سترێیۆتایپ

له‌لایه‌ن: - ڕێبین ئیسماعیل مەحموود ڕێبین ئیسماعیل مەحموود - به‌روار: 2025-02-14-19:54:00 - کۆدی بابەت: 14927
سترێیۆتایپ

ناوه‌ڕۆك

پێشەکی

جیهانی هاوچەرخ بە خێرایی گۆڕانکاری بەسەردا دێت و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان ئاڵۆزتر دەبن. لەم چوارچێوەیەدا، تێگەیشتن لە چەمکی سترێیۆتایپ و کاریگەرییەکانی لەسەر تاک و کۆمەڵگا گرنگییەکی تایبەتی هەیە. هەوڵ دەدەین بە شێوەیەکی زانستی و قووڵ، چەمکی سترێیۆتایپ لە هەموو ڕەهەندەکانییەوە شیبکەیەنەوە و تیشک بخەینە سەر کاریگەرییەکانی لەسەر بونیادی کۆمەڵایەتی و دەروونی تاکەکان.

پێناسە و چەمکناسی

سترێیۆتایپ لە ڕووی زمانەوانییەوە لە دوو وشەی یۆنانی 'stereos' و 'typos' پێکهاتووە کە بە واتای نموونە یان شێوازی نەگۆڕ دێت. لە ڕووی زاراوەییەوە، سترێیۆتایپ سیستەمێکی شناختییە کە تێیدا کۆمەڵێک باوەڕ و بیرۆکەی پێشوەختە دەربارەی تایبەتمەندی و ڕەفتاری گروپێکی دیاریکراو دروست دەبێت. ئەم باوەڕانە زۆر جار لەسەر بنەمای زانیاری سنووردار یان نادروست بنیات دەنرێن و بە شێوەیەکی گشتی بۆ هەموو ئەندامانی گروپەکە گشتێنراون. لە ڕوانگەی دەروونناسی کۆمەڵایەتییەوە، سترێیۆتایپ میکانیزمێکی شناختییە کە مێشک بەکاری دەهێنێت بۆ ڕێکخستنی زانیارییەکان و کەمکردنەوەی ئاڵۆزی لە پڕۆسەی تێگەیشتن لە دەوروبەر. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم میکانیزمە دەبێتە هۆی دروستبوونی وێنەیەکی ساکارکراو و ناتەواو لە واقیع.

مێژووی گەشەسەندنی چەمکی سترێیۆتایپ

چەمکی سترێیۆتایپ لە بواری کۆمەڵایەتی و دەروونناسیدا مێژوویەکی درێژی هەیە. والتەر لیپمان لە ساڵی ١٩٢٢ لە کتێبی 'بیروڕای گشتی'دا بۆ یەکەم جار ئەم چەمکەی بەکارهێنا و وەک 'وێنەی ناو مێشکمان' پێناسەی کرد. لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە، توێژینەوە زانستییەکان لەسەر سترێیۆتایپ زیادیان کرد، بەتایبەت دوای دەرکەوتنی کاریگەرییە نەرێنییەکانی لە دروستکردنی جیاکاری و ڕەگەزپەرستی.
لە شەستەکانی سەدەی بیستەمدا، توێژەرانی وەک گۆردۆن ئاڵپۆرت و هێنری تاجفێل ڕۆڵێکی گرنگیان هەبوو لە پەرەپێدانی تێگەیشتنی زانستی لە سترێیۆتایپ. لە حەفتاکان و هەشتاکاندا، توێژینەوەکان فراوانتر بوون و تیۆرییە نوێیەکان سەریان هەڵدا.

