ڕووسیا

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-10-18:48:00 - کۆدی بابەت: 4365
ڕووسیا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کۆماری فیدراڵی ڕووسیا یاخود ڕووسیای یەکگرتوو دەوڵەتێکە لە نێوان هەردوو کیشوەری ئەوروپا و ئاسیا درێژ دەبێتەوە لە ڕووبەرێکی فراوان کە دەگاتە 17 ملیۆن کم، بەمەش دەبێتە گەورەترین وڵات لە ڕووی ڕووبەرەوە کە دوو هێندەی کەنەدایە، دانیشتووانەکەی دەگاتە 143 ملیۆن کەس، و گەورەترین وڵاتی یەکێتیی سۆڤیەتی پێشووە، ڕووسیا بە ڕووبەر دراوسێی 14 وڵاتی جیهانە وەک: نەرویج و کۆریای باکوور و پۆڵەندا و چین، و دەگاتە دەریای بەستەڵەکی باکوور و دەریای ڕەش و زەریای هێمن.

پایتەختەکەی شاری مۆسکۆیە کە زۆرترین بنکە پیشەسازییەکانی تێدایە، جوگرافیای ڕووسیا پێکهاتووە لە تێکەڵەیەک لە دارستان و دەشت و گرد و دۆڵ و زنجیرەچیا و کەناری دەریا، هەروەها یەکێک لە گەورەترین دەریاچەکانی دونیای تێدایە کە دەریاچەی (لادۆگا)ـیە و کەشوهەواکەشی جیاوازە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر و بە سەرما زۆرەکەی ناسراوە لە زستاندا، و ئابووریەکەی بەندە بە پیشەسازی گەورە و بازرگانی نەوت و گاز و کەرەستەی خاو.

زانیاری گشتی

ناوی فەرمی فیدراسیۆنی ڕووسیا
پایتەخت مۆسکۆ
زمانی فەرمی ڕووسی
ناوی هاوڵاتیان ڕووسییەکان
دانیشتووان زیاتر لە 142 ملیۆن
شێوازی حکومەت کۆماری فیدراڵی سەرۆکایەتی
سەرۆک ڤلادیمێر پۆتین
بەرواری دروستکردن 26ـی 12ـی 1991
دراو ڕۆبڵی ڕووسی

ڕووسیا یەکێکە لەو وڵاتانەی لە نەتەوە یەکگرتووەکان مافی ڤیتۆی هەیە و ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشە.

یەکێتیی سۆڤیەت

ڕووسیای ئێستا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە پێشووتر لەناو چوارچێوەی یەکێتیی سۆڤیەتدا بوو و دواتر بە نەمانی سۆڤیەت پارچە پارچە بوون و ڕووسیاش بوو بە بەشێک لەوان.

یەکێتیی سۆڤیەت دەوڵەتێکی دەستووریە کە لە ناخی ئیمپڕاتۆریەتی ڕووسیاوە دروستبوو، و لە یەکگرتنی چەند کۆمارێکی سۆڤیەتی سۆشیالیزمییەوە دروستبوو لە نێوان ساڵانی 1922 بۆ 1991، کە ڤلادیمێر لینین ـی سەرکردەی شۆڕشی بەلشەفی (بۆلشەفیکی) بونیادی نا.

وشەی سۆڤیەت وشەیەکی ڕووسیە و بە واتای کۆمەڵ یاخود کۆبوونەوە دێت، و مۆسکۆش پایتەختی ئەم دەوڵەتە بوو لەگەڵ چەند بنکەیەکی گەورەی تری وڵات وەک لینینگراد و کیێڤ، و زمانی ڕووسیش زمانی سەرەکی وڵات بوو.

حیزبی شیوعی بەڕێوبەری وڵات و کۆمەڵگاکە بوو لەم وڵاتەدا، داگیرکاری و فراوانبوونی وڵاتەکە درێژ بوویەوە بۆ نزیک لە 1000 کم لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا کە 11 ناوچەی کاتی جیاوازی تیابوو و نزیکەی 7200 کم لە باکوور بۆ باشوور.

دەسەڵاتی یەکێتییەکە

یەکێتیی سۆڤیەت یەکێک بوو لە گەورەترین وڵاتانی جیهان لە سەردەمی خۆی لە ڕووی سیاسی و ئابووری و سەربازییەوە، هەروەها یەکەمین وڵات بوو کە مانگی دەستکرد و مرۆڤی ناردە بۆشایی ئاسمان، و خاوەنی گەورەترین هێزی سەربازی بوو بە باشترین تەکنەلۆژیای سەردەم.

ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیەت

دوای تێکچوونی دۆخی ئابووری و سیاسی وڵات لە سایەی جەنگی سارد لەگەڵ ئەمریکا و ناتۆ و وارسۆ، و شکستهێنانی سیاسەتی گۆرباتشۆف لە بەڕێوبردنی وڵات، لەگەڵ گەیشتنی بۆریس یەڵتسن بە کورسی دەسەڵات وڵاتەکە خاپوور بوو و دابەشبوو بۆ چەندین وڵاتی جیاجیا، ئەمەش لە ڕۆژی 26ـی 12ی 1991 دوای ئەوەی ئەنجومەنی باڵای یەکێتییەکە بەیاننامەی کۆتایی خۆی خوێندەوە و دانی بە دابەشبوونی وڵاتەکەدا نا.

