کۆریای باکوور

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-09-04-13:44:00 - کۆدی بابەت: 2
کۆریای باکوور

ناوه‌ڕۆك

کۆریای باکوور

کۆماری کۆریای باکووری میلـلی یان کۆریای باکوور، وڵاتێکە دەکەوێتە نیوەی باکووری نیمچەدوورگەی کۆریا لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، گەورەترین شار و پایتەختەکەی پیۆنگ یانگە و هەریەک لە ڕووبارەکانی ئامنۆک و تۆمینی تێدایە، لە ڕۆژئاوا لەگەڵ چین و بە سنوورێکی کەم لە باکووری ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ ڕووسیا و لە باشووریشەوە لەگەڵ کۆریای باشوور هاوسنوورە، لە ڕۆژهەڵاتەوە بە دەریای ژاپۆن دەبێتە دراوسێی ژاپۆن، هەردوو کۆریای باکوور و باشوور لە جەنگێکی سارددان و هیچ پەیماننامەیەکی ئاشتی لە نێوانیان نییە و هیچکامیان چارەسەری ئاشتییان پێ قبووڵ نییە بۆ هەمیشە و  هەردوولا پێیانوایە تەواوی نیمچەدوورگەی کۆریا هی لایەنەکەی خۆیەتی، لە نێوانیشیان هێڵێکی ئاشتی هەیە بە چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان.

وڵاتەکە ڕژێمێکی کۆماری شیوعی بەڕێوەیدەبات و سەرۆکەکەی کیم جۆنگ ئونە.

وڵاتێکی دیکتاتۆری تاک حیزبە لەگەڵ ئەوەی هەڵبژاردن ئەنجام دەدات، بەڵام بە حکومەتێکی تەواوخوازی ستالینی دەناسرێت، ڕژێمی وڵات لەلایەن حیزبێکەوە بەڕێوەدەبرێت کە حیزبی بەرەی یەکگرتنە و ناوی تەواوی "بەرەی دیموکراتی بۆ دووبارە یەکگرتنی نیشتمان"ـە، کە حیزبی کرێکارانی کۆریا بە سەرۆکایەتی کیم جۆنگ ئون سەرکردایەتی دەکات.

وڵاتەکە بە ئایدۆلۆژیایەکی جوچی بەڕێوەدەبرێت کە بە واتای ئەوە دێت پێویستی بە کەس نییە و خۆی هەموو شتێک ڕادەپەڕێنێت ئەوەش بە دەستووری ساڵی ١٩٧٢.

ناوی وڵات کۆماری گەلی کۆریا
ڕووبەر ١٢٠,٥٤٠ کیلۆمەتری دووجا
پایتەخت پیۆنگ یانگ
زمانی فەرمی کۆری
ڕێژەی دانیشتوان ٢٥,٦٧ ملیۆن
چڕی دانیشتوان ٢٠٦ کەس بۆ کیلۆمەترێکی دووجا
تەمەنی ناوەند ٧١ ساڵ
جۆری حکومەت کۆماری سۆسیالیستی تاک حیزب
سەرۆک کیم جۆنگ ئون
سەرۆک وەزیران پاک بۆنگ جو
دەسەڵاتی بڕیاردان کۆمەڵەی باڵای گەل
سەربەخۆیی ٩/٩/١٩٤٨
داهاتی ناوخۆ ١٦,٢٨٢,٦٠١,٣٥٧ دۆلار
تەمەنی یاسایی ١٧ ساڵ
دراو وۆنی کۆریای باکوور (₩)
ناوچەی کاتی ٩:٠٠
ڕێڕەوی ڕۆشتن ڕاست
ژمارەی تەلەفۆنی نێودەوڵەتی ٨٥٠+
کۆدی ئینتەرنێت kp.

