ماڵی دانایی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ئەحمەد محەمەد ئەحمەد - به‌روار: 2024-06-13-18:00:00 - کۆدی بابەت: 13163
ماڵی دانایی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ماڵی دانایی (بە عەرەبی: بیت الحكمة، بە ئینگلیزی: House of Wisdom) بەر لە هەزار و دووسەد ساڵ بەغداد گەیشتبووە لوتکەی خۆشبەختی و شادمانی، ئەوکاتەی پایتەختی جوانیی جیهانی ئیسلامی بوو. ماوەی پێنج سەد ساڵ شانازی بەخۆیەوە دەکرد بەوەی کە شاری زانایان و بیرمەندان و ڕۆشنبیرانە، لە سەردەمی حوکمڕانی هاروونە ڕەشید و مەئموون و موتەوەکیلی خەلیفەکانی عەباسیدا ئەم ناوبانگەی بەدەست هێنا. لەو ماوەیەدا بەغداد دەوڵەمەندترین شاری جیهان بوو، ناوەندێک بوو بۆ پەرەسەندن و گەشەی هزری، لەڕووی فراوانییەوە لەپاش (قوستەنتینییە) گەورەترین شار بوو، لەوکاتەدا زیاتر لە ملیۆنێک دانیشتووانی هەبوو.

لە بەغداد خەڵکی لە بەرزبوونەوەی گەشەپێدان و دۆزینەوەکان هاوبەش بوون. وەهۆکاری گەیشتن بەم پێشکەوتنە و مکوڕ بوون لەسەری بۆ چەند شتێک دەگەڕێتەوە، هۆکارێکیان ئەوە بوو کە هەندێک لە خەلیفەکان خودی خۆیان گرنگییان دەدا بە کۆکردنەوەی کارە داهێنان کاری و دۆزینەوە زانستییەکان، پەرتووکی نەتەوەکانیان کۆکردەوە، زانا موسوڵمان و ناموسڵمانەکانیان کۆدەکردەوە بۆ بنیادنانی یەکێک لە گەورەترین ئەکادیمیا هزرییەکانی مێژوو و ناویان نا ماڵی دانایی. ئەم خانە هزرییە هێزێکی جۆراوجۆری کۆمەڵایەتی تێدابوو کە پایتەختی عەباسییەکانی کردبوو بە موکۆیەکی هونەر و زانست و ئەدەب، لەڕاستیدا ئەو ڕۆڵەی کە بینی لە بڵاوکردنەوەی زانیاری و هونەر و زانستەکان و گەشەپێدان و پەرەپێدانیان ڕۆڵێکی مەزن بوو.

دەرکەوتنی ماڵی دانایی

ئەکادیمیای (ماڵی دانایی) بەپێی ئاستەکانی گەشەسەندنی دوو ناوی هەبوو، کاتێک تەنها هۆڵێک بوو لە سەردەمی (هاروونە ڕەشید)ـدا پێی دەوترا هۆبەی دانایی، پاشان گەشەی کرد تا بوو بە پەیمانگایەکی گەورە لە سەردەمی مەئمووندا و ناوی لێنرا ماڵی دانایی، پەرتووکخانەیەکی گەورەی تێدابوو بەناوی پەرتووکخانەی دانایی کە کۆمەڵێکی زۆر بابەتی زانستی جیاوازی تێدا بوو بە چەندین زمان.

بۆچوونی ڕۆژاوا لەسەر ماڵی دانایی

نووسینەکانی (برایان ویتاکەر) لە ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی لە ساڵی ٢٠٠٤ دا دەڵێت: "ماڵی دانایی ناوەندێکی بێهاوتا بوو بۆ خوێندنی زانستە مرۆڤایەتییەکان و زانستە ئەزموونییەکان، کە بیرکاری، گەردوونناسی، پزیشکی، کیمیا، ئاژەڵناسی، جوگرافی لەخۆ گرتبوو. بە پشت بەستن بە نووسراوی زانا فارس، هند و یۆنانێکان ئەم زانستانە دەخوێندران. لە نموونەی کەسانی وەک: ئەرستۆ، ئەفلاتوون، ئەپۆکرات، ئیقلیدیس، فیساگۆرس و کەسانی تر. زاناکان زۆرترین دانراو و پەرتوکیان لە جیهان کۆکردەوە و پاشان لەسەر ئەوانە بناغەی دۆزینەوەکانیان بنیادنا."

