ناوهڕۆك
ناساندن
سامۆئا یان ساموا (بە ئینگلیزی: Samoa، بە عەرەبی: ساموا)، بە فەرمی دەوڵەتی سەربەخۆی سامۆئا و تا ساڵی 1997 بە سامۆئای ڕۆژئاوا ناسرابوو، وڵاتێکی دوورگەیی پۆلینیزیایە و لە دوو دوورگەی سەرەکی، دوو دوورگەی بچووکتری ئاوەدان و چەند دوورگەیەکی بچووکتری چۆڵ پێکهاتووە. سامۆئا دەکەوێتە 64 کیلۆمەتر لە ڕۆژئاوای ساموای ئەمریکی، 889 کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژهەڵاتی تۆنگا (نزیکترین وڵاتی بیانی)، 1,152 کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژهەڵاتی فیجی، 483 کیلۆمەتر لە ڕۆژهەڵاتی والیس و فوتونا، 1,151 کیلۆمەتر لە باشووری ڕۆژهەڵاتی توڤالو، 519 کیلۆمەتر لە باشوری تۆکێلاو، 4,190 کیلۆمەتر لە باشووری ڕۆژئاوای هاوایی و 610 کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژئاوای نییوییەوە دوورە. پایتەختی ئەم وڵاتە شاری ئاپیایە. خەڵکی لاپیتا نزیکەی 3,500 ساڵ لەمەوبەر دوورگەکانی سامۆئایان دۆزیەوە و لێی نیشتەجێ بوون. هەروەها پەرەیان بە زمان و کولتوورێکی سامۆئای دا.
خشت
ناو | سامۆئا یان ساموا، بە فەرمی دەوڵەتی سەربەخۆی سامۆئا |
پایتەخت و گەورەترین شار | ئاپیا |
دامەزران | یەکی کانوونی دووەمی 1962 |
سەرۆکی وڵات | ڤاليتوا سوالاڤی دووەم |
سەرۆک وەزیران | فیامی نائومی ماتافا |
زمانی فەرمی | ئینگلیزی و سامۆئای |
ڕووبەری گشتی | 2,831 كم2 |
ژمارەی دانیشتووان لە خەمڵاندنی ساڵی 2021ـدا | 205,557 |
چڕیی دانیشتووان | 70/كم2 |
ڕێڕەوی لێخوڕین | چەپ |
ژمارەی تەلەفۆن | +685 |
ئایینی فەرمی | مەسیحی |
یەکەی دراو | تالا (Tālā) |
تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی (GDP) لە ساڵی 2018 | 1.188 بلیۆن دۆلار |
ساموئا سیستەمێکی پەرلەمانی یەکگرتووی هەیە و لە 11 بەشی ئیداری پێکدێت. دەوڵەتێکی سەربەخۆ و ئەندامی کۆمۆنوێڵتی نەتەوەکانە. ساموای ڕۆژئاوا لە 15ـی کانوونی یەکەمی 1976 لە نەتەوە یەکگرتووەکان وەرگیرا. بەهۆی لێهاتوویی دەریاوانە سامۆئاییەکان، گەڕیدە ئەورووپییەکانی پێش سەدەی بیستەم وەک "دوورگەی دەریاگەر" ئاماژەیان بە تەواوی گرووپی دوورگەکان کرد (کە سامۆئای ئەمریکیش لەخۆ دەگرێت). ئەم وڵاتە لە ساڵی 1899 تا 1915 کۆڵۆنی ئیمپراتۆریەتی ئەڵمانیا بوو، پاشان تا کاتی سەربەخۆبوونی لە یەکی کانوونی دووەمی 1962 کەوتە ژێر کۆنتڕۆڵی بەڕێوبەرایەتی هاوبەشی بريتيش و نیوزلەندا.
لەڕووی دیمۆگرافییەوە
دانیشتووان
ژمارەی دانیشتووانی ساموا لە سەرژمێری ساڵی 2016ـدا 194,320 کەس بوو، نزیکەی سێ لەسەر چوارى دانیشتووانی ئەم ئەرخەبیلە لە دوورگەی سەرەکی ئۆپۆلو دەژین.