مێژوو

پێشتر هەموو نیمچە دوورگەی کۆریا لە ژێر دەستی ئیمپڕاتۆریەتی کۆریا بوو کە لە ساڵی ١٩٠٥ ژاپۆن داگیری کرد، هەتاوەکوو کۆتاییەکانی ١٩٤٥ نیمچەدوورگەکە لە ژێر دەستی ژاپۆنییەکاندا مایەوە و هەریەک لە یەکێتی سۆڤیەت و ئەمریکا دابەشیان کرد بۆ دوو بەرە، کۆریای باکوور کەوتە لایەنی یەکێتی سۆڤیەت و کۆریای باشوور کەوتە لایەنی ئەمریکا، دوای ئەوەی ساڵی ١٩٤٨ کۆریای باکوور ڕەتی کردەوە بەشداری لە دەنگدانی باشوور بکات بە چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان، دوو حکومەتی کۆری دروستبوون و هەریەکێکیان داوای زەوی ئەوی دیکەی دەکرد، ئەوەش بووە هۆی دروستبوونی جەنگی کۆریا لە ساڵی ١٩٥٠ بۆ ١٩٥٣.

ساڵی ١٩٩١ هەردوو وڵاتەکە لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا پەسەندکران و لە ٢٦/٥/٢٠٠٩ کۆریای باکوور بە یەکلایەنە لە ئاگربەست کشایەوە.

جوگرافیا

کۆریا دەکەوێتە باکووری نیمچەدوورگەی کۆری و دەکەوێتە نێوان هێڵی پانی ٣٧ و ٤٣ی باکوور، و ١٢٤ و ١٣١ـی ڕۆژهەڵات، ڕووبەرەکەی ١٢٠,٥٤٠ کیلۆمەتری چوارگۆشەیە و لەگەڵ هەریەک لە ڕووسیا و چین و کۆریای باشوور.

بەرزترین لوتکەی وڵاتەکە چیای بایکدۆ سانە بە بەرزی ٢٧٤٤ مەتر و درێژترین ڕووباریشی ئامنۆکە کە بە درێژایی ٧٨٠ کیلۆمەتر لە وڵاتەکەدایە.

هەر چوار وەرزی تێدا دەبینرێت و زستانێکی زۆر سەختی هەیە بەتایبەت لە باکوور کە بۆ لانی کەم ٣٧ ڕۆژ بەفر دەبارێت، هاوینیشی گەرم و شێدارە و باراناوییە، زۆربەی کاتیش لە هاوینیان تووشی زریان دەبێت، لە پاییز و بەهاریش کەشوهەوایەکی مامناوەندی هەیە، هەندێک کاتیش تووشی لافاو دەبێتەوە.

دابەشبوونی بەڕێوبردن

وڵاتەکە لە ١٠ شاری گەورە پێکدێت کە بریتین لە:

  • پیۆنگ یانگ
  • هامهۆن
  • کۆنگجین
  • نامبۆ
  • نسان
  • سینویجۆ
  • تانگۆن
  • کایسۆنگ
  • ساریوان
  • کیگۆن

لەگەڵ زۆرینەی وڵاتەکان پەیوەندی دیبلۆماسی نییە و خاوەنی کونسوڵخانە نییە، دوژمنایەتی لەگەڵ وڵاتانی سەرمایەداری هەیە، لە سەرەتای درووستبوونیشی جگە لە وڵاتە شیوعییەکان هیچ لایەنێک دانی پێدانەنا، دوای لەناوچوونی یەکێتی سۆڤیەت کۆریای باکوور بووە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، ئەوەش وایکرد ببێتە وڵاتێکی جێگای سەرنج لای دەوڵەتە گەورەکان.

کۆریای باکوور بە وڵاتێکی لە یاسا دەرچوو دادەنرێت و هیچ گرنگی بە یاساکان دەربارەی چەکی ئەتۆمی نادات.

ساڵی ٢٠١٨ بە شێوەیەکی لەناکاو سەرۆکی کۆریای باکوور بە ڕاگەیاندنی هەوڵی ئاشتی دەستپێشخەری کرد و بۆ یەکەمین جار لەگەڵ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕووبەڕوو چاویان بە یەکتری کەوت، ئەوەش ناونرا بە هەنگاوی ئاشتی کۆری ٢٠١٨.