هەندێک نموونە لە چەمکی سترێیۆتایپ 

سترێیۆتایپ لە بواری پەروەردەدا بە شێوەیەکی بەرچاو دەردەکەوێت. کاتێک مامۆستایەک بیر لەوە دەکاتەوە کە قوتابییەکانی پۆلی ئەدەبی ناتوانن لە ماتماتیک و بیرکاریدا سەرکەوتوو بن، ئەمە سترێیۆتایپێکی ڕەهایە. یان کاتێک قوتابییەکی بەشی زانستی وا سەیر دەکرێت کە توانای نووسین و داهێنانی ئەدەبی نییە، ئەمەش نموونەیەکی دیکەی سترێیۆتایپە.
لە بواری کارکردندا، کۆمەڵێک سترێیۆتایپی قووڵ هەن. بۆ نموونە، کاتێک کۆمپانیایەک بڕوای وایە تەنها پیاوان دەتوانن سەرکەوتوو بن لە بواری ئەندازیاریدا. یان کاتێک کارمەندێکی گەنج لە کۆمپانیایەک وا سەیر دەکرێت کە ئەزموونی نییە و ناتوانێت بیرۆکەی داهێنەرانەی هەبێت تەنها لەبەر تەمەنی. 
لە بواری تەندروستیدا سترێیۆتایپەکان زۆر زیانبەخشن. بۆ نموونە کاتێک پزیشکێک هەموو کێشەکانی نەخۆشێک دەگەڕێنێتەوە بۆ کێشی زیادە بێ گوێدانە هۆکارەکانی دیکە. یان کاتێک کەسێکی نەخۆشی دەروونی هەیە و کۆمەڵگا وای دادەنێت کە ئەو کەسە ناتوانێت هیچ کارێک بکات یان بەرپرسیارێتی وەربگرێت.
لە بواری کۆمەڵایەتیدا، سترێیۆتایپەکان زۆر قووڵن. بۆ نموونە کاتێک خێزانێک بڕوایان وایە کوڕەکەیان نابێت بە مامۆستای باخچەی ساوایان چونکە ئەوە "کاری ژنانە".
سترێیۆتایپی دیکە پەیوەندییان بە شوێنی ژیان و پێگەی کۆمەڵایەتییەوە هەیە. بۆ نموونە کاتێک خەڵکی گوندنشین وا سەیر دەکرێن کە نەخوێندەوارن یان دواکەوتوون. یان کاتێک خەڵکی شارنشین وا دادەنرێن کە هەموویان دەوڵەمەند و خۆپەرستن.

تیۆرییە سەرەکییەکانی سترێیۆتایپ

تیۆری ناسنامەی کۆمەڵایەتی: ئەم تیۆرییە کە لەلایەن هێنری تاجفێل پەرەی پێدرا، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە سترێیۆتایپ بەشێکە لە پڕۆسەی دروستکردنی ناسنامەی گروپی. تاکەکان هەوڵ دەدەن ناسنامەی خۆیان لە ڕێگەی جیاکردنەوە لە گروپەکانی تر بەهێز بکەن.
تیۆری پڕۆسەی زانیاری کۆمەڵایەتی: ئەم تیۆرییە باس لەوە دەکات کە سترێیۆتایپ بەشێکە لە سیستەمی پڕۆسەکردنی زانیاری لە مێشکدا. مێشک بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزی، پەنا دەباتە بەر پۆلێنکردن و گشتاندن.
تیۆری دەستەڵاتی کۆمەڵایەتی: ئەم تیۆرییە جەخت لەسەر پەیوەندی نێوان سترێیۆتایپ و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی دەستەڵات دەکات. سترێیۆتایپ وەک ئامرازێک بۆ پاراستنی سیستەمی هەبوو بەکاردێت.