پێش ئەوە لە 25ـی مانگ سەرۆکی ئەوکات گۆرباچۆڤ وتارێکی خوێندەوە کە دەستلەکارکێشانەوەی خۆی ڕاگەیاند، و دوای وتارەکەی ئاڵای سووری یەکێتیی سۆڤیەت لە کۆشکی کرملن هێنرایە خوارەوە و ئاڵای سێ ڕەنگی ڕووسیای ئێستا شوێنی گرتەوە، ئەم ڕووخانە جەنگی سارد و جەنگی ڕۆژهەڵاتی سۆشیالیزمی و ڕۆژئاوای سەرمایەداری بەکۆتاهێنا.

هەروەها بووە هۆی دەرکەوتنی 15 وڵاتی جیا کە پێشتر لەناو سۆڤیەتدا بوون.

وڵاتەکانی یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو

یەکێتیی سۆڤیەت و جەنگ

لە ماوەی دروستبوون هەتاوەکو ڕووخانی دەوڵەتەکە شایەتی چەندین جەنگی گەورە بووە، لە دوای جەنگی جیهانی دووەم و هاتنە دەرەوەی ڕووسیا بە سەرکەوتوویی لە جەنگ و داگیرکردنی پۆڵەندا و ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات، جەنگێکی تر دەستی پێکرد لە نێوان ئەمریکا و ڕووسیا کە بە جەنگی سارد ناوی دەرکرد لە ماوەی 1945 بۆ 1991، لەم نێوانەشدا چەندین جەنگی تر ڕوویدا کە هەریەک لە ڕووسیا و ئەمریکا لە لایەنێکی جەنگ دەوەستان دژی یەکتری بەبێ ئەوەی جەنگی ڕووبەڕوو ببێت لە نێوانیان.

جەنگی کۆریا

جەنگی ناوخۆی کۆریا لە ساڵی 1950 لە نێوان کۆریای سۆشیالیزمی و کۆریای باشوور ڕوویدا و هەریەک لە ڕووسیا و چین پاڵپشتی کۆریای باکوور بوون و کۆریای باشووریش ئەمریکا و تورکیا یارمەتیدەری بوون، جەنگەکە لە 1953 کۆتایی هات بە جیابوونەوەی هەردوو کۆریا و دروستبوونی دوو وڵاتی نوێ بە سیستمی جیاوازەوە.

جەنگی ڤێتنام

جەنگی ڤێتنام لە نێوان ڤێتنامی باکوور و باشوور دەستی پێکرد کە ئەمریکا لایەنگری بەرەی باشوور و ڕووسیا و چینیش پاڵپشتی بەرەی باکووریان دەکرد و لەم جەنگەدا ڤێتنامی شیوعی براوەبوو.

سەرۆکەکان هەتاوەکوو ئێستا

ڤلایدیمێر لینین 1917 بۆ 1922
جۆزێف ستالین 1922 بۆ 1953
جۆرجی مالینکۆڤ 1953 بۆ 1955
نیکیتا خرۆشۆڤ 1955 بۆ 1964
لیۆنێد برێجنێڤ 1964 بۆ 1982
یوری ئەندرۆبۆڤ 1982 بۆ 1984
قوستەنتین شیرنینکۆ 1984 بۆ 1985
میخائیل گۆرباچۆڤ 1985 بۆ 1991
بۆریس یەڵتسن 1991 بۆ 1999
ڤلادیمێر پۆتین 1999 بۆ 2008
دیمیتری میدڤیدیڤ 2008 بۆ 2012
ڤلادیمێر پۆتین 2012 بۆ ئێستا

سوپای ڕووسیا

سوپای ڕووسیا یەکێکە لە گەورەترین سوپاکانی جیهان، بە ژمارەی زۆر و چەکی زۆر پێشکەوتوو توانیویەتی ببێتە ڕکابەرێکی هەمیشەیی کەرەستەی جەنگی لە جیهان، لە زۆرینەی جەنگەکان هەمیشە براوە بووە و لە ماوەی ساڵانی جەنگی سارد و دواترەوە دەستتێوەردانی بۆ ئەو وڵاتانەی جەنگی تێدایە بە کەرەستە و زیادکردنی هەژموونی خۆی یان دەربڕینی پاڵپشتی زیاتر بووە.

سەربازی ئامادە 766000
سەربازی یەدەگ 2485000
تانک 15500
زرێپۆش 5990
تۆپهاوێژی جوڵاو 27607
تۆپهاوێژ 4625
مووشەک هاوێژ 3781
پوچەڵکەرەوەی مین 450
فڕۆکەی شەڕکەر 3082
هەلیکۆپتەر 973
کەشتی جەنگی 4
ژێردەریایی
63

 


سەرچاوەکان



3244 بینین