ناوهڕۆك
ناساندن
ئێل سلڤادۆر (بە ئینگلیزی: El Salvador، بە عەرەبی: السلفادور یان إل سَلفَدُور، بە ئیسپانی: el salβaˈðoɾ واتە ڕزگارکەر)، بە فەرمی کۆماری ئێل سلڤادۆر (بە ئینگلیزی: Republic of El Salvador)، وڵاتێکە لە ئەمریکای ناوەڕاست، لە باکووری ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ هیندۆراس، لە باکووری ڕۆژئاواوە لەگەڵ گواتیمالا و لە باشوورەوە لەگەڵ زەریای هێمن هاوسنوورە. لە ساڵی 2023ـدا ژمارەی دانیشتووانی کۆماری ئێل سلڤادۆر مەزندەکرا نزیکەی 6.5 ملیۆن کەس بێت و سان سلڤادۆرە پایتەخت و گەورەترین شاری وڵاتە.
زانیاری گشتی
ناو | ئێل سلڤادۆر، بە فەرمی کۆماری ئێل سلڤادۆر |
پایتەخت و گەورەترین شار | سان سلڤادۆر |
سەربەخۆیی لە ئیمپراتۆریەتی ئیسپانی | 15ـی ئەیلوولی 1821 |
سەربەخۆیی لە یەکەم ئیمپراتۆریەتی مەکسیکی: | 1ـی تەممووزی 1823 |
سەربەخۆیی لە کۆماری فیدراڵی ئەمریکای ناوەڕاست |
12ـی حوزەیرانی 1824 |
حکوومەت | کۆماری سەرۆکایەتی یەکگرتوو |
سەرۆکی وڵات | نەجیب ئەبو کیلە |
زمانی فەرمی | ئیسپانی |
ڕووبەری گشتی | 21,041 كم2 |
ژمارەی دانیشتووان بەپێی خەمڵاندنی ساڵی 2023 | 6,602,370 |
چڕیی دانیشتووان | 324.4/كم2 |
ڕێڕەوی لێخوڕین | ڕاست |
کۆدی تەلەفۆن | +503 |
ئایینی زۆرینەی دانیشتووان | مەسیحی |
یەکەی دراو | دۆلاری ئەمریکی |
تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی (GDP) لە خەمڵاندنی ساڵی 2023 | 74.05 ملیار دۆلار |
مێژوو و گرنگی وڵاتەکە
ئۆڵمێکەکان لە ساڵی 2000 پێش زایین هاتنە ئەم ناوچەیەی کە ئێستا کۆماری ئێل سلڤادۆرە، پاشان گەلی مایا لە ساڵی 1500 پێش زایین لە ناوچەکە جێگیربوون. کاتێک شارستانیەتی مایا لە ساڵی 900ـی زایینی کۆتایی هات، ئیمپراتۆریەتی تۆلتێک لە ئەلسەلڤادۆر بەهێز بوو. لە سەدەی 11ـدا و تا ئەو کاتەی ئیسپانیا ئێل سلڤادۆری داگیرکرد گەلی پیپل گرووپی دەسەڵاتدار و دەسڕۆیشتووی ناوچەکە بوو. ئیسپانییەکان لە ساڵی 1528ـدا دەستیان بەسەر ناوچەکەدا گرت و خەڵکی ڕەسەنی وڵاتەکەیان ناچار کرد ببنە خزمەتکار. ئێل سلڤادۆر لە ساڵی 1821 سەربەخۆیی لە ئیسپانیا بەدەستهێنا.
لە ساڵی 1980 نایەکسانی ئابووری بووە هۆی هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ، بەم بۆنەیەشەوە زۆرێک لە سلڤادۆریە دەوڵەمەند و هەژارەکان بەرەو ئەمریکا هەڵهاتن و لە ساڵی 2008ـدا گەورەترین گرووپی کۆچەری ئەمریکا سلڤادۆریەکان بوو. لە ئەنجامی شەڕە ناوخۆ 12 ساڵییەکە نزیکەی 75 هەزار کەس گیانیان لەدەستدا، لە ساڵی 1992ـدا خۆشبەختانە کۆتایی هات. لە ئێستادا، ئێل سلڤادۆر لە پێوەرەکانی گەشەپێدانی مرۆیی (HDI)ـدا لە پلەی 124ـی نێو 189 وڵاتدایە و لە ساڵی 2019ـدا پێشکەوتنی ئابووریی وڵاتەکە بووە هۆی ئەوەی کە ئێل سلڤادۆر کەمترین ئاستی نایەکسانی داهات لەنێو وڵاتانی ئەمریکای لاتین و وڵاتانی سەر دەریای کاریبیدا ئەزموون بکات.
