موسوڵمان

له‌لایه‌ن: - بەڵێن سامان بەڵێن سامان - به‌روار: 2023-02-26-22:02:00 - کۆدی بابەت: 11108
موسوڵمان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

موسڵمان یان موسوڵمان (بە عەرەبی: المسلمون یان مسلم، بە ئینگلیزی: Muslims، بە فارسی: مسلمان)، ئەو کەسەیە کە دان بە خودادا دەنێت و تەنیا (الله) بە خودای خۆی دەزانێت و نکۆڵی لە بوونی خودای تر دەکات، ئیسلام وەکوو ئایین وەردەگرێت و شوێن محەمەد ﷺ دەکەوێت وەکوو پێغەمبەری خودا و قورئان وەکوو کتێبی هیدایەت وەردەگرێت و پێنج پایەی سەرەکی لە ئایینی ئیسلامدا جێبەجێ دەکات. ئەندامانی ئایینی ئیسلام کە بە موسڵمان ناودەبرێن، بەپێی سەرژمێرییەکان تاکوو ساڵی ٢٠٢٠ زیاتر لە ٢ ملیار کەسن، پێکهاتوون لە چەندین گرووپی نەتەوەیی و نەتەوەی جیاواز، هەروەها زۆرینەی ڕێژەی موسڵمانان دەکەونە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا کە ڕێژەی لە ٩١٪ـی تەواوی موسڵمانانی جیهان پێکدەهێنن. هەروەها موسڵمانان لە ناوچە تایبەتەکانی ئاسیا وەکوو باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و ئاسیای ناوەڕاست و ناوچەکانی ئەفریقا وەک نیمچەدوورگەی سۆماڵ، باکووری ئەفریقا و ڕۆژاوای ئەفریقا بەڕێژەیەکی زۆر بڵاوبوونەتەوە. ئەمە جگە لەبوونی موسڵمانان بەشێوەیەکی کەمینە لە تەواوی جیهاندا.

کۆی گشتی موسڵمانان

بەپێی توێژینەوەکانی سەنتەری پیو لەساڵی ٢٠٢٠ـدا ١،٩ ملیارە

پەیامبەر

ئەبو قاسم محەمەد کوڕی عەبدوڵای کوڕی عەبدولموتەڵیب (محەمەد ﷺ)

ژمارەی موسڵمانان لە وڵاتە ئیسلامییەکاندا

وڵات

ڕێباز

ژمارە

ئەندەنووسیا

سوننە

٢٣١,٠٧٠,٠٠٠

پاکستان

سوننە

٢١٣,١٦١,١٠٠

هیندستان

سوننە

١٩٤,٨١٠,٠٠٠

بەنگلادیش

سوننە

١٥٣,٧٠٠,٠٠٠

نەیجیریا

سوننە

٩٩,١٠٠,٠٠٠

میسڕ

سوننە

٩٥,٠٠٠,٠٠٠

ئێران

سوننە-شیعە

٨٢,٩٠٠,٠٠٠

تورکیا

سوننە

٨٢,٨٠٠,٠٠٠

جەزائیر

سوننە

٤٢,٠٠٠,٠٠٠

چین

سوننە

٤٠,٠٠٠,٠٠٠

عێراق

سوننە-شیعە

٣١,٢٣٤,٠٠٠

مالیزیا

سوننە

٢٧,٧٣٠,٠٠٠

مەغریب

سوننە

٣٨،٩٣٠،٠٠٠

سوودان

سوننە

٣٩،٥٨٥،٧٧٧

سعوودیە

سوننە

٣٢,٤٨٩,٠٠٠

بەریتانیا

سوننە

٦،٢٠٠،٠٠٠

ئیسپانیا

سوننە

١،٨٠٠،٠٠٠

کەنەدا

سوننە

١،٠٠٠،٠٠٠

فەڕەنسا

سوننە

٥،٠٠٠،٠٠٠

ئەڵمانیا

سوننە

٦،٣٠٠،٠٠٠

ئەمریکا

سوننە

١١،٢٠٠،٠٠٠

ڕێبازەکان

ئیسلامی سوننە (٨٠-٩٠٪)

ئیسلامی شیعە (١٠-٢٠٪)

ئەحمەدی (بە نزیکەیی ١٪)

ڕێبازەکانی (قورئانی و ئیبازی بە نزیکەیی ١٪)

زمانەکان

بەگشتی: عەرەبی کلاسیک (عەرەبی قورئان)

ئاسایی: هیندی، عەرەبی، تورکی، فارسی، بەنگلادیشی، کوردی چەندانی تر

واتای وشەکە

وشەی موسڵمان (بە عەرەبی: مسلم، بە ئینگلیزی: /ˈmʌzlɪm/، /ˈmʊzlɪm/، /ˈmʊslɪm/ یان moslem /ˈmɒzləm/، /ˈmɒsləm/)، مێینەی موسڵمان لە عەرەبیدا (مسلمة). کۆمەڵێک موسڵمانی نێر لە زمانی عەرەبیدا (مسلمون یان مسلمين)ـە، هاوتا مێینەییەکەیشی (مسلمات)ـە.

