زامبیا

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2024-06-10-16:09:00 - کۆدی بابەت: 13141
زامبیا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

زامبیا (بە ئینگلیزی: Zambia، بە عەرەبی: زامبيا)، بە فەرمی کۆماری زامبیا، وڵاتێکی بەزەوی دەورەدراوە لە چوارڕیانی ناوەڕاست، باشوور و ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا. بە شێوەیەکی گشتی وا ئاماژەی پێ دەکرێت کە لە باشووری ناوەڕاستی ئەفریقادایە. دراوسێکانی زامبیا لە بەشی باکوورەوە کۆماری دیموکراتیی کۆنگۆ، لە باکووری ڕۆژهەڵات تانزانیا، لە ڕۆژهەڵاتەوە مالاوی، لە باشووری ڕۆژهەڵاتەوە مۆزەمبیق، لە باشوورەوە زیمبابۆی و بۆتسوانا، لە باشووری ڕۆژئاواوە نامیبیا و لە ڕۆژئاواوە ئەنگۆلایە. پایتەختی زامبیا شاری لوساکایە کە دەکەوێتە بەشی باشووری ناوەندی وڵات. دانیشتووانی کۆمارەکە بە شێوەیەکی سەرەکی لە دەوروبەری لوساکای پایتەخت لە باشوور و پارێزگای کۆپەربێڵت لە باکوور چڕبوونەتەوە، کە هەردووکیان ناوەندی ئابووریی سەرەکی وڵاتن.

زانیاری گشتی

ناو زامبیا، بە فەرمی کۆماری زامبیا
پایتەخت و گەورەترین شار لوساکا
سەربەخۆیی لە بەریتانیا 24ـی تشرینی یەکەمی 1964
ئەنجومەنی یاسادانان ئەنجومەنی نیشتیمانی
حکوومەت کۆماری سەرۆکایەتی یەکگرتوو
سەرۆکی وڵات هاکایندێ هیچیلێما
زمانی فەرمی ئینگلیزی
ڕووبەری گشتی 752,617 كم2
ژمارەی دانیشتووان بەپێی خەمڵاندنی ساڵی 2023 20,216,029
چڕیی دانیشتووان 17.2/كم2
ڕێڕەوی لێخوڕین چەپ
کۆدی تەلەفۆن +260
ئایینی فەرمی مەسیحی
یەکەی دراو کواچای زامبیایی (ZMW)
تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی (GDP) لە خەمڵاندنی ساڵی 2019 75.857 ملیار دۆلار

ناوی وڵاتەکە

لە ساڵی 1911 بۆ 1964 ناوچەی زامبیا بە ڕۆدێسیای باکوور ناسرابوو، لە مانگی تشرینی یەکەمی 1964 و لە کاتی سەربەخۆبوونی لە حکوومەتی بەریتانی ناوێکی نوێ لە وڵاتەکە نرایەوە کە ئەویش زامبیا بوو. وشەی زامبیا (Zambia) لە ڕووباری زامبێزی (Zambezi River)ـەوە سەرچاوە دەگرێت کە پێدەچێت بە واتای "ڕووبارە گەورەکە" بێت.

مێژوو و گرنگی وڵاتەکە

سەرەتا گەلانی کۆیسان (Khoisan) لەم ناوچەیەی کە ئێستا زامبیایە نیشتەجێ بوون، ناوچەکە کاریگەری گەشەسەندنی بانتوی سەدەی سیازدەی لەسەر بوو. پاشان گەڕیدە ئەورووپییەکان لە سەدەی هەژدەدا گەشتن و بەریتانییەکان لە ساڵی 1889 و ساڵانی 1920ـەکاندا ناوچەکەیان داگیر کرد. بەهۆی دۆزینەوەی چەند سەرچاوەیەکی مسەوە ئەورووپییەکان بە لێشاو ڕوویان لە ناوچەکە کرد. پاشان لە 24ـی تشرینی یەکەمی ساڵی 1964 زامبیا سەربەخۆی خۆیی لە بەریتانیا ڕاگەیاند. هەروەها، زامبیا ژمارەیەکی زۆر سەرچاوەی سروشتی تێدایە، لەوانە کانزاکان، گیانلەبەرە کێوییەکان، دارستانزانی، ئاوی شیرین و زەوی برشتدار. لە ساڵی 2010، بانکی نێودەوڵەتی زامبیای وەک یەکێک لەو وڵاتانەی جیهان ناوزەندکرد کە لەڕووی ئابووریەوە چاکسازی خێرای کردووە. جگە لەوانەش، بارەگای سەرەکی بازاڕی هاوبەش بۆ ڕۆژهەڵات و ئەفریقای باشوور (COMESA) لە شاری لوساکایە.