کۆمەڵگا

خەڵکی کۆریای باکوور بەپێی سیستمی سۆنگبون جیادەکرێنەوە کە پێوەرێکە بۆ دیاریکردنی ڕێژەی دڵسۆزییان بۆ حکومەت، بەپێی ئەوە بڕی خواردن و مووچە و پێگە و هەلی کاریان بۆ دیاری دەکرێت.

هەروەها کاریگەری دەبێت لەسەر ئەوەی ئەو کەسە لەکوێ بخوێنێت و دابەش دەکرێن بۆ پەنجا پێوەر، کە سێ دانەیان سەرەکین، بە قسەکانی کیم ئیل سۆنگ لە ساڵی ١٩٥٨ چینی سەرەکی "خەمخۆری دەوڵەت" %٢٥ـی وڵات و چینی گوماناوی %٥٥ و چینی دژ %٢٠ پێکدێنن.

مافی مرۆڤ

بەپێی ڕاپۆرتی لیژنە و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ وڵاتەکە کەمترین مافی مرۆڤی تێدایە و زیاتر لە ٢٠٠,٠٠٠ کەس لەناو کەمپ و ئۆردوگا زۆرەملێکان دەمێننەوە بەهۆی چالاکی سیاسی و دڵسۆزنەبوونیان، بەرتیل لە تەواوی وڵاتەکە بڵاوبووەتەوە و خەڵکی بە پێویستییەکانیان ناگەن، لە ساڵانی نەوەدەکان گوێگرتن لە ڕادیۆ سزاکەی لەسێدارەدان بوو.

کۆریا خاوەنی چەندین زیندانە بۆ ئەو کەسانەی کە دژی ڕژێمن و لەوێ تووشی برسیبوون و سزا و زیندانی تاکەکەسی و تاقیکردنەوەی پزیشکی و کوشتن و دەستدرێژی و نەشتەرگەری و لەباربردن دەبنەوە، بەپێی ڕاپۆرتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ وەستاندنی تاوانە دژەمرۆڤایەتییەکان لە کۆریای باکوور (ICNK) ساڵانە زیاتر لە ١٠,٠٠٠ کەس لەنێو ئۆردوگاکان دەمرن.

پەرستش

زۆرێک لە خەڵکی بێ ئایینن و زیاتر بەهۆی هەواڵ و پڕوپاگەندەکانی دەوڵەتەوە کیم ئیل سۆنگ وەک خوداوەند و پەرستراوی وڵات دادەنێن، تەنانەت زۆرێک لە خەڵکی پێیان وایە ئەو جیهانی دروستکردووە، هەروەها پێیانوایە کیم جۆنگ ئیل کەشوهەوا دیاری دەکات، زۆرینەی کۆلێژ و یاریگا و شوێنە تایبەتەکان بە ناوی کیمەوەیە و لەکاتی مردنیشی چەندین کەس بینران کە سوژدەیان بۆ دەبرد و نەگریان لەو کاتەدا تاوان بوو.

ڕێژەی بێباوەڕی بە پلەی یەکەم دێت و زیاتر لە %٦٤ پێکدەهێنێت، کۆری شامانی %١٦ و بوزی %٤,٥ و مەسیحی %١,٧ و چیۆندۆیزم %١٣,٥ـە.

سوپا و لایەنی سەربازی

سوپای گەلی کۆریا ناوی سوپای کۆریای باکوورە و یەکێکە لە گەورەترین سوپاکانی جیهان و خاوەنی چەکی ئەتۆمییە، لە پێنج بەش پێکهاتووە کە بریتین لە:

  • هێزە پیادەکان
  • هێزی دەریایی
  • هێزی ئاسمانی
  • هێزی ئۆپەراسیۆنی تایبەت
  • هێزی موشەک

بەپێی ڕاپۆرتی ئەمریکا کۆریا خاوەنی چوارەم بەهێزترین سوپای جیهانە و و زیاتر لە یەک ملیۆن و ٢١٠ هەزار سەربازی هەیە، و لە هەر ٢٥ کەسێک کەسێک بۆ سەربازی دەشێت و ئامادەیە.

