوەی لە تەمەنی چل ساڵی كاتێك لە ئەشكەوتی حیراء بوو لە شاخی نور كە زیاتر لە سێ كیلۆمەتر لە مەككەوە دوورە، بە جۆرێك خۆراك و پێویستی حەوانەوەی بردبوو كە ماوەی مانگێك بمێنێتەوە، لە شەوێك لە شەوەكانی ڕەمەزان كە دەوترێت 17 یان 24ـی ڕەمەزان بووە لە ساڵی 610ـی زایینی، فریشتەیەك بە پەیامێكی ئاسمانییەوە دادەبەزێت و قسە لەگەڵ محەمەد دەكات بەمشێوەیە:

"ئەو فریشتەیەی كە دادەبەزێت لەدوای گەیاندنی پەیامەكەی خۆی دەناسێنێت و دەڵێت كە من "جوبرەئیل"ـم، فریشتەكە ئەوەندە ڕووناكی زۆر بووە وەك سپێدەی بەیان درەوشاوەتەوە، كاتێك دێتە ئەشكەوتەكە پێی دەڵێت: "بخوێنە"، محەمەدیش دەڵێت "من خوێندەوار نیم"، ئەویش باوەشی پێدا دەكات و دەڵێت "بخوێنە"، محەمەد دووبارە دەڵێت "خوێندەواریم نییە"، بۆ جاری سێیەم دەڵێت "بخوێنە"، ئەویش دەفەرموێت "خوێندەوار نیم".

دوای ئەوەش فریشتەكە دەفەرموێت: اقْرَأْ بِاسْمِ رَبِّكَ الَّذِي خَلَقَ ۝ خَلَقَ الْإِنْسَانَ مِنْ عَلَقٍ ۝ اقْرَأْ وَرَبُّكَ الْأَكْرَمُ ۝ الَّذِي عَلَّمَ بِالْقَلَمِ ۝ عَلَّمَ الْإِنْسَانَ مَا لَمْ يَعْلَمْ۝، واتە:

" ئه‌ی محمد - صلی الله علیه وسلم - بخوێنه‌ به‌ناوی په‌روه‌ردگاری هه‌ره‌ به‌ڕێزته‌وه‌ ئه‌و په‌روه‌ردگاره‌ی كه‌ هه‌موو شتێكی دروست كردووه‌، سه‌ره‌تا مرۆڤی دروست كردووه‌ له‌ دڵۆپه‌ ئاوێك پاشان بووه‌ به‌ خوێنێكی مه‌یوو، بخوێنه‌ به‌ناوی په‌روه‌ردگاری هه‌ره‌ به‌ڕێزته‌وه‌، كه‌ به‌هۆی قه‌ڵه‌مه‌وه‌ خه‌ڵكی فێری هه‌موو شتێك كردووه‌ له‌ نووسین و خوێنده‌واری، ئه‌وه‌ى كه‌ مرۆڤ نه‌یزانیوه‌ خوای گه‌وره‌ به‌هۆی قه‌ڵه‌م و زانیارییه‌وه‌ هه‌موو شتێكی فێر كردوون".

دوای ئەم ڕووداوە پێغەمبەر بە خێرایی دەگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە بۆلای خەدیجە و لە كاتێكدا كە زۆر ترساوە و ڕەنگی گۆڕاوە و دەلەرزێت دەفەرموێت: "دامبپۆشن، دامبپۆشن"، دوای ئەوە ترسەكەی نامێنێت ڕووداوەكە بۆ خەدیجەی خێزانی دەگێڕێتەوە و دەفەرموێت: "زۆر لە خۆم ترسام"، خەدیجەش دەڵێت: "خودا هەرگیز پشتت لێناكات، تۆ بەسۆزیت، یارمەتی هەژاران دەدەیت، پشتی ستەملێكراو دەگریت و لەسەر ڕێگای ڕاستیت، لەدوای ئەمە خەدیجە لەگەڵ خۆی دەیبات بۆ ماڵی وەرەقەی كوڕی نەوفلی كوڕی ئەسەدی كوڕی عەبدولعزی، كە ئامۆزای خەدیجەبوو، کە کەسێکی مەسیحی بوو و پەرتووكی عیبرانی دەخوێندەوە و كەسێكی نابینابوو.

دوای ئەوەی ڕووداوەكەی بۆ دەگێڕنەوە وەرەقە دەڵێت: "ئەمە هەمان پەیامە كە نێردراوە بۆ موسا، خۆزگە زیندوو دەبووم ئەو كاتەی هۆزەكەت لە شاری خۆت ئاوارەت دەكەن، پێغەمبەریش دەفەرموێت: "بۆ دەردەكرێم؟"، ئەویش دەڵێت: "هیچ كەسێك بەو پەیامەی تۆ نەهاتووە و دوژمنایەتی نەكرێت".

لەدوای ئەم ڕووداوەوە ماوەیەك سروشی بۆ نەهات، و دوای ئەوە هەریەك لە سەرەتای سورەتەكانی "القلم، المدثر، المزمل، الضحی، اللیل" دابەزین، چۆنیەتی دابەزینیشیان دەوترێت هەندێكجار فریشتەیەك لە شێوەی كەسێكدا هاتووە و پێی وتووە، هەندێكجاریش وەك دەنگی زەنگۆڵەیەك لە گوێیدا زرنگاوەتەوە و كە ئەوە زۆر بە ئازار بووە، كاتێكیش كە سروشی بۆ دابەزیووە ئارەقەیەكی زۆری كردوەتەوە و لەرز دایگرتووە.

سەرەتای بانگەواز

پێغەمبەر موحەمەد ﷺ بۆ تەواوی مرۆڤایەتی نێردراوە بەبێ جیاوازی، وەک خۆی دەفەرموێ ئەو پێغەمبەری زیندوو و ئەوانەشە کە لە دوای خۆی دێن، لە دوای دابەزینی ئایەتەکانی سورەتی المدثر فرمان هات بۆ بانگەوازی هەموو چینێک بۆ ئیسلام لە هەژار و دەوڵەمەند و ئازاد و کۆیلە و ژن و پیاو و گەورە و بچووک، یەکەمین کەس کە باوەڕی هێناوە بە پێغەمبەرایەتی موحەمەد ﷺ، خەدیجەی خێزانی بووە، دوای ئەویش عەلی کوڕی مامی بووە لە تەمەنی ١٠ ساڵی.

دوای ئەوانیش زەیدی کوڕی حارث باوەڕی هێنا کە ئەوکات لە ماڵی پێغەمبەر دەمایەوە و هەڵیگرتبوویەوە، لە دوای ئەویش نزیکترین هاوڕێی واتە ئەبوبەکری ڕاستگۆ باوەڕی هێناوە، دوای ئەوەی باوەڕیشی هێنا یەکەمین کەس بوو کە ئاشکرای کرد لە مەککەدا و بەوەش دەبێتە یەکەمین کەس کە ئایینەکەی ئاشکرا بکات لە مێژووی ئیسلامدا لەدوای پێغەمبەر.

ئەبوبەکر لەگەڵ باوەڕهێنانیدا دەستی کرد بە بانگەواز بۆ ئایینە نوێیەکە و لەسەر دەستی ئەو هەریەک لە (عوسمانی کوڕی عەففان، عەبدولڕەحمانی کوڕی عەوف، تەڵحە کوڕی عوبەیدوڵڵا، زوبەیری کوڕی عەوام، سەعدی کوڕی ئەبی وەقاس) باوەڕیان هێناوە.

بۆ ماوەی سێ ساڵ پێغەمبەر و یاوەرانی بە نهێنی بانگەوازیان دەستپێکرد و خەڵکی مەککەیان ئاگادار دەکردەوە، یەکەمین ئەو فرمانانەی کە دابەزین نوێژکردن بوو کە لە بەیانیدا ٢ ڕکات و لە عیشادا ٢ ڕکات بوو، لەو ماوەیەشدا بە نهێنی کۆدەبوونەوە و چاویان بە پێغەمبەر دەکەوت، بەڵام دوای ئەوەی ژمارەیان گەشتە ٣٠ کەس لە ژنان و پیاوان، پێغەمبەر ماڵی (ئەرقەمی کوڕی ئەرقەم)ـی بۆ دیاری کردن بۆ کۆبوونەوە کە لەسەر شاخی سەفا بوو، بۆ ئاگادارکردنەوەیان لە پێشهات و فرمانی نوێیەکان.

لە دوای ئەوەی ژمارەیان گەشتە ٤٠ کەس لە پیاوان و ژنان، فرمانی خودا هات کە پەیامەکە ئاشکرا بکرێت و ماوەی بانگەوازی نهێنی تەنیا ٣ ساڵ بوو.

بانگەوازی ئاشکرا

دوای تێپەڕینی سێ ساڵ بەسەر هاتنی ئایینی ئیسلامدا فرمانی خودا هات کە پەیامەکە ئاشکرا بکرێت بە ئایەتی " وأنذر عشيرتك الأقربين" واتە: خزم و كەسوكارە نزیكەكانت ئاگادار بكەوە.

لە دوای ئەمەش پێغەمبەر هاوەڵانی خۆی ئاگادارکردەوە و ڕۆژی دواتر لەسەر کێوی سەفا هاواری کرد لە خەڵکی مەککە:

"ئەی خەڵکی قوڕەیش! ئەوانیش وتیان : چیت دەوێ موحەمەد؟

فەرمووی: گەر بڵێم لە پشت ئەم کێوە کۆمەڵێک سوارچاک ڕاوەستاون هێرش بکەنە سەرتان باوەڕ دەکەن؟

وتیان : بەڵێ، تۆ هەرگیز درۆ ناکەیت و جگە لە ڕاستی هیچمان لێت نەبیستووە.

فەرمووی: ئەی هۆزی عەبدولمەناف، ئەی هۆزی بەنی زوهرە، ئەی هۆزی بەنی عەبدولموطەلیب، خودای گەورە فرمانی پێکردووم کە هۆز و خزمەکانم ئاگادار بکەمەوە و باوەڕ بهێنن و بڵێن هیچ خودایەک نییە جگە لە الله."

لەو کاتەدا "ئەبولەهەب"ـی مامی وتی : دەستت بشکێ ڕۆژەکەت لێ کوشتین(کاتت گرتین)، لەبەر ئەمە ئێمەت کۆکردەوە؟

لە دوای ئەو قسەی مامی، خودای گەورە بە ئایەتی "تبت يدا أبي لهب وتب" "واتە: دەستەکانی ئەبولەهەب بشکێت"، توڕەیی خۆی دەرخست و موژدەی ئاگری دۆزەخی بە مامی بەخشی.

