ناساندن
دوای نزیکەی ٥٤ ساڵ(واتە لە ساڵی ١٩٧٢ کاتێک کەشتی ئەپۆڵۆ ١٧ هەڵدرا هیچ گەشتێکی تری مرۆیی بۆ بۆشایی نەکراوە) و چەندین هەنگاو و پێشکەوتنی گرینگ لە زانستدا، ئاژانسی ناسا لە ڕێگەی پڕۆژەی "ئارتمسی دووەم"ەوە مێژوو دەنووسێتەوە. بۆ یەکەمین جار مرۆڤ دەگەڕێتەوە دوورترین خاڵ لە زەوی، ئەویش خولگەیەکە لە دەوری مانگ(ئەم کەشتییە بۆ ئەمساڵ دەچێتە خولگەیەک لە دەوری مانگ و لەسەر مانگ نانیشێتەوە، لە گەشتەکانی ساڵانی داهاتوودا لەسەر مانگ دەنیشێتەوە).
کەشتی "ئارتمسی دووەم" نەک تەنها بۆ ئێستای جیهان، بەڵکوو بۆ داهاتووی زەوی و بۆشاییی ئاسمان کاریگەریی زۆری هەیە و سەرەتایەکە بۆ برەودان بە گەشتی مرۆیی بۆ شوێنە دوورەکانی گەردوون و هەسارەکانی تر. لەم بابەتەدا، وردەکارییەکانی ئەم ئەرکە مێژوویییە، لە ناساندنی کەشتیوانەکان و پێکهاتەی موشەکەکەوە تاوەکوو ڕۆڵی ئەندازیاران و ئامانجە دوورمەوداکانی مرۆڤایەتی لە بۆشایی ئاسمان دەخەینە ڕوو.
زانیاری دەرباری ئارتمسی دووەم
ناو، کات و شوێنی هەڵدان
کەشتییەکە ناوی "ئارتمسی دووەم - Αrtemis II"ە.
شەوی چوارشەممە لەسەر پێنجشەممە(١/٢ی نیسانی ٢٠٢٦)، دوای نیوەشەو نزیکی کاتژمێر ١:٢٤ی نیوەشەو ئەو دەوروبەرە، لە فلۆریدا- بنکەی بۆشاییی ئاسمانی کێنێدی«Kennedy space center» هەڵدرا.
پێکهاتە سەرەکییەکانی کەشتییەکە، بەرزیی و کێش
بەرزییەکەی نزیکەی ٩٨ مەترە و کێشی ٢٦٠٠ تەنە. لە سێ بەشی سەرەکیی پێک دێت و بەیەکەوە کار دەکەن، ئەوانیش:
ا-موشەکی«Space launch system» کەشتییەکە پاڵدەنێت بۆ دەرەوەی بەرگەهەوای زەوی.
ب-ئۆڕایۆن:Orion ئەو بەشەیە کە کەشتیوانەکان لەوێدان و چەندین شتی تری تێدایە وەک:(کۆنترۆڵ سیستم، پارێزەری گەرمیی، پێداویستیی ژیان و هتد...). لەسەر موشەکیSLS جێگیر کراوە.
ج-بەشی خزمەتگوزاریی ESM بزوێنەری لاوەکیی، کارەبا و ئاو و چەند شتێکی تری تێدایە.
دەستەی کەشتیوانان
ا-ڕاید وایزمان : Reid wiseman فەرماندەی گەشتەکەیە.
ب-ڤیکتۆر گڵۆڤەر : Victor glover فڕۆکەوانە و دەبێتە یەکەمین "ڕەشپێست" کە بەرەو قووڵاییی بۆشایی گەشت بکات.
ج-کریستینا کۆک : Christina koch شارەزا و کەسی سەرەکیی ئەرکەکان، هەروەها دەبێتە یەکەم ئافرەت کە بەرەو مانگ و بۆشایی بڕوات.
د-جێرمی هانسن : Jeremy Hansen کەشتیوانی ئاژانسی بۆشاییی کەنەدییە، دەبێتە یەکەم کەسی نا-ئەمریکی کە گەشتی بۆشایی بکات.
