سەدەی بیستەم

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-07-29-23:10:00 - کۆدی بابەت: 9607
سەدەی بیستەم

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

سەدەی بیستەم (بە ئینگلیزی: 20th century، بە عەرەبی: القرن العشرون) سەدەیەکی پڕ لە ڕووداوی مێژووییە کە گەشەسەندنێکی گەورەی ئامرازەکانی پەیوەندی و گواستنەوەی بەخۆیەوە بینی. دەتوانرێت بوترێت سەدەی بیستەم سەردەمی تەکنەلۆجیایە بە باشترین شێوە. ئەم سەدەیە گۆڕانکارییەکی گەورەی سیاسی و جوگرافی بەخۆیەوە بینیوە لە مێژوودا، شاهێدی هەردوو جەنگە جیهانییە مۆردێرنەکان و کۆمەڵێک ڕێککەوتن و دروستبوونی ڕێکخراوە جیهانییەکان بووە. هەریەک لە ئیمپراتۆریەتی ڕووسیا، ئەڵمانیا، نەمسا-هەنگاریا و عوسمانی جێگەیان بە نەتەوەی نوێ گیرایەوە و دەوڵەت لەسەر بنەمای نەتەوە دروست بوون.

چوار زلهێزەکە، بەریتانیا، فەڕەنسا، ئەمریکا و ئیتاڵیا، لە زنجیرەیەک پەیماننامەدا کۆمەڵێک مەرجیان سەپاند کە بەشداربوون لە سەرهەڵدانی حیزبی نازی و هەڵگیرسانی جەنگی جیهانیی دووەم، کە لە ئەنجامدا گۆڕانکاری قووڵی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بەدوای خۆیدا هێنا، لەوانەش دەرکەوتنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و یەکێتیی سۆڤیەت وەک دوو زلهێزی گەورە کە جێگەی ئیمپراتۆریەتی کۆلۆنیالی بەریتانیا و فەڕەنسایان گرتەوە.

هەروەها سەرهەڵدانی بزووتنەوە سەربەخۆکان لە کۆلۆنیالیزم لە هەموو کیشوەرەکان. لەگەڵ سەرهەڵدانی نەتەوە یەکگرتووەکان و پاشان هەڵگیرسانی جەنگی سارد لە نێوان هەردوو جەمسەر، ئەمریکا و یەکێتیی سۆڤیەت. لە کۆتایی سەدەدا یەکێتیی سۆڤیەت ڕووخا و لە کۆتاییەکانی سەدەکەدا تەکنەلۆجیا بە شێوەیەکی ترسناک گەشەی کرد، بە دروستبوونی سیستەمی پەیوەندییەکان و کەناڵی مانگە دەستکردەکان و دۆزینەوە زانستییە مۆدێرنەکان لە بواری فیزیا و کیمیا.

زانست

زانست لە ماوەی سەدەی بیستەمدا بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش پێشکەوت. پێشکەوتنی نوێ و ڕیشەیی لە زانستە فیزیایی و ژیان و مرۆییەکاندا ڕوویدا، لەسەر بنەمای ئەو پێشکەوتنانەی کە لە سەدەی نۆزدەهەمدا بەدەست هاتبوون. پەرەسەندنی تیۆرییەکانی دوای نیوتن لە فیزیادا، وەک ڕێژەیی تایبەت، ڕێژەیی گشتی و میکانیکی کوانتەم، بووە هۆی پەرەسەندنی چەکی ئەتۆمی.

مۆدێلە نوێیەکانی پێکهاتەی ئەتۆم بووە هۆی پێشکەوتن لە تیۆرییەکانی کیمیا و پەرەسەندنی ماددە نوێیەکانی وەک نایلۆن و پلاستیک. پێشکەوتنەکانی بواری بایۆلۆجی بووە هۆی زیادبوونی زۆری بەرهەمهێنانی خۆراک، هەروەها نەهێشتنی نەخۆشییەکانی وەک ئیفلیجیی منداڵان. لە سەدەی بیستەمدا بڕێکی زۆر تەکنەلۆجیای نوێ پەرەی پێدرا. تەکنەلۆژیاکانی وەک کارەبا، گڵۆپی گەرم، ئۆتۆمبێل و فۆنۆگراف کە بۆ یەکەمجار لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمدا پەرەیان پێدرا، ڕێکخرانەوە و و بە شێوەیەکی گشتگیر جێگیر کران.

یەکەم گەشتی فڕۆکە لە ساڵی ١٩٠٣ ڕوویدا و تا کۆتایی سەدە فڕۆکە گەورەکانی وەک بۆینگ ٧٧٧ و ئایرباس ئەی ٣٣٠ دروست کران کە لەماوەی چەند کاتژمێرێکدا بە هەزاران کیلۆمەتر دەفڕین. پەرەسەندنی تەلەڤزیۆن و کۆمپیوتەر گۆڕانکارییەکی بەرفراوانی لە بڵاوکردنەوەی زانیاریدا بەدوای خۆیدا هێنا.

ئەدەب

ئەدەبی سەدەی بیستەم ئاماژەیە بۆ ئەدەبیاتی جیهانی کە لە ماوەی سەدەی بیستەمدا (١٩٠١ تا ٢٠٠٠) بەرهەم هێنراوە. لە ڕووی نەریتی یۆرۆ-ئەمریکییەوە، دابەش کراوە بەسەر دوو لایەندا، ئەدەبیاتی مۆدێرنیستی و ئەدەبیاتی پۆستمۆدێرن، کە زیاتر دەگەڕێنەوە بۆ نێوان ساڵانی ١٩٠٠ تا ١٩٤٠ و ١٩٦٠ تا ١٩٩٠، چونکە بەهۆی جەنگی جیهانیی دووەمەوە لێک دابڕاون. زاراوەی "ئەدەبی هاوچەرخ" بەزۆری بۆ دوای ساڵی ١٩٦٠ بەکاردەهێنرێت.

هەرچەندە ئەم زاراوانە (مۆدێرن، هاوچەرخ و پۆستمۆدێرن) زۆرترین کاریان بۆ مێژووی ئەدەبی ڕۆژاوا هەیە، بەڵام سەرهەڵدانی جیهانگیری ڕێگەی داوە بیرۆکەی ئەدەبی ئەورووپی تا ڕادەیەک خێرا بڵاوببنەوە بۆ کولتوورە ناڕۆژاواییەکان، بەجۆرێک کە ئەدەبیاتی ئاسیایی و ئەفریقی دەتوانرێت لەگەڵ ئەم دابەشکردنانەدا بە شتێکی بچووک دابنرێن. بەڵام لە هەندێک ڕووەوە، وەک لە ئەدەبی پۆستکۆلۆنیالیزمدا، نووسەرانی کولتوورە ناڕۆژاواییەکان لە پێشەنگی گەشەسەندنی ئەدەبیدا بوون.

پێشکەوتنی تەکنەلۆجی لە ماوەی سەدەی بیستەمدا وایکرد کەمتر پەرتووک بەرهەم بهێنرێت، لە ئەنجامدا بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەرهەمهێنانی ئەدەبیاتی باو و ئەدەبی بێ بایەخی بەخۆیەوە بینی. لە کۆتایی سەدەی بیستەمدا، ئەدەبی ئەلیکترۆنی بەهۆی پەرەسەندنی هایپەرتێکست و دواتریش تۆڕی جیهانیی ئینتەرنێتەوە پەرەی سەند.

هەروەها خەڵاتی نۆبڵی ئەدەب بە درێژایی سەدەکە ساڵانە دەبەخشرا (جگە لە ساڵانی ١٩١٤، ١٩١٨، ١٩٣٥ و ١٩٤٠-١٩٤٣)، یەکەم خەڵاتی ئەدەب (١٩٠١) بۆ سولی پرۆدۆم بوو. دواتریش لە ساڵی ١٩٤٢ـەوەوە لیستی باشترین فرۆشراوەکانی نیویۆرک تایمز بڵاو دەکرایەوە.

پڕفرۆشترین بەرهەمە ئەدەبییەکانی سەدەی بیستەم، بریتیبوون لە: پەرتووکی پەروەردگاری ئەڵقەکان یان پاشای ئەنگوستیلەکان (The Lord of the Rings، ساڵی ١٩٥٤/١٩٥٥، ١٥٠ ملیۆن دانە)، شازادەی بچووک (Le Petit Prince، ساڵی ١٩٤٣، ١٤٠ ملیۆن دانە)، هاری پۆتەر و بەردی فەیلەسووف (Harry Potter and the Philosopher's Stone، ساڵی ١٩٩٧، ١٢٠ ملیۆن دانە) و پاشان هیچ نەبوون (And Then There Were None، ساڵی ١٩٣٩، ١١٥ ملیۆن دانە). هەروەها پەروەردگاری ئەڵقەکان لە ڕاپرسییە جیاوازەکاندا وەک "کتێبی سەدە" ناسێنرا. دواتریش لە ١٩٦١ پێری ڕۆدان وەک پڕفرۆشترین زنجیرەکتێب ڕاگەیەندرا، بە مەزەندەکردنی کۆی گشتی یەک ملیار دانە فرۆشراو.