هەندێک لە زانایان دەڵێن کە دەستدرێژییەکانی قوڕەیش لەو کاتەوە دەستی پێکردووە کە ئیسلام ئاشکرا کراوە، بەڵام هەندێکیان دەڵێن تا ئەو کاتەی کە موحەمەد ﷺ دژی بتەکان نەوەستا ئەوان کێشەیان نەبووە.

یەکەمین ئەو کەسانەی کە ئایینەکەیان ئاشکرا کرد بە ڕیوایەتی ئیبن مەسعود ٧ کەسن: پێغەمبەری خودا ﷺ، ئەبوبەکر، بیلال، خەباب، سوهەیب، عەممار، سومەییە.

هەریەک لەوانەش تووشی دژایەتییەکی زۆر بوونەوە و ئەشکەنجە دران، بیلال بەرد خرایە سەر زگی تاوەکو پەشیمان بێتەوە، سومەییەی دایکی عەمماریش ئەشکەنجە درا و بە دەستی ئەبوجەهل کوژرا و بووە یەکەمین شەهیدی ئیسلام.

تەنانەت پێغەمبەر خۆی چەندین جار هێرشی کراوەتە سەر، وەک ئەوەی عەبدوڵڵای کوڕی عەمر دەیگێڕێتەوە و دەڵێت: کاتێک پێغەمبەری خوا ﷺ لە کەعبەدا نوێژی دەکرد، عوقبەی کوڕی ئەبی موعەیط بە عەباکەی ملی پێغەمبەری گرت و خنکاندی، بۆیە ئەبوبەکر ڕۆشتە پێشەوە و بەرگری لێکرد و فەرمووی :"ئایا کەسێک دەکوژن کە تەنیا دەڵێت خودای من اللەیە و بەڵگەی ئاشکرای بۆ هێناون لە ئاسمانەکانەوە؟!".

ئەو کەسانەی زۆرترین هێرشیان کردووەتە سەر پێغەمبەری خودا

  • ئەبوجەهل
  • ئەبولەهەب
  • ئەسوەد کوڕی عبد یغوث
  • حارث کوڕی قیس کوڕی عدی
  • وەلیدی کوڕی موغیرە
  • ئومەییەی کوڕی خەلەف
  • عوقبەی کوڕی ئەبی موعەیط

تەنانەت پێغەمبەری خودا دوعای لە هەندێکیان کرد و فەرمووی: "خودایە تۆ دەدەم بە گژی عەمری کوڕی هاشم و عوتبەی کوڕی ڕەبیعە و شەیبەی کوڕی ڕەبیعە و وەلیدی کوڕی عوتبە و ئومەییەی کوڕی خەلەف و عوقبەی کوڕی ئەبی موعەیط و عەمارەی کوڕی وەلید دا".

دواتر قوڕەیش ڕێگای ئاشتی و دانوستانی گرتە بەر بۆ ڕێگری لە بڵاوکردنەوەی پەیامەکەی، بۆیە عوتبەی کوڕی ڕەبیعەیان نارد بۆلای کە یەکێک لە گەورەکانی مەککە بوو، بەڵام کاتێک قورئانی بیست گەڕایەوە و وتی:"بە گوێم بکەن واز لەم پیاوە و پەیامەکەی بهێنن، سوێند بە الله پەیامێکی گەورەی پێیە، گەر کەسێکی درۆزن بێت ئەوە لە ئێمە نییە و دوور کەوتۆتەوە لێمان، ئەگەر ڕاستیشی کرد ئەوە موڵکی ئەو هی ئێوەشە".

دواتر ویستیان بە پێدانی سەروەت و موڵک و ماڵ و پلە ڕێگری لێ بکەن، ئەو کاتەش هێشتا ئەبوتاڵیبی مامی کۆچی دوایی نەکردبوو چەندین جار بە مامیان وت، بۆیە مامی لە کۆتاییدا بە پێغەمبەری وت:"برازاکەم، هۆزەکەم هاتوون و ئاوا و ئاوا دەڵێن، بۆیە وازبێنە و کارێک مەکە کە نە من بەرگەی بگرم نە تۆ، ئەو قسانەش مەکە کە هۆزەکەت ڕقیان لێیەتی".

پێغەمبەریش فەرمووی: "مامە گیان، گەر خۆر بخەنە لای ڕاستم و مانگیش بخەنە لای چەپم، واز لەم کارەم ناهێنم یان خودا سەری دەخات یان لەم پێناوەدا تیادەچم".

دوای قسەکانیشی دەستی کرد بە گریان، بۆیە مامی پێیوت: "برازاکەم، لەسەر کارەکەت بەردەوام بە و ئەوەی پێت خۆشە بیکە، سوێند بە الله ڕادەستی کەست ناکەم".

گەمارۆی بەنی هاشم

دوای موسوڵمان بوونی عومەری کوڕی خەتاب و حەمزەی مامی پێغەمبەر، و دوابەدوای وەرگرتنی موسوڵمانانی کۆچکردوو لەلایەن نەجاشی پاشای حەبەشەوە، ترسی قوڕەیش لە پەیامی ئیسلام زیاتر بوو، بۆیە کۆبوونەوە و بڕیاری کوشتنی پێغەمبەریان دا، بەڵام بەنی هاشمی هۆزەکەی پێغەمبەر ڕەتیانکردەوە و بڕیاریاندا بە موسوڵمان و ناموسوڵمانەوە (جگە لە ئەبولەهەب) پارێزگاری لێبکەن.

کاتێک قوڕەیشییەکان ئەمەیان بیست، بڕیاریاندا دژیان بوەستنەوە و هاوسەرگیری و کڕین و فرۆشتن و گفتوگۆ و دانیشتن لەگەڵیان بوەستێنن، تا ئەو کاتەی بڕیار دەدەن پێغەمبەر بدەن بە دەستەوە، قوڕەیشیەکان و نەوەی کنانە یەکیانگرت و ئەم بڕیارەیان لەسەر پارچە کاغەزێک نووسی و لەسەر دیواری کەعبە هەڵیانواسی.

ئەو کەسەی بڕیارەکەی نووسییەوە "مەنسوڕی کوڕی عەکرەمەی عەبدەری" بوو، دوای ئەوە پێغەمبەر دوعای لێدەکات و بەهۆیەوە هەردوو دەستی ئیفلیج دەبێ، بەنی هاشم لە شیوێکدا بەناوی "شیوی ئەبوتاڵیب" گەمارۆدا و بڕیارەکەیان لەسەر جێبەجێکردن لە ساڵی حەوتەمی بانگەوازدا.

گەمارۆکە ئەوەندە لەسەریان قورس بوو کە هانایان برد بۆ خواردنی گەڵای دارەکان، دەنگی گریانی کۆرپەکانیشیان لە مەککەوە دەبیسترا، و ئەمەش بۆ ماوەی سێ ساڵ بەردەوام بوو.

٥ کەس لە گەورەکانی قوڕەیش هەوڵی ئەوەیاندا بڕیارەکە هەڵبوەشێننەوە، یەکەمین کەسیان هیشامی کوڕی عەمر بوو کە پێشتریش لە شەودا و بە نهێنی خواردنی بۆ گەمارۆدراوان دەبرد، هەروەها لەگەڵ زوهەیری کوڕی ئومییە و موتعیمی کوڕی عدی و ئەبو بختری کوڕی هیشام و زوعمەی کوڕی ئەسوەد.

پێغەمبەری خودا لەلایەن خوداوە ئاگادار کرایەوە و ئەویش بە مامیدا پەیامێکی نارد بۆ قوڕەیشییەکان و مامی هاواری لە خەڵکەکە کرد و وتی: "برازاکەم کە هەرگیز درۆی لەگەڵ نەکردووم پێی وتم خودای گەورە مۆرانەیەکی ناردووە بۆ ئەو کاغەزەی کە بڕیارەکەتان پێ نووسیوەتەوە و هیچی لێ نەماوەتەوە جگە لە ناوی خودا، جا ئەگەر برازاکەم ڕاستی کرد دەبێ واز لە گەمارۆکەتان بهێنن، گەر درۆی کرد پێتان دەبەخشم و بیکوژن"، ئەوانیش وتیان ڕازین، کاتێک کەسێکیان نارد بۆ سەیرکردنی کاغەزەکە هیچ شتێکی لێ نەمابوویەوە جگە لە وشەی "بە ناوی خودا"، دوای ئەوە موتعیمی کوڕی عدی چووە پێشەوە و کاغەزەکەی دڕاند و داوای لە نەوەکانی هاشم کرد بێنە دەرەوە لە شیوەکە و دوای سێ ساڵ و لە ساڵی دەیەمی کۆچی گەمارۆی سەر بەنی هاشم کۆتایی هات.

ساڵی دڵتەنگی

لە ساڵی دەیەمی کۆچی و بە چەند مانگێکی کەم لە دوای شکاندنی گەمارۆی سەر بەنی هاشم ئەبوتاڵیبی مامی پێغەمبەر کۆچی دوایی کرد و هەتا ئەوکاتەی کە گیانی سپارد باوەڕی نەهێنا، بەڵام هەمیشە پشتیوان و پاڵپشتی موسوڵمانان بوو، بەمەش ئەو کەسەی کە ڕێگری لە لەناوبردنی موحەمەد دەکرد بۆ قوڕەیشییەکان نەما.

لە دوای نزیکەی ٢ مانگ لە کۆچی دوایی ئەبوتاڵیب، خەدیجەی خێزانی پێغەمبەر و دایکی ئیمانداران کۆچی دوایی دەکات لە تەمەنی ٦٥ ساڵیدا و لە مەککە بە خاک دەسپێردرێت، دوای کۆچی دوایی مام و هاوسەرەکەی پێغەمبەری خودا ﷺ خەفەت دایدەگرێت و لەبەر ئەوەش ئەو ساڵی ناو دەبرێت بە ساڵی دڵتەنگی.

خێزانی دووەمی پێغەمبەری خودا لە دوای خەدیجە (سەودەی کچی زەعمە) دەبێ کە موسوڵمانێکە لەوانەی کۆچیان کردووە بۆ حەبەشە و لە حەبەشە مێردەکەی کۆچی دوایی دەکات و دەگەڕێتەوە بۆ مەککە.

کۆچکردن بۆ تائیف

دوای ئەوەی هێرشی قوڕەیشییەکان بۆ سەر پێغەمبەر زیاتر بوو، بڕیاری دا بە یاوەری زەید کۆچ بکات بۆ شاری تائیف بۆ لای هۆزی ثەقیف بۆ ئەوەی بانگەوازیان پێ بگەیەنێت، بەبێ وڵاخ و سواری پێکەوە بەڕێکەوتن و ١٠ ڕۆژ لەوێ مانەوە لە ساڵی دەیەمی بانگەواز.