وشەی ئاساییەکەی لە زمانی ئینگلیزیدا "Muslim"ـە. لە سەدەی بیستەمدا ڕێنووسی پەسەندکراو لە زمانی ئینگلیزیدا "Moslem" بوو. لە زمانی ئینگلیزیدا هەندێکجار بە "Mussulman" دەنووسرا و بەڵام ئەم بەکارهێنانە کۆن بووە و گۆڕدراوە. تا ناوەڕاستی شەستەکان، زۆرێک لە نووسەرانی زمانی ئینگلیزی دەستەواژەی "محەمەدی" یان "مەحەمەت"یان بەکارهێناوە لەجیاتی وشەی موسڵمان، هەربۆیە موسڵمانان بەکارهێنانی ئەم زاراوەیان بە سووکایەتی کردن زانیوە چونکە پێیان وابووە بەکارهێنانی ئەو زاراوەیە بەو واتایە دێت کە گوایە موسڵمانان محەمەد دەرپەرستن نەک خودا. زاراوە بەسەرچووەکانی تر بریتین لە "Muslimite" و "Muslimist". لە ئەورووپای سەدەی ناوەڕاستدا بەشێوەیەکی باو بە موسڵمانان دەوترا ساراسین.

ناسینەوە

بۆ بوون بە موسڵمان و هاتنە نێو ئایینی ئیسلام، یەکێک لە گرنگترین و پێنج پایەکەی ئیسلام هێنانی شەهادەیە، شەهادە واتە ڕاگەیاندنی ئیمان و متمانە بەخشین بە ئایینەکە کە تیایدا کەسەکە دان بەوەدا دەنێت کە تەنها یەک خودا هەیە کە (الله)ـیە محەمەد ﷺ پەیامبەری خودایە لەڕێگەی وتنەوەی شەهادە کە بریتییە لە (أشهد أن لا إله إلا الله وأشهد أن محمداً رسول الله) واتە: گەواهی دەدەم کە خودا تاک و تەنهایە هیچ شتێک شایەنی پەرستن نییە، وە محەمەد ﷺ نێردراوی خودایە.

لە ئیسلامی سوننەدا شەهادە دوو بەشی هەیە، بەشی یەکەمی بریتییە لە (لَا إِلَٰهَ إِلَّا ٱللَّٰهُ) واتە: هیچ خودایەک نییە جگە لە (الله)، بەشی دووەمیشی بریتییە لە (مُحَمَّدٌ رَسُولُ ٱللَّٰهِ) واتە: محەمەد پێغەمبەری خودایە، هەندێکجار بە شەهادەی یەکەم و شەهادەی دووەم ناودەبرێن. شەهادەی یەکەم لە وتەی شەهادەدا بە تەحلیلیش ناسراوە. هەروەها لە ئیسلامی شیعەدا شەهادە بەشی سێیەمی هەیە، کە دەستەواژەیەکی تایبەتە بە عەلی کوڕی ئەبووتاڵیب، کە یەکەم ئیمامی شیعە و چوارەم خەلیفەی ڕاشیدەین لە ئیسلامی سوننەدا، شەهادەی سێیەمیش بریتییە لە (وعليٌ وليُّ الله) واتە: عەلی والی خودایە. لە ئیسلامی قورئانییشدا شەهادە ئەو شایەتییە کە هیچ خودایەک نییە جگە لە (الله (لَا إِلَٰهَ إِلَّا ٱللَّٰهُ).

ڕێکارە ئاینییەکانی موسڵمان لە پێنج پایەکەی ئیسلامدا بریتیین لە: ڕاگەیاندنی ئیمان (وتنی شەهادە)، ئەنجامدانی نوێژەکانی ڕۆژانە و بەخشینی زەکات و ڕۆژوو گرتن لە مانگی ڕەمەزاندا و ئەنجامدانی فەریزەی حەج بەلایەنی کەمەوە یەکجار لە تەواوی ژیاندا.

دەربارەی موسڵمان

قورئان زۆرێک لە پێغەمبەران و پێغەمبەرانی ناو ئایینی جوولەکە و مەسیحییەت و شوێنکەوتووانی هەریەکەیان بە موسڵمان ناودەبات. هەندێک لەو پەیامبەرانە بریتیین لە: ئادەم، نوح، ئیبراهیم، ئیسماعیل، یەعقوب، موسا، و عیسا و هەموو پێغەمبەرەکان لە قورئاندا بە موسڵمان دادەنرێن. قورئان باس لەوە دەکات کە ئەو پیاوانە موسڵمان بوون چونکە ملکەچی خودا بوون و بانگەشەی پەیامەکەی و بەرزڕاگرتنی بەهاکانی ئەویان دەکرد کە بریتیبوون لە نوێژ و خێر و ڕۆژوو لەگەڵ ئەنجامدانی فەریزەی حەج. هەروەها لە ئایەتی ٥٢ـی سوڕەتی (آل عمران) شوێنکەوتووانی عیسا دەڵێن: (فَلَمَّآ أَحَسَّ عِيسَىٰ مِنۡهُمُ ٱلۡكُفۡرَ قَالَ مَنۡ أَنصَارِيٓ إِلَى ٱللَّهِۖ قَالَ ٱلۡحَوَارِيُّونَ نَحۡنُ أَنصَارُ ٱللَّهِ ءَامَنَّا بِٱللَّهِ وَٱشۡهَدۡ بِأَنَّا مُسۡلِمُونَ) واتە: جا کاتێک عیسا هه‌ستی به کوفر و بێ دینی ئه‌وانه کرد وتی: کێ پشتیوانمه بۆ لای خوا، (کێ دێت تا پێکه‌وه به‌رنامه‌ی خوا بگه‌یه‌نین)، حه‌وارییه‌کان وتیان: ئێمه‌ین پشتیوانانی دین و ئایینی خوا، باوه‌ڕی ته‌واومان به‌و خوایه هێناوه‌، تۆش شایه‌تی بده که به‌ڕاستی ئێمه موسڵمان و ملکه‌چ و فه‌رمانبه‌ردارین.