هونەر

هونەری سەدەی بیستەم کە بە هونەری مۆدێرن دەناسرێت لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمدا بە مۆدێرنیزم دەستی پێکرد. بزووتنەوەکانی سەدەی نۆزدەهەمی پۆست ئیمپڕێشنیزم (Les Nabis) و ئارت نۆڤۆ و سیمبۆلیزم بوونە هۆی دروستبوونی یەکەم بزووتنەوەی هونەریی سەدەی بیستەمی فۆڤیزم لە فەرەنسا و دی برووک ("پردەکە") لە ئەڵمانیا. فۆڤیزم لە پاریس ڕەنگی زیاتری خستە نێو وێنەکێشانی خەیاڵییەوە. دی بروک هەوڵی دەربڕینی سۆزداری دەدا. گرووپێکی تری ئەڵمانی بریتی بوو لە دێر بلاو ڕیتەر ("سوارە شینەکە")، کە کاندینسکی لە میونشن سەرۆکایەتی دەکرد، و وێنەی سوارچاکی شینیان بە هونەرێکی عیرفانیی ڕۆحی ناوێنەیی داهاتووەوە گرێ دەدا.

هەریەک لە کاندینسکی، کوپکا، ر.دێلاونی و پیکابیا پێشەنگەکانی هونەری ئەبستراکت (یان نانوێنەرایەتی) بوون. کووبیزم کە لەلایەن پیکاسۆ و براک و مێتزینگەر و گلیز و کەسانی ترەوە دروست بووە، بە ناساندنی چەندین دیدگا بۆ وێنەیەکی دوو ڕەهەندی، نۆرمەکانی پلاستیکی سەردەمی رێنێسانسیان ڕەتکردەوە.

ڕووداوەکان

١٩٠١: ئوسترالیا لە مانگی کانوونی دووەمدا لەگەڵ شەش کۆلۆنی سەربەخۆی بەریتانیا یەکی گرت و کۆمۆنوێڵتی ئوسترالیا دامەزرا.

١٩٠١: شاژن ڤیکتۆریای شاژنی شانشینی یەکگرتوو و ئێرلەندا لە مانگی کانوونی دووەمدا کۆچی دوایی کرد و ئێدواردی حەوتەم شوێنی گرتەوە.

١٩٠١: ویلیام مەکینلی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە مانگی ئەیلوولدا تیرۆر دەکرێت و تیۆدۆر ڕۆزڤێڵت شوێنی گرتەوە.

١٩٠٢: جەنگی دووەمی بۆرەکان لە مانگی ئایاردا لە باشووری ئەفریقا بە سەرکەوتنی سوپای بەریتانیا کۆتایی هات و کۆماری ترانسڤاڵ و دەوڵەتی ئازادی ئۆرانج بوونە کۆلۆنی ژێر دەسەڵاتی تاجی بەریتانیا.

١٩٠٢: جەنگی فلیپین و ئەمریکا لە مانگی حوزەیران بە بەردەوامبوونی داگیرکارییەکانی ئەمریکا بۆ سەر فلیپین کۆتایی هات.

١٩٠٢: سەرۆکی ئەمریکا تیۆدۆر ڕۆزڤێڵت لە مانگی ئایاردا سەربەخۆیی فەرمی بە کۆماری کووبا لە ئەمریکا بەخشی.

١٩٠٣: پاکتاوکردنی نەتەوەیی نامیبیا کە یەکەم جینۆسایدی سەدەی بیستەم بوو لە باشووری ڕۆژاوای ئەفریقای ئەڵمانیا ڕوویدا.

١٩٠٣: سەربەخۆیی پەنەما لەگەڵ واژۆکردنی پەیمانی های پونۆ فاریا لە نێوان ئەمریکا و پەنەما.

١٩٠٤: واژۆکردنی ڕێککەوتنی دۆستانەی نێوان ئیمپراتۆریەتی بەریتانیا و کۆماری فەڕەنسا بۆ یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکانی کۆلۆنیالیزم.

١٩٠٤: هێرشی ئیمپراتۆریەتی ژاپۆن بۆ سەر پۆرت ئارسەر بووە هۆی شەڕی ڕووسیا و ژاپۆن.

١٩٠٥: جەنگی ڕووسیا و ژاپۆن بە سەرکەوتنی ژاپۆن و سەپاندنی پارێزگاری بەسەر کۆریادا کۆتایی هات.

١٩٠٥: شۆڕش لە ئیمپراتۆریەتی ڕووسیادا هەڵگیرسا کە بووە هۆی دامەزراندنی سیستمێکی پاشایەتی دەستووری سنووردار و سیستمێکی فرەحیزبی.

١٩٠٥: دەستپێکردنی شۆڕشی دەستوری فارسی بەسەر موزەفەردین شای دەوڵەتی قاجاریدا.

١٩٠٥: یەکەم دابەشکردنی بەنگال، ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کە زۆرینەیان موسڵمانن لە ناوچەکانی ڕۆژاوای هیندۆسی جیاکرانەوە.

١٩٠٥: پەرلەمانی نەرویج هەڵوەشاندنەوەی یەکێتیی نێوان سوید و نەرویجی ڕاگەیاند و نەرویج بە تەواوی سەربەخۆ بوو.

١٩٠٦: ئەمریکا دەستی بە دووهەمین داگیرکردنی کووبا کرد دوای ڕووخانی حکوومەتی سەرۆکی کووبا تۆماس ئیسترادا پاڵما، ئەمەش بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە کووبا.

١٩٠٧: واژۆکردنی یەکێتیی سێ لایەنەی سەربازی لە نێوان شانشینی یەکگرتوو و کۆماری فەڕەنسا و ئیمپراتۆریەتی ڕووسیا.

١٩٠٧: کۆتاییهاتنی شۆڕشی دەستوری فارس لە دەوڵەتی قاجار بە دامەزراندنی پەرلەمان.

١٩٠٨: شۆڕشی تورکی گەنج لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا بووە هۆی گەڕاندنەوەی دەستووری هەڵپەسێردراوی عوسمانی.

١٩٠٨: سەربەخۆبوونی بولگاریا لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە مانگی تشرینی یەکەمدا، دامەزراندنی شانشینی بولگاریا و دانانی تاج لەسەر فێردیناندی یەکەم.

١٩٠٨: ئیمپراتۆریەتی نەمسا و هەنگاریا خاکی بۆسنە و هەرزەگۆڤینای گرتەوە، ئەمەش بووە هۆی قەیرانی بۆسنە، لە کاتێکدا لکاندنی ئەو وڵاتە ناڕەزایی زلهێزەکانی لێکەوتەوە.

١٩٠٩: کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە کووبا دوای ئەوەی خۆسێ میگێل گۆمێز بە سەرۆکی کووبا هەڵبژێردرا.

١٩٠٩: ماوەی سەرۆکایەتی تیۆدۆر ڕۆزڤێڵت لە ئەمریکا لە مانگی ئازاردا کۆتایی هات و جێنشینەکەی ویلیام هاوارد تافت شوێنی گرتەوە.

١٩٠٩: کودەتای عوسمانی دژ بە شۆڕشی تورکی گەنج شکستی هێنا و بووە هۆی ڕووخاندنی سوڵتانی عوسمانی عەبدولحەمیدی دووەم و دەستبەکاربوونی مەحمەدی پێنجەمی برای لە مانگی نیساندا.

١٩٠٩: شۆڕشی فارس بووە هۆی دەستلەکارکێشانەوەی شا محەمەد عەلی شا و کوڕەکەی واتە ئەحمەد میرزا قاجار لە مانگی تەممووز شوێنی گرتەوە.

١٩١٠: شۆڕشی مەکسیک سەریهەڵدا بە ڕاپەڕینی جەماوەری چەکداری دوای ئەوەی پۆرفیریۆ دیاز سەرۆکی مەکسیک بە ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکان تۆمەتبار کرا.

١٩١٠: کۆچی دوایی ئێدواردی حەوتەمی شانشینی یەکگرتوو و ئێرلەندا و جۆرجی پێنجەم شوێنی گرتەوە.

١٩١٠: یەکگرتنەوەی کۆلۆنیەکان لە باشووری ئەفریقا و دامەزراندنی یەکێتیی ئەفریقای باشوور لە ژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆریەتی بەریتانیا.