لەو ماوەدا هیچکەسێک نەهات بە هانایانەوە و هەمووان پشتیان تێکرد، دواتریش گەورەکان منداڵ و شێتەکانیان کۆکردەوە و بەردبارانیان کردن و لە شارەکە دەریانکردن، لەم ئەشکەنجەدانەدا زەید بەردەوام خۆی دەخستە پشت و پێشی پێغەمبەرەوە ﷺ بۆ ئەوەی بەردی بەرنەکەوێت، بەڵام هەردوو قاچی پێغەمبەر ﷺ خوێناوی و سەری زەیدیش شکا، دوای ئەوەی لە شارەکەش دەرچوون پەنایان بردە بەر سێبەر درەختی باخی عوتبەی کوڕی ڕەبیعە و شەیبەی کوڕی ڕەبیعە کە چوار کیلۆمەتر لە تائیفەوە دوورە، خزمەتکاری باخەکە کە ناوی عەداس بوو، کەسێکی مەسیحی بوو کۆمەڵێک ترێی لێکردەوە و پێشکەشی کردن، کاتێک بیستی پێغەمبەری خودا پێش خواردنی ترێیەکە فەرمووی "بەناوی خودا"، عەداس سەیری لێهات و وتی:

"سوێند بە خوا خەڵکی ئەم وڵاتە ئەو قسەیە ناکەن"

پێغەمبەریش دەفەرموێت : "ئەی مەگەر تۆ خەڵکی کوێی و ئایینت چییە؟"

وتی: "خەڵکی نەینەوام، و مەسیحیم"

پێغەمبەریش فەرمووی :"لە گوندەکەی یونسی کوڕی مەتای پیاوچاک؟"

عەداس بە سەروڕمانەوە وتی: "تۆ لەکوێوە ئەو دەناسیت؟"

فەرمووی:"ئەو برایەم پێغەمبەر بووە و منیش پێغەمبەرم".

دوای ئەوە عەداس موسوڵمان بوو و دەست و پێی پێغەمبەری ماچ کرد.

دوای ئەوە پێغەمبەر و هاوەڵەکەی ڕێگای مەککەیان گرتەوە بەر و بە دڵتەنگییەوە گەڕایەوە دوای ئەوەی هیچ کەسێک لە خەڵکی تائیف موسوڵمان نەبوو، دوای ئەوەی کەمێک لە تائیف دوورکەوتەوە خودای گەورە جوبرەئیلی نارد و جوبرەئیل فەرمووی:

"پێغەمبەری خودا فریشتەی شاخەکانم لەگەڵ خۆم هێناوە، گەر تۆ فرمان بکەی دەتوانێت هەردوو شاخەکەی دەوروبەری تائیف لێکبدات و هەموو خەڵکەکەی لەناو ببات"، بەڵام پێغەمبەر ڕەتی کردەوە و لێیان خۆشبوو.

دوای ئەوەی لە ناوچەی "دۆڵی نەخلە" مایەوە و قورئانی دەخوێند لە شەودا، پەرییەک (جنۆکە) گوێی لە دەنگی بوو و لەبەر ئەوە ئایەتی "وإذ صرفنا إليك نفرًا من الجن يستمعون القرآن" دابەزی و گەڕایەوە بۆ مەککە و بە یاوەری موتعیمی کوڕی عدی و کوڕەکەی چووە لای کەعبە و ٢ ڕکات نوێژی کرد و ئەوانیش پارێزگارییان لێکرد.

ئیسرا و میعراج

لە دوای گەشتەکەی تائیف، ڕووداوی ئیسرا و میعراج یان شەوڕەو ڕوویدا هەندێک دەڵێن کە گەشتەکە لە ٢٧ـی ڕەجەب ڕوویداوە لە ١٠ ساڵ دوای بانگەواز، هەندێکی دیکە دەڵێن کە لە ١٧ـی ڕەمەزان ڕوویداوە لە ساڵی ١١ـی بانگەواز، هەندێکیش دەڵێن کە لە ١٧ـی ڕەبیعی یەکەم و ساڵێک پێش کۆچکردن ڕوویداوە، بەڵام زیاتر گرنگی بابەتەکە ڕووداوەکەیە بۆ جیهان و موسوڵمانان نەک ڕۆژ و کاتەکەی، ئەم گەشتە لە مزگەوتی حەرامەوە واتە لە مەککە بۆ مزگەوتی ئەقسا واتە شاری بیت المقدس لە فەڵەستین بە سواری بوراق و بە ھاوەڵی جوبرەیلـی فریشتە بووە، پێغەمبەری خودا لە قودس دابەزیوە و پێشنوێژی کردووە بۆ هەموو پێغەمبەرانی دیکە، پاشان ئەو شەوە لە بیت المقدسەوە بەرزکراوەتەوە بۆ حەوت چینی ئاسمان و لەوێ هەریەک لە بەهەشت و دۆزەخی بینیووە و لەگەڵ خودای گەورە قسەی کردووە کە زۆرینەی زانایان دەڵێن بە چاوی سەر نەیدیووە و پەردە لە نێوانیان هەبووە، و لەوێ ٥ نوێژی موسوڵمانان فەرز کراوە، دواتریش دەگەڕێتەوە بۆ مەککە و بۆ بەیانیەکەی بە خەڵکەکەی دەڵێت کە چ گەشتێکی کردووە و چی بینیووە بەڵام بە درۆی دەخەنەوە و دەڵێن شێت بووە، بۆیە بۆ ئەوەی بیسەلمێنن کە ڕاستە یان درۆ دەڵێن وەسفی (بیت المقدس)ـمان بۆ بکە، ئەویش تەواوی وردەکارییەکانیان پێ دەڵێت و پێشیان ڕادەگەیەنێت کە کاروانەکانیان لە کوێیە و کەی دەگەن و کاتێکیش هەمووی ڕاست دەبێت و ناتوانن بە درۆی بخەنەوە لە کەللەڕەقی خۆیان باوەڕناهێنن، دوای ئەوەی دەڕۆنە لای ئەبوبەکری سدیق و دەڵێن هاوەڵەکەت وای وتووە باوەڕ دەکەی؟ ئەویش دەفەرموێ کە هەرچی ئەو بیڵێت ڕاستە، لەو ساتەوە ناو دەبرێت بە ئەبوبەکری ڕاستگۆ.

بەیعەی عەقەبەی یەکەم و دووەم

لە ڕۆژانی حەجدا کاتێک سەرانی عەرەب ئەهاتن بۆ حەج و سەردانی ماڵی خوا پێغەمبەر ﷺ پەیامی ئیسلامی پێدەگەیاندن و بانگی دەکردن بۆ یەکتاپەرستی، لە ساڵی یانزەیەمی پێغەمبەرایەتیش کاتێک لە عەقەبە بوو لە مینا شەش پیاوی لە هۆزی خەزرەج بینی کە خەڵکی یەسریب (مەدینە) بوون و داوای موسوڵمان بوونی لێکردن، ئەوانیش باوەڕیان هێنا و بەڵێنیان دا کە پەیامەکەی بگەیەنن بە خەڵکی یەسریب و دوای ئەوە گەڕانەوە، دوای ئەوەی گەڕانەوە دەستیان کرد بە بانگەواز بۆ ئایینی پیرۆزی ئیسلام، تا وای لێهات هیچ ماڵێک نەمایەوە کە باسی ئایینە نوێیەکەی تێدا نەکرێت، دوای ئەوە لە ساڵی دواتر ١٢ پیاو هاتن لە مەدینەوە و بەیعەتیان بە پێغەمبەر دا و موسوڵمان بوون و پەیمانیان بەست کە پشتگیری بکەن و بەوەش ناونرا پەیمانی عەقەبەی یەکەم.

دوای ئەوەی ١٢ کەسەکە گەڕانەوە پێغەمبەری خودا موسعەبی کوڕی عومەیری لەگەڵ ناردن بۆ ئەوەی ئایینەکەیان بۆ ڕوونبکاتەوە و قورئانیان فێربکات و لەوێ نازناوی خوێنەریان پێ بەخشی و لە ماڵی ئەسعەدی کوڕی زەرارە مایەوە و خەڵکی بانگ دەکرد بۆ ئیسلام و پێشنوێژی بۆ دەکردن، هەریەک لە سەعدی کوڕی عەبادە و ئەسید کوڕی حەزیر لەسەر دەستی ئەو موسوڵمان بوون کە گەورەی هۆزەکانیان بوون لە نەوەی ئەشهەل و بەهۆی ئەوانیشەوە هەموو هۆزەکەیان باوەڕیان هێنا.

پێش وەرزی حەجی داهاتوو موسعەب گەڕایەوە بۆ مەککە.

لە وەرزی حەجی ساڵی داهاتوو کە ساڵی ١٣ـیەمی بانگەوازبوو، واتە لە حوزەیرانی ٦٢٢ـی زایینی، کۆمەڵێک لە موسوڵمانانی مەدینە ڕێککەوتن کە بۆ حەج بێنە مەککە و پێغەمبەر ﷺ ببینن، بۆیە لە شەوی ڕۆژانی تەشریق کۆبوونەوەیەکی نهێنییان لەگەڵ پێغەمبەر هەبوو و وتیان کە بەیعەتت پێدەدەین، پێغەمبەر فەرمووی "ئایا بەیعەتم پێدەدەن کە گوێڕایەڵ بن لە کاتی وزە و ماندوویەتی، و نەفەقە بدەن لە کاتی خۆشی و ناخۆشی، و فرمان بە چاکە بکەن و ڕێگری لە خراپە بکەن، و پشتگیریم بکەن و سەرم بخەن لەوەی کە دەیڵێم و هەرچیم وت گوێڕایەڵ بن، ئەوە بەهەشت بۆ ئێوەیە" ئەوانیش ڕازی بوون و هەموویان بەیعەتیان پێدا لە مانگی ذی الحجە پێش سێ مانگ لە کۆچکردن بۆ مەدینە و ئەمەش ناوبرا بە پەیمانی عەقەبەی دووەم.

موسوڵمانانی مەدینە داوایان لە پێغەمبەر و هاوەڵانی کرد کە کۆچبکەن بۆ مەدینە و لەوێ پاڵپشتی دەکرێن و ئەوانیش ڕازی بوون.

دوای ئەوە ئەو کەسانەی کۆبوونەوە گەڕانەوە بۆ مەککە بۆلای هۆزەکانیان بە نهێنی، بەڵام قوڕەیش بە بەیعەتەکەیان زانی، و شوێن خەڵکی خەزرەج کەوتن کاتێک دەیانویست بگەڕێنەوە بۆ مەدینە، و لە ڕێگادا سەعدی کوڕی عەبادەیان گرت و زۆریان لێدا بەڵام موتئیمی کوڕی عدی و حارث کوڕی حەربی کوڕی ئومەییە ڕێگرییان کرد و ئازادیان کرد.