لایەنی ئەندازیاریی و ڕۆڵی ئەندازیاران
ا-ئەندازیاریی میکانیک:Mechanical Engineering وەک ئێسکەپەیکەر و بناغەی سەرەکییە. ئەندازیاران سەرجەم پارچە فیزیکیی و بزوێنەرەکان دیزاین و دروست دەکەن، لە نەخشەسازیی ڕووی کەشتییەکەوە بگرە تا پچووکترین پارچەی میکانیکی. بۆ نموونە نەخشە کێشانی کەپسولی ئۆڕایۆن، هەروەها دروستکردنی پارێزەرێکی گەرمی«Heat shield» کە بەرگەی پلەی گەرمیی نزیکی ٢٨٠٠° سیلیزی دەگرێت.
ب-ئەندازیاریی کارەبا:Electrical Engineering وەک مێشک و دەماری کەشتییەکە وایە.
ئەندازیاران ڕۆڵیان لە دروستکردنی پانێڵەکانی سۆلار(باڵەکانی کەشتییەکە تاکوو وزەی خۆر بگۆڕن بۆ کارەبا)، کۆنترۆڵ سیستم و ڕادار بۆ توانای پێوەندییکردن و دەستبەسەرداگرتن، سەرجەم پارچە ئەلیکترۆنییەکان و هتد...
ج-ئەندازیاریی بۆشایی و فڕۆکەوانی: Aerospace Engineering ڕوحی کەشتییەکەیە.
ئەندازیاران بەرپرسن لە خولگەزانیی، هەڵسەنگاندنی سیستم و پێداویستییەکانی ژیان، یەکخستنی بەشە میکانیکی و کارەبایییەکان و هتد...
د-ئەندازیاریی پڕۆگرامسازی: Software Engineering بۆ کۆنترۆڵکردنی سیستمەکان و چاودێرییکردن لە دوورەوە.
ه-ئەندازیاریی ماددە و کەرەستە: Material Engineering بۆ دروستکردنی سەرجەم ئەو پێکهاتانەی پێویستن تاکوو بەهێز بن و بەرگەی تیشکە گەردوونییەکان و پلەی گەرمیی زۆر بگرن.
و-ئەندازیاریی کیمیا: Chemical Engineering بۆ لایەنی سووتەمەنیی موشەکەکە(هایدرۆجین و ئۆکسجینی شل بۆ زۆرترین هێز) و سیستمی پاککردنەوە(گۆڕینی دوانئۆکسیدی کاربۆن بۆ هەوای شیاو بۆ هەناسەدان).
-ئەندازیاریی بایۆمێدیکاڵ: Biomedical Engineering بۆ نەخشە کێشانی جلی کەشتیوانەکان و ئامێری پزیشکیی لەناو کەشتییەکە بۆ چاودێریی کەشتیوانەکان.
-ئەندازیاریی شارستانی: Civil Engineering بۆ نەخشە کێشانی ئەو شوێنەی لێی هەڵدەدەرێت(سەکۆی هەڵدان)، تاکوو بەرگەی ئەو هێز و گەرمییە بگرێت کاتێک موشەکی SLS بەرزدەبێتەوە دروستی دەکات.
ئامانجی گەشتەکە، ماوەی مانەوە و گەڕانەوە
-گەشتەکە نزیکەی ١٠ ڕۆژ دەخایەنێت:
ا-ڕۆژی یەکەم سوڕانەوە لە خولگەی زەوی بۆ تاقیکردنەوەی سیستمەکان(بەپێی زانیارییەکان هەر لەم ڕۆژەدا کەشتی ئۆڕایۆن لە موشەکی SLS جیا دەبێتەوە).
ب-ڕۆژی دوو بۆ چوار، فڕین بەرەو مانگ و نزیک مانگ دەبن.
ج-ڕۆژی پێنجەم، بەدەوری مانگدا لە خولگەیەکدا دەسووڕێنەوە، نانیشێتەوە لەسەر مانگ و بەڵکوو تەنها لە دووری ١٠،٣٠٠کم لە پشتی مانگەوە دەبێت(ئەمە دوورترین خاڵە کەشتی مرۆیی پێی گەیشت بێت).
