سان سلڤادۆر

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2024-06-02-18:41:00 - کۆدی بابەت: 13101
سان سلڤادۆر

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

سان سلڤادۆر (بە ئینگلیزی: San Salvador، بە عەرەبی: سان سلفادور)، پایتەخت و گەورەترین شاری کۆماری ئێل سلڤادۆرە لە ئەمریکای ناوەڕاست. ئەم شارە ناوەندی سیاسی، کولتووری، پەروەردەیی و دارایی وڵاتە. ژمارەی دانیشتووانی گەورەناوچەی سان سلڤادۆر، کە لە خودی پایتەخت و 13 شارەوانی پێکدێت، 2,404,097 کەسە. هەروەها ژمارەی دانیشتووانی ناوچەی شارستانی سان سلڤادۆر 1,600,000 دانیشتووە. ناوی شارەکە، سان سلڤادۆر (San Salvador)، بە واتای ڕزگارکەری پیرۆز دێت و چوارەم قەرەباڵغترین شاری ئێل سلڤادۆرە.

ڕووبەر و چڕی دانیشتووان

ڕووبەری سان سلڤادۆری پایتەخت 72.25 کیلۆمەتر دووجایە و ڕووبەری گەورەناوچەی سان سلڤادۆری 651.31 کیلۆمەتر دووجایە. هەروەها چڕی دانیشتووانی شارەکە لە ساڵی 2018ـدا 72.25 کەس بوو لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا.

مێژوو و گرنگی شارەکە

پێش هاتنی ئیسپانییەکان، خەڵکی ڕەسەنی پیپل پایتەختێکیان بە ناوی کوسکاتلان (Cuzcatlan) بۆ خۆیان دامەزراند، کە زۆر دوور نەبوو لە سان سلڤادۆری ئێستا. شارۆچکەی سان سلڤادۆر لە ساڵی 1525 لەلایەن داگیرکارێکی ئیسپانییەوە دامەزرا، ئەم شارۆچکە دوو جار شوێنەکەی گۆڕدرا، لە ساڵی 1528 و لە ساڵی 1545، بەهۆی بەرفراوانی ناوچەکە و بەپیتی خاکەکەیەوە. ژمارەی دانیشتووانی سان سلڤادۆر هەتا سەرەتای سەدەی بیستەم بە نزمی مایەوە. لە ئێستادا، شارەکە شوێنی دیوانی وەزارەتەکانی ئێل سلڤادۆر، دەستەی قانووندانەری ئێل سلڤادۆر، دادگای باڵای ئێل سلڤادۆر و دامەزراوە حکومییەکانی دیکەیە، هەروەها شوێنی نیشتەجێبوونی فەرمی سەرۆکی سلڤادۆرە. سان سلڤادۆر میوانداری چەندین ئیڤێنتی وەرزشی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، سیاسی و کۆمەڵایەتی جۆراوجۆر دەکات. میوانداری یارییەکانی ئەمریکای ناوەڕاست و کاریبی ساڵانی 1935 و 2002، یارییەکانی ئەمریکای ناوەڕاستی ساڵانی 1977 و 1994 و هەروەها ئاهەنگی شاجوانی گەردوونی 1975 کرد.

لەڕووی دیمۆگرافییەوە

دانیشووان

لە ئێستادا (2023) ژمارەی دانیشتووانی شاری سان سلڤادۆر بە 1,116,052 کەس مەزەندە دەکرێت. لە ساڵی 1950ـدا ژمارەی دانیشتووانی شارەکە 194,099 کەس بوو. ژمارەی دانیشتووانی سان سلڤادۆر لە ساڵی رابردووەوە (2022) 5,371 کەس زیادی کردووە و ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ڕێژەی گەشەی ساڵانەی دانیشتووانەکەی 0.48%ـە. بەپێی پێشبینییەکانی ساڵی 2015، ژمارەی دانیشتووانی سان سلڤادۆر 257,754 دانیشتوو، کە نزیکەی 3.99%ـی دانیشتووانی ئێل سلڤادۆر پێک دەهێنێت، لەکاتێکدا ژمارەی دانیشتووانی گەورەناوچەی سان سلڤادۆر 1,767,102 کەس، کە 27.4%ـی کۆی دانیشتووانی وڵات پێک دەهێنێت. پێکهاتە نەتەوەییەوەکانی دانیشتووانی شاری سان سلڤادۆر بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

