لوساکا

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2024-06-24-14:03:00 - کۆدی بابەت: 13273
لوساکا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

لوساکا (بە ئینگلیزی: Lusaka، بە عەرەبی: لوساکا)، پایتەخت و گەورەترین شاری زامبیایە. هەروەها یەکێکە لە خێرا گەشەسەندووترین شارەکانی ئەفریقای باشوور. ئەم شارە لە بەشی باشووری بانی ناوەندییدایە لە بەرزایی نزیکەی 1,279 مەتر. ژمارەی دانیشتووانی شارەکە تا ساڵی 2019 نزیکەی 3.3 ملیۆن کەس بوو، لە کاتێکدا ژمارەی دانیشتووانی شارستانی لە ساڵی 2018ـدا بە 2.5 ملیۆن کەس مەزەندە کرا. لوساکا ناوەندی بازرگانی و حکوومەتە لە زامبیا و بە چوار ڕێگای گشتیی سەرەکی وڵاتەکە دەگات کە بەرەو باکوور، باشوور، ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا دەڕۆن. ئینگلیزی زمانی فەرمی ئیدارەی شارەکەیە، لە کاتێکدا بێمبا، تۆنگا، لێنجی، سۆلی، لۆزی و نیانجا چەند زمانێکی شەقامن و بە شێوەیەکی باو قسەیان پێ دەکرێت. هەروەها، ڕووبەری لوساکا 360 کیلۆمەتر دووجایە و لە ساڵی 1905ـدا دامەزراوە. ناوچەی دەوروبەری لوساکا زیاتر لە لەوەڕی تەخت پێکهاتووە کە بۆ مەزرای ڕاگرتنی ئاژەڵ و کێڵگەکان گونجاوە. کشتوکاڵ و بەخێوکردنی ئاژەڵ چالاکییە ئابوورییە سەرەکییەکانی ناوچەکەن و بەرهەمەکان بریتین لە گەنمەشامی، ڕەشەوڵاخ، پێستە، بەرهەمە شیرەمەنیەکان و تووتن.

مێژووی شارەکە

سەرەتاییترین بەڵگەی نیشتەجێبوون لە ناوچەکەدا دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی شەشەمی زایینی و یەکەم جێگیربوونی ناسراویش دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی یازدە. پاشان لە سەدەکانی حەڤدە و هەژدەدا ناوچەکە بوو بە نیشتیمانی گەلانی لێنجی و سۆلی. لە ساڵی 1890ـکاندا کۆمپانیای ئەفریقای باشووری بەریتانیا (BSAC) دەستی بەسەر ئەو ناوچەیەدا گرت کە لوساکای تێدا هەڵکەوتبوو و دواتر لە ساڵی 1905ـدا شاری مۆدێرن دامەزرا و لە ساڵی 1935ـدا لوساکا بوو بە پایتەختی ڕۆدێسیای باکوور. BSAC هێڵی ئاسنی دروستکرد کە کانەکانی خۆیانی لە کۆپەربێڵتەوە دەبەستەوە بە کەیپ تاونەوە و لوساکاش وەک وێستگەیەکی ئاو لەو هێڵەدا دەستنیشانکرا کە شەمەندەفەری هەڵمی تێدا دەوەستا بۆ پڕکردنەوەی ئاو.

شارەکەش بە ناوی سەرۆکێکی ناوخۆیی ناونراوە کە لە بنەڕەتدا کابرایەکی لێنجی بووە و ناوی لوساکا (Lusaaka) بوو. پاشان جووتیارانی سپی پێستی ئەفریقی لە ناوچەکە نیشتەجێ بوون و لوساکایان کرد بە ناوەندێکی بازرگانی ناوچەیی و دەستیان بەسەر ئیدارەی شارەکەدا گرت. لە ساڵی 1929، دوای پێنج ساڵ لە کۆنترۆڵکردنەوەی ڕۆدێسیای باکوور لە کۆمپانیای ئەفریقای باشووری بەریتانیا، ئیدارەی کۆلۆنیالی بەریتانی بڕیاریدا پایتەختەکەی لە لیڤینگستۆنەوە بگوازێتەوە بۆ شوێنێکی ناوەندیتر و لوساکا هەڵبژێردرا. کاتێک سالیسبێری (هاراریی ئێستا لە کۆماری زیمبابۆی) لە ساڵی 1953ـدا بوو بە پایتەختی فیدراسیۆنی ڕۆدێسیا و نیاسالاندی یەکخراو، لوساکا بەشێک لە پێگەی خۆی لەدەستدا بەڵام دوای ئەوەی لە ساڵی 1964ـدا وەکوو پایتەختی زامبیای تازە سەربەخۆ دەستنیشانکرا پێگەکەی خۆیی بەدەستهێنایەوە.

بەدوای ئەمەشدا چەندین باڵەخانەی نوێ لە شارەکەدا دروستکران لەوانە، بینا حکوومییەکان، زانکۆی زامبیا و فڕۆکەخانەیەکی نوێ. کۆچی بەرفراوانی خەڵکی ناوچەکانی تری زامبیا بۆ ناوچەکانی ڕۆژئاوا و باشووری شارەکە لە پێش و پاشی سەربەخۆیی وڵاتدا هەبووە.

