ناوهڕۆك
ناساندن
تۆنگا (بە ئینگلیزی: Tonga، بە عەرەبی: تونغا، بە تۆنگایی: ˈtoŋa)، بە فەرمی شانشینی تۆنگا، وڵاتێکی پۆلینیزیایی و ئەرخەبیلییە. ئەم وڵاته لە 171 دوورگە پێکهاتووە کە 45ـیان ئاوەدانە. ئەم گەلەدوورگەیە دەکەوێتە باشووری زەریای هێمن و ڕووبەرەکەشی نزیکەی 750 کیلۆمەتر دووجایە. ژمارەی دانیشتووانی تۆنگا لە سەرژمێریی ساڵی 2021ـدا، 100,209 کەس بوو و لە پلەی 199ـی وڵاتانی جیهاندایە، 70%ـی دانیشتووانەکەی لە دوورگەی سەرەکی، تۆنگاتاپو نیشتەجێن. وڵاتەکە نزیکەی 800 کیلۆمەتر لە باکوورەوە بۆ باشوور درێژ دەبێتەوە. لە باکووری ڕۆژئاواوە بە فیجی و والیس و فوتونا؛ لە باکووری ڕۆژهەڵاتەوە بە ساموا؛ لە ڕۆژئاواوە بە نیو کالیدۆنیا و ڤانواتو؛ لە ڕۆژهەڵاتەوە بە نیوێ و لە باشووری ڕۆژئاواوە بە کێرمەدێکەوە دەورە دراوە. وڵاتی تۆنگا نزیکەی 1800 کیلۆمەتر لە دوورگەی باکووری نیوزلەنداوە دوورە، جگە لەوەش تۆنگا ئەندامێکی کۆمۆنوێڵتە.
زانیاری گشتی
ناو | تۆنگا، بە فەرمی شانشینی تۆنگا |
پایتەخت و گەورەترین شار | نوکوئەلۆفا |
سەربەخۆیی لە بەریتانیای مەزن | چواری حوزەیرانی 1970 |
سەرۆکی وڵات | جۆرج توپو |
زمانی فەرمی | تۆنگایی و ئینگلیزی |
ڕووبەری گشتی | 748 كم2 |
ژمارەی دانیشتووان لە سەرژمێری ساڵی 2021ـدا | 100,209 |
چڕیی دانیشتووان | 139/كم2 |
ڕێڕەوی لێخوڕین | چەپ |
ژمارەی تەلەفۆن | +676 |
ئایینی فەرمی | مەسیحی |
یەکەی دراو | پانگا |
تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی (GDP) لە ساڵی 2019 | 493 ملیۆن دۆلار |
مێژووی تۆنگا
نزیکەی 2,500 ساڵ لەمەوبەر شارستانیەتی لاپیتا لە تۆنگا نیشتەجێ بوون و جێگیربووە پۆلینیزیاییەکانی تۆنگا وردە وردە پەرەیان بە ناسنامەیەکی جیاواز و بەهێزی نەتەوەیی و زمان و کولتوورێکی وەک گەلی تۆنگا دا. بەخێرایی بناغەیەکی بەهێزیان لە سەرانسەری باشووری زەریای هێمندا دامەزراند و ئەم قۆناغە فراوانخواز و کۆلۆنیالیزمەی تۆنگا بە ئیمپراتۆریەتی توی تونگا (Tuʻi Tonga) ناسراوە. لە حکوومڕانی یەکەم پاشای تۆنگاوە، ʻAhoʻeitu، تۆنگا گەشەی کرد و بوو بە دەسەڵاتێکی ناوچەیی. پاشان دەریاسالاری، کە هەندێک جار پێی دەوترێت ئیمپراتۆریەتی دەریایی بەشێکی نوێی زەریای هێمن داگیر و کۆنترۆڵ کرد. توی تونگا بە کاریگەری ئابووری و نەتەوەیی و کولتووری خۆی لەسەر زەریای هێمن بەناوبانگ بوو، کە تەنانەت دوای شۆڕشی سامۆئایی سەدەی 13 و دۆزینەوەی دوورگە ئەورووپییەکان لە ساڵی 1616ـدا بە بەهێزی مایەوە. لە ساڵی 1900 تا 1970، تۆنگا بوو بە دەوڵەتێکی پارێزگەی بەریتانیا و شانشینی یەکگرتوو لە سایەی پەیمانی دۆستایەتیدا چاودێری کاروباری دەرەوەی تۆنگای دەکرد، بەڵام تۆنگا هەرگیز دەستبەرداری سەروەریی خۆی نەبوو بۆ هیچ دەسەڵاتێکی دەرەکی. لە ساڵی 2010ـدا تۆنگا هەنگاوێکی یەکلاکەرەوەی نا، ئەویش ئەوە بوو لە پاشایەتی ڕەهای نەریتی خۆی دوورکەوتەوە، بەرەو پاشایەتییەکی دەستووری تەواو کارا هەنگاوی نا و یەکەم هەڵبژاردنی ئەنجامدا.