تەندروستی
سوورێژە لە تشرینی یەکەمی 2019 لە ساموا بڵاوبوویەوە و تا حەوتی کانوونی یەکەم 68 حاڵەتی مردن تۆمارکرا (0.31 کەس لە هەر 1,000 کەسێکدا، بە پشتبەستن بە ژمارەی دانیشتووان کە لە ساڵی 2019ـدا 201,316 کەس بوو) و زیاتر لە 4,460 کەس (2.2%ـی دانیشتووان) سورێژەیان گرت. ئەم دەردە بە شێوەیەکی سەرەکی لەنێو منداڵانی خوار تەمەنی چوار ساڵدا بڵاوبوویەوە و 10 حاڵەتیش لە کۆماری فیجی ڕاپۆرتکران.
گرووپی نەتەوەیی
بەپێی خەمڵاندنێکی ساڵی 2011ـی فاکتبوکی جیهانی سی ئای ئەی، دانیشتووانی سامۆئا 96% ساموای، 2% ساموای-نیوزلەندی و 1.9%ـی دانیشتووانی وڵاتەکە لە نەتەوەکانی تر بوون. لە کاتێکدا، گرووپە نەتەوەییەکانی وڵاتەکە لە ساڵی 2001ـدا بەم شێوەیەی خوارەوە بوو:
- ساموای: 92.6%
- ڕەگەزی تێکەڵی ئەورووپی و دوورگەنشینەکانی زەریای هێمن: 7.0%
- ئەورووپی: 0.4%
- ڕۆژهەڵاتی ئاسیا: 0.1%
زمانەکان
زمانە فەرمییەکانی دانیشتووانی گەلەدوورگەی ساموا بریتین لە ساموای و ئینگلیزی. ژمارەی قسەپێکەرانی زمانی ساموای زیاترە لە زمانی ئینگلیزی، هەروەها زمانی ئاماژەی ساموا بە شێوەیەکی باو لەنێو دانیشتووە نابیستەکانی ساموادا بەکار دەهێنرێت.
ئایین
بەپێی خەمڵاندنێکی ساڵی 2011، ئایینه پەیڕەوکراوەکانی دانیشتووان سامۆئا ئەمانەی خوارەوەن:
- کڵێسای مەسیحی پرۆتستانتی ساموا: 31.8%
- کاسۆلیکی ڕۆمانی: 19.4%
- میتۆدیست: 15.2%
- کۆمەڵانی خوا: 13.7%
- قەشەی هاوچەرخی کڵێسای عیسا مەسیح (مۆرمۆنەکان): 7.6%
- ئەدڤێنتیستەکانی ڕۆژی حەوتەم: 3.9%
- ۆرشیپ سەنتەر: 1.7%
- مەسیحی تر: 5.5%
- ئایینەکانی تر: 0.7%
- بێ ئایین: 0.1%
- دیارینەکراو: 0.1%
ئابووری
لەڕووی ئابوورییەوە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 2014ـەوە سەمۆئای وەک وڵاتێکی گەشەسەندوو پۆلێن کردووە. لە ساڵی 2017ـەوە تێکڕایی بەرهەمی ناوخۆیی سامۆئا بە 1.13 ملیار دۆلاری ئەمریکی مەزەندە کرا، کە لە پلەی 204ـی وڵاتانی جیهاندایە. کەرتی خزمەتگوزارییەکان 66%ـی تێکڕایی بەرهەمی ناوخۆیی پێکهێناوە، دوای کەرتی خزمەتگوزاری پیشەسازی و کشتوکاڵ بە دوای یەکدا بە رێژەی 23.6% و 10.4% تێکڕایی بەرهەمی ناوخۆییان پێک هێناوە، لە هەمان ساڵیشدا، هێزی کاری سامۆئا بە 50,700 کەس مەزەندە کرا.