١٩١٠: شۆڕشی ٥ی تشرینی یەکەم لە پورتوگال، دەسەڵاتی پاشایەتی ڕووخاند و یەکەم کۆماری پورتوگالی ڕاگەیاند.

١٩١٠: ئیمپراتۆریەتی ژاپۆن کۆریای داگیر کرد.

١٩١٠: نیکۆلاسی یەکەمی مۆنتینیگرۆ لە مانگی ئابدا وەک یەکەم پاشای شانشینی مۆنتینیگرۆ ناسێندرا.

١٩١٠: هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەلبانیا دژی سیاسەتەکانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە ئەلبانیا.

١٩١١: نیودەلهی بوو بە پایتەختی ڕاجی بەریتانیا.

١٩١١: شەڕی عوسمانی و ئیتاڵیا لە مانگی ئەیلوولدا بووە هۆی لەشکرکێشی ئیتاڵیا بۆ سەر لیبیا.

١٩١١: شۆڕشی شینهای لە مانگی تشرینی یەکەمدا شانشینی چینگی چینی ڕووخاند و کۆتایی بە زیاتر لە ٢٠٠٠ ساڵ حوکمڕانی ئیمپراتۆریی ئەو وڵاتە هێنا.

١٩١١: قەیرانی ئەگادیر دەستی پێکرد کە قەیرانێکی جیهانییە و لە ئەنجامی کێبەرکێی تزاریزمی ئەڵمانیا لە مەغریب لە دژی فەڕەنسا و ئیسپانیا هاتە ئاراوە و بە بەدەستهێنانی بەشێک لە کۆنگۆی ئەڵمانیا کۆتایی هات لە بەرامبەر وازهێنان لە مەغریب بۆ فەڕەنسا و ئیسپانیا.

١٩١٢: ڕاگەیاندنی کۆماری چین لە مانگی کانوونی دووەمدا، سون یات سەن یەکەم سەرۆکی چین بوو و دامەزرێنەری کۆمینتانگ بوو.

١٩١٢: ڕاگەیاندنی پارێزگاری فەڕەنسا بەسەر مەغریبدا لە مانگی ئازاردا.

١٩١٢: هەڵگیرسانی جەنگی یەکەمی بەڵکان لەنێوان ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و وڵاتانی یەکێتیی بەڵکان، واتە بولگاریا، سربیا، یۆنان و مۆنتینیگرۆ لە مانگی تشرینی یەکەمدا.

١٩١٢: داگیرکردنی نیکاراگوا لەلایەن ئەمریکاوە کە بەشێکە لە جەنگەکانی مۆز.

١٩١٣: کودەتای سەربازیی عوسمانی لە ساڵی ١٩١٣ لە مانگی کانوونی دووەمدا بووە هۆی دوورخستنەوەی وەزیری گەورە کامیل پاشا لە دەسەڵات و ئەنوەر پاشا بوو بە دەسەڵاتدار.

١٩١٣: کۆتاییھاتنی ماوەی سەرۆکایەتی ئەمریکا ویلیام هاوارد تافت لە مانگی ئازاردا و ھەڵبژاردنی وودرۆ ویلسۆن.

١٩١٣: جەنگی یەکەمی بەڵکان کۆتایی هات دوای ئەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی زۆربەی زەویەکانی لە ئەورووپا لەدەستدا، دواتر واژۆکردنی پەیمانی لەندەن بەدوایدا هات لە مانگی ئایاردا کە دان بە سەربەخۆیی و دامەزراندنی ئەلبانیادا نرا.

١٩١٣: هەڵگیرسانی جەنگی دووەمی بەڵکان لەنێوان بولگاریا لە لایەک و سڕبیا و یۆنان و ڕۆمانیا و مۆنتینیگرۆ و ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە لایەکی ترەوە. شەڕەکە بە واژۆکردنی پەیمانی بوخارێست لە مانگی ئابدا کۆتایی هات.

١٩١٤: تیرۆرکردنی ئەرکیدوکی نەمسا فرانز فێردیناند لە سەرایێڤۆ لە مانگی حوزەیران، کە بووە هۆی بۆردمانی ئیمپراتۆریەتی نەمسا و هەنگاریا بۆ سەر سربیا، بەهۆیەوە ئیمپراتۆریەتی ڕووسیا مۆبیلیزەکردنی ڕاگەیاند و دواتر سەرهەڵدانی جەنگی جیهانیی یەکەمی لێ کەوتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی تزاردۆمی ئەڵمانیا شەڕی دژی ئیمپراتۆریەتی ڕووسیا ڕاگەیاند. هاوپەیمانییە تێکەڵاوەکان بە خێرایی هەموو زلهێزەکانی ئەورووپایان بۆ لای خۆیان ڕاکێشا و فەڕەنسا و شانشینی یەکگرتووش دەستوەردانیان کرد بۆ پشتگیریکردنی ڕووسیا.

١٩١٤: لە مانگی کانوونی دووەمدا پارێزراوی بەریتانی بەسەر میسردا ڕاگەیەندرا، دوای ئەوەی ئینگلیزەکان خدیوی عەباس حیلمی دووەمیان لە پۆستەکەی دوورخستەوە و حسێن کامیلی مامییان بە سوڵتان دانا.

١٩١٥: داگیرکردنی هایتی لەلایەن ئەمریکاوە.

١٩١٥: جینۆسایدی ئەرمەنەکان لەلایەن ئیمپراتۆریەتی عوسمانییەوە.

١٩١٥: واژۆکردنی ڕێککەوتنی لەندەن، ڕێککەوتنێکی نهێنی نێوان ئیتاڵیا و وڵاتانی سێ لایەنە کە بووە هۆی دەستێوەردانی ئیتاڵیا لەگەڵ هاوپەیمانان لە جەنگی جیهانیی یەکەمدا.

١٩١٦: کۆمارییەکانی ئێرلەندا شۆڕشی جەژنی ئیستەریان دەستپێکرد بۆ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی بەریتانیا لە ئێرلەندا.

١٩١٦: دەستپێکردنی سەردەمی سەربازانی جەنگ لە چین.

١٩١٦: دەیڤید لۆید جۆرج بوو بە سەروەزیرانی بەریتانیا، لە شوێنی ھ.ھ. ئێسکویث.

١٩١٦: دەستپێکردنی شۆڕشی گەورەی عەرەب لە مانگی حوزەیراندا، شۆڕشێکی چەکداری بوو کە لە حیجاز بە سەرۆکایەتی شەریف حسێن کوڕی عەلی دەستی پێکرد، دژی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی.

١٩١٧: سەرهەڵدانی شۆڕشی ڕووسیا لە مانگی شوباتدا کۆتایی بە ئیمپراتۆریەتی ڕووسیا هێنا و سەرەتای شەڕی ناوخۆی ڕووسیا بوو.

١٩١٧: لە مانگی نیساندا، ئەمریکا لە جەنگی جیهانیی یەکەمدا پەیوەندی بە هاوپەیمانانەوە کرد.

١٩١٧: سەرهەڵدانی شۆڕشی بەلشەفی لە ڕووسیا لە مانگی تشرینی یەکەمدا بە سەرکردایەتی بەلشەفیەکان و ڤلادیمێر لینین و فەرماندەی سوپای سوور لیۆن ترۆتسکی بووە هۆی دامەزراندنی کۆماری ڕووسیای فیدراڵی سۆسیالیستی سۆڤیەتی.

١٩١٧: کۆتاییهاتنی شەڕی سێیەمی غەززە بە سەرکەوتنی سوپای شانشینی یەکگرتوو بەسەر ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و لکاندنی غەززە بە دەسەڵاتی بەریتانیا لە مانگی تشرینی دووەمدا.

١٩١٧: لە مانگی تشرینی دووەمدا حکوومەتی بەریتانیا جاڕنامەی بالفۆری دەرکرد بۆ دامەزراندنی ماڵێکی نیشتمانی بۆ گەلی جوولەکە لە فەڵەستین.

١٩١٧: دەستپێکردنی جەنگی ئۆکرانیا و سۆڤیەت لە مانگی کانوونی دووەم.

١٩١٨: واژۆکردنی پەیمانی برێست-لیتۆڤسک لە مانگی ئازاردا لەنێوان حکوومەتی نوێی بەلشەفی لە ڕووسیا و زلهێزەکانی تەوەر (ئەڵمانیا، ئیمپراتۆریەتی نەمسا-هەنگاریا، بولگاریا و ئیمپراتۆریەتی عوسمانی). ئەم پەیمانە کۆتایی بە بەشداریکردنی ڕووسیا لە جەنگی جیهانیی یەکەم هێنا.