لە بیروباوەڕی ئیسلامیدا، پێش قورئان، خودا تەوراتی بە موسا و زەبوری بە داود و ئینجیلی بە عیسا بەخشیبوو، کە هەموویان بە پێغەمبەری گرنگی موسڵمانان دادەنرێن.

دیمۆگرافیا

زۆرترین ژمارەی دانیشتووانی موسڵمانان لە ئەندەنووسیایە کە ١٢.٧%ـی موسڵمانانی جیهانی تێدا نیشتەجێیە، لە دوای ئەویش پاکستان (١١.٠%)، بەنگلادیش (٩.٢%)، نەیجیریا (٥.٣%) و میسڕ (٤.٩%). نزیکەی ٢٠% موسڵمانانی جیهان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا دەژین. هەروەها کەمینە گەورەکانی موسڵمانان لە هیندستان، چین، ئەسیوبیا، ئەمریکا، ئوستوڕالیا و بەشێکیان لە ئەورووپا دەبینرێن. ئەو وڵاتەی کە ژمارەی موسڵمانەکانی هاوتای ژمارەی دانیشتووانەکەی دەبێت وڵاتی مەغریبە. زیاتر لە ٧٥-٩٠% موسڵمانان سوننەن. دووەم و سێیەم گەورەترین مەزهەب، شیعە و ئەحمەدین کە شیعەکان بەنزیکەیی ١٠-٢٠% و ئەحمەدییەکان ١%ـی ڕێژەکە پێکدەهێنن.

ئایینی ئیسلام بەنزیکەیی ١.٩ ملیار شوێنکەوتووی هەیە بەپێی سەرژمێرییەکانی ساڵی ٢٠٢٠ کە نزیکەی چارەکێکی دانیشتووانی زەوی دەکات. ئیسلام دووەم گەورەترین و خێراترین ئایینە لە جیهاندا، بە پلەی یەکەم بەهۆی تەمەنی گەنجی و ڕێژەی بەرزی لەدایکبوونی موسڵمانانەوە، لەگەڵ موسڵمانان کە ڕێژەیان (٣.١) بووە بە بەراورد بە تێکڕای جیهانی کە ڕێژەکەی (٢.٥). بەپێی هەمان لێکۆڵینەوە، گۆڕینی ئایین هیچ کاریگەرییەکی لەسەر دانیشتووانی موسڵمان نییە، بەو پێیەی ژمارەی ئەو کەسانەی کە ئیسلام لە باوەش دەگرن و ئەوانەی کە ئیسلام بەجێدەهێڵن بە نزیکەیی یەکسانە.

توێژینەوەیەکی سەنتەری پیو لە ساڵی ٢٠١٦ـدا دەرکەوتووە کە موسڵمانان زۆرترین ژمارەی لایەنگرانی خوار تەمەنی ١٥ ساڵیان هەیە کە دەکاتە ڕێژەی ٣٤٪ لە کۆی دانیشتووانی موسڵمانان، لەکاتێکدا تەنها ٧٪ـیان تەمەنیان لە سەروو ٦٠ ساڵیدایە (کەمترین ڕێژەیە لە هەموو ئایینێکی گەورەدا). بەپێی هەمان توێژینەوە، موسڵمانان زۆرترین ڕێژەی لەدایکبوونیان هەیە کە دەکاتە (٣.١) لە هەر گرووپێکی ئایینی گەورە. هەروەها توێژینەوەکە دەریخستووە کە موسڵمانان نزمترین ئاستی خوێندنیان هەیە بە تێکڕا ٥.٦ ساڵ خوێندن، هەرچەندە هەردوو گرووپەکە گەورەترین دەستکەوتیان لە ئاستی خوێندندا لە دەیەکانی ڕابردوودا لە نێوان ئایینە گەورەکاندا بەدەستهێناوە. نزیکەی ٣٦%ـی هەموو موسڵمانان خوێندنی فەرمییان نییە و موسڵمانان نزمترین ئاستی تێکڕای خوێندنی باڵایان هەیە لە هەموو گرووپێکی ئایینی گەورە، کە تەنها ٨% بڕوانامەی دەرچوون و ئاهەنگی دەرچوونیان هەیە.


سەرچاوەکان



1194 بینین