کۆچکردن بۆ مەدینە

دوای ئەوەی نیەتی خەڵکی مەدینە ئاشکرا بوو و پەیمانیان لەگەڵ موسوڵمانان بەست، پێغەمبەری خودا ﷺ فرمانی کرد بە هاوەڵانی کۆچ بکەن بۆ مەدینە و ماڵ و موڵکیان بەجێبهێلن، هەر بۆیە موسوڵمانان بە کۆمەڵ و بە نهێنی مەککەیان چۆڵدەکرد، یەکەمین کەسیش کە چووە مەدینەوە "ئەبوسەلەمەی کوڕی عەبدالئەسەد" بوو.

دوای کۆچی هاوەڵان کەس لە مەککەدا نەمایەوە جگە لە پێغەمبەری خودا ﷺ و ئەبوبەکری هاوڕێی و عەلی کوڕی ئەبوتاڵیب و ئەو کەسانەی زیندانی و ئەوانەی لاواز و بێدەسەڵات بوون.

دوای ئەوەی قوڕەیشییەکان کۆچی موسوڵمانانیان بینی ترسیان لێ نیشت کە پێغەمبەریش کۆچ بکات، بۆیە لە "دار الندوە" کۆبوونەوە و بڕیاریاندا کە لە هەر تیرەیەک پیاوێکی ئازا هەڵبژێرن و پێکەوە هێرش بکەنە سەری لە شەودا و لەناوی ببەن، بەوەش خوێنەکەی لە ناو هەموو عەرەب بڵاودەبێتەوە و کەس تۆمەتبار ناکرێت.

جوبرەئیل پێغەمبەری لەو پیلانە ئاگادارکردەوە بۆ ئەوەی لە شوێنەکەیدا نەخەوێت لە شەودا، بۆیە پێغەمبەر خۆی بۆ ئامادەکردبوو و کاتێک کافران لە شەودا هێرشیان هێنا پێغەمبەر ﷺ عەلی ئامۆزای لە شوێنی خۆی دانا و فرمانی پێکرد کە ئەو ئەمانەتییانەی کە خەڵکی لەلای پێغەمبەر دایانناوە بۆ ڕۆژی دواتر پێیان بداتەوە، لەو شەوەدا و بە بەرچاوی هێرشبەرانەوە پێغەمبەر ﷺ لە ماڵەکەی خۆی دەڕواتە دەرەوە و سەرەتا مشتێک خۆڵ هەڵدەگرێت و فووی پێدا دەکات و چاوی هێرشبەرەکان بۆ ماوەیەک کوێر دەبێت لە ئاست پێغەمبەری خوادا ﷺ، دوای ئەوە دەڕواتە لای ئەبوبەکری هاوڕێی کە ٢ حوشتری بۆ کۆچکردن ئامادەکردبوو و دای بە عەبدوڵای کوڕی ئەرەیقط بۆ ئەوەی دوای سێ ڕۆژ بیهێنێت بۆ ئەشکەوتی ثەور و ببێتە ڕێنیشاندەریان، دەستپێکی کۆچی پێغەمبەر و ئەبوبەکر لە شەوی ٢٧ـی سەفەر لە ساڵی ١٤ـیەمی بانگەوازدا بوو.

ئەبوبەکر هەموو سامانەکەی لەگەڵ خۆیدا هێنابوو کە ٥٠ بۆ ٦٠ هەزار درهەم بوو، دوای ئەوەی گەشتنە ئەشکەوتی ثەور لەوێ مانەوە، قوڕەیشییەکان کاتێک زانییان پێغەمبەر لە مەککە دەرچووە ١٠٠ وشتریان دانا بۆ ئەو کەسەی موحەممەد ﷺ بە مردوویی یان زیندوویی بهێنێتەوە، بەڵام کاتێک قوڕەیشییەکان گەشتنە ئەشکەوتی ثەور بینییان جاڵجاڵۆکەیەک دەرگای ئەشکەوتەکەی گرتووە و هەندێکیان وتیان: "ئەو جاڵجاڵۆکەیە ئەوەندە کۆنە هی پێش لەدایکبوونی موحەمەدە" و گەڕانەوە، کە ئەوەش یەکێکە لە پەرچووەکانی خودای گەورە بۆ پاراستنی پێغەمبەر و هاوڕێکەی، لەو حاڵەتی دەرچونەیان لە شەودا چەند کەسێك پێغەمبەری خوا ﷺ دەبینن کە ڕۆیشتووە، وە کاتێك پێغەمبەری خوا لەگەڵ ئەبوبکری سدیق ڕێگا دەبڕن کۆمەڵێکی تر ماسی گرن کە بەرەو شاری مەککە دەگەڕێنەوە کە قافڵەی (سوراقە کوڕی مالك)ـە، لەم کاتەدا سوڕاقە کە دەیەوێت هەواڵی دۆزینەوەی محەمەد ﷺ بە قوڕەیشییەکان بڵێت پێغەمبەری خودا نزا دەکات و قاچی ئەسپەکەی سوڕاقە لە لمدا دەچەقێت، بۆیە سوڕاقە دەڵێت گەر وازم لێ بهێنیت ئاشکرات ناکەم و دوای ئەوەش ئەسپەکەی دەگەڕێتەوە بۆ باری ئاسایی خۆی، پێغەمبەریش لەو کاتەدا موژدەی بازنەکانی کیسڕای فارسەکان بە سوڕاقە دەدات و دەڵێت بازنەکانی کیسڕا بۆ تۆ، لە کاتێکدا کە پێغەمبەر نە کیسرای بینیووە و نە هیچ جەنگێکیش ڕوویداوە (لە سەردەمی عومەری کوڕی خەطاب دوای ئەوەی وڵاتی فارس فەتح دەکرێت بازنەکانی کیسڕا دەهێنرێتەوە بۆ مەدینە و دەدرێن بە سوڕاقە).

لە ڕۆژی دووشەممە، ٨ـی ڕەبیعول ئەوەل پێغەمبەر و ئەبوبەکری هاوڕێی گەیشتنە قەبا و موسوڵمانانی ئەوێ پێشوازییان لێکرد، عەلی کوڕی ئەبوتاڵیبیش کە لە مەککە مابوویەوە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ سپاردەکانی خەڵکی مەککەی گەڕاندەوە و خۆی گەیاندە قەبا و بۆ ماوەی چوار ڕۆژ لەوێ مانەوە لەلای بەنی عەمر بەنی عەوف، لەو ماوەدا مزگەوتی قەبای بۆ دروستکردن بۆ خوداپەرستی، دواتریش بەڕێکەوت بۆ شاری مەدینە و لە ڕۆژی هەینی ١٢ـی ڕەبیعول ئەوەل بە سواری وشترەکەی خۆی کە ناوی "قەسوا" بوو گەیشتە مەدینە کە هاوتایە لەگەڵ ٢٧/٩/٦٢٢ـی زایینی، کە ئەوکات تەمەنی پێغەمبەری خودا ٥٣ ساڵ بوو، لەو ڕۆژەوە شاری یەسریب ناونرا شاری پێغەمبەر ﷺ و بە کورتکراوەی پێیان دەوت مەدینە، و کاتێک گەیشتە شار خەڵکی شارەکە بە سروودی :

طلع البدر علينا              من ثنيات الوداع

وجب الشكر علينا           ما دعا لله داع

أيها المبعوث فينا            جئت بالأمر المطاع

جئت شرفت المدينة       مرحبًا يا خير داع 

پێشوازییان لێکرد، خەڵکی شار هەموو داوایان دەکرد پێغەمبەر لە ماڵی ئەواندا بمێنێتەوە، ئەویش بۆ ئەوەی ئاژاوە دروست نەبێت پێی وتن: "بهێڵن وشترەکە ڕێگای خۆی بدۆزێتەوە" و لەو شوێنەی وشترەکە وەستا بڕیاری دا کە مزگەوتێکی تێدا دروست بکرێت بۆ بەڕێوبردنی کاروباری خەڵکی و پەرستش تێیدا کە ئێستا ناوی مزگەوتی پێغەمبەرە "مسجد نبوي"، دوای ئەوەش لە ماڵی ئەسعەدی کوڕی زەرارە مایەوە، یەکەمین قسە کە بۆ خەڵکی مەدینەی کرد ئەوەبوو فەرمووی: "ئەی خەڵکینە، سڵاو لە یەکتری بکەن و ئاشتی بپارێزن لە نێوانتان، یەکتری تێر بکەن و نوێژەکانتان بکەن ئەوکات بەهەشت بۆ ئێوەیە".

چەند ڕۆژێک دواتریش هاوسەرەکەی "سەودە" و فاتیمە و ئوم کەلسومی کچی و ئوسامەی کوڕی زەید و ئوم ئەیمەن گەیشتنە لای، بەڵام زەینەبی کچی و زاواکەی کە بێ باوەڕ بوو لە مەککە مانەوە، تا ئەو کاتەی لە جەنگی بەدر دەستگیرکرا و بەو مەرجە ئازاد کرا کە زەینەبی کچی ئازاد بکرێت و ڕێگای پێبدەن کۆچ بکات بۆ مەدینە.

لە سەردەمی عومەری کوڕی خەتابدا کۆچکردن بوویە یەکەمین ساڵی موسوڵمانان و پێی وترا ساڵی کۆچی.

دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسلامی

یەکەمین کار لەگەڵ هاتنی پێغەمبەر ﷺ و ئەبوبەکری هاوڕێی ئەنجامدرا بریتیبوو لە دروستکردنی مزگەوتێک، کە زەوی دوو گەنجی هەتیو بوو بە ١٠ دینار لێیان کڕینەوە کە بەپێی گێڕانەوەکان پارەکە لەلایەن ئەبوبەکری سدیقەوە دراوە، مزگەوتەکەش پایەکانی لە قەدی خورما و سەقفەکەشی لە گەڵای خورما دروستکرا و سێ دەرگای هەبوو و درێژییەکەی لە میحرابەوە بۆ کۆتاییەکەی ١٠٠ قۆڵ بووە، و خودی پێغەمبەر ﷺ خۆی تێیدا کاری کردووە و قوڕ و خشتی گرتۆتەوە و بردوویەتی بۆ ئەوانەی کاردەکەن.

یەکەمجار قیبلەی مزگەوتەکە ڕووی لە مزگەوتی ئەقسا بوو لە شاری قودسی پیرۆز، بەڵام لە ساڵی دووەمی کۆچی لەلایەن پەروەردگارەوە فرمان کرا بە گۆڕینی قیبلە لە ئەقساوە بۆ کەعبە، لە دوای پێنج مانگ لە کۆچکردن لە ماڵی ئەنەسی کوڕی مالیک پێغەمبەری خودا برایەتی لە نێوان کۆچکردوو و پشتیواناندا دروستکرد بە بەشداری ٩٠ پیاو و دەستی خستنە دەستی یەک و ماڵ و سامانیان لە نێوان یەکتریدا دابەش کرد و میراتیشیان بە یەکتری دەگەشت.