١٩١٨: شەڕی ئەمیێنس لە مانگی ئابدا سەرەتای هێرشی هاوپەیمانان بوو کە بە هێرشی سەد ڕۆژ ناسراوە کە بە شکستی ئیمپراتۆریەتی ئەڵمانیا کۆتایی بە جەنگی جیهانیی یەکەم هێنا.

١٩١٨: دامەزراندنی فەرمی کۆماری چیکۆسلۆڤاکیا لە مانگی تشرینی یەکەم لە ئەنجامی یەکگرتنی پێنج ناوچەی سەربەخۆی ئیمپراتۆریەتی نەمسا-هەنگاریا ڕاگەیەندرا.

١٩١٨: ئاگربەستی مودرۆس کە لە مانگی تشرینی یەکەم واژۆ کرا، کۆتایی بە شەڕەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نێوان ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و هاوپەیمانان لە جەنگی جیهانیی یەکەمدا هێنا.

١٩١٨: لە مانگی تشرینی دووەمدا هێزەکانی فەڕەنسا و بەریتانیا و ئیتاڵیا ئیستەنبووڵیان داگیرکرد.

١٩١٨: واژۆکردنی یەکەم ئاگربەستی کۆمپیین لە مانگی تشرینی دووەمدا لەنێوان ئیمپراتۆریەتی ئەڵمانیا و هاوپەیمانان و کۆتایی بە جەنگی جیهانیی یەکەم هات.

١٩١٨: سەرهەڵدانی شەڕی پۆڵەندا و ئۆکرانیا لەسەر ناوچەی گالیسیا دوای هەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتۆریەتی نەمسا و هەنگاریا لە مانگی تشرینی دووەمدا.

١٩١٩: پۆڵەندا، ئۆکرانیا، بیلاڕووس، فینلەندا و وڵاتانی تر لە ڕووسیای سۆڤیەت سەربەخۆ بوون.

١٩١٩: شەڕی ناوخۆی فینلاند لە مانگی ئایاردا بە سەرکەوتنێکی کۆنەپەرستانە بەسەر سۆسیالیستەکاندا کۆتایی هات و کۆتایی بە بوونی سەربازیی ڕووسیا هێنا.

١٩١٩: شۆڕشی ئەڵمانیا لە ئیمپراتۆریەتی ئەڵمانیادا هەڵگیرسا و بە دەستلەکارکێشانەوەی کایزەر ویلهێلمی دووەم و ڕاگەیاندنی کۆماری ئەڵمانیا کە بە کۆماری ڤایمار ناسراوە لە مانگی ئابدا کۆتایی هات.

١٩١٩: دروستبوونی شانشینی ئایسلەندا و دەوڵەتی سلۆڤینی و کروات و سربەکان لە مانگی تشرینی یەکەمدا.

١٩١٩: شانشینی یەکگرتوو فەڵەستینی داگیرکرد.

١٩١٩: یەحیا حەمیددین موتەوەکل پاش ڕۆیشتنی عوسمانییەکان، شانشینی موتەوەکیلی یەمەنی دامەزراند.

١٩١٩: ڕاگەیاندنی کۆماری دیموکراتی ئازەربایجان و سەرەتای شەڕی ئەرمینیا و ئازەربایجان.

١٩١٩: سەرهەڵدانی جەنگی پۆڵەندا و سۆڤیەت.

١٩١٩: هەڵگیرسانی شۆڕش لە مانگی ئازاردا وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە سیاسەتی بەریتانیا لە سوڵتانی میسر لە دوای جەنگی جیهانیی یەکەم، بە سەرۆکایەتی شاندی میسر بە سەرۆکایەتی سەعد زەغلوول.

١٩١٩: واژۆکردنی پەیمانی ڤێرسای لە مانگی حوزەیراندا کە لە دوای جەنگی جیهانیی یەکەمەوە سنوورە نێودەوڵەتییەکانی کێشایەوە و کۆمەڵەی گەلانی دامەزراند.

١٩١٩: دەستپێکردنی شەڕی سەربەخۆیی تورکیا لە مانگی ئایاردا.

١٩١٩: کۆتاییهاتنی جەنگی پۆڵەندا و ئۆکرانیا لە مانگی تەممووزدا بە سەرکەوتنی پۆڵەندا.

١٩٢٠: جەنگی ئەرمینیا و ئازەربایجان لە مانگی تشرینی دووەمدا بە داگیرکردنی ئازەربایجان و ئەرمینیا لەلایەن کۆماری ڕووسیای فیدراڵی سۆسیالیستی سۆڤیەتی کۆتایی هات.

١٩٢١: ئەدۆلف هیتلەر بوو بە فۆهرەری حیزبی نازی، لە کاتێکدا هەڵاوسانی زۆر لە کۆماری ڤایمار دەستی پێکرد.

١٩٢١: کۆتاییھاتنی ماوەی سەرۆکایەتی وودرۆ ویلسۆن سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە مانگی ئازار و جێگەگرتنەوەی بە وارن جی. هاردینگ.

١٩٢١: پادشا فەیسەڵی یەکەم وەک پادشای شانشینی عێراق لەژێر دەسەڵاتی بەریتانیا دەستنیشانکرا.

١٩٢١: کۆماری سۆسیالیستی فیدراڵی سۆڤیەتی ڕووسیا لە مانگی ئازاردا هێرشی کردە سەر جۆرجیا.

١٩٢٢: ئەنجوومەنی گەورەی نیشتمانیی تورکیا هەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی ڕاگەیاند و لە تشرینی دووەم سوڵتان مەحمەدی شەشەمی لە پۆستەکەی لابرد.

١٩٢٢: دامەزراندنی دەوڵەتی ئازادی ئێرلەندا، بەڵام ئێرلەندای باکوور لە چوارچێوەی شانشینی یەکگرتوودا مایەوە.

١٩٢٢: هەڵوەشانەوەی یەکێتیی وڵاتانی کۆستاریکا و گواتیمالا و هندۆراس و سەلڤادۆر.

١٩٢٢: بەپێی بەیاننامەی ٢٨ی شوبات، شانشینی میسر سەربەخۆیی لە شانشینی یەکگرتوو بەدەستهێنا، سەرەڕای مانەوەی هێزەکانی بەریتانیا لە کەناڵی سوێس.

١٩٢٢: دوای ڕێپێوان بۆ سەر ڕۆما، پاشای ئیتاڵیا، ڤیکتۆر ئیمانوێلی سێیەم، بینیتۆ مۆسۆلینی بانگهێشت کرد بۆ پێکهێنانی حکوومەت لە مانگی تشرینی یەکەمدا.

١٩٢٢: لە مانگی کانوونی دووەمدا یەکێتیی سۆڤیەت وەک یەکەم وڵاتی کۆمۆنیستی لە جیهاندا پێکهێنرا.

١٩٢٣: هەوڵی کودەتای پێر هۆل، کە هەوڵێک بوو بۆ ڕووخاندنی کۆماری ڤایمار، بە شکست کۆتایی هات و ئەدۆلف هیتلەر بۆ ماوەیەکی کورت زیندانی کرا.

١٩٢٣: کودەتای پریمۆ دی ریڤێرا لە ئیسپانیا و هەڵوەشانەوەی پەرلەمان و دامەزراندنی حکوومەتی سەربازی.

١٩٢٣: کۆچی دوایی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وارن جی. هاردینگ لە مانگی ئابدا و کالڤین کولیج شوێنی گرتەوە.

١٩٢٣: کۆتاییهاتنی جەنگی سەربەخۆییی تورکیا بە واژۆکردنی پەیمانی لۆزان و هەڵبژاردنی موستەفا کەمال ئەتاتورک وەک یەکەم سەرۆکی کۆماری تورکیا و ئەنقەرە بوو بە پایتەختی تورکیا لە جیاتی ئیستەنبووڵ.

١٩٢٤: کۆچی دواییی ڤلادیمێر لینین لە مانگی کانوونی دووەمدا و ئاگری ململانێی دەسەڵاتی نێوان لیۆن ترۆتسکی و جۆزێف ستالین.

١٩٢٤: موستەفا کەمال ئەتاتورک لە مانگی ئازاردا خەلافەتی ئیسلامی هەڵوەشاندەوە.

١٩٢٤: لە مانگی ئازاردا شۆڕشێک لە یۆنان هەڵگیرسا و پاشای جۆرج دووەمی یۆنانی ڕووخاند و کۆمارێکی دامەزراند.

١٩٢٥: بێنیتۆ مۆسۆلینی بوو بە دیکتاتۆر لە ئیتاڵیا.

١٩٢٥: ڕەزا پەهلەوی لە مانگی کانوونی دووەمی ڕابردوودا کودەتایەکی لە دژی شا ئەحمەد میرزا قاجار، دوا شای دەوڵەتی قاجاری کرد و دەوڵەتی پەهلەوی لە ئێران دامەزراند.