لەڕووی جوگرافییەوە

زامبیا وڵاتێکی بەزەوی دەورەدراوە لە ئەفریقای باشوور و کەشوهەوایەکی خولگەیی هەیە، وڵاتەکە بەزۆری لە بانە بەرزەکان هەندێک گرد و شاخ پێکدێت کە بە دۆڵەکانی ڕووبار جیاکراونەتەوە. ڕووبەری وڵات 752,614 کیلۆمەتر دووجایە و لەڕووی ڕووبەرەوە 39ـیەم گەورەترین وڵاتی جیهانە، کەمێک بچووکترە لە وڵاتی چیلی. کۆمارەکە بە شێوەیەکی سەرەکی دەکەوێتە نێوان هێڵی پانی 8 و 18ـی باشوور و هێڵی درێژی 22 و 34ـی ڕۆژهەڵات.

کەشوهەوا

کۆماری زامبیا دەکەوێتە سەر بانێک لە ئەفریقای ناوەڕاست، لە نێوان 1,000 بۆ 1,600 مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە. تێکڕای بەرزی ناوچەکە 1,200 مەترە، بۆیە بە شێوەیەکی گشتی کەشوهەواکەی مامناوەندە. کەشوهەوای زامبیا خولگەییە و بەپێی بەرزی و نزمی ناوچەکە دەگۆڕێت. بەپێی سیستەمی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن، کەشوهەوای زۆربەی زۆری ناوچەکانی وڵات بە کەشوهەوایەکی نیمچە خولگەیی شێدار یان بە کەشوهەوایەکی ساڤانایی خولگەیی پۆڵێن دەکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا کەشوهەوای ناچەکانی باشووری ڕۆژئاوا و دۆڵی زامبێزی کەشوهەوایەکی بیابانی نیمچە وشکە.

دوو وەرزی سەرەکی لەم وڵاتەدا هەستیان پێ دەکرێت، ئەوانیش وەرزێکی باراناوی کە لە مانگی تشرینی دووەمەوە دەست پێ دەکات و تا مانگی نیسان دەخایەنێت، لەگەڵ وەرزێکی وشک کە لە مانگی ئایار/حوزەیرانەوە دەست پێ دەکات و تا تشرینی یەکەم/تشرینی دووەم بەردەوام دەبێت، کە یەکەمیان بە وەرزی هاوین و دوومیان بە وەرزی زستان دیاری دەکرێت. هەروەها، وەرزی وشک بۆ دوو وەرزی تر دابەش دەبێت، ئەوانیش وەرزێکی وشکی سارد و وەرزێکی وشکی گەرمە، وەرزی یەکەمیان لە مانگی ئایار/حوزەیرانەوە دەست پێ دەکات بۆ مانگی ئاب و وەرزی دووەمیان لە مانگی ئەیلوولەوە دەست پێ دەکات بۆ مانگی تشرینی یەکەم/تشرینی دووەم. سەرەڕای ئەوانەش، تێکڕای پلەی گەرمی مانگانە لە زۆربەی زۆری ناوچەکانی وڵات و بۆ ماوەی هەشت مانگ یان زیاتر لە ساڵەکەدا لەسەرووی 20 پلەی سەدییەوە دەمێنێتەوە.

