تێگوسیگالپا

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2024-05-12-14:41:00 - کۆدی بابەت: 12871
تێگوسیگالپا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

تێگوسیگالپا (بە ئینگلیزی: Tegucigalpa، بە عەرەبی: تيغوسيغالبا)، پایتەخت و گەورەترین شاری کۆماری هیندۆراسە و دەکەوێتە دۆڵێکەوە کە بە شاخ دەورە دراوە. جگە لەوەش قەرەباڵغترین شاری وڵاتە و بەپێی قەبڵاندنەکانی ساڵی 2023 ژمارەی دانیشتووانی شارەکە 1,326,460 کەسە. تێگوسیگالپا لە 30ـی تشرینی یەکەمی 1880ـدا بوو بە پایتەختی وڵاتی هیندۆراس. هەروەها ناوەندی سیاسی و ئیداری هیندۆراسە و ئابووری شارەکە 19.3%ـی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی وڵات پێک دەهێنێت.

ڕووبەر و چڕی دانیشتووان

ڕووبەری تێگوسیگالپا 1,502 کیلۆمەتر دووجایە و چڕی دانیشتووانەکەی لە خەمڵاندنەکانی ساڵی 2023ـدا 880 کەس بوو لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا.

لەڕووی دیمۆگرافییەوە

دانیشتووان

ژمارەی دانیشتووانی تێگوسیگالپا لە سەرژمێری ساڵی 2001ـدا 850,445 کەس بوو، ئەم ژمارەیە گەشەیکرد و لە سەرژمێری ساڵی 2013ـدا گەشتە 1,157,509 دانیشتوو. هەروەها، لە ساڵی 2004ـدا، 185,577 خێزان لە شارەکەدا نیشتەجێ بوون و ژمارەی هەر خێزانێکیش 4.9 کەس بوو. پێشبینی دەکرێت ژمارەی دانیشتووانی هەردوو شار و گەورەناوچەی تێگوسیگالپا تا ساڵی 2029 دوو هێندە زیاد بکات. لە ساڵی 2006ـدا پێوەرەکانی گەشەپێدانی مرۆیی (HDI)ـی تێگوسیگالپا بە 0.759ـەوە بەرزترینی وڵات بوو. بەدرێژایی هەمان ساڵ، 47.6%ـی دانیشتووانی ناوچەکە لەژێر هێڵی هەژاریدا بوون، 29.7%ـی دانیشتووان هەژارێکی مامناوەند و 17.9%ـی دانیشتووان زۆر هەژار بوون.

جگە لەوانەش، لە ساڵی 2004ـدا تەمەنی چاوەڕوانکراوی دانیشتووانی ناوچەکە 72.1 ساڵی بوو. هەتا ساڵی 2010، 4.9%ـی دانیشتووان نەخوێندەوار بوون بە بەراورد بە تێکڕای نیشتیمانی کە 15.2%ـەیە. بەپێی زانارییەکانی هەمان ساڵ، تکڕای داهاتی مانگانەی تاکەکانی شارەکە 440.49 دۆلاری ئەمریکی بوو، لە کاتێکدا تێکڕای نیشتیمانی 252.35 دۆلارە. لەڕووی نەتەوەییەوە، 80%ـی دانیشتووانی شارەکە مێستیزۆ و کەمینەیەکی بچووکی سپی پێستن، جگە لەوەش کۆچەرە عەرەب و چینییەکان، خەڵکی ڕەسەنی هیندی ئەمریکی و خەڵکی ئەفرۆ-هیندۆراسیش لە ناوچەدا نیشتەجێن.

کەشوهەوا

بەپێی سیستەمی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن، تێگوسیگالپا کەشوهەوایەکی ساڤانایی خولگەیی هەیە، بەهۆی بەرزی ناوچەکەوە کەشی شارەکە مامناوەندترە و دوو وەرزی جیاوازی هەیە: وەرزی باراناوی و وەرزی وشک. لەگەڵ ئەوەشدا، تێکڕای پلەی گەرمی مامناوەندی شارەکە لە نێوان 19 بۆ 23 پلەی سەدیدایە. مانگەکانی کانوونی یەکەم و کانوونی دووەم ساردترین مانگی ساڵن و تێکڕای پلەی گەرمی شارەکە 14 پلەی سەدیە، لە کاتێکدا مانگەکانی ئازار و نیسان گەرمترین مانگی ساڵن و دەشێت لە گەرمترین ڕۆژەکاندا پلەکانی گەرما بگەنە 40 پلەی سەدی. وەرزی وشک لە مانگی تشرینی دووەمەوە دەست پێ دەکات و تا مانگی نیسان بەردەوام دەبێت، وەرزی باراناویش لە مانگی ئایارەوە تا مانگی تشرینی یەکەم دەخایەنێت. بە تێکڕایی 107 ڕۆژ لە ساڵێکدا باران دەبارێت و بەگشتی مانگەکانی حوزەیران و ئەیلوول باراناویترین مانگی ساڵن. هەروەها، بەدرێژایی ساڵ بە تێکڕای 211.2 کاتژمێر لە مانگێکدا تیشکی خۆر بە ئاسمانی شارەوە دەدرەوشێتەوە.


سەرچاوەکان



1856 بینین