ناوهڕۆك
ناساندن
هیندۆراس (بە ئینگلیزی: Honduras، بە عەرەبی: هندوراس)، بە فەرمی کۆماری هیندۆراس (بە ئینگلیزی: Republic of Honduras)، وڵاتێکە لە ئەمریکای ناوەڕاست، لە ڕۆژئاواوە لەگەڵ گواتیمالا، لە باشووری ڕۆژئاواوە لەگەڵ ئێل سلڤادۆر، لە باشووری ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ نیکاراگوا، لە باشوورەوە لەگەڵ زەریای هێمن و لە باکوورەوە لەگەڵ کەنداوی هیندۆراس هاوسنوورە. ژمارەی دانیشتووانی کۆماری هیندۆراس بەپێی خەمڵاندنەکانی ساڵی 2023 نزیکەی 9,571,352 کەسە و تێگوسیگالپا پایتەخت و گەورەترین شاری وڵاتە.
زانیاری گشتی
ناو | هیندۆراس، بە فەرمی کۆماری هیندۆراس |
پایتەخت و گەورەترین شار | تێگوسیگالپا |
سەربەخۆیی لە ئیمپراتۆریەتی ئیسپانی | 15ـی ئەیلوولی 1821 |
سەربەخۆیی لە یەکەم ئیمپراتۆریەتی مەکسیکی | 1ـی تەممووزی 1823 |
سەربەخۆیی لە کۆماری فیدراڵی ئەمریکای ناوەڕاست | 5ـی تشرینی دووەمی 1838 |
حکوومەت | کۆماری سەرۆکایەتی یەکگرتوو |
سەرۆکی وڵات | سیومارا کاسترۆ |
زمانی فەرمی | ئیسپانی |
ڕووبەری گشتی | 112,492 كم2 |
ژمارەی دانیشتووان بەپێی خەمڵاندنی ساڵی 2023 | 9,571,352 |
چڕیی دانیشتووان | 85/كم2 |
ڕێڕەوی لێخوڕین | ڕاست |
کۆدی تەلەفۆن | +504 |
ئایینی زۆرینەی دانیشتووان | مەسیحی |
یەکەی دراو | لمپیرا (HNL) |
تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی (GDP) لە خەمڵاندنی ساڵی 2022 | 69.8 ملیار دۆلار |
مێژوو و ئابووری وڵاتەکە
پێش ئەوەی کۆلۆنیالیزمی ئیسپانیا لە سەدەی شازدەدا بگەنە ناچەکە هیندۆراس شوێنی چەندین کولتووری گرنگی مێزۆئەمریکی بوو. ئەم وڵاتە لە ساڵی 1821ـدا سەربەخۆیی بەدەستهێنا و هەتا ساڵ 1823 بەشێک بوو لە یەکەم ئیمپراتۆریەتی مەکسیک، بەڵام بەردەوام لە ناکۆکیی کۆمەڵایەتی و ناسەقامگیری سیاسیدا بووە و بە یەکێکە لە هەژارترین وڵاتەکانی نیوەگۆی ڕۆژئاوا دەمێنێتەوە. هەروەها، ئابووریی هیندۆراس بە پلەی یەکەم پشت بە کەرتی کشتوکاڵی دەبەستێت و لە ساڵی 2013ـدا 14%ـی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی (GDP)ـی وڵاتی پێکهێنا. لەگەڵ ئەوەشدا، یەکێک لەو بەرهەمە دەوڵەمەندەکانی ناوچەکە قاوەیە کە 22%ـی داهاتی هەناردەی کۆمارەکە پێک دەهێنێت. هیندۆراس بە سەرچاوە سروشتییە دەوڵەمەندەکانی ناسراوە، لەوانە کانزاکان، میوە خولگەییەکان (ئەنەناس و مۆز) و قامیشی شەکر، هەروەها پیشەسازی چنینیشی خزمەتی بازاڕی نێودەوڵەتی دەکات.
لەڕووی دیمۆگرافییەوە
دانیشتووان
ژمارەی دانیشتووانی هیندۆراس لە ساڵی 2020ـدا 9.9 ملیۆن دانیشتوو بوو و چاواڕوانکرا ئەم ژمارەیە لە ساڵی 2021ـدا بگاتە 10 ملیۆن کەس و لە ساڵی 2071 بگاتە 15 ملیۆن کەس. لە ئێستادا (ساڵی 2023) ژمارەی دانیشتووانی وڵاتەکە 10,584,251 کەسە و ڕێژەی گەشەی دانیشتووانەکەی 1.63% ـە، لە ساڵی 2019 بۆ 2020 نزیکەی 158,500 کەس زیادیکرد.
