لاتیڤیا

له‌لایه‌ن: - هەژیر هیوا - به‌روار: 2021-10-28-13:45:00 - کۆدی بابەت: 7020
لاتیڤیا

ناوه‌ڕۆك

وڵاتی لاتیڤیا

وڵاتی لاتیڤیا (بەئینگلیزی: Latvia) کە بەشێوەیەکی فەرمی پێشی دەوترێت کۆماری لاتیڤیا، وڵاتێکی هەڵکەوتەی هەرێمی بەڵتیکە و دەکەوێتە باکووری کیشوەری ئەورووپاوە، لە باکوورەوە هاوسنوورە لەگەڵ وڵاتی ئیستۆنیادا، لە ڕۆژهەڵاتەوە سنووری لەگەڵ ڕووسیادا هەیە، لە باشوورییەوە وڵاتی لیتوانیا هەڵکەوتووە و هەرچی وڵاتی بیلاڕووسیاشە دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەم نیشتیمانەوە، لە ڕێی دەریای بەڵتیکەوە سنووری ئاوی لەگەڵ وڵاتی سویددا هەیە و دەکەوێتە ڕۆژئاوایەوە، ڕووبەری خاکی ئەم وڵاتە ٦٤ هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و نزیکەی ٢ میلیۆن کەسی لێ دەژی، شاری “ڕیگا” گەورەترین شار و پایتەختی وڵاتەکەیە، زمانی فەرمی وڵاتەکە لاتیڤییە کە یەکێکە لە دوو زمانە زیندووەکەی سەر بە گروپی زمانە بەڵتیکییەکان، نەتەوەی جۆربەجۆری لێ دەژی و ڕووسییەکان نزیکەی یەک لەسەر چواری گەلانی ئەم وڵاتە پێکدێنن.

زانیاری گشتی

ناوی وڵات لاتیڤیا
پایتەخت ڕیگا
زمانی فەرمی لاتیڤی
گرووپە ڕەگەزییەکان
  • ٪٦٢ لاتیڤی
  • ٪٢٤ ڕووسی
  • ٪٣ بیلاڕووسی
  • ٪٢ ئۆکرانی
  • ٪٢ پۆڵی
  • ٪١ لیتوانی
  • ٪٦ نەزانراو یا نەتەوەی تر
ئایین
  • ٪٨٠ مەسیحی
  • ٪١٨ بێ ئایین
  • ٪٢ ئایینی تر
ڕۆژی سەربەخۆیی ١٨/١١/١٩١٨
چوونە یەکێتی ئەوروپا ١/٥/٢٠٠٤
ڕووبەر ٦٤ هەزار و ٥٨٤ کیلۆمەتر چوارگۆشە
ژمارەی دانیشتووان (٢٠٢٠) ١,٩٠٧,٦٧٥
چڕی دانیشتووان ٣٠ کەس/ کیلۆمەتر چوارگۆشە
داهاتی ساڵانە ٣٧.٧٢٠ میلیار دۆلار
داهاتی ساڵانەی تاک ١٩ هەزار و ٨٢٤ دۆلار
دراو یۆرۆ
کات UTC +2
کاتی هاوینە UTC +3
شێوازی لێخوڕین ڕاست
کۆدی نێودەوڵەتی +٣٧١

جوگرافیا

وڵاتی لاتیڤیا وڵاتێکی باکووری کیشوەری ئەورووپایە زۆرکات بە یەکێک لە وڵاتانی باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا دەناسرێت، سنووری وشکانی لەگەڵ وڵاتانی ڕووسیا، ئیستۆنیا، لیتوانیا و بیلاڕووس دا هەیە، لەڕێی دەریای بەڵتیکەوە سنووری ئاوی لەگەڵ سوید هەیە، وڵاتێکە دەکەوێتە کەنارەکانی ڕۆژهەڵاتی دەریای بەڵتیک و باکووری ڕۆژئاوای “وڵاتانی ئەورووپای ڕۆژهەڵات”، لە نێوان هێڵی درێژی ٢١ بۆ ٢٩ ی ڕۆژهەڵات و بازنەی پانی ٥٥ بۆ ٥٨ ی باکوور هەڵکەوتووە، ڕووبەرەکەی ٦٤ هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، لەو ڕێژەیە ٦٢ هەزاری وشکانییە و ٢ هەزاری ئاوییە، لە وشکانییەکە ١٨ هەزاری خاکی نیشتەجێبوون و کشتووکاڵییە و ٣٤ هەزاری دارستانە.

