هاراری

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2024-06-10-22:47:00 - کۆدی بابەت: 13147
هاراری

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

هاراری یان هەراری (بە ئینگلیزی: Harare، بە عەرەبی: هراري)، پایتەخت و قەرەباڵغترین شاری کۆماری زیمبابۆیە. ڕووبەری جوگرافیی سنووری ئەم شارە 940 کیلۆمەتر دووجایە، ژمارەی دانیشتووانەکەی لە سەرژمێری ساڵی 2012ـدا 2.12 ملیۆن کەس بوو و لە ساڵی 2019ـدا بە مەزەندەکردن 3.12 ملیۆن کەس لە گەورەناوچەکەی نیشتەجێ بوون. لەڕووی جوگرافییشەوە، شارەکە دەکەوێتە باکووری ڕۆژهەڵاتی زیمبابۆی و 1,483 مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە.

مێژوو و گرنگی شارەکە

هەراری لە ساڵی 1890ـدا لەلایەن هێزی ستوونی پێشەنگ (Pioneer Column)ـەوە دامەزراوە، کە هێزێکی سەربازی بچووکی کۆمپانیای ئەفریقای باشووری بەریتانیا (BSACO) بوو. هەروەها ناوی فۆرت سالیسبێری (Fort Salisbury) بە ناوی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لۆرد سالیسبێریەوە لێ نرا. دواتر سالیسبێری ناوەندی حکوومڕانی ڕۆدسیای باشوور و لە نێوان ساڵانی 1953 و 1963ـدا پایتەختی فیدراسیۆنی ئەفریقای ناوەندی بوو. لە ساڵی 1982 و لە دووەم ساڵیادی سەربەخۆیی وڵاتی زیمبابۆی لە بەریتانیا ناوی شارەکە لە سالیسبێری گۆڕدرا بۆ هاراری.

شارەکە ماوەیەکی زۆرە پایتەختی بازرگانی زیمبابۆیە و ئابوورییەکەی لە ساڵانی 2000ـەوە چەند جارێک بەرز و نزم بۆتەوە. هاراری وەک ناوەندێکی گرنگی بازرگانی، حکوومەت، دارایی، خانووبەرە، بەرهەمهێنان، چاودێری تەندروستی، دیزاین، پەروەردە، هونەر، ڕۆشنبیری، گەشتیاری، کشتوکاڵ، کانسازی و کاروباری ناوچەیی دەمێنێتەوە. جگە لەوانەش، شارەکە خاوەنی دووەم بەرزترین ژمارەی باڵیۆزخانەیە لە ئەفریقای باشوور و وەک شوێنی بارەگا ئەفریقییەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی خزمەت دەکات. سەرەڕای ئەوەش، میوانداری چەندین بۆنە و کۆنفڕانسی نێودەوڵەتی کردووە، لەوانە یارییەکانی ساڵی 1995ـی ئەفریقا و جامی جیهانی یاری کریکتی ساڵی 2003. لە ساڵی 2018ـدا، هاراری وەک شاری جیهانی گاما پلەبەند کرا.

لەڕووی دیمۆگرافییەوە

ژمارەی دانیشتووانی شاری هاراری 2,123,132 کەسە و زیاتر لە 90%ـی دانیشتووانەکەی بە زمانی شۆنا قسە دەکەن و بە ڕەچەڵەک ئەفریقین. هەروەها، شارەکە شوێنی خەڵکی ئندبێلێ و کالانگاشە و نزیکەی 25,000 هاوڵاتی زیمبابۆیی سپی پێست لە گەورەناوچەی هاراری دەژین.

پەروەردە

زانکۆی زیمبابۆی لە شاری هاراری دایە، ئەم زانکۆیە لە ساڵی 1952 دامەزراوە و کۆنترین و گەورەترین زانکۆی وڵاتەکەیە، کە چەندین بەرنامەی قۆناغی بەکالۆر و پاش‌بەکالۆر پێشکەش دەکات. ژمارەی خوێندکاران 20,399 کەسە، لەو ژمارەیەش 17,718 کەسیان خوێندکاری قۆناغی بەکالۆر و 2,681 کەسیان خوێندکاری پاش‌ بەکالۆرن.

کەشوهەوا

بەپێی سیستەمی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن، هاراری کەشوهەوایەکی نیمچە خولگەیی شاخاوی هەیە، کە جۆرە کەشوهەوایەکی ئۆقیانوسییە. لەبەر ئەوەی شارەکە کەوتۆتە سەر زەوییەکی تەختی بەرز، بەرزییەکەی لە ئاستی دەریا و تەوژمی هەوای باشووری ڕۆژهەڵاتی دەبێتە هۆی ئەوەی کەشوهەوایەکی ساردتر و وشکتری هەبێت بە بەراورد بە کەشوهەوای خولگەیی یان نیمچە خولگەیی. هەروەها، تێکڕای پلەی گەرمی ساڵانەی شارەکە 17.95 پلەی سەدیە.

سێ وەرزی سەرەکی لە شارەکەدا هەیە، یەکەمیان هاوینێکی گەرم و باراناوییە کە لە مانگی تشرینی دووەمەوە دەست پێ دەکات و تا مانگی ئازار بۆ نیسان بەردەوام دەبێت؛ دووەمیان زستانێکی فێنک و وشکە کە لە مانگی ئایارەوە تا مانگی ئاب دەخایەنێت و سێیەمیان وەرزێکی گەرم بۆ زۆر گەرم و وشکە کە لە مانگی ئەیلول بۆ مانگی تشرینی یەکەم بەردەوام دەبێت. تێکڕای پلەی گەرمی ڕۆژانە لە مانگی تەممووزدا، کە ساردترین مانگی ساڵە، نزیکەی 7 بۆ 22 پلەی سەدییە، لە مانگی تشرینی یەکەمدا، کە گەرمترین مانگی ساڵە، نزیکەی 15 بۆ 29 پلەی سەدی و لە مانگی کانوونی دووەمدا، واتە ناوەڕاستی هاوین، نزیکەی 16 بۆ 26 پلەی سەدیە.

گەرمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو 19.73 پلەی سەدیە کە لە ساڵی 1914ـدا تۆمارکرا و نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو 17.13 پلەی سەدیە کە لە ساڵی 1965ـدا تۆمارکرا. هەروەها، تێکڕای بارانبارینی ساڵانە لە باشووری ڕۆژئاوای شارەکە نزیکەی 825 مللیمەترە، بەڵام لە ناوچە بەرزترەکانی باکووری ڕۆژهەڵات بۆ 855 مللیمەتر بەرز دەبێتەوە.


سەرچاوەکان



57 بینین