ژمارەی چەک و پێداویستییەکانی زیاترن لە ٤٠٦٠ تانک و ٢٥٠٠ زرێپۆشی سەربازی و ١٧٩٠٠ تۆپهاوێژ و ١١٠٠٠ دژەئاسمانی و زیاتر لە ١٠ هەزار دژەتانک، هەروەها ٩١٥ کەشتی جەنگی و ١٧٤٨ فڕۆکە کە ٤٧٨ دانەیان شەڕکەر و ١٨٠ دانەیان بۆمبهاوێژن، چەندین جۆر چەکی کیمیایی و زیندەیی و لەیزەری هەیە.

ئامارەکانی ڕوون نین دەربارەی چەکی ئەتۆمی بەڵام چاوەڕێ دەکرێت زیاتر لە ١٠ چەکی ئەتۆمی هەبێت.

ئابووری

کۆریای باکوور دووەم وڵاتە وەک کوبا کە تەواوی کەرەستەکانی دروستکراوی خۆیەتی و خۆماڵییە، لەگەڵ ئەوەی ساڵی ١٩٨٤ ویستی هەبوو لە ئەوروپاوە خەڵکی ڕابکێشێت بۆ کاری سەرمایەگوزاری بەڵام سەرکەوتوونەبوو، بۆیە دواتر هەریەک لە چین و ڕووسیای بە کاری هاوبەش هێنایە وڵات و هێڵی شەمەندەفەری ڕووسی و چەندین سەرمایەگوزاری چینی هاوردەکرد.

لە ساڵی ٢٠١١ داهاتی تاکی کۆری ٢ دۆلار بووە لەگەڵ ئەوەی تێچووی مانگێک ١٥ دۆلار بووە، خاوەنی هەریەک لە زینک و ئاسن و لۆکە و برنج و فلۆریت و خوێ و گرافیت و مەگنیسیۆم و زێڕ و وزەی کارۆئاویە، زۆربەی کەرەستەکانی خۆی خۆی دروستی دەکات و لە ساڵی ١٩٧٤ـەوە باجی لەسەر خەڵکی نەهێشتووە و خوێندن و تەندروستی و بەشەخۆراک بە خۆڕاییە.

لە ڕووی گەشتیاریشەوە خەڵکی زیاتر لە چین و ڕووسیا و ژاپۆنەوە سەردانی وڵاتەکە دەکەن بەهۆی کەمی نرخی کەلوپەلەکانەوە.

هەندێک زانیاری

  • ڕێژەی خوێندن لە وڵاتەکە %١٠٠ـە و نەخوێندەواری تێدا نییە.
  • پیاوان نابێت قژیان زیاتر لە ٥ سم بێت و ژنانیش بۆیان هەیە بە ١٤ جۆر قژیان چاک بکەن، ئەوانەی هاوسەرگیرییان کردووە دەبێت پرچیان کورتتر بێت لەوانەی نەیانکردووە.
  • ئۆتۆمبێلی بیانی بەتایبەت ژاپۆنی تێدا نییە و بە وتەی دەوڵەت هەموویان کۆرین.
  • کارکردن لە هەفتەدا شەش ڕۆژە و ئەرکە لەسەر فەرمانبەر و ڕۆژێکیش دەبێت وەک نیمچەئەرک کار بکەن کە دەکاتە حەوت ڕۆژی هەفتە.
  • خەڵکی بۆ لەتکردنی خواردن چەقۆ بەکارناهێنن بەڵکو مەقەستی تایبەتیان هەیە.


سەرچاوەکان



3204 بینین