ئایا ژیانی مرۆڤ ڕاستییە یان خەو؟

له‌لایه‌ن: - ڕێبین ئیسماعیل مەحموود ڕێبین ئیسماعیل مەحموود - به‌روار: 2026-04-13
ئایا ژیانی مرۆڤ ڕاستییە یان خەو؟
فەلسەفی

پێشەکی

زۆر جار لە خەوێکی قووڵداین؛ لەو خەوەدا بە ئازارێکی سەختدا تێدەپەڕین و دەگرین، یان خەریکی کۆکردنەوەی سامانێکی بێشوومارین و لە لووتکەی دڵخۆشیداین. لەناو ئەو چرکەساتانەی خەوەکەدا، هەموو شتێک بە ڕەهایی "ڕاستی"یە و هیچ گومانێکمان نییە کە ئەوە خودی ژیانە. بەڵام کتوپڕ، کەسێک ڕاماندەچڵەکێنێت و چاومان دەکەینەوە، لەو ساتەدا هەناسەیەکی قووڵ دەدەین و بە خۆت ۆمان دەڵێین: تەنیا خەو بوو!

دەستپێک

ئایا هەرگیز بیرت لەوە کردووەتەوە کە ڕەنگە ئەم ژیانە، ئەم کۆشک و تەلارانەی کە دروستیان دەکەین، ئەم ململانێ و خەم و گریان و دڵخۆشییانەی ئێستا تیایدا دەژین، لە ئاست ڕاستییەکی گەورەتردا تەنها وەک ئەو "خەوە" بن؟ حەقیقەتی ئەم پرسیارە گەورەیە، لە وتەیەکی زێڕین و ڕاچڵەکێنەری ئیمامی عەلیدا بەرجەستە دەبێت کە کورتەی هەموو چیرۆکی بوونی مرۆڤە و دەفەرموێت: "الناسُ نِيامٌ، فَإِذَا مَاتُوا انْتَبَهُوا - خەڵکی لە خەودان، کاتێک مردن، ئینجا خەبەریان دەبێتەوە."
بەڵێ، ئێمە لە خەوین؛ خەوێک کە بە پێناسەی قورئان پێی دەوترێت (غەفڵەت) و پەردەیەک کە ژیانی دونیای لەسەر دروستکردووە. ئەم دونیایە هێندە هۆشی مرۆڤ دەبات، وای لێ دەکات وابزانێت لێرەدا بۆ هەمیشە دەمێنێتەوە. هەر لەبەر ئەمەبوو کە پێغەمبەری خوا (ﷺ) ویستی قەبارەی ڕاستەقینەی ئەو "خەوە"مان نیشان بدات کاتێک بەرواردی کرد بە جیهانی ڕاستەقینە (ئاخیرەت) و فەرمووی: "دونیا لەچاو ئاخیرەتدا تەنها هێندەیە، یەکێکتان پەنجەیەک بخاتە ناو زەریاوە و دەریبهێنێتەوە، با بزانێت پەنجەکەی چەند ئاوی پێوە ماوە." کەچی ئێمە، لە پێناو ئەو یەک دڵۆپە ئاوەدا دڵی یەکتر دەشکێنین، زوڵم دەکەین و حەق دەخۆین، لە کاتێکدا زەریا بێسنوورەکە کە لە پشتمانەوەیە بە تەواوی لەبیرمان کردووە. حەسەنی بەسری چەند جوان حاڵی ئەم مرۆڤەی وەسف کردووە کە بەناو وەهمی کاتدا تێدەپەڕێت بێ ئەوەی هەستی پێ بکات: "ئەی مرۆڤ! تۆ تەنها کۆمەڵێک ڕۆژیت، هەر ڕۆژێک کە دەڕوات، بەشێک لە تۆش دەڕوات!"

ساتی بەئاگابوونەوە

ئەم ژیانە وەهمییە بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی ساتی ڕاچڵەکان، یان دروستتر بڵێین "ساتی بەئاگابوونەوە و دڕینی پەردەکە" دێت، ئەو ساتەی کە پێی دەڵێین مەرگ. قورئانی پیرۆز پڕ بە مێژووی بوونی مرۆڤایەتی لە یەک ئایەتدا لە سورەتی قاف شیکاریی ئەم گۆڕانکارییە سەرسوڕهێنەرە دەکات و دەفەرموێت: لَّقَدْ كُنتَ فِي غَفْلَةٍ مِّنْ هَٰذَا فَكَشَفْنَا عَنكَ غِطَاءَكَ فَبَصَرُكَ الْيَوْمَ حَدِيدٌ. (سوێند بێت تۆ لەم ڕۆژە بێئاگا بوویت، بەڵام ئێمە پەردەی دونیا و بێئاگاییەکانتمان لەسەر لادایت، جا بۆیە ئەمڕۆ چاوت زۆر تیژە).
ئەمە ترۆپکی بەئاگابوونەوەی مرۆڤە! لە ساتی دەرچوونی ڕۆحدا، مەرگ کۆتایی ژیان نییە، بەڵکو کردنەوەی چاوە بەسەر ڕاستییە ڕەهاکاندا. لەو چرکەساتەدا پەردەکە بە خێرایی ڕادەکێشرێت؛ ئەو کاتە چاوەکان هێندە تیژ و بڕەر (حَدِيد) دەبن کە هیچ درۆیەک، خۆدزینەوەیەک و بیانویەک نایخەڵەتێنێت. مرۆڤ دەبینێت فریشتەکانی پاراستنی کردەوەکان کە لێی شاراوە بوون، ئێستا لەبەر چاوین! تێدەگات کە خێزان، سەیارە، پۆست و سامان، تەنها ڕۆڵبینین بوون لە شانۆیەکدا کە پەردەکەی دایدراوە. وەک پێغەمبەر (ﷺ) فەرموویەتی، تەنها "کردەوەکەی" لەگەڵیدا ماوەتەوە، ئەوانی تر هەرگیز موڵکی ئەو نەبوونە و وەک بینینی ناو خەوەکەیان لێهاتووە.

