تانەی قرژاڵ

له‌لایه‌ن: - محەمەد دادکوش محەمەد دادکوش - به‌روار: 2024-08-27-22:12:00 - کۆدی بابەت: 14388
تانەی قرژاڵ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

تانەی قرژاڵ (بە ئینگلیزی : Crab nebula) کە بە Messier 1 (M1) ناسراوە، یەکێکە لە درەوشاوەترین پاشماوەی سوپەرنۆڤا لە بۆشایی ئاسماندا.
تانەی قرژاڵ لە ئەنجامی تەقینەوەی "سوپەرنۆڤا" دروست بووە، (٦،٥٠٠) ساڵی ڕووناکی لە زەوییەوە دوورە، تیرەکەی نزیکەی ١١ ساڵی ڕووناکییە؛
لە ساڵی ١٠٥٤ پێشبینی کراوە و بینراوە.

مێژووی تەقینەوە و دۆزینەوەی ئەم تانەیە

ئەو ئەستێرەیەی کە تانەی قرژاڵی لێوە دروستبووە له ساڵی ١٠٥٤ دا تەقیوەتەوە کاتێک لەلایەن گەردوونناسانی چینییەوە وەک (ئەستێرەی میوان : guest star) له بۆشایی ئاسمان دەستنیشانکراوە و ناونراوە.
تەنانەت ڕەنگە کەسانی ئاساییش سەرنجیان دابێت، بەو پێیەی تەقینەوە سوپەرنۆڤایەکە ئەوەندە ڕووناک بووە کە بەراورد دەکرا بە مانگی پڕ، ھەروەھا شەش هێندە لە ڤینۆس ڕووناکتر بووە؛ ئەوەندە ڕووناک بووە کە بۆ ماوەی مانگێکی تەواو لە ڕۆژدا بینراوە.
هەندێک لە مێژوونووسان پێیان وابوو کە ڕەسەنەکانی ئەمریکا ئەم ڕووداوەیان لە تابلۆی ئەشکەوتەکاندا تۆمار کردووە، بەڵام ئەو گریمانەیە لەم دواییانەدا پووچەڵکرایەوە.
گەردوونناسە ئەورووپییەکان تا سەدان ساڵ دوای تەقینەوە سەرەتاییەکە هەستیان بەو تانە قرژاڵە نەکرد، تاوەکوو گەردوونناسی ئینگلیزی [جۆن بێڤس] لە ساڵی ١٧٣١ لە ڕێگەی تەلیسکۆپەوە چاودێری کرد.
دواتر [چارڵز مێسیەر] هەر زوو دوای ئەوە لە ساڵی ١٧٥٨دا، تانە قرژاڵەکەی وەک یەکەم شت لە کەتەلۆگی بەناوبانگی مێسیەردا (Messier Catalog) زیادکرد، پاشان [لۆرد ڕۆس] لە ساڵی ١٨٤٤دا ناوی ناوە [تانەی قرژاڵ]، چونکە تاڵەکانی ئەم تانەیە قاچی قرژاڵی بیردەخستەوە و دەھێنایە بەرچاوی.

پێکھاتە و ناوەوەی تانەی قرژاڵ

تانەی قرژال زیاتر پێکھاتووە لە گاز، بەڵام شتێکی کنجکاو لە ناوەندەکەیدا ھەیە، کە ناوکی پاشماوەی ئەستێرە مردووەکەیە و بە پەڵسار (Pulsar) ناسراوە. پەڵسارەکان جۆرێکی تایبەتن لە ئەستێرەی نیوتڕۆنی چڕ و بواری موگناتیسی بەهێزیان هەیە؛ بە خێرایییەکی زۆرەوە دەسوڕێنەوە.
پەڵسار لە تانەی قرژاڵدا لە چرکەیەکدا ٣٠ جار دەخولێتەوە، ھەروەھا ئەو درەوشاوەییە بەرھەم دەهێنێت کە لە ناوەندی وێنەکانی تانەکەدا دەبینرێت. 
تاڵە پرتەقاڵییەکان پاشماوەی ئەستێرەکەن و زیاتر لە هایدرۆجین پێکهاتوون؛ شینەکەی ناو تاڵەکانی بەشی دەرەوەی تانەکە نوێنەرایەتی ئۆکسجینی بێلایەن دەکات، سەوز گۆگردی تاکە ئایۆنیزە و سوور ئاماژەیە بۆ ئۆکسجینی دوو ئایۆنیزە. 
بە شێوەیەکی گشتی لە (ھیلیۆم، ھایدرۆجینی ئایۆنیزەکراو، کاربۆن، ئۆکسجین، نایترۆجین، ئاسن، نیۆن و گۆگرد) پێکدێت و ئەم توخمانە لەناو تانەکەدا بوونیان ھەیە؛ ھەروەھا ئەم توخمانە لە کاتی تەقینەوەی سوپەرنۆڤا دەرپەڕیون.

قەبارە

تانەی قرژاڵ تیرەکەی نزیکەی ١١ ساڵی ڕووناکییە، کە یەکسانە بە نزیکەی ١٠ ترلیۆن میل و بەپێی ئاژانسی ناسا هێشتا لە گەشەکردندایە.
گازی تانەی قرژاڵ بەناو بۆشایی ئاسماندا بە خێرایی زیاتر لە ٦٠٠ میل لە چرکەیەکدا فراوان دەبێت.

شوێن و دوورییەکەی لە زەوییەوە

ئەم تانەیە بۆ ئەوانەی لە هەردوو نیوەگۆی باکوور و باشوور دەژین لە هەندێک کاتی ساڵدا دەردەکەوێت.
بۆ ئەوانەی لە نیوەگۆی باکووردان، باشترین کات بۆ چاودێریکردن و سەیرکردنی مانگی یەکە؛
بۆ نیوەگۆی باشووریش دەتوانیت لە مانگەکانی هاویندا ببینیت.
بە دووڕوو دەتوانیت بیبینیت، بەڵام بۆ ئەوەی بە ڕوونی و شێوەیەکی باش بیبینیت، تەلیسکۆپێکی بچووکت پێویستە.
هەرچەندە ڕووناکییەکی زۆری ھەیە، بەڵام تانەی قرژاڵ ٦٥٠٠ ساڵی ڕووناکی لە زەوییەوە دوورە و ئەمەش کاریگەری ھەیە لەسەر ئاستی بینین.


سەرچاوەکان



176 بینین