تەمەن
لە ساڵی 2010ـدا، تەمەنی 36.8%ـی دانیشتووانی هیندۆراس لە خوار 15 ساڵی، تەمەنی 58.9%ـی دانیشتووان لە نێوان 15 بۆ 65 ساڵی و تەمەنی 4.3%ـی دانیشتووانی وڵاتەکە 65 یان سەروو 65 ساڵ بوو. هەروەها، تەمەنی مەمناوەندی دانیشتووانی هیندۆراس 24.4 ساڵییە، نێرەکان 23.5 ساڵی و مێیەکان 25.2 ساڵی. هەروەها 6,651,219 دانیشتووی وڵات لەسەروو تەمەنی 18 ساڵییەوەن.
نەتەوە
زۆربەی زۆری دانیشتووانی هیندۆراس خۆیان بە مێستیزۆ دەناسێنن، نزیکەی 90%ـی دانیشتووانی وڵاتەکە مێستیزۆن، 7%ـی دانیشتووان بە ڕەچەڵەک هیندی ئەمریکی و 2%ـی دانیشتووانی وڵاتەکە ڕەش پێستن. بەپێی زانیارییەکانی ساڵی 2017، پێکهاتە نەتەوەییەکانی دانیشتووانی هیندۆراس بریتین لە:
(جۆن گیلین) هیندۆراس بە یەکێک لە سیازدە "وڵاتی مێستیزۆ" (مەکسیک، گواتیمالا، ئێل سلڤادۆر، نیکاراگوا، پەنەما، کۆڵۆمبیا، ڤەنزوێلا، کوبا، ئیکوادۆر، پیرۆ، بۆلیڤیا، پاراگوای) دەزانێت و باس لەوە دەکات کە لە زۆربەی ئەمریکای ئیسپانیادا گرنگییەکی کەم دەدرێت بە ڕەگەز و تێکەڵی ڕەگەزی، بەڵام لە هیندۆراس، وانییە، چینایەتی کۆمەڵایەتی توانی لەم وڵاتانەدا لە ڕێگەی کۆلۆنیالیزمەوە گەشە بکات. لە سەردەمی کۆلۆنیالیزمدا زۆربەی زۆری دانیشتووانی ڕەسەنی هیندۆراس بەهۆی نەخۆشییەکانی وەک ئاوڵە و سوورێژە گیانیان لەدەستدا، لە ئەنجامدا وایکرد دانیشتووانی ڕەسەنی ناوچەکە یەکسانتر بێت بە باقی دانیشتووەکانی تری ناوچە بە بەراورد بە کۆلۆنیەکانی تر. زۆربەی ئاوارە هیندۆراسییەکان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانن و خەمڵێندراوە کە 800,000 بۆ یەک ملیۆن هیندۆراسی لە ئەمریکا دەژین.
گەشەی دانیشتووانی هیندۆراس
بەدرێژایی ساڵانی نەوەدەکان ژمارەی دانیشتووانی وڵات بەهۆی بەرزی ڕێژەی لەدایکبوونەوە بە نزیکەیی دوو هێندە زیادیکرد. هەتا ساڵانی حەفتاکان هەر ژنێک لە هیندۆراس نزیکەی هەشت منداڵی دەبوو، بەڵام لەو کاتەوە ئەم ژمارەیە بۆ کەمتر لە شەش منداڵ دابەزیوە، بەڵام هێشتاش ئەم ژمارەیە زۆر بەرزە. ژمارەی دانیشتووانی هیندۆراس ماوەیەکی زۆرە و هەتا ئێستاش کەم لە کەم بوونەوەدایە و پێشبینی دەکرێت لە ساڵانی داهاتوودا بەردەوام بێت. هەروەها، پێشبینی دەکرێت ڕێژەی گەشەی ساڵانە لە ساڵی 2020ـدا بگاتە لووتکە و 1.64% و لە ساڵی 2050ـدا بۆ 0.64% داببەزێت.
هەژاری
داهاتی مامناوەندی هیندۆراس نزمە و داهاتی تاکەکانی وڵاتەکە نزیکەی 600 دۆلاری ئەمریکیە، ئەمەش وایکردووە ببێتە یەکێک لەو وڵاتانەی کە خاوەنی نزمترین داهاتی تاکە لە ئەمریکای باکوور. لە ساڵی 2010ـدا، 50%ـی دانیشتووانی وڵات لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژیان و لە ساڵی 2016ـدا ئەم ڕێژەیە بەرزبوویەوە بۆ زیاتر لە 66%ـی دانیشتووان. بەپێی دامەزراوەی نیشتیمانی ئاماری هیندۆراس (INE)، لە ساڵی 2022، 73%ـی دانیشتووانی وڵاتەکە هەژارن و وڵاتەکە یەکێکە لە نایەکسانترین وڵاتانی ئەمریکای لاتین.