دواتریش کتێبێکی نووسیەوە بە ناوی دەستووری مەدینە کە پێی دەوترا "الصحیفة"، لەو کتێبەشدا تەواوی کار و ئەرک و مافەکانی کۆچکردوو و پشتیوانان و جولەکەکان دیاری کرا، و هاوپەیمانییەتی لە نێوان هۆزەکان دروستکرد لە ئەگەری دروستبوونی جەنگ پێکەوە پارێزگاری لە مەدینە بکەن، و پەیمانی بە جولەکەکان دا کە پارێزگاری لە ماڵ و سامان و ئایینیان بکرێت، و هەموو ئەم دەستوورەش لە ٥٢ بەند پێکهاتبوو.

جەنگەکان

دوای ئەوەی موسوڵمانان لە مەدینە جێگایان کرایەوە، لە شاری مەککە ماڵ و سامانیان بە تاڵان برا، بۆیە فرمانیان پێکرا لەلایەن خوداوە کە جەنگ بکەن، پێغەمبەر کەسێکی سوارچاک و بەهێز بووە و جەستەیەکی بەتوانای هەبووە و لە جەنگەکاندا بە هاوەڵی حەمزەی مامی سەرکردایەتی جەنگی کردووە و لێزان بووە، هەموو ئەو غەزایانەی کە لە ژیانیدا بەشداری تێداکردووە ٢٧ غەزا بوون و لە ٩ غەزادا خۆی جەنگاوە، هەروەها ژمارەی سریەکانی ٤٧ سریە بووە، لە تەواوی ئەو جەنگانەی کردوویەتی تەنیا یەک کەسی کوشتووە کە "ئەبی بن خەلەف" بووە.

جەنگی بەدر

بابەتی پەیوەندیدار: جەنگی بەدر

پێش ئەوەی غەزای بەدر دەست پێبکات پێغەمبەری خودا پێشتر لە چەند غەزایەکدا بەشداری کردووە کە غەزاکانی "ئەبواء، بواط، عەشیرە، و بەدری یەکەم" بووە، دواتریش لە ١٧ی ڕەمەزانی ساڵی دووەمی کۆچی، واتە مانگی ئازاری ساڵی ٦٢٤ـی زایینی، جەنگی بەدری گەورە ڕوویدا کە موسوڵمانان تێیدا سەرکەوتوو بوون، دوای ئەوەی هەواڵ هات کە ئەبوسوفیان ماڵ و سامانی موسوڵمانانی لە مەککەوە کۆکردووەتەوە و دەیهەوێت لە شام بازرگانی پێوە بکات، پێغەمبەر و هاوەڵانی بە فرمانی خودای گەورە لە ڕۆژی هەشتی ڕەمەزان بەرەو کاروانەکەی ئەبوسوفیان دەرچوون، بەڵام پێیان نەگەیشتن.

دوای ئەوەی ئەبوسوفیان بە هەواڵی نزیکبوونەوەی سووپای موسوڵمانان دەزانێت پاشەکشە دەکات و ڕێگای دەگۆڕێت و سووپایەکیش لە قوڕەیشەوە بە بیانووی پارێزگاری لە کاروانەکە و لەبەر کینەی کۆن و نوێیان بەرامبەر موسوڵمانان بە ١٠٠٠ پیاو و ١٠٠ ئەسپ و سەدان وشترەوە بەڕێدەکەون، سووپای موسوڵمانانیش کە پێکهاتبوو لە ٣٠٥ کەس و یەک ئەسپ و ٧٠ وشتر لە ڕۆژی ١٧ـی ڕەمەزان بە سووپای قوڕەیشییەکان گەیشت کە ئەبوجەهل سەرکردایەتی دەکرد.

لە ناو جەنگەکەدا و لەگەڵ موژدەی خوای گەورەدا پێغەمبەر بە چاوەکانی خۆی دەبینێت کە هەزار فریشتە دێنە خوارەوە لە ئاسمانەوە و بەشداری جەنگەکە دەکەن و بەوەش موسوڵمانان دەبنە براوە و سەردەکەون.

پێغەمبەری خودا دوای سەرکەوتنیان بە دیلەکان دەفەرموێت: "هەرکەس ١٠ گەنجی مەدینە و موسوڵمانان فێری خوێندنەوە و نووسین بکات ئازاد دەکرێت"، کە ئەوەش ڕەنگدانەوەی هەمان ئەو ئایەتانەیە کە یەکەمین وتەی خودا بوون لەگەڵی و پێی فەرموو "بخوێنە".

جەنگی ئوحود

بابەتی پەیوەندیدار: جەنگی ئوحود

لە ساڵی سێیەمی کۆچی و دوای هاتنی هەواڵی هێرشی سووپای قوڕەیش بە سەرکردایەتی ئەبوسوفیانی کوڕی حەرب بە ٣٠٠٠ سەرباز و ٢٠٠ ئەسپ و ٣٠٠٠ وشترەوە، موسوڵمانان بڕیاریاندا جەنگ بکەن لەگەڵیان، بەڵام لەکاتی بەڕێکەوتنیان "عەبدوڵای کوڕی ئەبی سەلول" کە گەورەترین دووڕووی مەدینە بوو بە سێ لەسەر چواری سووپاکەوە کشایەوە بۆ مەدینە، موسوڵمان لە کێوی ئوحود بە قوڕەیشییەکان گەیشتن، کاتێک پێغەمبەری خودا دەگاتە سەر کێوی ئوحود کێوەکە دەست دەکات بە لەرزین و پێغەمبەریش قسەی بۆ دەکات و ئارامی دەکاتەوە، پێغەمبەری خودا ٥٠ کەسی بە سەرکردایەتی عەبدوڵای کوڕی جوبەیر دیاری کرد و لەسەر کێوی عەینەین دیاری کردن و پێی فەرموون: "پشتمان بپارێزن و هەرچی ڕوویدا مەیەنە خوارەوە، گەر براوە بووین و دەستکەوتمان کۆکردەوە بەشداری مەکەن و گەر بینیتان دەجەنگین لەگەڵمان مەبن".

دوای ئەوەی موسوڵمانان براوە بوون هەندێکیان بێگوێیی فرمانی پێغەمبەریان کرد و هاتنە خوارەوە و بەمەش خالیدی کوڕی وەلید بە سووپای قوڕەیشەوە لە پشتەوە هێرشی کرد و زۆرێکی لێ شەهید کردن و بەوەش قوڕەیشییەکان براوە بوون، لەو ڕۆژەدا چواردە پیاو دەوروبەری پێغەمبەریان گرت و بە گیانیان پارێزگارییان لێکرد کە یەکەمینیان ئەبوبەکر بوو، لە ڕووبەڕوونەوەکاندا پێغەمبەر ددانی پیرۆزی خوارەوەی شکا و لێوی برینداربوو و ڕووخساری خوێنی لێدەهات، کاتێک بەردەوام خەریکی پاککردنەوەی ڕووخساری دەبێت دەفەرموێت :"خودا چۆن گەلێک سەر دەخات ڕووخساری پێغەمبەرەکەیان بریندار بکەن کە بانگیان دەکات بۆلای خوداکەیان".

دوای ئەوەشی کڵاوەکەی دەچەقێت بە ڕوومەتیدا دەکەوێتە نێو چاڵێکەوە و "ئیبن قەمئە" بە شمشێرەکەی لە شانی دەدات و بەوەش هەواڵی کوشتنی بڵاودەبێتەوە و وادەزانن کوژراوە، بەڵام لەلایەن موسوڵمانانەوە بە درۆ دەخرێتەوە دوای ئەوەی لە کێوی ئوحود دەیبیننەوە.

لەم جەنگەدا پێغەمبەری خودا یەکێک لە نزیکترین کەسەکانی لەدەستدەدات کە حەمزەی مامیەتی.

جەنگی خەندەق

هۆزی بەنی نەضیر دوای ئەوەی لە شاری مەدینە ویستی کوشتنی پێغەمبەریان هەبوو، پێغەمبەر لێیان خۆشبوو بەو مەرجەی لە شار بڕۆنە دەرەوە، دوای دەرکردنیان هۆزەکە پەنایان بدە بەر قوڕەیش و هۆزی غەتفان و بانگهێشتیان کردن بۆ جەنگی دژی موسوڵمانان و ئەوانیش ڕازی بوون، هەر بۆیە ٤٠٠٠ سەرباز و ٣٠٠ ئەسپـیان کۆکردەوە، دواتریش هەریەک لە بەنی سەلیم و بەنی ئەسەد و فەزارە و بەنی مورە هاتنە پاڵیان و پێکەوە بوون بە ١٠ هەزار کەس و ناونران "حیزبەکان" لە شەوالی ساڵی پێنجەمی کۆچی هێرشیان کرد.

دوای بیستنی هەواڵی هاتنی سووپا، سەلمانی فارسی کە هاوەڵێکی پێغەمبەری خودابوو پێی فەرموو : "ئێمە لە وڵاتی فارس کە دوژمنان زیاتر لە خۆمان بێت و هێرش لەسەر شارەکەمان هەبێت خەندەق هەڵدەکەنین"، بۆیە ڕای سەلمان وەرگیرا و خەندەقێکی گەورە بە دەوری شارەکەدا درووستکرا بە ماوەی شەش ڕۆژ و پێغەمبەری خوداش خۆی کاری تێدا دەکرد.

دوای ئەوەشی گەمارۆی حیزبەکان دەستی پێکرد ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆر پەیدابوو لە نێو موسوڵمانان چونکە هۆزی بەنوقوڕەیزەی یەهودی بڕیاریاندا ڕێگا بدەن حیزبەکان لە خوارووی شارەوە لەلای ئەوان بێنە ژوورەوە، لەوکاتەشدا خودای گەورە چەند ئایەتێکی ڕەوانەی پێغەمبەرەکەی ﷺ کرد و فەرمووی: ۝ يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا اذْكُرُوا نِعْمَةَ اللَّهِ عَلَيْكُمْ إِذْ جَاءَتْكُمْ جُنُودٌ فَأَرْسَلْنَا عَلَيْهِمْ رِيحًا وَجُنُودًا لَّمْ تَرَوْهَا ۚ وَكَانَ اللَّهُ بِمَا تَعْمَلُونَ بَصِيرًا  ۝إِذْ جَاءُوكُم مِّن فَوْقِكُمْ وَمِنْ أَسْفَلَ مِنكُمْ وَإِذْ زَاغَتِ الْأَبْصَارُ وَبَلَغَتِ الْقُلُوبُ الْحَنَاجِرَ وَتَظُنُّونَ بِاللَّهِ الظُّنُونَا ١٠ ۝

واتە : ئه‌ی باوه‌ڕداران ئێوه‌ یادی ئه‌و نیعمه‌تانه‌ی خوای گه‌وره‌ بكه‌نه‌وه‌ به‌سه‌رتانه‌وه‌، كاتێك كه‌ كۆمه‌ڵێك سه‌رباز هاتنە سەرتان و بۆتان كۆبوونه‌وه‌ ئێمه‌یش بایه‌كمان نارده‌ سه‌ریان كه‌ قاپ و مه‌نجه‌ڵه‌كانیانی قڵپ ئه‌كرده‌وه‌، وه‌ ئاگره‌كانیانی ئه‌كوژانده‌وه‌، وه‌ خێمه‌كانیانی ئه‌ڕوخاند، وه‌ سه‌ربازی تریشمان نارد له‌ فریشته‌كان كه‌ ئێوه‌ نه‌تانبینین، وه‌ خوای گه‌وره‌ زۆر بینایه‌ به‌و كرده‌وانه‌ی كه‌ ئێوه‌ ئه‌یكه‌ن و هه‌مووی ئه‌بینێ.