١٩٢٦: کۆچی دوایی ئیمپراتۆر تایشۆی ژاپۆن و شوێنگرتنەوەی لەلایەن کوڕەکەی بە ناوی هیرۆهیتۆ.

١٩٢٧: جۆزێف ستالین بوو بە سەرۆکی یەکێتیی سۆڤیەت.

١٩٢٧: لە مانگی ئابدا شەڕی ناوخۆی چین لە نێوان هێزەکانی دڵسۆزی پارتی کۆمینتانگ و هێزەکانی حیزبی شیوعیی چین دەستی پێکرد.

١٩٢٧: دامەزراندنی شانشینی حیجاز و نەجد و هاوپێچەکانی بە سەرکردایەتی سوڵتانی نەجد عەبدولعەزیز ئال سعوود لە مانگی کانوونی دووەمدا.

١٩٢٨: حکوومەتی کۆمینتانگ لە سەردەمی چیانگ کای شیک چینی یەکخست و سەردەمی سەرکردە جەنگییەکان لە چین کۆتایی هات.

١٩٢٨: حەسەن بەننا ئیخوان موسلمینی دامەزراند.

١٩٢٩: شکستی وۆڵ ستریت و دەستپێکردنی پاشەکشەی گەورەی ئابووری.

١٩٢٩: کۆتاییھاتنی سەرۆکایەتی کالڤین کولیج سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە مانگی ئازاردا و ھەڵبژاردنی جێگرەوەی بە ناوی ھێربێرت هوڤەر.

١٩٢٩: پاپا پیۆسی یازدەهەم پەیمانی لاتەران لەگەڵ "بینیتۆ مۆسۆلینی" ڕێبەری ئیتاڵیا واژوو کرد و ڤاتیکان وەک دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری ناساند.

١٩٣٠: مەهاتما گاندی سەرکردایەتی ڕێپێوانی خوێی کرد و دەستی بە نافەرمانی مەدەنی کرد لە ڕاجی بەریتانی.

١٩٣٠: کودەتا سەربازییەکان حکوومەتە مەدەنییەکانی پیرۆ و بەڕازیلیان هەڵوەشاندەوە.

١٩٣٠: کۆچی دواییی ئیمپراتۆر زێودەتوی ئەسیوپیا لە مانگی نیساندا و لە شوێنیدا هەیلە سلاسی جێی گرتەوە.

١٩٣١: پاشای ئیسپانیا ئەلفۆنسۆی سێزدەهەم وڵاتەکەی بەجێهێشت دوای ئەوەی کاندیدەکانی پارتی کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنەکاندا زۆرینەی دەنگەکانیان بەدەستهێنا و لە مانگی نیساندا کۆماری دووەمی ئیسپانیا ڕاگەیەندرا.

١٩٣١: ڕاگەیاندنی کۆماری سۆڤیەتی چین لە مانگی تشرینی دووەمدا لەلایەن ماو تسی تۆنگەوە.

١٩٣١: یاسای وێستمینستەر سەربەخۆیی تەواوەتی بە پەرلەمانەکانی کۆمۆنوێڵتی نەتەوەکان لە پەرلەمانی شانشینی یەکگرتوو بەخشی.

١٩٣١: ئیمپراتۆریەتی ژاپۆن لە مانگی ئەیلوولدا هێرشی کردە سەر مەنچووریای چین.

١٩٣٢: ڕاگەیاندنی دامەزراندنی شانشینی سعوودیە و یەکەم پاشای، شا عەبدولعەزیز ئال سعوود.

١٩٣٣: لە مانگی کانوونی دووەمدا ئەدۆلف هیتلەر بە سەرۆکی ئەڵمانیا هەڵبژێردرا.

١٩٣٣: کۆتاییھاتنی ماوەی سەرۆکایەتی ھێربێرت هوڤەری سەرۆکی ئەمریکا لە مانگی ئازاردا و ھەڵبژاردنی فرانکلین ڕۆزڤێڵت وەک جێگرەوەی.

١٩٣٣: کۆتاییهاتنی داگیرکارییەکانی ئەمریکا بۆ سەر نیکاراگوا و هایتی وەک بەشێک لە سیاسەتی دراوسێی باش کە فرانکلین ڕۆزڤێڵت سەرۆکی ئەمریکا پەیڕەوی لێ دەکرد.

١٩٣٤: دەستپێکردنی دیکتاتۆری لە بەڕازیل و بۆلیڤیا.

١٩٣٤: ئەدۆلف هیتلەر خۆی بە فۆهرەر ڕاگەیاند و لە مانگی ئازاردا کۆماری ڤایمار گۆڕدرا بۆ ئەڵمانیای نازی.

١٩٣٥: کۆتاییهاتنی جەنگی دووەمی ئیتاڵیا و ئەسیوپیا لە مانگی شوباتدا بە دەربەدەری ئیمپراتۆر هەیلە سلاسی و داگیرکردنی ئیمپراتۆریەتی ئەسیوپیا لەلایەن ئیتاڵیا، هەروەها یەکخستنی پارێزگاکانی ئێریتریا و سۆماڵی ئیتاڵیا و ئەسیوپیا بۆ پێکهێنانی پارێزگای ڕۆژهەڵاتی ئەفریقای ئیتاڵیا. لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئیمپراتۆری ئیتاڵی، ڤیکتۆر ئیمانوێلی سێیەم وەک پاشا.

١٩٣٥: دەوڵەتی پەهلەوی ناوی خۆی گۆڕی بۆ شانشینی ئێران.

١٩٣٦: سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆی ئیسپانیا لە مانگی تەممووز، لەنێوان کۆمارییەکان و پاشایەتییەکان دوای کودەتایەکی شکستخواردوو لە دژی کۆماری دووەمی ئیسپانیا.

١٩٣٦: جۆزێف ستالین فەرمانی پاکتاوکردنی گەورەی لە یەکێتیی سۆڤیەت دەرکرد.

١٩٣٦: ئێدواردی هەشتەمی شانشینی یەکگرتوو و ئێرلەندای باکوور بوو بە پاشای کۆمۆنوێڵتی نەتەوەکان و ئیمپراتۆری هیندستان.

١٩٣٦: دەستلەکارکێشانەوەی ئێدواردی هەشتەمی شانشینی یەکگرتوو و ئێرلەندای باکوور بۆ براکەی، جۆرجی شەشەم.

١٩٣٦: سەرهەڵدانی شۆڕشی فەڵەستین لە مانگی ئایاردا، کە ماوەی ٦ مانگ بەردەوام بوو دژی ئیدارەی بەریتانیا بەهۆی دژایەتیکردنی کۆچی جوولەکەکان.

١٩٣٧: دەستپێکردنی هێرشی ژاپۆن بۆ سەر چین، و دەستپێکردنی جەنگی جیهانیی دووەم لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا.

١٩٣٧: نێڤیل چەمبەرلین بە سەروەزیرانی بەریتانیا هەڵبژێردرا بۆ جێگرەوەی ستانلی باڵدوین.

١٩٣٨: لە ئەدۆلف هیتلەر فشاری خستە سەر نەمسا بۆ لکاندنی بە ئەڵمانیاوە و لە مانگی ئازاردا یەکخستنەکە ڕوویدا و ناونرا ئەنشلوس.

١٩٣٨: ئەڵمانیا بە پێی پەیماننامەی میونشن چیکۆسلۆڤاکیای لکاند بە خۆیەوە.

١٩٣٨: کۆتاییهاتنی پاکتاوکردنی گەورە لە یەکێتیی سۆڤیەت دوای لە سێدارەدانی نزیکەی ٧٠٠ هەزار کەس.

١٩٣٩: کۆتاییهاتنی شەڕی ناوخۆی ئیسپانیا لە مانگی نیسان بە ڕووخاندنی کۆماری دووەمی ئیسپانیا دوای سەرکەوتنی فرانسیسکۆ فرانکۆ بۆ بوون بە دیکتاتۆری ئیسپانیا.

١٩٣٩: پەیمانی ئەڵمانیا و سۆڤیەت بۆ ڕێگری لە دەستدرێژی لە نێوان ئەڵمانیای نازی و یەکێتیی سۆڤیەت واژۆ کرا.

١٩٣٩: لەشکرکێشی ئەڵمانیای نازی بۆ سەر پۆڵەندا لە مانگی ئەیلوولدا بووە هۆی دەستپێکردنی جەنگی جیهانیی دووەم لە ئەورووپا. دواتریش لەشکرکێشی سۆڤیەت بۆ سەر پۆڵەندا دوای ١٦ ڕۆژ دەستی پێکرد.

١٩٣٩: شانشینی یەکگرتوو و فەڕەنسا شەڕیان دژی ئەڵمانیای نازی ڕاگەیاند.