زمانەکان
ئیسپانی زمانی فەرمی و نیشتیمانی وڵاتی هیندۆراسە و لەلایەن زۆربەی زۆری دانیشتووانی وڵاتەکەوە قسەی پێ دەکرێت. جگە لە زمانی ئیسپانی، ژمارەیەک زمانی ڕەسەن لە هەندێک کۆمەڵگەی بچووکدا قسەیان پێ دەکرێت. هەندێک لەو زمانانەی تر کە لەلایەن بەشێکی دانیشتووانەوە بەکار دێن بریتین لە زمانی ئاماژەی هیندۆراسی و زمانی ئینگلیزی دوورگە کەنداوییەکان.
ئایین
هەرچەندە زۆربەی دانیشتووانی کۆماری هیندۆراس بە ڕواڵەت کاسۆلیکین و کاسۆلیکی بە ئایینی سەرەکیی دانیشتووان دادەنرێت، بەڵام ئەندامێتی لە کڵێسا کاسۆلیکییەکاندا لە کەمبوونەوەدایە لە کاتێکدا ئەندامێتی لە کڵێسا پرۆتستانتیەکاندا لە زیادبووندایە. لە ڕاپۆرتێکی ساڵی 2008ـدا هاتووە کە 51.4%ـی دانیشتووانی هیندۆراس کاسۆلیکین، 36.2%ـی دانیشتووان پرۆتستانتی ئینجیلی، 1.3%ـی دانیشتووان پەیڕەوکەرانی ئایینەکانی تر، لەوانە موسوڵمانان، بوودی، جوولەکە، ڕاستافاری و ئایینەکانی ترن، 11.1%ـی دانیشتووان یان سەر بە هیچ ئایینێک نەبوون یان وەڵامی پرسیارەکەیان نەدایەوە و 8%ـی دانیشتووانیش یان کافر یان نازانمباوەڕن.
کەشوهەوا
کەشوهەوای کۆماری هیندۆراس لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر دەگۆڕێت، لەو ناوچانەی کە دەکەونە بەرزاییە نزمەکانەوە کەشوهەوا خولگەییە، لە ناوچە بەرزەکاندا مامناوەندتر و لە لووتکەی چیاکاندا ساردە. لەڕووی بارانبارینیشەوە، لە باشووری ناوەڕاستی وڵاتەکە وەرزێکی وشک لە مانگی تشرینی دووەمەوە دەست پێ دەکات و تا مانگی نیسان بەردەوام دەبێت، هەروەها وەرزێکی باراناوی لە مانگی ئایارەوە دەست پێ دەکات و تا مانگی تشرینی یەکەم دەخایەنێت، بەڵام لە بەشی باکووری هیندۆراس، ناوچەیەک هەیە کە وەرزی وشکی نییە، بۆیە دەکرێت کەشوهەواکەی بە کەمەرەیی پێناسە بکرێت.
جیاوازی کەشوهەوای نێوان هەردوولا لە گەشەی ڕووەکەکانیشدا ڕەنگدەداتەوە، بەشی ناوەوە و لای باشوور دەشتی بێدارن، لە کاتێکدا لای باکوور بە دارستانی باراناوی داپۆشراوە. بای بازرگانی باکووری ڕۆژهەڵات کە لە مانگەکانی وەرزی زستاندا هەڵ دەکات، شێ لە دەریاوە هەڵ دەگرێت و وەک باران لە کەناری باکوور و باکووری شاخەکانەوە دادەبارێت. هەندێک جار، لە مانگی کانوونی یەکەمەوە تا ئازار، دەشێت بارستە هەوای سارد لە ئەمریکاوە بگاتە هیندۆراس، ئەمەش دەبێتە هۆی دابازینی پلەی گەرمی لە شەودا بۆ نزیکەی 10 پلەی سەدی لە تێگوسیگالپای پایتەخت و بۆ دەوروبەری 13/15 پلەی سەدی لە لە دەشتەکاندا.
باشترین کات
باشترین کات بۆ سەردانکردنی کۆمارەکە لە بەشی باشوور، لە تێگوسیگالپا و لە بەشی ناوەوەی وڵات لە مانگی کانوونی یەکەمەوە تا ناوەڕاستی مانگی نیسانە، لە کاتێکدا لە کەنارەکانی باکوور و لە دوورگە بچووکەکانی کاریبی لە مانگی ئازارەوە تا مانگی ئایارە.