شوێنی لەدایکبوونی پێغەمبەر

له‌لایه‌ن: - نھاد جلال - به‌روار: 2020-06-14-00:43:00 - کۆدی بابەت: 140
شوێنی لەدایکبوونی پێغەمبەر

ناوه‌ڕۆك

ناساندنی شاری مەککە

پێغەمبەر (د.خ) لە شارێكدا لە دایك بوو كە پێی دەوترا مەككە،  ئەو ناوچەیە لە حیجازدایە، ئەمرۆ وڵاتەكە ناسراوە بە «مەملەكەتی عەرەبی سعودی».
ئەم شارە ناوچەیەكی وشك و كەم بارانە، چوار دەوری شاخاویە. 
لەم شارەدا بینایەكی تێدایە پێی دەوترێت كەعبە، ئەم كەعبەیە یەكەمجار لە سەردەمی پێغەمبەر ئیبراهیم (علیە السلام) لەگەڵ ئیسماعیلی كوڕیدا دروستی دەكەن. 
ئەم شارە لە ڕووی ئابووریەوە گرنگیەكی گەورەی هەبوو، چونكە كاروانە بازرگانیەكان لە ناوچەكانەوەشتومەكیان دەكڕی و دەیان بردەوە بۆ وڵاتەكانی خۆیان یان بۆ شارەكانی تر، لە ڕێگەدا تێپەڕ دەبوون بە شاری مەككەدا. 
هەروەها لە ڕووی ئاییەنیەوە گرنگ بوو، چونكە كەعبەی تێدا بوو، هەمووان دەهاتن بۆ ئەوێ‌ بۆ لای كەعبە و شارەكە و قەرەباڵغ دەبوو، خەڵكی ناوچەكە بەگشتی عەرەب بوون بە زمانی عەرەبی قسەیان دەكرد. 


 خەڵكی شاری مەككە چۆن دەژیان

خەڵكی شاری مەككە دابەش بووبوون بۆ چەند كۆمەڵێك:
1- هەندێكیان سەرقاڵی بۆنەی ئایینی بوون و پێشوازیان لە خەڵك دەكرد و ئاویان پێ‌ دەدان و فێری بۆنە ئاینەیەكانیان دەكردن.
2- هەندێك پاراستنی كاری شارەكەیان لە ئەستۆ گرتبوو ئەمانە ماڵیان لە دەرەوەی شارەكەدا بوو.
3- دەستەیەك لە خەڵكی شارەكە بازرگان بوون وشتومەكیان دەكڕی و دەفرۆشت و بە زستان و هاویندا كاروانی بازرگانیان هەبوو.
4- كەمێك لە خەڵكەكەیش سەرقاڵی پیشەسازی بوون و شمشێر و چەك و شتی تریان دروست دەكرد.

 

چینەکانی شاری مەککە

- جۆری یەكەم: دەوڵەمەندەكان بوون، كاروباریان لە دەستدا بوو و ستەمیان دەكرد لەوانی تر و هەرچیان بویستایە دەستیان دەكەوت.

- جۆری دووەم: كۆیلەكان بوون، واتا ئەوانەی دەوڵەمەندەكان یان خەڵكەكەی تر لە كاتی جەنگدا دەیانگرتن و دەیانهێنان تا ئیشیان بۆ بكەن، ئەم كۆیلانە هەژار و كەم دەست بوون و دەبوو هەمیشە ئیش بكەن و بۆ گەورەكانیان، ئەوان نانی باشیان نەبوو تا بیخۆن، سەرما و گەرما ئازاری دەدان و ژینیان خراپ بوو.

جۆری سێیەم: خەڵكی ئاسایی بوو كە ژیانیان سادە بوو، ئەمانە نە كۆیلە بوون و نە دەوڵەمەند و نە دەسەڵاتدار، بەڵام ژیانیان ئاسایی و ساكار بوو.
لە مەككەدا ئافرەت وەك سوك و گاڵتەجار و كەم سەیر دەكرا، هەر ماڵێك كچیان بوایە بە دزیەوە دەیان كوشت و نەیان دەهێشت كەس بزانێت، كە كچیان بووە، ئەوان چاڵیان هەڵدەكەند و كچەكەیان دەخستە چاڵەكە و خۆڵیان دەكرد بە سەریا، بەڵام كوڕیان خۆش دەویست. 


خەڵكی شارەكە بتیان لە بەرد و دار و شتی تر دروست دەكرد و دەیان پەرست و سوجدەیان بۆ دەبرد و دوعایان لەلا دەكردن، ئەوان باوەڕیان نەبوو بە خوای گەورە و لە جیاتی خوا بتیان دەپەرست و بێ‌ باوەڕ بوون، خەڵكەكەی داوین پیس و خراپەكار و ناپاكبوون و لە نێوان خۆیاندا خراپ بوون،  ئەوان خۆیان بە گەورە دەزانی و تێكەڵی خەڵكی تر نەدەبوون. 
خەڵكەكە ئاویان لە بیرەكانەوە هەڵدەگۆزی، چونكە ناوچەكە زۆر وشك بوو. 

 

دەوڵەتە بە هێزەکانی ئەو سەردەمە

1- فارسەكان: لەم دەوڵەتەدا پاشا ستەمكارەكان فەرمانڕەواییان دەكرد و خەڵكەكەیان ئاگر پەرست بوون و ئایینی ناڕاستی زۆر بڵاو بوونەوە، خەڵكی مەی و خۆراكی حەرامیان دەخوارد و دەخواردەوە، ئەم دەوڵەتە دەوڵەتی ساسانی بوو دواتر موسڵمانەكان لە ناویان بردن.

2- ئیمپراتۆریەتی ڕۆمان: ئەمانیش سەرقاڵی لاسایی و ستەمكاری بوون خۆیان پێیان وا بوو كە مەسیحین، بەڵام لایاندابوو لە دینی ڕاستی پێغەمبەر عیسا (علیه السلام) و دابوویانە تاوان و گوناه و چەند خوایەكیان دانابوو بۆ خۆیان.

3- هیند: ئەمەش دەسەڵاتی ناوچەكانی هیندستان بوو، كە ئەمانیش دواكەوتوو و نەزان و ستەمكار بوون و خوایان نەدەپەرست و ئاژەڵ و بتیان دەپەرست. 


گرنگترین ئایینەكانی ئەو سەردەمە

گرنگترین ئایینەكانی ئەو سەردەمە بریتی بوون لە:
1- ئایینی جوولەكە.
2- ئایینی مەسیحی.
3- ئایینی بوژی.
4- ئایینی بەرهەمی.
5- ئاینی زەردەشتی.
6- ئایینی مانی.
7- ئایینی مەزدەكی. 


ئەو سیفەتانەی كە خەڵكی مەككە و دەوروبەری مەككە هەیانبوو

1- ئەوان بیر تیژ و لێزان بوون.
2- ڕێزی میوانیان دەگرت و لە ڕوویدا سەخاوەتمەند بوون و چی باش و خۆش بوایە بۆیان دادەنا.
3- ئازا و نەترس بوون و یارمەتی ستەم لێكراویان دەدا، بەڵام بە كەمی.
4- حەزیان لە ئازادی بوو و ئامادە نەبوون بچنە ژێر دەسەڵاتی هیچ دەوڵەتێك. 


سەرچاوەکان



4945 بینین