لوتکە چیای ئایشێ
لوتکە چیای ئایشێ یەکێکە لە بەرزاییە سەخت و ستراتیژییەکانی ناوچەی هەورامان. ئەم لوتکەیە بەهۆی بەرزییەکەی لە ئاستی ڕووی دەریا و ئەو سروشتە کێوییەی هەیەیتی، وەک یەکێک لە شوێنە سەرنجڕاکێشەکانی سنووری ناحیەی بیارە و گوندەکانی دەوروبەری دەناسرێت.
پێگەی جوگرافی
ئەم لوتکەیە کەوتووەتە سەر زنجیرە چیای ئایشێ، لە لای باشووری خۆرهەڵاتی هەردوو گوندی گەچێنە و هەمزەی هەڵکەوتووە. بەرزییەکەی دەگاتە 1640 مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە. لوتکەی ئایشێ دەڕوانێت بەسەر ناوچەکانی هەمزەی، گەچێنە، هانەگەرمەڵە و هەروەها شارۆچکەی بیارەدا، کە ئەمەش دیمەنێکی پانۆرامایی فراوانی پێ بەخشیوە.
سروشت و ژینگەی کێوی
ناوچەیەکی زۆر سەخت و تاشەبەردینە، ساڵانە بڕێکی زۆر بەفری لێ دەبارێت کە تا درەنگانی وەرزەکان دەمێنێتەوە. ئەم لوتکەیە و دەوروبەری دەوڵەمەندن بە ڕووپۆشی ڕووەکی جۆراوجۆر و گژوگیای کوێستانی، هەروەها بووەتە پەناگەیەکی ئارام بۆ ژمارەیەکی زۆر لە ئاژەڵ و باڵندەی کێوی کە لەو ژینگە سەختەدا دەژین.
ناونان و مێژووی زارەکی
سەبارەت بە ناوی ئەم لوتکەیە، لە مێژووی زارەکی و فۆلکلۆری ناوچەکەدا دەگێڕدرێتەوە کە بە ناوی ئافرەتێکەوە بە ناوی (ئایشە) ناونراوە. بەپێی گێڕانەوەکان، ئایشە لەم شوێنەدا لەلایەن براکەیەوە کوژراوە، و هەر لەو کاتەوە ناوەکە بەسەر لوتکە چیاکەدا بڕاوە و وەک یادەوەرییەک بۆ ئەو ڕووداوە ماوەتەوە.