  • مێستیزۆ: 86%
  • سپی پێست یان کریۆل: 12%
  • نەتەوەکانی تر: 2%

گەشەی دانیشتووان

هەتا ساڵی 2005 ژمارەی دانیشتووانی سان سلڤادۆر بە بەردەوامی لە گەشەکردندا بوو. بەڵام لە نێوان ساڵانی 2005 و 2007ـدا، ژمارەی دانیشتووانی شارەکە زۆر دابەزی، ژمارەی دانیشتووان لە 507,000 کەس لە ساڵی 2005ـەوە بۆ 300,000 دانیشتوو لە کۆتایی دەیەکەدا دابەزی. سەرەڕای ئەوەی دابەزینی ژمارەی دانیشتووانی شارەکە بە شێوەیەکی زۆر کاریگەر بەردەوام نەبوو، بەڵام بە شێوەیەکی بەردەوام هەر لە کەمبوونەوەدا بوو. ژمارەی دانیشتووانی سان سلڤادۆر لە ساڵی 2013ـدا لە نزیکەی 316,000 کەسەوە بۆ زیاتر لە 290,000 کەس دابەزی، ئەم کەمبوونەوەیە بەردەوام بوو تا لە ساڵی 2014ـدا گەشتە 282,000 دانیشتوو. هەروەها، تا ساڵی 2016 گەشتە 248,000 کەس و لە ساڵی 2018 گەشتە 238,000 کەس. هۆکاری دابەزینی دانیشتووانی شارەکە بۆ بەرزی ڕێژەی هەژاری و ئاستی تاوان دەگەڕێنرایەوە. ئەمڕۆ، نزیکەی 20%ـی دانیشتووانی ئێل سلڤادۆر لە دەرەوەی وڵات دەژین.

زمان

نزیکەی تەواوی دانیشتووانی سان سلڤادۆر بە زمانی ئیسپانی قسە دەکەن، لە کاتێکدا دانیشتووانی شارەکە لە ئێستادا زمانی ئینگلیزی بە شێوەیەکی بەرفراوانتر وەک لە ڕابردوو بەکار دەهێنن، ئەمەش زیاتر بەهۆی کاریگەری کولتووری ئەمریکا لەسەر دانیشتووانی شارەکە و گەڕانەوەی ژمارەیەکی زۆر کۆچبەری سلڤادۆر لە ئەمریکاوەیە.

کەشوهەوا

بەپێی سیستمی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن، سان سلڤادۆر کەشوهەوایەکی خولگەیی باراناویی و وشکی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا کەشی شارەکە بەدرێژایی ساڵ زۆر گەرمە و تێکڕای پلەی گەرمی ڕۆژانە 27 پلەی سەدییە. تێکڕای بەرزی شارەکە 658 مەترە و بە بەراورد بە شارە نزیکەکانی ئاستی دەریا، کەش لەم ناوچە بەرزانەدا فێنکترە و پلەی گەرمی لە بەیانیاندا نزمترە، وزە و ڕووناکی خۆر زیاتر دەردەچن و پلەی گەرمی هەوای ڕۆژانە بەتایبەتی لە ماوەی وەرزی وشکدا زۆرتر دەگۆڕێت. ئاووهەوای شارەکە لە مانگەکانی مانگی تشرینی دووەم تا مانگی شوبات ساردە و پلەی گەرمی ڕۆژانە 22.2 پلەی سەدییە.

گەرمترین مانگەکانی ساڵ مانگەکانی نیسان و ئایارە، کە دەکەوێتە ماوەی گواستنەوەی وەرزی وشک (لە تشرینی دووەم بۆ مانگی نیسان) بۆ وەرزی باراناوی (ئایار بۆ تشرینی یەکەم). تێکڕای بەرزترین پلەکانی گەرما لە مانگەکانی نیسان و ئایاردا دەگاتە 32.2 پلەی سەدی. بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو لە سان سلڤادۆر 38.5 پلەی سەدیە و نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو 8.2 پلەی سەدیە. هەروەها، بەرزترین پلەی گەرمیی خاڵی شەونم 16 پلەی سەدی و نزمترین پلەی گەرمی خاڵی شەونم 10- پلەی سەدیە. ڕەشەبای بروسکاوی لە وەرزی بارانبارین و لە کاتەکانی ڕۆژدا هەڵ دەکات بەتایبەتیش لە پاشنیوەڕۆدا.


سەرچاوەکان



115 بینین