چەند زانیارییەک دەربارەی وڵاتەکە
ئەلسلڤادۆر وڵاتێکی شاخاوییە و بچووکترین وڵاتی ئەمریکای ناوەڕاستە. ئەم وڵاتە بە خاکی گڕکانەکان ناسراوە و زۆرجار بوومەلەرزە و چالاکیی گڕکانی لێ ڕوودەدات. هەروەها تاکە وڵاتی ئەمریکای ناوەڕاستە کە ناوکەوێتە سەر دەریای کاریبی. نزیکەی نیوەی تەواوی دانیشتووانی سلڤادۆر لە ناوچە لادێیەکان دەژین، ئەمانەش خەڵکی هەژاری وڵاتەکەن و کارەبا و ئاوی بەلووعەیان نییە. زۆربەی خانەوادە دەوڵەمەندەکان لە سان سلڤادۆری پایتەخت لە خانوو و شوقەکاندا ژیان بەسەر دەبەن. جگە لەوانەش، حکوومەتی سلڤادۆر خوێندنی بێبەرانبەر پێشکەش بە منداڵانی وڵاتەکەی دەکات و تا پۆلی نۆیەم هیچ کرێیەکیان لێ وەرناگیردرێت.
بەڵام زۆرێک لە خانەوادەکان توانای دابینکردنی تێچووی گواستنەوە و پێداویستییەکانی وەک خۆراک، دەرمان و سووتەمەنیان نییە. لەگەڵ ئەوەشدا، نزیکەی سێ ملیۆن هاوڵاتی سلڤادۆری لە ئەمریکا دەژین و پارە بۆ ماڵەوەیان لە ئێل سلڤادۆر دەنێرنەوە. برنج و فاسۆلیا و تۆرتیلا خۆراکی سەرەکین لە سلڤادۆر، زۆربەی خەڵکی وڵاتەکه توانای کڕینی گۆشتیان نییە و خۆراکی پێویستی ڕۆژانەیان نییە، هەر بۆیە بەدخۆراکی هۆکارێکی سەرەکی مردنە لەنێو خەڵکی گوندنشینی هەژاردا.
لەڕووی دیمۆگرافییەوە
دانیشتووان
ژمارەی دانیشتووانی ئێل سلڤادۆر لە ساڵی 2021ـدا 6,314,167 کەس بوو، بە بەراورد بەوەی ژمارەی دانیشتووانی وڵاتەکە لە ساڵی 1950ـدا 2,200,000 دانیشتوو بوو. لە ساڵی 2010ـدا تەمەنی 32.1%ـی دانیشتووانی کۆمارەکە لە خوار 15 ساڵ، تەمەنی 61%ـی دانیشتووان لە نێوان 15 بۆ 65 ساڵ و تەمەنی 6.9%ـی دانیشتووانی وڵاتەکە 65 ساڵ یان سەروو 65 ساڵ بوو. هەروەها، ژمارەی دانیشتووانی سان سلڤادۆری پایتەخت نزیکەی 2.1 ملیۆن کەسە. بە مەزەندە 42%ـی دانیشتووانی ئێل سلڤادۆر لە ناوچە دێهاتییەکاندا دەژین. شارسازی یان ئاوەدانکردنەوەی شارەکان لە ساڵانی شەستەکانەوە لە ئێل سلڤادۆر دەستی پێکرد و ملیۆنان کەس ڕوویان لە شارەکان کرد، ئەمەش کێشەی پەیوەندیدار بە بەرنامەڕێژی و خزمەتگوزارییەکانی شارەکان دروستکرد.