د-ڕۆژی شەشەم بۆ نۆیەم، بە سوود وەرگرن لە هێزی کێشکردنی مانگ و زەوی تاکوو کەمترین سووتەمەنی بەکاربهێندرێت، قۆناغی گەڕانەوە بۆ سەر زەوی دەست پێ دەکات.
ه-ڕۆژی دەیەم، کاتێک کەشتییەکە نزیک بەرگەهەوای زەوی دەبێت، خێرایییەکەی زۆر زیاد دەکات بەڕاددەیەک دەگاتە ٤٠،٠٠٠کم لە کاتژمێرێکدا. بەم هۆکارە کەپسولەی نیشتنەوە تووشی لێکخشاندنێکی زۆر دەبێت لەگەڵ بەرگەهاوی زەوی و ئەمەش وا دەکات ڕووکاری دەرەوەی پلەی گەرمیی زۆر بەرز ببێتەوە؛ بۆ چارەسەریش بەرگی دەرەوەی کەپسولەکە لە سیرامیک و چەند ماددەیەکی تر دروستکراوە کە بەرگەی پلەی گەرمیی ئێکجار بەرز دەگرێت. دوای ئەم هەنگاوانە لە زەریای هێمن بەهۆی کۆمەڵێک پەڕەشووتەوە دەنیشێتەوە.
-ئامانج لەم گەشتە مرۆیییەدا تەنها تێپەڕاندنی بەرگەهەوای زەوی و بینینی بۆشایی نییە، بەڵکوو وەک سەرەتایەک بۆ دووبارە گەڕانەوەی سەر مانگ و گەشتکردن بۆ "مەریخ" دەبیندرێت. جگە لەوە چەندین ئامانجی تری گرینگی زانستیی و فیزیایی هەیە:
ا-گریگترین ئامانج، دامەزراندنی وێستەگەیە لەسەر مانگ(Gateway)، دەبێتە وێستگەیەک کە کەشتیوانەکان لەوێوە بەرەو مەریخ بڕۆن.
ب-دروستکردنی شوێنێک(کامپێک: Artemis base camp)ی مانەوە لەسەر مانگ دووبارە لە گرینگترین ئامانجەکانە، تاکوو مرۆڤ بتوانێک وەک وێستگە و تاقیگەیەکی هەمیشەیی بەکاری بهێنێت.
ج-ڕۆیشتن بۆ دیوە تاریکەکەی مانگ کە ئێمە لە زەوییەوە هەرگیز نایبینین.
د-تاقیکردنەوەی سیستمە نوێیەکانی موشەکەکە و ڕادارە نوێیەکان داخۆ توانای پێوەندییکردنیان چۆنە لەگەڵ زەویدا.
ه-هەڵسەنگاندنی بارودۆخی ژیان لە بۆشایی ECLSS، واتە تاقیکردنەوە و دڵنیابوون لەوەی داخۆ ئۆکسجین، پلەی گەرمی، ئاڵوگۆڕی هەوا و هتد... بۆ مرۆڤ گونجاوە و دەتوانێت مامەڵەیان لەگەڵدا بکات.
ئەمانە و چەندین ئامانجی تر لەم گەشتە و گەشتەکانی داهاتووی "ئارتمس"دا هەن و ئەوان بۆ کاتی خۆی لێ دەگەڕێین.
کۆتایی
لە کۆتاییدا، "ئارتمسی دووەم" مەبەست لێی تەنها تاقیکردنەوەی توانای موشەک و تەکنەلۆجیا نییە، بەڵکوو هەنگاونانە بۆ برەودان بە داناییی و تێڕامانی مرۆڤ. گەڕانەوەی مرۆڤ بۆ ناو "بۆشایی و گەردوون" دوای نیو سەدە، دەبێت ببێتە وریاکەرەوەیەک بۆ ئەوەی مرۆڤ لە 'وەهمی زانین' و لووتبەرزیی زانستی خەبەری بێتەوە، تا لە نزیکەوە سەیری ئەو هاوسەنگییە گەردوونیی و شاراوەکانی ناوی بکات کە چەندین ساڵە بە بێدەنگیی و هاوسەنگییەکی بێگەرد، ژیان و بوونیان ڕاگرتووە.