جۆرەکانی سترێیۆتایپ

سترێیۆتایپی ڕەگەزی: ئەم جۆرە پەیوەندی بە باوەڕە پێشوەختەکان دەربارەی ڕۆڵ و تایبەتمەندییەکانی ژن و پیاو هەیە. بۆ نموونە، باوەڕی ئەوەی کە ژنان سۆزدارترن و پیاوان عەقڵانیترن.
سترێیۆتایپی نەتەوەیی و کەلتووری: ئەم جۆرە پەیوەندی بە باوەڕەکان دەربارەی خەسڵەت و تایبەتمەندییەکانی نەتەوە و کەلتوورە جیاوازەکان هەیە.
سترێیۆتایپی تەمەن: باوەڕە پێشوەختەکان دەربارەی گروپە تەمەنییە جیاوازەکان، وەک گەنجان و بەساڵاچووان.
سترێیۆتایپی پیشەیی: باوەڕەکان دەربارەی کەسانی سەر بە پیشە جیاوازەکان.

کاریگەرییە ئەرێنی و نەرێنییەکان

کاریگەرییە ئەرێنییەکان

یارمەتیدانی مێشک لە ڕێکخستنی زانیارییەکان و کەمکردنەوەی ئاڵۆزی لە پڕۆسەی تێگەیشتن.
بەهێزکردنی هەستی پەیوەستبوون بە گروپەوە و ناسنامەی گروپی.
یارمەتیدان لە خێراکردنی پڕۆسەی بڕیاردان لە هەندێک حاڵەتدا.
دروستکردنی هەستی ئاسایش و دڵنیایی لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ بارودۆخە نوێیەکان.

کاریگەرییە نەرێنییەکان

دروستبوونی پێشداوەری و جیاکاری.
کاریگەری خراپ لەسەر متمانەبەخۆبوون و خۆبەڕێوەبردنی کەسانی ژێر کاریگەری سترێیۆتایپ.
ڕێگری لە گەشەسەندن و پێشکەوتنی تاکەکان.
دروستبوونی کێشە لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان.
کاریگەری خراپ لەسەر کارایی و بەرهەمداری لە شوێنی کار.

میکانیزمەکانی دروستبوون و گەشەسەندن

پەروەردەی خێزانی: خێزان یەکەم سەرچاوەی فێربوونی سترێیۆتایپە. منداڵان لە ڕێگەی چاولێکەری و فێربوونی کۆمەڵایەتییەوە سترێیۆتایپەکان وەردەگرن.
میدیا و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن: میدیا ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە بڵاوکردنەوە و بەهێزکردنی سترێیۆتایپەکان لە ڕێگەی بەرنامە، ڕیکلام و بەرهەمە جۆراوجۆرەکانەوە.
سیستەمی پەروەردە: قوتابخانە و دامەزراوە پەروەردەییەکان دەتوانن ڕۆڵیان هەبێت لە بەهێزکردن یان لاوازکردنی سترێیۆتایپەکان.
کەلتووری کۆمەڵایەتی: نۆرم و بەها کۆمەڵایەتییەکان کاریگەرییان هەیە لەسەر دروستبوون و بەردەوامبوونی سترێیۆتایپەکان.

ڕێگاکانی بەرەنگاربوونەوە

پەروەردە و هۆشیارکردنەوە
پەرەپێدانی پڕۆگرامی پەروەردەیی تایبەت بۆ هۆشیارکردنەوە دەربارەی سترێیۆتایپ.
فێرکردنی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و شیکردنەوەی زانستی.
هاندانی پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەگەڵ گروپە جیاوازەکان.
ڕۆڵی میدیا
بەرپرسیارێتی میدیا لە پێشکەشکردنی وێنەیەکی هاوسەنگ و واقیعی.
کەمکردنەوەی بڵاوکردنەوەی وێنە و پەیامە سترێیۆتایپییەکان.
بەکارهێنانی میدیا بۆ هۆشیارکردنەوە و گۆڕینی بیرکردنەوەی کۆمەڵگا.
سیاسەت و یاسا
دانانی یاسا و ڕێسای تایبەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی جیاکاری.
پاراستنی مافی گروپە کەمینەکان.
دابینکردنی دەرفەتی یەکسان لە بوارە جیاوازەکاندا.
 


سەرچاوەکان



49 بینین