زیندەفرەجۆری

ژمارەیەکی زۆر سیستمی ژینگەی لە زامبیا هەن، وەک دارستان، مێرگ، جەنگەڵ و چەندین جۆری گژوگیای لەوەڕگا. نزیکەی 12,505 جۆر زیندەوەری دەستنیشانکراو لە وڵاتەکەدا هەن، کە 63%ـیان ئاژەڵ، 33%ـیان ڕووەک و 4%ـیان بەکتریا و وردە گیانلەبەرانی ترن. هەروەها، بە مەزندەیی 3,543 جۆر ڕووەکی گوڵداری کێوی لە خاکی زامبیا دەڕوێن لەنێویاندا ڕووەکانی زەل و بنج و ڕووەکە دارینەکان. پارێزگاکانی باکوور و باکووری ڕۆژئاوای وڵاتەکە زۆرترین جۆر ڕووەکی گوڵداریان هەیە. نزیکەی 53%ـی ڕووەکە گوڵدارەکان دەگمەنن و لە سەرانسەری وڵاتدا هەن. 242 جۆر ئاژەڵی شیردەر لە زامبیا دەبینرێن، زۆربەیان لە سیستمە ژینگەییەکانی جەنگەڵ و لەوەڕگادا هەن، لەوانە زەڕافەی ڕۆدێسیای. جگە لەمانەش، 757 جۆر باڵندە و نزیکەی 490 جۆر ماسی لە وڵاتەکەدا دەدۆزرێنەوە.

لەڕووی دیمۆگرافییەوە

دانیشتووان

ژمارەی دانیشتووانی زامبیا لە سەرژمێری ساڵی 2010ـدا 13,092,666 کەس بوو. بەڵام، ژمارەی دانیشتووانەکەی لە ئێستادا 18.38 ملیۆن کەسە و پێشبینی دەکرێت ئەم ژمارەیە لە ساڵی 2099ـدا بۆ زیاتر لە چوار هێندە بەرز بێتەوە و بگاتە 80.78 ملیۆن دانیشتوو. بەپێی دوایین خەمڵاندنی نەتەوە یەکگرتووەکان ژمارەی دانیشتووانی زامبیا لە یەکی تەممووزی 2023ـدا 20,569,737 کەسە، لە هەر 56 چرکەیەکدا کەسێک دەچێتە سەر ئەو ژمارەیە. لە ساڵی 2019ـدا کە ژمارەی دانیشتووانی زامبیا بە 18,128,078 کەس خەمڵێندرا چڕی دانیشتووانەکەی 24.09 کەس بوو لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا، بەمەش بوو بە 160ـەم چڕترین وڵاتی جیهان. دانیشتووانی وڵاتەکە لەڕووی ڕەگەزی و نەتەوەییەوە هەمەچەشنە و 73 گرووپی نەتەوەیی جیاوازی لێ نیشتەجێیە. بەدرێژایی ماوەی حکوومڕانییە کۆلۆنیالییەکەی کە لەلایەن بەریتانییەکانەوە سەرۆکایەتی دەکرا لە نێوان 1911 و 1963ـدا، وڵاتەکە ژمارەیەک پەنابەری لە ئەورووپا و نیمچە کیشوەری هیندی بۆ خۆی ڕاکێشا. سەرەڕای ئەوەی دوای نەمانی حکوومڕانی سپی پێستی کەمینە زۆربەی ئەورووپییەکان وڵاتیان جێهێشت بەڵام زۆرێک لە ئاسیاییەکان مانەوە.

لە یەکەم سەرژمێریدا کە لە حەوتی ئایاری ساڵی 1911ـدا ئەنجامدرا 1,497 هاوڵاتی ئەورووپی، 39 ئاسیایی و بە مەزەندەیی 820,000 ئەفریقی ڕەش پێست لە زامبیا نیشتەجێ بوون. ژمارەی دانیشتووە ئەفریقییە ڕەش پێستەکان لە شەش سەرژمێریی پێش سەربەخۆی (1911، 1921، 1931، 1946، 1951 و 1956)ـدا نەژمێردرا، بەڵکوو تەنها دەخەمڵێندرا. لە ساڵی 1956ـدا 65,277 ئەورووپی، 5,450 ئاسیایی، 5,450 ڕەگەزی تێکەڵ و بە مەزندەیی 2,100,000 ئەفریقی ڕەش پێست لە کۆمارەکەدا جێگیربوون. هەروەها، لە سەرژمێریی ساڵی 2010ـدا 99.2%ـی دانیشتووانی زامبیا لە ئەفریقی ڕەش پێست و 0.8%ـی دانیشتووان لە گرووپە نەتەوەییەکانی تر پێکهاتبوون.