نەتەوە
دانیشتووانی ئێل سللڤادۆر لە ڕەگەزی تێکەڵ و هەروەها خەڵکی بە ڕەچەڵەک ڕەسەنی ناوچەکه، ئەورووپی، یان بنەچەی نەوە ئەفریقییەکانی نێو گرووپە بچووکترە ئاوارەکانی ناوەڕاست و ئەوپەڕی ڕۆژهەڵات پێکهاتووە. 86%ـی سلڤادۆرەکان خۆیان بە ڕەگەزی مێستیزۆ دەناسێنن. 15.0%ـی خەڵکی وڵاتەکە بە سپی پێست دەناسرێن و زۆربەیان خەڵکی ئیسپانیان، لە کاتێکدا سلڤادۆری بە ڕەچەڵەک فەڕەنسی، ئەڵمانی، سویسری، ئینگلیزی، ئێرلەندی و ئیتاڵیش لە ناوچەکەدن نیشتەجێن. زۆربەی کۆچبەرانی ئەورووپای ناوەڕاست لە ئێل سلڤادۆر لە کاتی جەنگی جیهانیی دووەمدا وەک پەنابەری کۆماری چیک، ئەڵمانیا، هەنگاریا، پۆڵەندا و سویسرا گەیشتنە وڵاتەکە.
هەروەها چەند کۆمەڵگەی بچووکی جوولەکە، مەسیحی فەڵەستین و موسڵمانی عەرەب لە سلڤادۆر جێگیرن. لەگەڵ ئەوەشدا، 0.23%ـی دانیشتووانی ئێل سلڤادۆر هاوڵاتی ڕەسەنی ناوچەکەن، گرووپێکی بچووکی سلڤادۆرە ئەفریقییەکان بە ڕێژەی 0.13%ـی کۆی دانیشتووان و 0.64%ـی دانیشتووانی وڵاتەکە لە نەتەوەکانی تر پێک دین. لەنێو گرووپە کۆچبەرەکانی ئێل سلڤادۆر، مەسیحییە فەڵەستینییەکان گرووپی دیارە. هەرچەندە ژمارەیان کەمە، بەڵام وەچەکانیان لە وڵاتدا دەسەڵاتی ئابووری و سیاسی گەورەیان بەدەستهێناوە.
لە ساڵی 2004ـدا، نزیکەی 3.2 ملیۆن سلڤادۆری لە دەرەوەی ئێل سلڤادۆر دەژیان و ویلایەتە یەکگرتووەکانیش شوێنی هەڵبژێردراوی کۆچبەرەکانی وڵات بوو. تا ساڵی 2012، نزیکەی 2.0 ملیۆن کۆچبەری سلڤادۆری و ئەمریکی بە ڕەچەڵەک سلڤادۆری لە ئەمریکادا هەبوون، کە بوون بە شەشەم گەورەترین گرووپی کۆچبەری وڵاتەکە. لە دوای ئەمریکا، گواتیمالا دووەم شوێنی هەڵبژێردراوی سلڤادۆرەکانە و زیاتر لە 111 هەزار کەس لە کۆماری گواتیمالا دەژین، کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە گواتیمالا سیتیدا چڕبوونەتەوە. هەروەها سلڤادۆرەکان لە وڵاتانی دیکەی نزیک وەک بێلیز، هیندۆراس و نیکاراگوا دەژین. ئەو وڵاتانی دیکە کە کۆمەڵگەی دیاری سلڤادۆریان هەیە بریتین لە کەنەدا، مەکسیک، بەریتانیا (لەوانەش دوورگەکانی کێیمەن)، سوید، بەڕازیل، ئیتاڵیا، کۆڵۆمبیا و ئوسترالیا.
زمان
ئیسپانی زمانی فەرمی دانیشتووانی ئێل سلڤادۆرە و لەلایەن نزیکەی تەواوی دانیشتووانەوە قسەی پێ دەکرێت، هەرچەندە ژمارەیەکی زۆر کەم، کە نزیکەی 500 دانیشتووی بە ڕەگەز پیپلی ڕەسەن، بە زمانی ناوات قسە دەکەن. جگە لەوانەش، زمانی کێکچی لەلایەن کۆچبەرە بە ڕەچەڵەک گواتیمالای و بێلیزییەکانی وڵاتەکەوە بەکاردێت.