کەشوهەوا

بەپێی سیستەمی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن، کەشوهەوای شاری لوساکای پایتەخت نیمچە خولگەیی شێدارە. پلەی گەرمی مامناوەندی شارەکە لە ساردترین مانگی ساڵدا کە مانگی تەممووزە 14.9 پلەی سەدیە. هاوینی لوساکا گەرم و زستانی فێنکە، لەگەڵ ئەوەشدا کەشی شارەکە لە مانگەکانی حوزەیران و تەممووزدا بە شەودا ساردە. گەرمترین مانگ مانگی تشرینی یەکەمە، کە تێکڕای پلەی گەرمی بەرزی شارەکە لە کاتەکانی ڕۆژدا لە دەوروبەری 32 پلەی سەدیدایە. لەم شارەدا سێ وەرزی سەرەکی هەیە، ئەوانیش وەرزی وەرزە بای گەرم لە نێوان مانگەکانی تشرینی دووەم و ئازار، زستانی وشک لە نێوان مانگەکانی نیسان و ئاب و هاوینی گەرم لە مانگەکانی ئەیلوول و تشرینی یەکەم.‌

لەڕووی دیمۆگرافییەوە

دانیشتووان

لە سەرژمێری ساڵی 2010ـی زامبیادا ژمارەی دانیشتووانی لوساکا 1,715,032 کەس بوو، لەو ژمارەیەش 838,210 نێر و 876,822 مێ بوون. ئەمەش ئەوەی دەرخست کە ژمارەی دانیشتووانی شارەکە لە سەرژمێری ساڵی 2000ـەوە بە ڕێژەی 58% زیادیکردووە، هەروەها گەشەی دانیشتووانی لوساکا بەردەوامبووە و ژمارەی دانیشتووانی خەمڵێندراوی شارەکە لە ساڵی 2020ـدا 2,731,696 دانیشتوو بوو. گرووپە نەتەوەییە سەرەکییەکانی شارەکە بریتین لە نیانجا و سۆلی، جگە لەوەش کەمینەیەکی ئەورووپی و ئاسیایی لە ناوچەکەدا نیشتەجێن.

زمانەکان

وەکوو باقی کۆماری زامبیا، زمانی ئینگلیزی زمانی فەرمی نیشتمانییە لە لوساکا و لە پەروەردەدا لە پۆلی پێنجەمی سەرەتاییەوە لە قوتابخانە تا زانکۆ بەکار دەهێنرێت. جگە لەوەش، زمانی ئینگلیزی لە بواری بازرگانی، ڕۆژنامەوانی، میدیا و هەروەها لە حکوومەتدا بەکار دەهێنرێت. تا کۆتایی هەشتاکان زمانی نیانجا وەک زمانێکی ناوخۆیی لە شارەکەدا قسەی پێ دەکرا، کە لەلایەن کۆچبەرانی پارێزگای ڕۆژهەڵاتەوە هێنرابووە ناوچەکەوە. بەڵام لەو کاتەوە بەدواوە و لەگەڵ زیادبوونی کۆچی هاوڵاتیان لە ناوچەی کۆپەربێڵتەوە بۆ ناو شارەکە ژمارەی بەکارهێنەرانی زمانی بێمبا لەنێو دانیشتوواندا بەرزبوویەوە. تێکەڵەی ئەم سێ زمانە لە لوساکا زمانی دووڕەگی لێ دروست بووە کە بە تاون نیانجا (Town Nyanja) ناسرا، کە یەکگرتنی وشەی ئینگلیزی، بێمبا و نسێنگا بوو لە زمانی نیانجادا.

ئابووریی شارەکە

لوساکا ناوەندی ئابووری و دارایی کۆماری زامبیایە و وەکوو دەروازەی سەرەکی وڵاتەکە بۆ باقی جیهان و گەورەترین ناوەندی بازرگانی خزمەت دەکات. سەرەڕای ئەوەی ئامارەکانی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی (GDP) لەسەر ئاستی ناوچە لە زامبیا تۆمار نەکراون، بەڵام لە ئاستی پارێزگادا پارێزگای لوساکا لە ساڵی 2014ـدا خاوەنی دووەم بەرزترین GDPـی بوو لە زامبیا، کە بە ڕێژەی 27.2% بەشداری لە بەرهەمی نیشتمانیدا کرد.

بە پێچەوانەی زۆربەی ناوچەکانی زامبیاوە، کە تێیاندا کشتوکاڵ و کانسازی گەورەترین بەشداربووانن، کەرتی خزمەتگوزاری و بازرگانی بە جوملە و تاکەکەسی دەستیان بەسەر ئابووریی لوساکادا گرتووە. هەریەک لە کەرتەکانی دارایی، بیمە، خانووبەرە، گواستنەوە، پەیوەندییەکان، وزە، بیناسازی و بەرهەمهێنان کاریان بۆ دانیشتووانی شارەکە ڕەخساندووە. جگە لەوانەش، بارەگا سەرەکییەکانی بانکەکانی زامبیا لە شارەکەدایە، هەروەها بۆرسەی لوساکا لە ساڵی 1993ـەوە دەستیپێکردووە.


سەرچاوەکان



78 بینین