١٩٣٩: شانشینی ئیتاڵیا لە مانگی نیساندا هێرشی کردە سەر ئەلبانیا و بە فەرمی داگیری کرد.

١٩٤٠: لە مانگی ئایاردا دوای ئەوەی هێزەکانی بەریتانیا تووشی شکستێکی گەورە بوون، چامبەرلین وازی لە پۆستەکەی هێنا و وینستن چەرچڵ شوێنی گرتەوە.

١٩٤٠: شانشینی ئیتاڵیا لە مانگی حوزەیراندا شەڕی دژی شانشینی یەکگرتوو و فەڕەنسا ڕاگەیاند و شەڕی بیابان لە نێوان ئیتاڵیا و بەریتانیا لە لیبیا و میسر دەستیپێکرد و قۆناغی یەکەمی شەڕەکە بە شکستێکی گەورە بۆ ئیتاڵیەکان کۆتایی هات.

١٩٤٠: ئەڵمانیای نازی هێرشی کردە سەر لۆکسمبۆرگ و هۆڵەندا و بەلجیکا و لە مانگی ئایاردا بەردەوام بوو لە پێشڕەوییەکانی بەرەو فەڕەنسا.

١٩٤٠: دەستپێکردنی هێرشی ئیتاڵیا بۆ سەر فەڕەنسا و لە مانگی حوزەیراندا پاریسی پایتەخت کەوتە دەست ئەڵمانییەکان.

١٩٤١: ئۆپەراسیۆنی باربارۆسا دەستی پێکرد کە تێیدا ئەڵمانیا لە مانگی حوزەیراندا هێرشی کردە سەر یەکێتیی سۆڤیەت و ناچاری کرد وەک هاوپەیمانی بەریتانیا لە جەنگی جیهانیی دووەمدا بەشداری بکات.

١٩٤١: ئیمپراتۆریەتی ژاپۆن لە مانگی کانوونی دووەمدا هێرشی کردە بەندەری ئەمریکی پێرل هاربەر و کۆلۆنیەکانی بەریتانیا لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا.

١٩٤٢: سەرکەوتنی ئەمریکا لە شەڕی میدوەی بەسەر ئیمپراتۆریەتی ژاپۆن لە مانگی حوزەیران.

١٩٤٢: ئەمریکا لە مانگی حوزەیران دەستی کرد بە چوونە ناو شەڕی ئەورووپا دوای ئەوەی سوپاکانی لە ئینگلتەرا نیشتنەوە بۆ بەشداریکردن لە شەڕەکانی دژی ئەڵمانیا.

١٩٤٢: شەڕی دووەمی ئەلعەلەمەین لە مانگی تشرینی یەکەمدا لە نێوان ئەڵمانیای نازی بە سەرۆکایەتی ڕۆمێل و شانشینی یەکگرتوو بە سەرۆکایەتی بێرنارد مۆنتگۆمێری ڕوویدا، دواجار سوپای بەریتانیا توانی شکست بە ڕۆمێل بهێنێت.

١٩٤٣: ئەڵمانییەکان لە شەڕی ستالینگراد و کورسک لە بەرانبەر یەکێتیی سۆڤیەت دۆڕان.

١٩٤٣: لە مانگی ئەیلوولدا هێزەکانی هاوپەیمانان لە ڕێگەی سیسیلیاوە هێرشیان کردە سەر خاکی ئیتاڵیا.

١٩٤٣: لوبنان سەربەخۆ بوو و هێزەکانی فەڕەنسا لە مانگی تشرینی دووەمدا کشانەوە.

١٩٤٤: دواجار هاوپەیمانان توانیان لە مانگی حوزەیران بچنە ناو ڕۆما و شانشینی ئیتاڵیایان ناچار کرد پەیمانی خۆبەدەستەوەدان واژۆ بکات.

١٩٤٤: ڕووخانی خێرای ڕۆما بووە هۆی ئازادکردنی فەڕەنسا و لە مانگی حوزەیران دەست کرا بە نیشتنەوەی نۆرماندی بۆ ڕزگارکردنی باکووری ڕۆژاوای ئەورووپا و گەیشتن بە سنوورەکانی ئەڵمانیای ڕۆژئاوا.

١٩٤٤: هێزەکانی ژاپۆن دەستیان کرد بە لەدەستدانی کۆنترۆڵی ناوچە داگیرکراوەکانیان، کاتێک هێزەکانی ئەمریکا دەستیان کرد بە کۆنتڕۆڵکردنی دوورگەکانی زەریای هێمن.

١٩٤٥: جەنگی جیهانیی دووەم بە شەڕی بولج کۆتایی هات، کە دوا هێرشی بەرپەرچدانەوەی ئەڵمانیا بوو لە ڕۆژاوا کاتێک هێزەکانی سۆڤیەت لە مانگی ئایاردا بەرلینیان گرت و ئەڵمانیاش خۆی بەدەستەوەدا.

١٩٤٥: کۆچی دوایی فرانکلین رۆزڤێڵت، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە مانگی نیسان و هاری تروومان شوێنی گرتەوە.

١٩٤٥: دامەزراندنی نەتەوە یەکگرتووەکان دوای کۆنفرانسی سانفرانسیسکۆ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە مانگی حوزەیران.

١٩٤٥: هێزەکانی ئەمریکا کۆنتڕۆڵی دوورگەکانی ئییۆجیما و ئۆکیناوایان لە ژاپۆن کرد، لە کاتێکدا هێزەکانی بەریتانیا کۆنترۆڵی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیایان کرد. دواجار لەشکرکێشی سۆڤیەت بۆ سەر مانچوکوو و پاشان ئەمریکا لە مانگی ئابدا هێرشێکی ئەتۆمی بۆ سەر شارەکانی هێرۆشیما و ناکازاکی ژاپۆن دەستپێکرد. ئەمەش بووە هۆی خۆبەدەستەوەدانی ئیمپراتۆریەتی ژاپۆن.

١٩٤٥: دوای شکستی ژاپۆن لە جەنگی دووەمی جیهانیدا، سوکارنۆی سەرکردەی ئەندەنووسیا سەربەخۆیی وڵاتەکەی ڕاگەیاند و لە مانگی ئابدا وەک سەرۆکی کۆماری ئەندەنووسیا دەستنیشان کرا.

١٩٤٦: لە مانگی نیسان هێزەکانی فەڕەنسا لە سووریا کشانەوە دوای ئەوەی راپەڕینی سەربەخۆیی دەستی پێکرد.

١٩٤٦: دوای کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی بەریتانیا، نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێککەوتن لەسەر دانپێدانانی ئوردن وەک شانشینێکی سەربەخۆ و ناساندنی عەبدوڵڵای یەکەم کوڕی حسێن وەک یەکەم پاشای شانشینی هاشمیی ئوردن.

١٩٤٦: پادشای ئیتاڵیا ئۆمبێرتۆی دووەم ناچار بوو لە مانگی حوزەیران دەست لەکار بکێشێتەوە و ئیتاڵیا دوای ریفراندۆم بوو بە کۆمار.

١٩٤٦: قازی محەمەد و هاوڕێکانی کۆماری مەهاباد لە شاری مەهاباد و دەوروبەری ڕادەگەیەنن. لە هەمان ساڵدا لەلایەن یەکێتیی سۆڤیەت و ئێرانییەکانەوە دەڕوخێنرێت و قازی محەمەد لەسێدارە دەدرێت.

١٩٤٧: ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی هیندستانی بەریتانی و بەشکردنی بۆ دوو دەوڵەتی سەربەخۆ، هیندستان و پاکستان، کە بە یاسای پەرلەمانی شانشینی یەکگرتوو لە مانگی ئابدا ڕاگەیەندرا.

١٩٤٧: ئەڵمانیا بەسەر چوار خاکی داگیرکراوی یەکێتیی سۆڤیەت، ئەمریکا، شانشینی یەکگرتوو و فەڕەنسا دابەشکرا.

١٩٤٨: هەڵگیرسانی شەڕی ١٩٤٨ لە فەڵەستین لە نێوان شانشینی هاشمی ئوردن، شانشینی میسر، شانشینی عێراق، سووریا و لوبنان لە دژی میلیشیا چەکدارەکانی زایۆنی لە فەڵەستین و بە شکستی وڵاتانی عەرەبی و دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل کۆتایی هات.

١٩٤٨: کۆنفیدڕاسیۆنی ناوچەکانی ئەڵمانیا لە ژێر کۆنترۆڵی فەڕەنسا و بەریتانیا و ئەمریکادا کۆماری فیدراڵی ئەڵمانیای دامەزراند و ناوچەی ڕووسیا بوو بە کۆماری دیموکراتی ئەڵمانیا.