ئایین
زۆربەی زۆری دانیشتووانی ئێل سلڤادۆر پەیڕەوکەرانی ئایینی مەسیحین، دوو گرووپی ئایینی سەرەکی وڵاتەکە کاسۆلیکی ڕۆمانی و پرۆتستانتن کە یەکەمیان لەلایەن 47%ـی دانیشتووان و دووەمیان لەلایەن 33%ـی دانیشتووانەوە پەیڕەو دەکرێن. هەروەها ئەوانەی سەر بە هیچ گرووپێکی ئایینی نین 17%ـی دانیشتووان پێک دەهێنن، جگە لەوەش، باقی 3%ـی دانیشتووانی ئێل سلڤادۆر لە گەواهی یهوا، هاری کریشنا، موسوڵمان، جوولەکە، بوودی، مۆرمۆن و پەیڕەوانی بیروباوەڕی ئایینی ڕەسەن پێکهاتووە.
لەڕووی جوگرافییەوە
ئێل سلڤادۆر دەکەوێتە پارچە زەوییەکی نێوان دوو دەریای ئەمریکای ناوەڕاست، لە نێوان هێڵی پانی 13° و 15°ـی باکوور و هێڵی درێژی 87° و 91°ـی ڕۆژئاوا. ئەم وڵاتە 270 کیلۆمەتر لە ڕۆژئاوا و باکووری ڕۆژئاواوە بۆ ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵات و 142 کیلۆمەتر لە باکوورەوە بۆ باشوور درێژ دەبێتەوە. هەروەها، ڕووبەری گشتی 21,041 کیلۆمەتر دووجایە و بچوکترین وڵاتی کیشوەری ئەمریکایە. ئێل سلڤادۆر زیاتر لە 300 ڕووباری هەیە کە گرنگترینیان ڕووباری ڕیۆ لیمپایە و لە گواتیمالاوە سەرچاوە دەگرێت، زنجیرە شاخەکانی باکوور قەدبڕ دەکات، بەدرێژایی زۆربەی بانە ناوەندییەکان و زنجیرە چیای گڕکانی باشووردا دەڕوات و لەوێشەوە دەڕژێتە ناو زەریای هێمنەوە.
ئەوە تاکە ڕووباری کەشتیڕەوی ئێل سلڤادۆرە و ڕووبارەکانی تر بەگشتی کورتن. سەرەڕای ئەوەش، چەند دەریاچەیەک لە وڵاتەکەدا هەن کە بە دەمە گڕکانییەکان دەورەدراوە، گرنگترینیان دەریاچەی ئیلۆپانگۆ و دەریاچەی کواتیپیکی، کە ڕووبەری یەکەمیان 70 کیلۆمەتر دووجا و دوومیان 26 کیلۆمەتر دووجایە. بەرزترین خاڵ لە ئێل سلڤادۆر شاخی سێرۆ ئیل پیتال (Cerro El Pital)ـە و بەرزییەکەی 2,730 مەترە. زنجیرە چیاکان و بانە ناوەندییەکان 85%ـی خاکی وڵاتەکە دەگرنەوە.
کەشوهەوا
ئێل سلڤادۆر کەشوهەوایەکی خولگەیی هەیە لەگەڵ دوو وەرزی باراناوی و وشک. پلەکانی گەرما بە پلەی یەکەم لەگەڵ گۆڕانی بەرزاییدا دەگۆڕێن و گۆڕانکارییەکی کەمی وەرزی نیشان دەدەن. کەشی ناوچە نزمەکانی زەریای هێمن گەرمە، لە کاتێکدا کەشی بانی ناوەندی و ناوچە شاخاوییەکان زیاتر مامناوەندە. هەروەها، وەرزی بارانبارین لە مانگی ئایارەوە تا مانگی تشرینی یەکەم دەخایەنێت؛ ئەم کاتەی ساڵ بە زستان ناودەبرێت. زۆربەی بڕی بارانی ساڵانە بەدرێژایی ئەم ماوەیە دەبارێت، کۆی گشتی دابارین، بەتایبەتی لە لاپاڵی شاخەکانی باشوور، دەشێت بگاتە 2,170 مللیمەتر.