بانکی ناوەندی ساموا دراوی ساموا، تالا ساموای بەرهەم دەهێنێت و کۆنتڕۆڵی دەکات. ئابووری ساموا بە شێوەیەکی نەریتی لە ئاستی ناوخۆییدا پشتی بە کشتوکاڵ و ڕاوەماسی بەستووە. کشتوکاڵ دوو لەسەر سێی هێزی کار دادەمەزرێنێت و 90%ـی هەناردەکردنەکان دابین دەکات، کە کرێمی گوێزی هیندی، زەیتی گوێزی هیندی، نۆنی و کاکڵە گوێزی هیندی لەخۆ دەگرێت. لە سەدا شەستی کارەبای ساموا لە سەرچاوەکانی کارۆئاوی و خۆر و بای نوێبووەوە سەرچاوەی گرتووە، لەسەد ا چلەکەی تری مۆلیدەی دیزڵ بەرهەمی دەهێنێت.
کەشوهەوا
ساموا ئەرخەبیلێکە لە زەریای هێمن و دەکەوێتە باشووری هێڵی یەکسان بوونی زەویـیەوە (هێڵی ئیستوا)، کەشوهەوای ئەم ئەرخەبیلە خولگەییە، واتە کەشی وڵاتەکە گەرمە و شێدارە و بە درێژایی ساڵ باراناوییە، لەگەڵ ئەوەشدا زۆرترین ڕێژەی بارانبارین لە مانگی کانوونی یەکەمەوە تا ئازار و کەمترین ڕێژەی بارانبارین لە مانگی حوزەیران تا ئەیلوولدا تۆمار دەکرێت. هەروەها خۆر لە ساموا بە شێوەیەکی سەرەکی لە وەرزی تاڕادەیەک وشکدا دەدرەوشێتەوە، لە مانگی حوزەیران تا ئەیلوول. لە ئاپیای پایتەخت ساڵانە 2,200 کاتژمێر تیشکی خۆر بەسەر شارەوە دەدرەوشێتەوە. جگە لەوەش، ئاوی دەریا لە ساموا ئەوەندە گەرمە کە بەدرێژایی ساڵ دەتوانرێت مەلەی تێدا بکرێت.
پلەی گەرمی
پلەکانی گەرما لە ساموا جێگیرن، بەڵام گۆڕانکارییەکی کەم لە نێوان گەرمترین ماوە (کانوونی یەکەم تا مانگی نیسان)، کاتێک بەرزترین پلەی گەرمی نزیکەی 30 پلەی سەدیە و فێنکترین ماوە (حوزەیران تا ئەیلوول)، کاتێک پلەکانی گەرما لە دەوروبەری 29/30 پلەی سەدیدان ڕوو دەدات. پلەکانی گەرما لە کاتەکانی شەودا لە سەرووی 20 پلەی سەدیەوەن. بای بازرگانی بە درێژایی ساڵ لە باشووری ڕۆژهەڵاتەوە هەڵ دەکات و توندی پلەی گەرمی کەم دەکاتەوە.
بارانبارین
باران لە شێوەی بەخوڕ یان ڕەشەبای بروسکاویدا دەبارێت و لە ماوەیەکی کەمدا زۆرترین ڕێژە دەبارێت، جگە لە ماوەی مانگی کانوونی یەکەم تا ئازار کە هەندێک جار چەند کاتژمێرێک بەردەوام باران دەبارێت. ڕێژەی بارانبارین بەهۆی ئەو شاخانەوە بەرز دەبێتەوە کە لە ناوەوەی دوو دوورگە سەرەکییەکەدا دەبینرێن، بەتایبەتی گەورەترین دوورگە، ساڤای، کە چیای سیلیلیسی لێیە و بەرزییەکەی 1,858 مەترە. لێرەدا، ساڵانە زیاتر لە پێنج مەتر باران دەبارێت.
گێژهلووکه خولگەییەکان
دەشێت گێژهلووکه خولگەییەکانی باشووری زەریای هێمن بگەنە دوورگەکانی ساموا، کە بەزۆری لە مانگی تشرینی دووەم تا ناوەڕاستی مانگی ئایار دروست دەبن، هەرچەندە لەوانەشە لە کۆتایی مانگی کانوونی یەکەمەوە تا سەرەتای مانگی نیسانیش هەڵ بکەن. بێجگە لە گێژهلووکه کێلی کە لە مانگی حوزەیرانی 1997ـدا هەڵیکرد.