يَقُولُ يَا لَيْتَنِي قَدَّمْتُ لِحَيَاتِي

لەم قۆناغەدایە کە ئەو دەستکەوتەی دونیا، نرخەکەی بە تەواوی لەدەست دەدات و شۆکی حەقیقەت دادەبەزێتە سەر دڵی مرۆڤ. کەسەکە بۆ یەکەمین جار لە ژیانیدا مانای بوونی خۆی دەزانێت، بۆیە لەناو قووڵترین پەشیمانیدا هاوار دەکات و دەڵێت: ﴿يَقُولُ يَا لَيْتَنِي قَدَّمْتُ لِحَيَاتِي﴾ (دەڵێت: ئاخ، خۆزگە پێشینەیەکم بۆ "ژیانم" ناردایە!). تێڕامان لەم وتە قورئانییە موچڕکە بە گیاندا دەهێنێت؛ مرۆڤەکە ناڵێت پێشینەیەکم ناردایە بۆ "مردنم یان دوای مردنم"، بەڵکو تازە تێدەگات ئەوەی لێرەدایە پێی دەوترێت "ژیان!" وە ئەوەی بۆی گریاوە لە ڕابردوودا تەنها تاقیکردنەوە بووە. لێرەدا دەستەوستان دەپاڕێتەوە تەنها بۆ خولەکێک بگەڕێتەوە ناو دونیا ﴿رَبِّ ارْجِعُونِ﴾ تا سجده‌یه‌ک ببات، بەڵام یاسای ئاخیرەت ئەوەیە کە دەرگای ئەزموون دادەخرێت.

پێشینانی ئومەت

پێشینانی ئوممەت بە تەواوی ناخی ئەم پەیامەیان نۆشی بوو، بۆیە ئیمامی عوسمانی کوڕی عەففان، کاتێک لە تەنیشت گۆڕێک دەوەستا دەگریا و دەیفەرموو: "گۆڕ یەکەمین وێستگەی ئاخیرەتە." ئەو زۆر باش تێگەیشتبوو کە ئەم شوێنە ساردی تاریکە، خاڵی جیاکەرەوەیە لە نێوان ئەوانەی کە لە وەهمی دونیادا پەڕیونەتەوە بۆ ئەو جیهانە، و یەکەم ساتە کە دەروازەکانی بینین کراونەتەوە، و چیدیکە گەڕانەوە بوونی نییە؛ کەواتە گەر لێرە سەلامەت نەبین، سەختترین ڕێگایمان لەپێشە.

کورتەی وتە

پەیامی گەورە و شاردراوەی بوون بۆ هەریەک لە ئێمە ئەوەیە کە تەنها میوانێکی ڕێبوارین بەسەر ئەم زەوییەدا و دەپەڕینەوە؛ دونیا تەنها پردێکە بەرەو ئەو ژیانە نەبڕاوەیە، هەرگیز هیچ ژیرێکیش لەسەر پرد کۆشک و تەلاری هەمیشەیی بونیاد نانێت. ژیانی مرۆڤ لەو چرکەیەوە دەست پێدەکات کە پەردەکە لەسەر چاوی هەڵدەدرێتەوە؛ جا بۆیە چەند مەزنە مرۆڤێک پێش ئەوەی مەلائیکەتی مەرگ بە زەبری هێز و شۆک، لە ناو تاریکی و پەشیمانیدا لە خەو بەرێتییەوە، هەر ئەمڕۆ خۆی بە ئیرادە و ویستی خۆی پەردەی (غەفڵەت)ـەکەی لا ببات. دەبا پێش مەرگ بەئاگا بێینەوە و بینایی ناخمان ڕۆشن بکەین، پێش ئەوەی بە نیگای پەشیمانی و چاوی (تیژی) سەرسوڕمانەوە، چاومان لە بینینی تاوان و لەدەستچوونی دەرفەتەکان کراوەتر بێتەوە!


سەرچاوەکان