کۆماری زامبیا یەکێکە لەو وڵاتانەی بەشی باشووری بیابانی سەحارا کە زۆرترین ڕێژەی دانیشتووانەکەی لە ناوچە شارستانییەکاندا نیشتەجێن، 44%ـی دانیشتووانی وڵات لە ڕێڕەوە گواستنەوە سەرەکییەکاندا چڕبوونەتەوە، لە کاتێکدا ناوچە گوندنیشینەکانی بە شێوەیەکی پچڕپچڕ خەڵکی لێ نیشتەجێیە. لە ساڵی 2007ـدا ڕێژەی بەپیتی 6.2 بوو ( لە ساڵی 1996ـدا 6.1 و لە ساڵی 2001 بۆ 2002 5.9 بوو).

لەڕووی نەتەوەییەوە

دانیشتووانی کۆماری زامبیا بەنزیکەیی لە 73 گرووپی نەتەوەیی پێکدێت و زۆربەی زۆریشیان قسەپێکەرانی زمانی بانتون. نزیکەی 90%ـی دانیشتووانی وڵاتەکە سەر بە نۆ گرووپی سەرەکی زمانەوانی ڕەگەزیە: نیانجا-چیوا، بێمبا، تۆنگا، تومبوکا، لوندا، لوڤێڵ، کاوندی، نکۆیا و لۆزی. لە ناوچە گوندنشینەکاندا، گرووپە نەتەوەییەکان لە ناوچە جوگرافییە تایبەتەکاندا چڕبوونەتەوە. زۆرێک لە گرووپەکان بچووکن و بە باشی ناسراو نین. بەڵام ژمارەیەکی بەرچاو لە هەموو گرووپە نەتەوەییەکان لە لوساکای پایتەخت و پارێزگای کۆپەربێڵت بوونیان هەیە. پێکهاتە نەتەوەییەکانی زامبیا لە ساڵی 2003ـدا بەم شێوەیەی خوارەوە بوو:

  • بێمبا: 22%
  • تۆنگا: 11%
  • لۆزی: 5.2%
  • نسێنگا: 5.1%
  • تومبوکا: 4.3%
  • نگۆنی: 3.8%
  • چیوا: 3%
  • سپی پێست: 1%
  • نەتەوەکانی تر: 45%

کۆچبەرانی وڵاتەکە، کە زۆربەیان بەریتانی یان خەڵکی ئەفریقای باشوورن، هەروەها هەندێک هاوڵاتی سپی پێستی زامبیای بە ڕەچەڵەک بەریتانی، بە شێوەیەکی سەرەکی لە لوساکا و کۆپەربێڵت لە باکووری زامبیا دەژین. لە ساڵی 1964ـدا 70 هەزار ئەورووپی لە زامبیا نیشتەجێبوون، بەڵام لەو کاتەوە زۆربەیان وڵاتەکەیان جێهێشت. کۆمارەکە خاوەنی ژمارەیەکی کەم دانیشتووی ئاسیاییە، بەڵام لەڕووی ئابوورییەوە گرنگییەکی باشیان هەیە و زۆربەیان هیندی و چینین. ئەم گرووپە کەمینە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ئابووریی وڵاتەکە هەیە و کەرتی بەرهەمهێنان کۆنتڕۆڵ دەکات.

بە مەزەندە 80 هەزار چینی لە زامبیا نیشتەجێن. لەم ساڵانەی دواییشدا، چەند سەد جووتیارێکی سپی پێست کە دەست بەسەر ماڵ و موڵکیاندا گیرابوو لە زیمبابۆیەوە ڕوویان لە زامبیا کرد. جگە لەوانەش، کەمینەیەکی دووڕەگی ڕەگەز تێکەڵەکان لە زامبیا نیشتەجێن. لە سەردەمی کۆلۆنیالیزمدا، جیاکاری ڕەگەزی جێگیربووە دووڕەگەکانی جیا دەکردەوە، ڕەش پێست و سپی پێستەکان لە شوێنە گشتیەکانی وەک قوتابخانەکان و نەخۆشخانەکان و لە خانووبەرەدا جیاکرانەوە. بەهۆی پەرەسەندنی ئابووریی زامبیا لە هاوردەکردنی کاردا، پەیوەندی نێوان ڕەگەزە جیاوازەکان زیاد بووە. ‌