درێژی سنوورەکانی ئەم نیشتیمانە ١,٨٦٦ کیلۆمەتر دەبێت، ٤٩٨ کیلۆمەتری سنووری ئاوی و کەنار دەریای هەیە لەگەڵ وڵاتانی سوید، لیتوانیا و بیلاڕووسیادا، ١,٣٦٨ کیلۆمەتری سنووری وشکانییە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی، ٥٨٨ کیلۆمەتر سنووری لەگەڵ وڵاتی لیتوانیادا هەیە کە زۆرترین سنووری وشکانی وڵاتەکەیە لەگەڵ وڵاتێکی دراوسێیدا، ٣٤٣ کیلۆمەتری لەگەڵ ئیستۆنیادا هەیە، لەگەڵ ڕووسیادا ٢٧٦ کیلۆمەتر و لەگەڵ بیلاڕووسدا ١٦١ کیلۆمەتری هاوبەشی پێکردووە، وڵاتەکە زیاتر بە پاناییدا هەڵکەوتووە و لە ڕۆژهەڵات بۆ ڕۆژئاوای ٤٥٠ کیلۆمەتر درێژە و لە باکوور بۆ باشووری وڵات ٢١٠ کیلۆمەتر دەبێت.

زۆربەی خاکی وڵاتەکە تەختاییە و کەمتر لە ١٠٠ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریا بەرزە، گەورەترین دەریای ناوی “لوبان”ـە و ٨٠ کیلۆمەتر چوارگۆشە ڕووبەرەکەیەتی، قووڵترین دەریای “دریدزیس”ـە و ٦٥.١ مەتر قووڵە، درێژترین ڕووباری “گاوجا”ـیە و ٤٥٢ کیلۆمەتر درێژییەتی، درێژترین ڕووبار کە بە وڵاتەکەیا تێ دەپەڕێت ڕووباری “داوگاڤا”ـیە کە درێژییەکەی ١٠٠٥ کیلۆمەترە و ٣٥٢ کیلۆمەتری بەم وڵاتەدا دەڕوات، بەرزترین خاڵی وڵاتەکە “گایزیکالنس”ـە کە ٣١١ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە.

ئەم نیشتیمانە دوای داگیرکارییەکی زۆری وڵاتانی ڕووسیا و ئەڵمانیا و سوید و چەندان وڵاتی تر، دواجار لە ساڵی ١٩١٨ دا و لەدوای کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانیی یەکەم وڵاتەکە توانی سەربەخۆیی بەدەستبهێنێت لەژێر دەستی ئەڵمانیا و ڕووسیادا، دەکرێت بووترێت جەنگی جیهانیی یەکەم بوو بە خێروبەرەکەت بۆ هاوڵاتییە ڕەسەکانی ئەو وڵاتە تا بتوانن مافی چارەی خۆنووسین بهێننە دی و ڕزگاربن لەژێر دەسەڵاتی بێگانە بەهۆی ئەوەی ئەڵمانیا بە دۆڕانی جەنگەکە و ڕووسیاش بە شۆڕشی ئۆکتۆبەری ١٩١٧ لاواز بووبوون، بەڵام دواتر کە یەکێتی سۆڤییەت لەژێر دەستی لینین دا درووستبوو ئەم وڵاتە بووەوە بە بەشێکی بەڵام لە کۆتاییدا دوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت توانی خاکی ئازادی خۆی پێکبێنێتەوە.

کەشوهەوا

وڵاتی لاتیڤیا کەشوهەوایەکی گۆڕاو و جۆربەجۆری هەیە و هەر چوار وەرزەکەی ساڵی تیا دەبینرێت، کاریگەری کەشی شێ و زەریایی لەسەرە بەهۆی زەریای ئەتڵەسییەوە، بەشەکانی ڕۆژئاوای وڵاتی و کەناراوەکانی نیمچەدوورگەی کۆرلاند، کەشێکی دەریاییان هەیە و بە شێوەکی گشتی زستانی فێنکە و زۆر سارد نییە و هاوینیشی گەرم نییە، بەڵام بەشەکانی ڕۆژهەڵاتی کاریگەری کەشی شێداریان لەسەرە و هاوینیان گەرم و زستانیان ساردە.

وڵاتی لاتیڤیا چوار وەرزی ساڵی هەیە کە ناسراوە بە نزیکی هێڵی یەکسانی زەوی، زستانی ئەم وڵاتانە لە ناوەڕاستی مانگی ١٢ بۆ ناوەڕاستی مانگی ٣ یە، تێکڕای پلەی گەرمی وەرزی زستانی وڵاتەکە -٦ پلەی سیلیزییە و بەفر بە ڕێژەیەکی جێگیر دەبارێت، خۆرهەتاوی لاواز و ڕۆژەکانی کورتن، نزمترین پلەکانی گەرمی دەچنە ژێر ٣٠ پلەی سیلیزییەوە بەفری ئەستوور دەبارێت، هاوینی لە سەرەتای مانگی ٦ دەستپێدەکات و تا کۆتایی مانگی ٨ بەردەوام دەبێت، ڕۆژی گەرم و خۆرهەتاو شەوی فێنکە، پلەی گەرمی وەرزی هاوین بە تێکڕایی ١٩ پلەیە و بەرزترینەکانیشی دەچنە ٣٥ پلەی سیلیزی، کەشی وەرزەکانی بەهار و پاییز ئاساییە و گونجاوترە بۆ ژیان کردن.


سەرچاوەکان

451 بینین