گواتیمالا سیتی

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2024-06-02-17:39:00 - کۆدی بابەت: 13099
گواتیمالا سیتی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

گواتیمالا سیتی یان شاری گواتیمالا (بە ئینگلیزی: Guatemala City، بە عەرەبی: غواتيمالا سیتي یان مدينة غواتيمالا، بە ئیسپانی: Ciudad de Guatemala ناسراو بە گواتی، پایتەخت و گەورەترین شاری وڵاتی گواتیمالا و قەرەباڵغترین ناوچەی شارستانی ئەمریکای ناوەڕاستە. ئەم شارە دەکەوێتە بەشی باشووری ناوەڕاستی وڵات و ژمارەی دانیشتووانی شارەکە لە ساڵی 2020ـدا 994,938 کەس بوو. شاری گواتیمالا لە ساڵی 1776ـدا دامەزرا و لە ساڵی 1847 بوو بە پایتەختی گواتیمالا. شارەکە بەهۆی بومەلەرزەی ساڵی 1917 بۆ 1918 بەنزیکەی تەواو لەناوچوو و دواتر ئاوەدانکرایەوە. لە ئێستادا، شاری گواتیمالا ناوەندی سیاسی و کولتووری و ئابووری گواتیمالایە.

ڕووبەر و چڕی دانیشتووان

ڕووبەری گواتیمالا سیتی 220 کیلۆمەتر دووجایە، تەواوی ئەو ژمارەیەش وشکانییەو هیچ تەنێکی ئاویی لە ناوچەکەدا هەڵ نەکەوتووە. هەروەها چڕی دانیشتووانەکەی لە ساڵی 2020ـدا 4,522 کەس بوو لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا.

دانیشتووان

ژمارەی دانیشتووانی ناوچەی جوگرافی سنووری گواتیمالا سیتی نزیکەی یەک ملیۆن کەسە، لە کاتێکدا ژمارەی دانیشتووانی ناوچە شارستانییەکەی زیاتر لە سێ ملیۆن کەسە. دانیشتووانی شاری گواتیمالا تاڕادەیەک هەمەچەشنە و ڕەچەڵەکی زۆربەی زۆریان ئیسپانی و مێستیزۆیین. هەروەها شارەکە ژمارەیەکی بەرچاو دانیشتووی ڕەسەنی هەیە و بەسەر 23 گرووپی جیاوازی مایاییدا دابەشکراون. سەرەڕای ئەوەش، ژمارەیەک زمانی مایایی لەلایەن دانیشتووانی ناوچەکەوە قسەیان پێ دەکرێت.

کەشوهەوا

لەگەڵ ئەوەی گواتیمالا سیتی دەکەوێتە ناوچەی یەکسانبوونی گۆی زەوییەوە، شارەکە کەشوهەوایەکی ساڤانایی خولگەیی هەیە (بەپێی سیستەمی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن). کەشی شارەکە بە شێوەیەکی گشتی زۆر گەرمە و بەدرێژایی ساڵ بەنزیکەیی کەشێکی بەهاری هەیە. ناوبەناو لە وەرزی وشکدا کەش زۆر گەرم دەکات، بەڵام وەک شارەکانی تری ئەمریکای ناوەڕاست گەرم و شێدار نییە. گەرمترین مانگی ساڵ مانگی نیسانە. وەرزی بارانبارین لە مانگی ئایارەوە دەست پێ دەکات و تا مانگی تشرینی یەکەم دەخایەنێت، کە هاوکاتە لەگەڵ وەرزی گەردەلوولی خولگەیی و زریان لە ڕۆژئاوای زەریای ئەتڵەسی و دەریای کاریبی، لە کاتێکدا وەرزی وشک لە مانگی تشرینی دووەم تا مانگی نیسان دەخایەنێت. هەندێکجار دەشێت با هەڵ بکات و ببێتە هۆی دابەزینی پلەی گەرمی. تێکڕای پلەی گەرمی ساڵانە بە ڕۆژدا 22 بۆ 28 پلەی سەدییە و بە شەودا 12-17 پلەی سەدیە؛ تێکڕای ڕێژەی شێ لە بەیانیاندا 82% و لە ئێوارەدا 58% و تێکڕای پلەی گەرمی خاڵی شەونم 16 پلەی سەدییە.


سەرچاوەکان



63 بینین