١٩٥٠: جەنگی کۆریا سەری هەڵدا کاتێک کۆریای باکوور کە لەژێر کۆنترۆڵی سۆڤیەتدا بوو هێرشی کردە سەر کۆریای باشوور، دواتر بە دەستێوەردانی ئەمریکا جەنگەکە فراوانتر بوو.

١٩٥٠: دوای ئەوەی پارتی ناسیۆنالیستی چینی ناسراو بە کۆمینتانگ لە شەڕی ناوخۆی چین لەلایەن هێزەکانی حیزبی شیوعیی چینەوە شکستی هێنا، ڕووی لە تایوان کرد و لەوێ کۆماری چینی دامەزراند، هاوکات ئەندامانی حیزبی شیوعی کۆماری گەلی چینیان دامەزراند.

١٩٥١: کۆتاییهاتنی ئەمینداری بەسەر لیبیادا لە کانوونی دووەم، لەگەڵ ڕاگەیاندنی دەستووری فیدراڵیی لیبیا و هەڵبژاردنی ئیدریس سنووسی وەک پاشای شانشینی لیبیای یەکگرتوو.

١٩٥٢: کۆچی دوایی جۆرجی شەشەم، پاشای شانشینی یەکگرتوو و ئێرلەندای باکوور، لەدوای ئەو کچەکەی بەناوی ئەلیزابێسی دووەم شوێنی گرتەوە.

١٩٥٢: شۆڕشی ٢٣ی تەممووز، کە هەنگاوێکی سەربازی بوو بە سەرۆکایەتی ئەفسەرانی سوپای میسر، دەسەڵاتی پاشایەتی ڕووخاند و لە مانگی تەممووزدا کۆماری میسری بە سەرۆکایەتی محەمەد نەجیب دامەزراند.

١٩٥٣: کۆتاییھاتنی ماوەی سەرۆکایەتیی هاری تروومان لە مانگی کانوونی دووەمدا و ھەڵبژاردنی دواییت ئایزنھاوەر لە شوێنی.

١٩٥٣: کۆتاییهاتنی جەنگی کۆریا بە واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی ئاگربەستی کۆریا، کە تێیدا رەچاوی دابەشکردنی نیمچە دوورگەی کۆریا کرا.

١٩٥٣: کۆچی دوایی سەرۆکی سۆڤیەت جۆزێف ستالین و جۆرجی مالێنکۆڤ شوێنی گرتەوە.

١٩٥٣: سەرهەڵدانی شۆڕشی کووبا دژی ڕژێمی دیکتاتۆری سەرۆکی کووبا فولجینسیۆ باتیستا.

١٩٥٤: هەڵگیرسانی جەنگی سارد لە نێوان ئەمریکا و یەکێتیی سۆڤیەت.

١٩٥٤: هەڵگیرسانی شۆڕشی ڕزگاریخوازی جەزائیر دژی فەڕەنسا.

١٩٥٥: دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکی سۆڤیەت جۆرجی مالێنکۆڤ و شوێنگرتنەوەی لەلایەن نیکیتا خرۆشۆڤ.

١٩٥٥: جەنگی ڤێتنام لە نێوان ڤێتنامی باکوور کە لەلایەن سۆڤیەتەوە پاڵپشتی دەکرا و ڤێتنامی باشوور کە لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرا، لە مانگی تشرینی دووەمدا سەریهەڵدا.

١٩٥٦: پەرلەمانی سوودان سەربەخۆیی سوودانی ڕاگەیاند و داوای لە هەردوو دەوڵەتی کۆندۆمینیۆم کرد کە سوودان وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ.

١٩٥٦: دەستپێکردنی دەستدرێژیی سێ قۆڵی بەریتانیا و فەرەنسا و ئیسرائیل بۆ سەر میسر دوای ئەوەی جەمال عەبدولناسر لە مانگی تشرینی یەکەمدا نۆکەندی سوێسی بە نیشتمانی کرد.

١٩٥٦: سەربەخۆیی مەغریب و کۆتاییھاتنی دەسەڵاتی پارێزراوی فەڕەنسا بەسەر مەغریبدا.

١٩٥٦: حەبیب بۆرگیبا سەرکردەی توونس درێژەی بە دانوستانەکان دا تا کۆتاییھاتنی پارێزراوی فەڕەنسا لە توونس و ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی توونس لە مانگی ئازاردا.

١٩٥٦: فیدراسیۆنی مالایا لە مانگی ئابدا سەربەخۆیی لە بەریتانیا بەدەستهێنا.

١٩٥٨: ڕووخاندنی دەسەڵاتی پاشایەتی لە عێراق لە ١٤ی تەممووز و هەڵبژاردنی محەمەد نەجیب ڕەبیعی وەک یەکەم سەرکۆماری عێراق.

١٩٥٩: کۆتاییهاتنی شۆڕشی کووبا بە سەرکەوتنی بزووتنەوەی ٢٦ی تەممووز بەسەر ڕژێمی فولگێنسیۆ باتیستادا. فیدڵ کاسترۆ بە سەرۆکی کووبا هەڵبژێردرا.

١٩٦٠: لە مانگی ئابدا قوبرس سەربەخۆیی خۆی لە بەریتانیا ڕاگەیاند. بەڵام قوبرسییە تورکەکان ڕەتیان کردەوە بڕۆنە نێو یۆنان یان تورکیا و هەڵبژاردنی ماکاریۆسی سێیەمیشیان وەک سەرۆک ڕەتکردەوە.

١٩٦١: سەرهەڵدانی شۆڕشی ئەیلوول لە باشووری کوردستان بە سەرۆکایەتی موستەفا بارزانی.

١٩٦١: داگیرکاریی کەنداوی بەرازەکان هەوڵێکی کودەتایەکی شکستخواردوو بوو کە لەلایەن هەواڵگریی ئەمریکاوە ڕێکخرابوو بۆ ڕزگاربوون لە ڕژێمی فیدڵ کاسترۆ لە کووبا.

١٩٦١: کۆتاییھاتنی ماوەی سەرۆکایەتی دواییت ئایزنهاوەری سەرۆکی ئەمریکا و ھەڵبژاردنی جۆن ئێف کێنێدی.

١٩٦١: هەڵگیرسانی جەنگی کۆلۆنیالی پورتوگال لەنێوان سوپای پورتوگال و بزووتنەوە ناسیۆنالیستەکانی سەرهەڵداو لە کۆلۆنیەکانی ئەفریقای پورتوگال.

١٩٦١: راگەیاندنی سەربەخۆییی کوەیت دوای کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی بەریتانیا لە مانگی حوزەیران.

١٩٦٢: شۆڕشی ڕزگاریخوازی جەزائیر بە ڕاگەیاندنی سەربەخۆییی جەزائیر لە تەممووزدا کۆتایی هات.

١٩٦٢: قەیرانی مووشەکی کووبا سەریهەڵدا و بووە هۆی ڕووبەڕووبوونەوەی نیمچەسەربازی لە نێوان ئەمریکا و یەکێتیی سۆڤیەت بەهۆی بوونی مووشەکی سۆڤیەت لە کووبا.

١٩٦٣: سەنگاپوورە، ساراواک، بۆرنیۆی باکووری بەریتانیا و فیدراسیۆنی مالایا لە مانگی ئەیلوولدا یەکخران و شانشینی مالیزیا پێکهێنرا.

١٩٦٣: لە مانگی تشرینی دووەمدا جۆن ئێف کێنێدی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تیرۆرکرا و لیندۆن جۆنسۆن شوێنی گرتەوە.

١٩٦٤: نیکیتا خرۆشۆڤ سەرۆکی یەکێتیی سۆڤیەت لە مانگی تشرینی یەکەمدا دەستی لەکارکێشایەوە و لیۆنید برێژنێڤ شوێنی گرتەوە.

١٩٦٥: جەنگی هیندستان و پاکستان لە ساڵی ١٩٦٥ هەڵگیرسا و لە مانگی ئەیلوولدا بە ئاگربەستێک کە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێکی خستبوو کۆتایی هات.

١٩٦٥: سەرهەڵدانی شۆڕشی (ظفار) لەلایەن بزووتنەوەیەکی دژی حکوومەتی شانشینی عومان و کۆلۆنیالیزمی بەریتانیا.

١٩٦٧: کۆمەڵێک سەرباز لە یۆنان کودەتایان کرد و لە مانگی نیساندا ئەنجوومەنی سەربازی یۆنانیان دامەزراند.

١٩٦٧: جەنگی ١٩٦٧ی نێوان ئیسرائیل و میسر و سووریا و ئوردن لە مانگی حوزەیران هەڵگیرسا و بە سەرکەوتنی ئیسرائیل کۆتایی هات.