لەڕووی وشەوانییەوە
لە زۆرێک لە زمانە پۆلینیزیاییەکاندا، لەوانەش تۆنگایی، وشەی تۆنگا (tonga) لە وشەی (fakatonga)ـەوە هاتووە، کە بە واتای "southwards" بە زمانی کوردی "بەرەو باشوور، ڕووەو باشوور یان باشووری" دێت. هۆکاری ناونانی بە (باشووری) دەگەڕێتەوە بۆئەوەی کە گەلەدوورگەکە باشووریترین گرووپی نێو گرووپە دوورگەییەکانی پۆلینیزیای ڕۆژئاوایە. وشەی تۆنگا (tonga) لە هەمان ڕەگی وشەی کۆنا "kona"ـی هاواییە، کە بە واتای "leeward" "بە ئاڕاستەی با"ـی کوردی دێت. هەروەها، بەهۆی ئەو پێشوازییە گەرمەی کە لە کاپتن جەیمس کوک کرا لە یەکەم سەردانیدا لە ساڵی 1773، تۆنگا لە ڕۆژئاوا بە "دوورگە دۆستانەکان" ناسراوە.
لەڕووی دیمۆگرافییەوە
دانیشتووان
لە یەکی کانوونی دووەمی 2023ـدا ژمارەی دانیشتووانی تۆنگا بە 106,439 کەس خەمڵێندرا، ئەم ژمارەیەش بە بەراورد بە ساڵی پێشوو کە ژمارەی دانیشتووانەکەی 105,991 کەس بوو بە ڕێژەی 0.42% (448) زیادی کردوە. لە ساڵی 2022ـدا زیادبوونی سروشتی ئەرێنی بوو و ژمارەی لەدایکبووان بە 2,078 کەسەوە ژمارەی مردووانی تێپەڕاند. هەروەها بەهۆی کۆچی دەرەکییەوە، ژمارەی دانیشتووان بە 1,630 کەس کەمبوویەوە. جگە لەوەش، ڕێژەی ڕەگەزی تەواوی دانیشتووان 1.004 بوو (1,004 نێر بۆ هەر 1,000 مێیەک)، کە نزمترە لە ڕێژەی ڕەگەزی جیهانی (1,016 نێر بۆ هەر 1,000 مێیەک) لە ساڵی 2022ـدا.
ڕەگەز و نەتەوە
پێکهاتە نەتەوەییەکانی دانیشتووانی تۆنگا لە ساڵی 2018ـدا بەم شێوەیەی بوو:
- خەڵکی ڕەسەنی تۆنگا: 97%
- ئۆقیانووسییە ئەورووپییەکان: 0.7%
- نەتەوەکانی تر: 2.3%
تەمەن
بەپێی خەمڵاندنەکانی ساڵی 2023، تەمەنی 37.2%ـی دانیشتووانی تۆنگا لە خوارووی 15 ساڵی، تەمەنی 56.7%ـی دانیشتووان لە نێوان 15 بۆ 64 ساڵی و تەمەنی 6.1%ـی دانیشووانی وڵات 65 ساڵی و سەروو 65 ساڵییەوەیە. هەروەها تەمەنی چاوەڕوانکراوی هەردوو ڕەگەزی نێر و مێی تۆنگا 75.2 ساڵییە.
ئایین
بەگوێرەی زانیارییەکانی ساڵی 2016، ئایینی زۆرینەی دانیشتووانی تۆنگا مەسیحییە، ئایینە پەیڕەوکراوەکانی دانیشتوونی ئەم گەلەدوورگەیە بریتین لە:
- مەسیحی: 96.9%
- میتۆدیست: 53.7%
- مۆرمۆن: 18.6%
- کاسۆلیک: 14.2%
- مەسیحییەکان تر: 10.4%
- بەهایی: 2.2%
- بێ ئایین:
- ئایینەکانی تر: 0.3%
- ئایینی ئیسلام لە تۆنگا ئایینێکی کەمینەی وڵاتە، ئەو مسوڵمانانەی کە لە تۆنگا دەژین سوننە مەزهەبن و مزگەوتی ئەلخەدیجە مزگەوتێکی دیاری تۆنگایە.