كاتێك كافران له‌لای سه‌رووتانه‌وه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاته‌وه‌ بۆتان هاتن، وه‌ له‌ خواریشه‌وه‌ له‌ ڕۆژئاواوه‌ جوله‌كه‌كانى (به‌نو قوڕه‌یزه‌) بۆتان هاتن، وه‌ كاتێك چاوه‌كان له‌ جێی خۆی لاچوون له‌سه‌رسامی و ترس و سه‌ختی دیمه‌نه‌كه‌دا، وه‌ دڵه‌كان له‌ جێی خۆیدا به‌رز بوونه‌وه‌ تا دڵ گه‌یشت به‌ گه‌روو له‌ ترسدا، وه‌ جۆره‌ها گومانتان به‌خوای گه‌وره‌ ئه‌برد، موسڵمانان گومانی سه‌ركه‌وتنیان بردووه‌ و به‌ ئومێدی سه‌ركه‌وتن بوونه‌، وه‌ مونافیقان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ گومانى له‌ناوچوون و ریشه‌كێش كردنى موسڵمانانیان بردووه‌.

بۆ ماوەی ٢٤ شەو جەنگ بەردەوام بوو بەڵام جەنگی ڕووبەڕوو نەبوو، بەڵکو زیاتر گەمارۆ و تیر و ڕم هاویشتن بوو، دوای ئەوەش خودای گەورە بایەکی زۆر بەهێزی ناردە سەر کافران و خێمەکانی تێکدان و شپرزی کرد و کشانەوە، لە کۆتایی جەنگەکەش ٨ موسوڵمان شەهید بوون و ٤ کەس لە دوژمنان کوژران.

دوای ئەوەش پێغەمبەری خودا فەرمووی: "ئەی موسوڵمانان، جارێکی دیکە قوڕەیش جەنگتان لەگەڵ ناکەن، بەڵام ئێوە ئەوان دەگرنەوە"، کە ئەمەش بە ڕاستی ڕوویدا و کۆتاجار کە ڕووبەڕووبونەوەی فەتحی مەککە بوو و موسوڵمانان سەرکەوتوو بووبوون.

سوڵحی حودەیبیە

لە ساڵی شەشەمی کۆچی پێغەمبەر و هاوەڵانی بڕیاریاندا بۆ عەمرەی ماڵی خودا سەردانی مەککە بکەن بەبێ چەک، جگە لە چەکی ناو کێلان، بەڵام کاتێک قوڕەیش هەواڵەکەیان بیست ڕێگرییان کرد و ٢٠٠ سەرباز بە سەرکردایەتی خالیدی کوڕی وەلیدیان نارد بۆ ئەوەی لە دژیان بوەستن، دوای ڕێگرییەکانی قوڕەیش، قوڕەیشییەکان چەند کەسێکیان نارد تا لەگەڵ پێغەمبەردا ﷺ دانووستان بکەن و لەسەر ئەوە ڕێکبکەون سەردانی ماڵی خودا نەکەن.

لە کۆتاییدا سوهەیلی کوڕی عەمر نێردرا بۆ ئەوەی ڕێککەوتن لەگەڵ پێغەمبەردا ئەنجام بدات لەسەر ئەوەی ئەو ساڵە موسوڵمانان عەمرەی ماڵی خودا نەکەن و ساڵی داهاتوو بگەڕێنەوە، هەروەها هەرکەس بەبێ مۆڵەت بڕواتە دەرەوەی مەککە بۆ مەدینە موسوڵمانان بیگەڕێنەوە، بەڵام هەر موسوڵمانێک پەشیمان ببێتەوە و بگەڕێتەوە بۆ مەککە نایگەڕێننەوە، لەسەر ئەوە ڕێککەوتن بۆ ماوەی ١٠ ساڵ جەنگ لە نێوانیان نەبێت و ئەم ڕێککەوتنە بمێنێتەوە، هەروەها هەر هۆزێک بیەوێت دەتوانێت لە بەرەیەکی ڕێککەوتنەکەدابێت، دوای ئەوەش پێغەمبەری خودا ﷺ بە بینینی دڵتەنگی موسوڵمانان هەستایەوە و فەرمووی: "هەستن و قوربانی بکەن"، بەڵام کەس هەڵنەستایەوە، سێ جار دووبارەی کردەوە بەڵام کەس هەڵنەستا، بۆیە خۆی هەستا و ئاژەڵێکی سەربڕی و داوای لە خەراشی کوڕی ئومەییە کرد قژی بتاشێت، دوای ئەوەی خەڵکیش ئەوەیان بینی هەمووان هەستان و ئەنجامیاندا.

موسوڵمانان بۆ ماوەی نزیک لە ٢٠ ڕۆژ مانەوە و دواتر گەڕانەوە.

پێغەمبەری خودا بە دانایی خۆی ئەم ڕێککەوتنەی قۆستەوە بۆ ناردنی پەیامی ئیسلام و بڵاوکردنەوەی لە ئاشتیدا، بۆیە نامەی بۆ هەریەک لە نەجاشی پادشای حەبەشە و موقەوقەسی پادشای میسڕ و کیسرای پادشای فارس و هرقلی پادشای ڕۆم نارد بۆ ئەوەی بێنە ناو بازنەی ئیسلام، کاتێک نەجاشی نامەکەی بینی خستیە سەر چاوەکانی و سوژدەی برد و لەسەر دەستی جەعفەری کوڕی ئەبوتاڵیب موسوڵمان بوو.

جەنگی خەیبەر

دوای ئەوەی لە جەنگی خەندەق خیانەتیان لە شاری مەدینە کرد، پێغەمبەری خودا لە ساڵی ٧ـی کۆچی غەزای خەیبەری دەستپێکرد و ڕووبەڕووی جولەکەکان بوویەوە بە ١٥٠٠ سەربازەوە و ئاڵای ئیسلامی دایە دەستی عەلی کوڕی ئەبوتاڵیب، موسوڵمانان هێرشیان برد و دەستیان بەسەر بەش لە دوای بەشی ناوچەی جولەکەکاندا گرت، لەوێ سەفیەی کچی حەی کوڕی ئەختەب دەستگیر دەکرێت و دواتر موسوڵمان دەبێت و دەبێتە هاوسەری پێغەمبەری خودا ﷺ، لە جێگای ئەوەی لە شارەکە دەریانبکات لەگەڵیان ڕێککەوت کە ساڵانە نیوەی دەستکەوتەکەیان ببەخشن بە دەوڵەتی مەدینە و لە خەیبەر بمێننەوە.

دوای ئەوە جەعفەری ئامۆزای و موسوڵمانانی حەبەشە گەڕانەوە بۆ مەدینە و پێغەمبەری خودا کە جەعفەری بینی فەرمووی :"نازانم بە سەرکەوتنی خەیبەر دڵخۆشبم یان بە هاتنەوەی جەعفەر".

لە دوای هەشت مانگ پێغەمبەری خودا بۆ عومرەی ماڵی خودا سەردانی مەککەی کرد و لەوێ هاوسەرگیری لەگەڵ مەیمونەی کچی حارسی پوری خالیدی کوڕی وەلیددا کرد.

جەنگی موئتە

لە جەمادی یەکەمی ساڵی هەشتەمی کۆچی غەزای موئتە لە باشووری ئوردون ڕوویدا، کاتێک پەیامنێرەکەی پێغەمبەری خودا ﷺ کە بەرەو شام دەڕۆشت لە موئتە شەهیدکرا، بۆیە پێغەمبەر ٣٠٠٠ سەربازی موسوڵمانانی نارد بە سەرکردایەتی زەیدی کوڕی حارسە و گەر ئەو شەهید ببێت، جەعفەری کوڕی ئەبوتاڵیب شوێنی بگرێتەوە، گەر هەردووکیان شەهید ببن، عەبدوڵای کوڕی ڕەواحە شوێنیان بگرێتەوە، جەنگەکە لە نابەرامبەرییەکی زۆردابوو کاتێک سووپای ڕۆمەکان بە ١٠٠ هەزار کەسەوە هێرشیان هێنا بە سەرکردایەتی هەرقل، هەرسێ سەرکردەکەی موسوڵمانان شەهیدبوون و دواتر خالیدی کوڕی وەلید سەرکردایەتی گرتە ئەستۆ و بە فێڵێک موسوڵمانانی کشاندەوە لە جەنگەکە و گەڕایەوە بۆ مەدینە.

عائیشە دەفەرموێت: "پێغەمبەری خودا لە کاتی بیستنی شەهیدبوونی جەعفەر بە تەواوی دڵتەنگ بوو و دەمانتوانی لە ناوچاویدا دڵتەنگییەکەی بزانین"، چونکە جەعفەر یەکێکە لە نزیکترین کەسەکانی پێغەمبەری خودا و تاکە کەسیش بووە ڕووخساری لە پێغەمبەر بکات.

فەتحی مەککە

بەهۆی سوڵحی حودەیبیەوە هۆزی خەزاعە بوونە هاوپەیمانی موسوڵمانان، هۆزی بەنوبەکریش بوون بە هاوپەیمانی قوڕەیشییەکان کە پێشتر ئەم دوو هۆزە دژایەتی و دوژمنایەتی لە نێوانیان هەبوو، دوای پەیماننامەی حودەیبیە و ڕاگەیاندنی ئاشتی شەوێک هۆزی بەنوبەکر هێرش دەکەنە سەر خەزاعە و چەند کەسێکیان لێدەکوژن، هەر بۆیە دوای ئەوەی موسوڵمانان تووڕەدەبن ئەبوسوفیانی کوڕی حەربی گەورەی قوڕەیش دێت بۆ مەدینە و داوای بینینی پێغەمبەر ﷺ دەکات بەڵام کەس وەڵامی ناداتەوە، دواتر داوای نوێکردنەوەی پەیماننامەکە دەکات بەڵام وەڵامی نەخێر وەردەگرێت و دەگەڕێتەوە.