بەڵام بارانێکی کەمتر لە ناوچە پارێزراوەکان و بانی ناوەندی دەبارێت. لە مانگی تشرینی دووەم تا مانگی نیسان، بەهۆی هەڵکردنی بای بازرگانی باکووری ڕۆژهەڵات کەشی وڵات گۆڕانکاری بەسەر دێت و ئەم ماوەیە بە هاوین ناودەبرێت. بەڵام لە زنجیرە چیا بەرزترەکانی بەشی باکووری ئێل سلڤادۆر پلەکانی گەرما نزمترن و کەش فێنکترە. جگە لەوە، شوێنی وڵاتەکە لەسەر زەریای هێمن وا دەکات کە ئێل سلڤادۆر ڕووبەڕووی کەشوهەوای توند بێتەوە، لەوانەش تاوەباران یان شەستەباران و وشکەساڵی توند، کە پێ دەچێت هەردووکیان بەهۆی کاریگەرییەکانی ئەل نینۆ و لا نینا توندتر بن. ناوبەناویش زریانەکان لە زەریای هێمن دروست دەبن.
لە هاوینی 2001ـدا وشکەساڵییەکی توند 80%ـی دەغڵودانی ئێل سلڤادۆری لەناوبرد و بووەهۆی قات و قڕی لە گوندەکاندا، لە کاتێکدا لە چواری تشرینی یەکەمی 2005، بارانبارینی توند لافا و زەمینەخزێی لێ کەوتەوە کە بەلایەنی کەمەوە بوونە هۆی مردنی 50 هاوڵاتی ناوچەکە. سەرەڕای ئەوەش، چالاکی گڕکانی و زەمینلەرزە دوو کارەساتی سروشتیی ترن کە لەم وڵاتەدا ڕوو دەدەن، بەهۆی ئەوەی ئێل سلڤادۆر دەکەوێتە ناوچەی پشتێنی ئاگریی زەریای هێمنەوە بۆیە دەکەوێتە بەر ژمارەیەکی بەرچاو چالاکی تێکتۆنیکی، لەوانەش چالاکی گڕکانی و زەمینلەرزە.
لە ساڵی 1756 و 1854ـدا وێران بوو و لە ساڵی 1919، 1982 و 1986ـشدا بەهۆی سووکە بومەرزەیەکەوە زیانێکی زۆری بەرکەوت. نموونەیەکی نوێش زەمینلەرزەکەی 13ـی کانوونی دووەمی 2001ـە کە بە 7.7 پلەی ڕێختەر لە ناوچەی دا و زەمینەخزێی لێ کەوتەوە، کە لە ئەنجامدا زیاتر لە 800 کەس گیانیان لەدەستدا. لەگەڵ ئەوەشدا، وڵاتەکە زیاتر لە بیست بورکانی هەیە، دوایین تەقینەوەی گڕکانی لەناوبەر لە یەکی تشرینی یەکەمی 2005 ڕوویدا و بووە هۆی مردنی دوو کەس.
ڕووەک و ئاژەڵەکان
خەمڵێنراوە کە 500 جۆری باڵندە، 1000 جۆری پەپوولە، 400 جۆری ڕووەکی ئەرخەوان، 800 جۆر دار و 800 جۆری ماسی دەریایی لە ئێل سلڤادۆر هەن. خۆی لە جیهاندا هەشت جۆر کیسەڵی دەریایی هەیە؛ کەچی شەش جۆریان لە کەناراوەکانی ئەمریکای ناوەڕاستدا دەژین و چوار جۆریان کەنارەکانی سلڤادۆر نیشتیمانیانە، کیسەڵە دەریاییەکان مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە. لەم دواییانەدا چەن هەوڵێک بۆ پاراستنی داهاتووی جۆراوجۆری زیندەوەری وڵات درا، لە ساڵی 1997 حکوومەت وەزارەتی ژینگە و سامانە سروشتییەکانی دامەزراند. لە ساڵی 1999ـدا ئەنجومەنی نیشتمانی یاسایەکی گشتی لە چوارچێوەی ژینگەدا پەسەندکرد. لە ئێستادا چەندین ڕێکخراوی ناحووکمی بۆ پاراستنی هەندێک لە گرنگترین ناوچە دارستانییەکانی وڵات کار دەکەن. جگە لەوەش، ئێل سلڤادۆر شوێنی شەش ژینگەسیستمی زەمینییە، کە یەکێکیان دارستانی چیایی ئەمریکای ناوەڕاستە.