زمان
هەریەک لە زمانەکانی تۆنگایی و ئینگلیزی زمانی فەرمی دانیشتووانی تۆنگان.
ئاستی خوێندەواری دانیشتووان
بەپێی خەمڵاندنەکان 66,424 کەس یان 99.39%ـی دانیشتووانی پێگەیشتوو (تەمەن 15 ساڵ و سەرووتر)ـی تۆنگا توانای خوێندنەوە و نووسینیان هەیە. بەم پێیەش نزیکەی 403 کەسی پێگەیشتوو نەخوێندەوارن. ڕێژەی خوێندەواریی دانیشتووانی نێری پێگەیشتوو 99.35% (33,057 کەس)ـە و 217 نێری پێگەشتوو نەخوێندەوارن. هەروەها ڕێژەی خوێندەواریی دانیشتووانی مێینەی پێگەیشتوو 99.45% (33,367 کەس)ـە و 186 مێی پێگەیشوو نەخوێندەوارن.
تەندروستی
بەپێی هەندێک ڕاپرسیی بڵاوکراوە، تۆنگا یەکێکە لەو وڵاتانەی جیهان کە بەرزترین ڕێژەی قەڵەوی تێدایە و داتاکانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیی ساڵی 2014 ئاماژە بەوە دەکەن کە وڵاتەکە لەڕووی ڕێژەی دانیشتووانی قەڵەوەوە لە پلەی چوارەمدایە. لە ساڵی 2011ـدا 90%ـی دانیشتووانی پێگەیشتووی تۆنگا کێشی زیادەیان هەبوو. لەگەڵ ئەوەشدا، 70%ـی مێینەکانی تەمەن 15 بۆ 85 ساڵـی وڵات قەڵەون. هەروەها لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمی 2021، یەکەم حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا (کۆڤید-19)ـی ڕاگەیاند.
کەشوهەوا
تۆنگا کەشوهەوایەکی دارستانی باراناویی خولگەیی هەیە، کەشی وڵات لە کانوونی یەکەم تا نیسان گەرمە بە شێوەیەک کە پلەکانی گەرما بۆ سەرووی 32 پلەی سەدی بەرز دەبنەوە، بەڵام کەشی وڵاتەکە لە مانگی ئایار تا تشرینی دووەم فێنکترە و پلەکانی گەرما بە دەگمەن بۆ سەرووی 27 پلەی سەدی بەرز دەبنەوە. پلەی گەرمی و بڕی بارانبارین لە نێوان 23 پلەی سەدی و 1700 مللیمەتر لە تۆنگاتاپو، لە بەشی باشوور تا 27 پلەی سەدی و 2,970 مللیمەتر لە دوورگەکانی باکووریی زۆر نزیکتر لە هێڵی ئیستوا.
بە تێکڕای مانگی ئازار باراناویترین مانگی ساڵە و 263 مللیمەتر باران دەبارێت، هەروەها تێکڕای ڕێژەی شێداری ڕۆژانە 80%ـیە. جگە لەوانەش، بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو لە تۆنگا 35 پلەی سەدیە کە لە 11ـی شوباتی 1979ـدا تۆمارکرا و نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراوە 8.7 پلەی سەدیە کە لە 8ـی ئەیلوولی 1994ـدا تۆمارکرا. دابەزینی پلەی گەرمی بۆ 15 پلەی سەدی یان کەمتر بەزۆری لە وەرزی وشک و لە باشووری تۆنگادا تۆمار دەکرێت. وەرزی گێژەڵووكەی خولگەیی لە 1ـی تشرینی دووەم تا 30ـی نیسان دەخایەنێت، بەڵام دەشکرێت ئەم گێژەڵووكە خولگەییانە جگە لە وەرزی خۆیان دروست ببن و کاریگەرییان لەسەر شارەکە هەبێت. بەپێی ڕاپۆرتی ساڵی 2021ـی WorldRiskReport، تۆنگا لەنێو ئەو وڵاتانەی کە مەترسی کارەساتیان لەسەرە لە پلەی سێیەمی جیهاندایە، هۆکاری ئەمەش بەزۆری دەگەڕێتەوە بۆ بەرکەوتنی وڵاتەکە بە زۆرێک لە دیاردە سروشتییەکان.