پێغەمبەری خودا لە ١٠ـی ڕەمەزانی ساڵی هەشتەمی کۆچی فرمان دەکات بە کۆکردنەوەی سووپا و ١٠ هەزار کەس کۆدەکرێنەوە و بەرەو مەککە بەڕێدەکەون، لە ڕێگادا بە عەباسی مامی دەگات کە بە خۆی و خێزانەکەیەوە بەرەو مەدینە دەهاتن و موسوڵمان بووبوون، دواتریش ئامۆزاکەی واتە ئەبوسوفیانی کوڕی حارس دەبینێت کە موسوڵمان بووە، لە ڕێگادا سووپاکەی لە (مر الظهران) دەگیرسێنێتەوە و فرمان دەکات ١٠ هەزار ئاگر بکەنەوە بۆ ئەوەی قوڕەیش بزانن چ سووپایەکی بەهێز بەڕێوەیە، کاتێک ئەبوسوفیان سووپاکە دەبینێت بە هاوەڵی عەباسی مامی پێغەمبەر سەردانیان دەکات و موسوڵمان دەبێت، لە ڕۆژی ١٧ـی ڕەمەزانیش ئەبوسوفیان دەگەڕێتەوە بۆ مەککە و پەیامەکەی پێغەمبەری خودا دەخوێنێتەوە کە فەرموویەتی: "هەرکەس بڕواتە ماڵی ئەبوسوفیان پارێزراوە، هەرکەس بڕواتە ماڵی خۆی و دەرگا دابخات پارێزراوە، هەرکەس بڕواتە کەعبەی ماڵی خودا پارێزراوە".

لە ڕۆژی ١٩/٢٠ـی ڕەمەزان سووپای موسوڵمانان هاتنە ناو مەککە، سووپای خالیدی کوڕی وەلید لە باشوورەوە و سووپای زوبەیری کوڕی عەوام لە باکوور و ئەبوعوبەیدەی جەڕاح لە ناوەڕاستی دۆڵەکەوە هاتنە ناو مەککە، پێغەمبەری خودا فرمانی پێکردبوون شەڕ لەگەڵ کەس نەکەن هەتاوەکو ڕووبەڕوویان نەبنەوە، تاوەکو کۆتایی ئازادکردنەوەی شاری مەککە تەنیا چەند کەسێکی کەم کوژران کە هەندێک دەڵێن ٩ و هەندێکیش دەڵێن چوار کەس بوون، ئەوانیش پێغەمبەر فرمانی کردبوو ئەوان بەزەیی و ڕەحمەتی خودا نایانگرێتەوە و لە هەرکوێ بوون بیانکوژن، بەڵام دواتر لە چەند کەسێکی ناو ئەوانیش خۆشبوو و موسوڵمان بوون.

دوای ئەوە پێغەمبەری خودا بە دەوروبەری کەعبە سوڕایەوە و کلیلی کەعبەی دایە دەستی عوسمانی کوڕی عەففان، داوای لە بیلالیش کرد بانگ بدات لە سەربانی کەعبە، خۆیشی بە دەوروبەری کەعبە سوڕایەوە و هەموو بتەکانی خستە خوارەوە بە گۆچانەکەی و لەگەڵیدا دەیوت: "ڕاستی هات و درۆ و ناڕاستی پووچەڵ بوویەوە".

لەدوای ئەوەی پێغەمبەر گەڕایەوە بۆ شارەکەی، خەڵکی مەدینە لەوە دەترسان کە ئیتر نەگەڕێتەوە، بەڵام پێغەمبەری خودا ئاگای لە ترسەکەیان بوو و موژدەی گەڕانەوەی پێدان.

حەجی ماڵئاوایی

لە مانگی زی القەعدەـی ساڵی دەیەمی کۆچی پێغەمبەری خودا خۆی ئامادەکرد بۆ حەجی ماڵی خودا دوای ئەوە بۆ ماوەی ٩ ساڵ لە مەدینە بووبوو حەجی ئەنجام نەدابوو، بۆیە ئەوە کۆتا حەجی پێغەمبەری خودابوو و ناونرا بە حەجی ماڵئاوایی، لەوێ تەواوی پایەکانی ئیسلامی ڕوونکردەوە، لە ڕۆژی ٢٥ـی زوالقەعدەی ساڵی ١٠ـی کۆچی پێغەمبەری خودا ﷺ سواری حوشترەکەی بوو کە ناوی "قەسوا" بوو، لەگەڵیشیدا ١٠٠ هەزار موسوڵمان بەڕێکەوتن بۆ حەجکردن، کە نزیکبوویەوە لەوێ فەرمووی: "لبيك اللهم لبيك، لبيك لا شريك لك لبيك، إنّ الحمد والنعمة لك والملك، لا شريك لك".

لە ڕۆژی ٤ـی زوالحەججەدا گەیشتە مەککە و کاتێک سەردانی کەعبەی کرد دەستی هێنا بە بەردە ڕەشەکەدا و دەستی کرد بە گریان، و حەوت جار بە دەوروبەری کەعبە سوڕایەوە و دواتریش لە مەقامی ئیبراهیم دوو ڕکات نوێژی ئەنجامدا، دوای ئەوە ڕۆشتە سەر بیری زەمزەم و لێی خواردەوە و حەوت جار لە نێوان سەفا و مەڕوە هاتووچۆی کرد، لە ڕۆژی هەشتی زوالحەججە سەردانی مینای کرد و شەوێک لێی مایەوە لە ڕۆژی ٩ـی زوالحەججە سەردانی عەرەفەی کرد و نوێژی نیوەڕۆ و عەسری بە جەمع و تەقدیم ئەنجامدرا، لەوێش وتاری ماڵئاوایی فەرموو.

وتاری ماڵئاوایی

"بێگومان خوێنتان‌ و سامانتان لە یەکتری حەرامە، وەک حورمەتداری ئەم ڕۆژەتان لەم مانگەتان تا ئەو ڕۆژەی بەخودای خۆتان دەگەنەوە، بێگومان ئێوە دەگەنە پەروەردگارتان، لەبارەی کردەوەکانتانەوە لێتان دەپرسێ، جا ئەوە پێم ڕاگەیاندن، هەر کەسێک ئامانەتێکی لەلایە با بیداتەوە دەست ئەو کەسەی کە پێی سپاردووە، ڕیبا حەرامە، بەڵام سەرمایەکانتان هی خۆتانن، نە ستەم بکەن‌ و نە ستەمتان لێ‌بکرێ، ئەی خەڵکینە، ژوانی ئێوە  لەگەڵ من لەم دونیایەدا نییە، بەڵکو ژوانی ئێوە لەگەڵ من لەسەر حەوزی کەوسەرە، سوێند بەخوا، من لە ھەژاری و نەبوونی لێتان ناترسم، بەڵکو من لە دونیاتان لێتان دەترسم، کە لەسەری بکەونە پێشبڕکێ و بەربەرەکانێ، ھەروەک ئەوانەی پێش ئێوەش لەسەری کەوتنە بەرەبەرەکانێ و ملی یەکتریان شکاند، یەکتریان لەناوبرد و بەھیلاک چوون، دەترسم ئێوەش ئاوا بەھیلاک بچن.

بەخوا سوێندتان دەدەم، ئاگاتان لە نوێژەکانتان بێت، توخوا ئاگاتان لە نوێژەکانتان بێت، پارێزگاری لە نوێژەکاتان بکەن، بەردەوام دووبارەی دەکردەوە.

ئاگاتان لە خێزانەکانتان بێت و مەیانچەوسێننەوە و چاکبن لەگەڵیاندا، بەجوانی مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن.

کۆچی دوایی

لە سەرەتاکانی مانگی سەفەری ساڵی ١١ـی کۆچی نیشانەکانی نەخۆشکەوتنی لێدەرکەوت، کاتێک فرمانی کرد بە ئوسامەی کوڕی زەید سووپای موسوڵمانان ببات و دژی ڕۆمەکان بجەنگێت، خەڵکی لە نەخۆشییەکەی زۆر دڵگران بوون، بەردەوام سەری ئازاری هەبوو و تایەکی زۆر هەبوو، هەندێکجاریش دەبورایەوە، کاتێک زانی دۆخی زۆر باش نییە، داوای لە هەموو خێزانەکانی کرد کە ڕێگای بدەن لەلای عائیشەی خێزانی بمێنێتەوە و ئەوانیش ڕێگایان پێدا، ڕۆژێک سەردانی مینبەری کرد و فەرمووی: "بەڕاستی بەندەیەک  خوا سەرپشکی کردووە، لە نێوان مانەوە لە دونیا و کۆچ کردن بۆ لای خودا، بەڵام ئەو بەندەیە لای خوای ھەڵبژاردوە".

ئەبوبەکری ڕاستگۆ لەم وتەیەی پێغەمبەری خودا تێگەشت و گریا و فەرمووی: "دایک و باوکمان بە فیدات بن پێغەمبەری خودا".

دوای ئەوەی نەخۆشییەکەی زۆرتر بوو فرمانی کرد ئەبوبەکر بەرنوێژی بۆ خەڵکی بکات، دوای ١٣ ڕۆژ لە نەخۆشکەوتنی، سەردانی مزگەوتی کرد و لە دەرگای پێشەوە سەیری خەڵکەکەی کرد کە نوێژی بەیانیان ئەنجامدەدا، خەڵکی لە خۆشیدا هەموویان هەوڵیاندەدا لە نوێژەکەدا سەیری بکەن، دواتر گەڕایەوە بۆلای عائیشەی خێزانی و لە ڕۆژی دووشەممەی ڕەبیعی یەکەمی ساڵی ١١ـی کۆچی، هاوکات لەگەڵ ٨/٦/٦٣٢ـی زایینی لە تەمەنی ٦٣ ساڵیدا پاکترین بوونەوەری خودا کۆچی دوایی کرد، کاتێک هەواڵی کۆچی دوایی بڵاوبوویەوە عومەری کوڕی خەتاب فەرمووی: "هەرکەس بڵێ پێغەمبەر مردووە دەیکوژم و ملی لێدەکەمەوە، پێغەمبەر ﷺ نامرێت".

بەڵام ئەبوبەکری سدیق لە ماڵی پێغەمبەری خودا دێتە دەرەوە و دەفەرموێت: "خەڵکینە، ئەو کەسەی محەمەدی دەپەرست، محەمەد مردووە، ئەو کەسەیشی خودای محەمەدی دەپەرست، خودای محەمەد زیندووە و هەرگیز نامرێت".