١٩٦٨: کودەتایەک لە عێراق بووە هۆی ڕووخاندنی دەسەڵاتی عەبدولڕەحمان عارف لەلایەن حیزبی بەعسی عەرەبی سۆسیالیستی و ئەحمەد حەسەن بەکر شوێنی گرتەوە.

١٩٦٩: کۆمەڵێک لە ئەفسەرانی سەربازی لە لیبیا بە سەرۆکایەتی سەرهەنگ موعەمەر قەزافی ڕژێمی شای لیبیا ئیدریس سنووسییان لە مانگی ئەیلوولدا ڕووخاند.

١٩٧١: ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی بەحرەین لە مانگی ئابدا.

١٩٧١: قەتەر لە مانگی ئەیلوولدا سەربەخۆیی خۆی لە بەریتانیا ڕاگەیاند.

١٩٧١: سەرهەڵدانی جەنگی هیندستان و پاکستان لە ساڵی ١٩٧١ بە سەرکەوتنێکی یەکلاکەرەوەی هیندستان و خۆبەدەستەوەدانی پاکستان لە مانگی کانوونی دووەم کۆتایی هات.

١٩٧١: هەڵگیرسانی جەنگی سەربەخۆیی بەنگلادیش لە نێوان هیندستان و پاکستانی ڕۆژهەڵات و پاکستان، کە بە جیابوونەوەی ڕۆژهەڵاتی پاکستان کۆتایی هات و ناوی گۆڕدرا بۆ بەنگلادیش.

١٩٧١: سەربەخۆیی ئیمارەتەکانی کەناراوی عەرەبی و یەکگرتنیان بۆ دروستکردنی دەوڵەتی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی.

١٩٧٣: کودەتایەکی سەربازی بە سەرۆکایەتی جەنەڕاڵ ئۆگستۆ پینۆشێ لە مانگی ئەیلوولدا سەلڤادۆر ئەلیندی سەرۆکی چیلی ڕووخاند.

١٩٧٣: هەڵگیرسانی جەنگی تشرینی یەکەمی نێوان میسر و سووریا و ئیسرائیل، کە بووە هۆی گەمارۆی نەوت لە ساڵی ١٩٧٣.

١٩٧٤: سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕیچارد نیکسۆن دوای ئابڕوچوونی ئاگۆست واتەرگەیت دەستی لەکارکێشایەوە و جێراڵد فۆرد شوێنی گرتەوە.

١٩٧٤: شەڕی ناوخۆی ئەسیوپیا لە مانگی تشرینی دووەمدا سەری هەڵدا دوای کودەتا لە دژی ئیمپراتۆر هەیلە سلاسی.

١٩٧٥: کۆتاییهاتنی جەنگی ڤێتنام بە ڕووخانی سایگۆن و خۆڕادەستکردنی بێ مەرجی باشووری ڤێتنام لە مانگی نیساندا.

١٩٧٥: سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆی لوبنان لە مانگی نیسان.

١٩٧٥: حکوومەتی شانشینی عومان سەرکەوتنی خۆی بەسەر گرووپە چەکدارەکاندا ڕاگەیاند.

١٩٧٥: نسکۆی شۆڕشی ئەیلوولی کوردانی باشوور بەهۆی ڕێککەوتننامەی جەزائیر لە نێوان ئێران و عێراق.

١٩٧٦: یەکگرتنەوەی ڤێتنام بە شێوەیەکی فەرمی.

١٩٧٨: واژۆکردنی ڕێککەوتنەکانی کەمپ دیڤید وەک چوارچێوەیەک بۆ ڕێککەوتنی ئاشتیی نێوان میسر و ئیسرائیل لە مانگی ئەیلوولدا.

١٩٧٩: سەرهەڵدانی جەنگی سۆڤیەت لە ئەفغانستان لە مانگی کانوونی دووەم. بەهۆی دەستێوەردانی یەکێتیی سۆڤیەت بۆ پشتیوانی لە حکوومەتی ئەفغانی دژی شۆڕشگێڕانی ئۆپۆزسیۆن.

١٩٧٩: سەدام حسێن لە عێراق دەسەڵات دەگرێتە دەست.

١٩٧٩: سەرکەوتنی شۆڕشی ئێران و ڕووخاندنی شا محەمەد ڕەزا پەهلەوی و سەرکەوتنی ڕوحوڵڵا خومەینی بۆ دەسەڵات.

١٩٨٠: دەستپێکی جەنگی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق.

١٩٨٠: رۆدیزیای باشوور، دوایین کۆلۆنی بەریتانی بوو لە ئەفریقا، سەربەخۆیی بەدەست هێنا و بوو بە وڵاتی زیمبابۆی.

١٩٨٢: کۆچی دوایی لیۆنید برێژنێڤ سەرۆکی سۆڤیەت و یوری ئەندرۆپۆڤ شوێنی گرتەوە.

١٩٨٣: کۆماری تورکی باکووری قوبرس لە مانگی تشرینی دووەم سەربەخۆیی خۆی ڕاگەیاند (تەنها لەلایەن تورکیاوە دانیان پێدانرا).

١٩٨٤: برونێی سەربەخۆیی خۆی لە شانشینی یەکگرتوو ڕاگەیاند.

١٩٨٧: سەرهەڵدانی یەکەمین ڕاپەڕینی فەڵەستین.

١٩٨٨: گرژبوونەوەی هەڵمەتەکانی حکوومەتی عێراق بۆ سەر باشووری کوردستان و پڕۆسەی ئەنفال و کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە، دواتریش کۆتاییهاتنی جەنگی عێراق و ئێران.

١٩٨٩: شەڕی سۆڤیەت لە ئەفغانستان بە کشانەوەی تەواوی هێزەکانی سۆڤیەت لە ئەفغانستان لە مانگی شوباتدا کۆتایی هات.

١٩٨٩: سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی گۆڕەپانی تیانانمێن لە کۆماری گەلی چین و بە سەرکوتکردنی لە مانگی حوزەیراندا کۆتایی هات.

١٩٨٩: لە مانگی کانوونی دووەمدا شۆڕش لە ڕۆمانیا سەریهەڵدا و بە دادگاییکردنێکی ساختە و لە سێدارەدانی سەرۆکی حیزبی شیوعیی ڕۆمانی، نیکۆلای چاوچیسکۆ کۆتایی پێهات.

١٩٩٠: یەکگرتنەوەی هەردوو ئەڵمانیا و پێکهێنانی کۆماری فیدراڵی ئەڵمانیا.

١٩٩٠: شەڕی دووەمی کەنداو لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانی ٣٤ وڵاتەوە بە سەرکردایەتی ئەمریکا دژی عێراق دەستیپێکرد بۆ ڕزگارکردنی کوەیت لەژێر داگیرکارییەکانی عێراق لە مانگی ئابدا.

١٩٩١: میخائیل گۆرباچۆڤ، سەرۆکی یەکێتیی سۆڤیەت بەرنامەیەکی بۆ بنیاتنانەوەی ئابووریی ئەو وڵاتە بە ناوەکانی پێرێسترۆیکا و گلاسنۆست دەستپێکرد، کە بووە هۆی داڕمان و هەڵوەشاندنەوەی یەکێتیی سۆڤیەت.

١٩٩١: سەرهەڵدانی ڕاپەڕینی جەماوەری لە باشووری کوردستان و ڕووخاندنی دەسەڵاتی بەعس لە کوردستان.

١٩٩٢: واژۆکردنی پەیمانی ماستریخت بۆ دامەزراندنی یەکێتیی ئەورووپا.

١٩٩٣: واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی ئۆسلۆ لەنێوان ئیسرائیل و رێکخراوی ڕزگاریخوازی فەڵەستین.

١٩٩٣: هەڵوەشانەوەی ئاپارتاید لە باشووری ئەفریقا.

١٩٩٣: هەڵوەشانەوەی یوگۆسلاڤیا بەهۆی ناکۆکییە سیاسییە ناوخۆییەکانەوە کە بووە هۆی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی کۆمارەکانی سلۆڤینیا و کرواتیا و مەکدۆنیا و بۆسنە و هەرزەگۆڤین و سەرهەڵدانی زنجیرەیەک شەڕی یوگۆسلاڤیا.

١٩٩٤: سەرهەڵدانی جەنگی یەکەمی چیچان لە نێوان ڕووسیا و چیچان لە مانگی کانوونی دووەمدا.

١٩٩٤: سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆ لە باشووری کوردستان لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانیی کوردستان.

١٩٩٨: سەرهەڵدانی جەنگی کۆسۆڤۆ.

١٩٩٩: کشانەوەی بۆریس یەڵتسن و جێگرتنەوەی لەلایەن ڤلادیمێر پۆتین.


سەرچاوەکان

81 بینین