دووڕەگەکان لە سەرژمێرییدا تۆمار ناکرێن بەڵکوو بە کەمینە دادەنرێن. بەپێی ڕاپرسییەكی ساڵی 2009، ژمارەی دانیشتووانی پەنابەر و پەناخوازانی زامبیا نزیكەی 88,900 کەسە. زۆرینەی پەنابەرانی وڵاتەکە لە کۆماری دیموکراتیی کۆنگۆ (لە ساڵی 2007ـدا 47,300 پەنابەری کۆماری دیموکراتیی کۆنگۆ لە زامبیا دەژیان)، ئەنگۆلا (27,100 پەنابەر)، زیمبابۆی (5,400 پەنابەر) و ڕواندا (4,900 پەنابەر). لە مانگی ئایاری ساڵی 2008ـەوە، ژمارەی زیمبابۆییەکان لە زامبیا دەستی بە زیادبوون کردوە، نزیکەی 60 هەزار پەنابەر لە کەمپەکانی زامبیا دەژین، لە کاتێکدا 50 هەزار پەنابەر لەگەڵ دانیشتووانی ناوچەکەدا تێکەڵ بوون. ئەو پەنابەرانەی کە دەیانەوێت لە زامبیا کار بکەن دەبێت داوای مۆڵەت بکەن، کە دەشێت ساڵانە تا 500 دۆلار تێبچێت.

تەمەن

تەمەنی مامناوەندی دانیشتووانی زامبیا تەنها 16.9 ساڵیە، نێرەکان 16.9 ساڵی و مێیەکان 17 ساڵی، بەمەش دەبێتە شەشەم گەنجترین وڵاتی جیهان. لەگەڵ ئەوەشدا، تەمەنی چاوەڕوانکراوی دانیشتووانەکەی 52.7 ساڵیە.

زمانەکان

ژمارەی تەواوی زمانە زامبیایەکان نازاندرێت، بەڵام چەند دەقێک ئاماژە بەوە دەکەن کە وڵاتەکە خاوەنی 73 زمان یان زاراوەیە. زمانی فەرمی کۆماری زامبیا ئینگلیزییە و زمانی ناوچەیی سەرەکیش، بە تایبەتی لە لوساکای پایتەخت، نیانجایە، بەدوای ئەویشدا زمانی بێمبا دێت. لە پارێزگای کۆپەربێڵت، بێمبا زمانی سەرەکی و نینجا بە پلەی دووەم دێت، هەردوو زمانەکە لە ناوچە شارستانییەکاندا قسەیان پێ دەکرێت، سەرەڕای ئەوەش زمانە خۆماڵییەکانی تریش بە شێوەیەکی باو لەنێو دانیشتووانی وڵاتەکەدا بەکاردێت، لەوانە زمانی تۆنگا، لۆزی و لوندا. زۆربەی زۆری دانیشتووانی زامبیا بە زیاتر لە زمانێک قسە دەکەن، بەهۆی بوونی کۆمەڵگەیەکی ئەنگۆلای گەورەوە کە بە پورتوگالی قسە دەکەن زمانی پورتوگالی لە دوای زمانی ئینگلیزییەوە دووەم زمانی بەرنامەی قوتابخانەکانە. هەروەها، فەڕەنسی بە شێوەیەکی باو لە قوتابخانە ئەهلییەکان دەخوێندرێت، لە کاتێکدا هەندێک لە قوتابخانە ناوەندییەکان بابەتێکی ئارەزوومەندانەیە. جگە لەوانەش، کۆرسی ئەڵمانی لە زانکۆی زامبیادا هەیە.

ئایین لە زامبیا

بەپێی دەستووری ساڵی 1996 زامبیا وڵاتێکی مەسیحییە بەڵام ئازادی ئایینیش دەستەبەرکراوە. سەرەڕای ئەوەی کەمتر لە سەدا سێی دانیشتووانی وڵاتەکە هێشتا شوێنکەوتەی ئایینە ڕەسەنەکانن، مەسیحیەتی زامبیای بەوە دەناسرێتەوە کە یەکگرتنی فۆڕمە جیاوازەکانی بیروباوەڕە و زۆرێک لەوانەی خۆیان بە مەسیحی ناساندووە بنەما سەرەکییەکانی ئایینی نەریتی ئەفریقی لەگەڵ باوەڕەکەیان تێکەڵ دەکەن. 75%ـی دانیشتووانی کۆماری زامبیا پرۆتستانت، 20%ـی دانیشتووان کاسۆلیکی ڕۆمانی و باقی دانیشتووانی وڵاتەکە پەیڕەوکەرانی ئایینە ڕەسەنەکانن.


سەرچاوەکان



48 بینین