لە ڕۆژی سێشەممە عەلی کوڕی ئەبوتاڵیب و عەباسی مامی و فەزڵی کوڕی عەباس و قیثمی کوڕی عەباس و ئوسامەی کوڕی زەید و شەقران شۆردیان و کفنیان کرد، دواتیش هاوەڵان هاتن و نوێژیان لەسەر کرد، ئەبوتەڵحەی ئەنساڕی گۆڕەکەی هەڵکەند و هەریەک لە عەلی و عەباس و دوو کوڕەکەی لە خوارەوەی گۆڕەکەی ئامادەیان کرد و ناشتیان.

لەدوای کۆچی دوایی پێغەمبەر ئەبوبەکری سدیق لەلایەن هاوەڵانەوە بە خەلیفەی موسوڵمانان دیاری کرا و بوو بە پێشەوای ئیسلام.

پەرچووەکانی

پێغەمبەری خودا ﷺ وەک زۆرێک لە پێغەمبەرانی پێش خۆی خاوەن هەندێک پەرچوو بووە، گەورەترین پەرچووی پێغەمبەری خودا بریتییە لە کتێبی قورئانی پیرۆز، چونکە کتێبێکە هەتاوەکو کۆتا ڕۆژی دنیا هیچکەسێک ناتوانێت بیگۆڕێت، قورئان کتێبێکە لەوپەڕی ڕێنووس و جواننووسی نووسراوەتەوە و بەلاغەیەکی زۆر بەهێزی هەیە، ئەو سەردەمە خەڵکی بە شیعرەکانیان بەناوبانگ بوون بۆیە قورئانیش بە شێوەیەک دابەزیووە وەک شیعر دەردەکەوێت، بەڵام بەرزترە لە شیعری تەواوی شاعیرەکانی ئەو سەردەمە، هەروەها یەکێکی دیکە لە ئیعجازەکانی بریتییە لەو زانیارییانەی کە تێیدایە دەربارەی ئەو شتانەی لە مێژوودا بوون و ڕوویانداوە و هیچکەسێک بۆ پێغەمبەری نەگێڕاوەتەوە خودا نەبێت، بۆیە مێژووناسە عەرەبەکان زۆر سەرسام بوون پێی کە چۆن ئەو زانیارییانە دەزانێت گەر ویستێکی دەرەکی مەزن پێی نەوتبێت.

لە سەدە نوێیەکانی سەردەم زانایان پێیانوایە جگە لە ئیعجازی مەعنەوی و دنیایی، قورئانی پیرۆز خاوەنی ئیعجاز و زانیاری زانستییە و زۆرێک لە زانستەکانی ئەمڕۆی تێدا باسکراوە.

لەتبوونی مانگ

بابەتی پەیوەندیدار: لەتکردنی مانگ

یەکێک لە گەورەترین پەرچووەکانی پێغەمبەری ئیسلام بریتییە لە دووکەرتکردنی مانگی زەوی کە پێش کۆچکردن بوو بۆ مەدینە، عەبدوڵای کوڕی مەسعود دەڵێت: "پێغەمبەری خودا ئاماژەی بۆ مانگ کرد و مانگ بوو بە دووکەرتەوە و بەشێکی لە پشت شاخێک مایەوە و ئەوەی دیکەش لە بەرامبەری و دواتر فەرمووی باوەڕ بهێنن، بەڵام کافران وتیان ئەمە جادوویەکی زۆر گەورەیە، بەڵام کە دواتر لێیان دەپرسین دەیانوت بەڵێ مانگ بوو بە دوو کەرتەوە و نووسایەوە و وەک سەرەتای لێهاتەوە".

ساڵی ١٩٦٩ وێنەیەکی مانگ لەلایەن ئەپۆلۆ ١٠ـوە گیرا کە لە ناوەڕاستی مانگ هێڵێکی درێژ هەیە و وەک جێگای برین وایە، هەندێک لە زانایانیش ئەوە دەگەڕێننەوە بۆ ڕووداوی لەتکردنی مانگ.

زانینی غەیب

  • زانینی زانیارییەکانی جەنگی بەرد
  • هەواڵی بە فاتیمەی کچی دا کە یەکەمین کەسە لەدوای مردنی پێیدەگات.
  • کاتێکیش جولەکەکان ویستیان بەردێکی بەسەردا بخەنە خوارەوە لە شوێنەکەی هەستایەوە و شوێنی گۆڕی.

هاتنەدەرەوەی ئاو لە نێوان پەنجەکانی

کاتێک لە ڕێگا دەبن بۆ غەزایەک لەوێ ئاو نابیننەوە، بۆیە موسوڵمانان نازانن بەچی دەستنوێژ بگرن، پێغەمبەری خودا لە قاپێکدا دەستنوێژ دەگرێت لە ئاوێک کە لە نێوان پەنجەکانی خۆیدا دێنە دەرەوە، دواتریش ئەو ئاوە بەردەوام دەبێت لە هاتنە دەرەوە تاوەکو هەموو سووپاکەی دەستنوێژ دەگرن و دەیخۆنەوە.

قسەکردنی لەگەڵ گیانداران و بێ گیانەکان

  • گوێی لە دەنگی بەرد بووە کاتێک لە ناو دەستیدا هەڵیگرتووە و تەسبیحاتی کردووە.
  • کاتێک جولەکەیەک پارچەیەک گۆشتی ژەهراوی دەدات بە پێغەمبەری خودا ﷺ، لەناکاو واز لە خواردنی دەهێنێت و دەڵێت بوەستن، گۆشتەکە پێی وتم ئەو ژەهراوی کراوە.
  • کاتێک مینبەری پێغەمبەری خودا دروست دەکەن و ئەو درەختەی پێشتر لەوێدا وتاری دەدا بەجێدەهێڵێت کە درەختێکی خورمای گەورەیە، درەختەکە دەست دەکات بە گریان و پێغەمبەری خوداش ئاگاداری دەبێت، بۆیە ئەویش باوەش بە درەختەکەدا دەکات و دڵی دەداتەوە.
  • ڕۆژێک حوشترێک گلەیی دەکات و سکاڵاکەی دەگەیەنێتە پێغەمبەری خودا ﷺ و دەڵێت کە خاوەنەکەی خۆراکی پێنادات، بۆیە پێغەمبەریش لە خاوەنەکەی تووڕە دەبێت و داوای لێدەکات ڕێزی ئاژەڵەکە بگرێت چونکە خزمەتی دەکات.

چاککردنەوەی نەخۆشەکان

  • ڕۆژی جەنگی ئوحود یەکێک لە هاوەڵان بەناوی قەتادەی کوڕی نوعمان چاوێکی لەدەستدەدات، پێغەمبەری خودا چاوەکەی دەگرێت بە دەستەکانی و دەیخاتەوە شوێنی خۆی، دوای ئەوە چاوەکەی لە پێشووتر باشتر دەبینێت.
  • هەروەها چاککردنەوەی چاوی کەسێکی کوێر بە ویستی خودا.

هاوسەرەکانی

بابەتی پەیوەندیدار: دایکانی باوەڕداران

هاوسەرەکانی پێغەمبەری خودا بە دایکی باوەڕداران ناسراون، و ژمارەیان ١١ کەسە.

قوڕەیشییەکان

  • خەدیجەی کچی خوەیلید
  • سەودەی کچی زەمعە
  • عائیشەی کچی ئەبوبەکر
  • حەفسەی کچی عومەڕی کوڕی خەتاب
  • ئوم سەلەمە
  • ئوم حەبیبە

عەرەبەکانی دەرەوەی قوڕەیش

  • زەینەبی کچی جەحش
  • جوەیریەی کچی حارس
  • زەینەبی کچی خەزیمە
  • مەیمونەی کچی حارس

نەوەی ئیسرائیل

  • سەفیەی کچی حەی

هۆکاری زۆری هاوسەرەکان

هاوسەرەکانی پێغەمبەری خودا لە ئەرکێکی زۆردابوون و هەموویان پێغەمبەر خۆشەویستترین کەسی ژیانیان بووە، هۆکاری زۆری هاوسەرەکانی هەر یەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ هۆکارێکی کلتووری و ئایینی، لەو سەردەمە هاوسەرگیری ئەو زیاتر بۆ بڵاوکردنەوەی ئایینی ئیسلام و پەیوەندی لەگەڵ کەسانی دەوروبەری و توندکردنەوەی پەیوەندی هاوڕێیەتی و ئازادکردنی هەندێکیان لە ژێردەستی ستەم و زۆرداری بووە، بەڵام ڕێزی لە هەموویان گرتووە و خۆشیویستوون و مافی تەواوی پێبەخشیون.

تەمەنی عائیشەی خێزانی

دەگێڕنەوە عائیشەی خێزانی پێغەمبەر لە تەمەنی نۆ ساڵی هاوسەرگیری کردووە، بەڵام ئەو گێڕانەوەیە ناڕاستە و بەوشێوەیە نەبووە و ئەوە گێڕانەوەیەکی زیاتر مەسیحییە، بەڵکو عائیشە لە تەمەنێکی گەورەدا بووە و تەمەنی پێگەیشتنی تێپەڕاندووە، بە چەند ساڵێکیش پێش هاوسەرگیری نێوانیان کاتێک داوای عائیشە دەکرێت بۆ پێغەمبەری خودا وشەی (بکر) بەکاردەهێنرێت، کە ئەو وشەیە هەرگیز بۆ کچێک بەکارناهێنرێت کە تەمەنی ٩ ساڵ بێت لە ناو عەرەب، بەڵکو بەڵگەکانی ئەحمەدی کوڕی حەنبەل ئەوە دەسەلمێنێت عائیشەی خێزانی تەمەنی ١٩ بۆ ٢١ ساڵ بووە.

منداڵەکانی

پێغەمبەری خودا خاوەنی ٤ کچ و ٣ کوڕ بووە، هەموویان لە خێزانی یەکەمی واتە خەدیجە بووە جگە لە ئیبراهیم کە لە ماریەیە، هەموو منداڵەکانیشی لە ژیانی خۆیدا کۆچی دواییان کردووە جگە لە فاتیمەی خێزانی عەلی کوڕی ئەبوتاڵیب.

منداڵە کوڕەکانی

  • قاسم (لە دوو ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە).
  • عەبدوڵڵا (لە تەمەنی منداڵیدا کۆچی دوایی کردووە).
  • ئیبراهیم (ساڵ و نیوێک ژیاوە).

کچەکانی

  • زەینەب (هاوژینی ئەبوعاصی کوڕی ڕەبیع)
  • ڕوقیە (هاوژینی عوسمانی کوڕی عەففان)
  • ئوم کەلسوم (هاوژینی عوسمانی کوڕی عەففان لە دوای ڕوقیە)
  • فاتیمە (هاوژینی عەلی کوڕی ئەبوتاڵیب)

هیچکام لە کچەکانیشی منداڵیان نەبووە جگە لە فاتیمەی کچی کە خاوەنی حەسەن و حوسەین و زەینەب و ئوم کەلسومە.


سەرچاوەکان

5855 بینین