چۆن ماڵی دانایی دەوڵەمەند کرا؟

خەلیفە محەمەدی مەهدی لە هەرکوێیەک دەستنووسی پێ زانیبا لەکاتی هێرشە جەنگییەکاندا کۆی دەکردەوە. خەلیفە هادیش هەمان کاری باوکی دەکرد. هەتا ئەو کاتەی خەلیفە هاروونە ڕەشیدی کوڕی هاتە سەر تەخت (فەرمانڕەواییەکەی لەنێوان ساڵانی ٧٨٤ بۆ ٨٠٩ بووە) و ماڵی دانایی دامەزراند. بەڵام خەلیفە مەئموون کە بیست ساڵ فەرمانڕەوایی کرد لەساڵی ٨١٣ ـەوە تەنها ماڵەکەی فراوان کرد و بۆ هەربەشێکیش لەبەشەکانی زانستەکان هۆبەیەکی جیاکردەوە، ماڵەکە زۆر قەرەباڵغ بوو لە زانایان، شارەزایانی هونەر، وەرگێڕە بەناوبانگەکان، نووسەران، شاعیران، شارەزایان و پیشەوەرانی جۆراوجۆر. ئەم هەموو مێشک و بیرۆکە و توانایانە ڕۆژانە پێکەوە بوون بۆ وەرگێڕانی نووسراوە دێرینەکان و نووسین و خوێندنەوە و گفتوگۆ و ڕاوێژ، ئەو زمانانەی لێرە بەکاردەبرا و قسەی پێدەکرا بریتیبوون لە زمانی عەرەبی کە زمانی زانست بوو و هەمووان تێیدا بەشدار بوون، فارسی، عیبری، سریانی، ئارامی، یۆنانی، لاتینی و سانسکریتی کە بەکاردەهات بۆ وەرگێڕانی دەستنووسە دێرینە هندییەکانی بیرکاری.

وەرگێڕە بەناوبانگەکانی ماڵی دانایی

لەناو بەناوبانگترین وەرگێڕەکاندا یۆحەننای کوڕی بەتڕیق لەو سەردەمەدا ئەستێرەی درەوشاوەی وەرگێڕان بوو. ئەم زیاتر لە فەلسەفەدا دەینوسی تا پزیشکی، لە لاتینییەوە پەرتووکی ئاژەڵانی ئەرستۆی لە نۆزدە بەشدا وەرگێڕابوو. هەروەها حونەینی کوڕی ئیسحاقیش ناوداربوو بە وەرگێڕانی پەرتووکی فیزیازانە یۆنانێکانی وەکو ئەپۆکرات و گالینۆس. کیندی کە فیزیازان، فەیلەسووف، بیرکاریزان، ئەندازیار، کیمیازان، مەنتیقی و گەردوونناس بوو، لەلایەن خەلیفە مەئموون دیاریکرا بە یەکێک لەو زانایانەی کە سەرپەرشتی وەرگێڕانی نووسراوەکانی ئەرستۆ بکات. کیندی خۆی پەرتووکخانەیەکی تایبەتی هەبوو کە بەهۆی فراوانییەکەوەی بە (کیندییە) ناو دەبرا.

چۆن کتێب زیادکراوە بۆ ماڵی دانایی

مەئموون خەلیفەیەکی دووربین بوو و لە گەڕانیدا بۆ زانست و زانیاری پەیوەندی لەگەڵ چەندین سەرکردەی جیهانیدا بەست. دەوترێت کە نامەی نووسیوە بۆ پاشای سەقەلیە و داوای لێکردووە کە سەرجەم پەرتووکەکانی پەرتووکخانەی سەقەلییەی بۆ بنێرێت کە پڕبووە لە پەرتووکی فەلسەفی و زانستی. پاشا بە ئەرێنی وەڵامی داواکارێکەی خەلیفەی داوەتەوە و لەبەرگیراوی پەرتووکەکانی پەرتووکخانەی سەقەلییەی بۆ نارد. لەو دەمەدا گواستنەوەی پەرتووک جیاوازبوو. دەوترێت کە مەئمون سەد وشتری بەکارهێناوە بۆ گواستنەوەی پەرتووکی دەستنووس لە خوراسانی ئێرانەوە بۆ بەغداد.

لەبەرئەوەی ئیمپڕاتۆرییەتی بێزەنتیش نزیک بوو، مەئموون ویستی هەندێک لە زاناکانی بنێرێت بۆ وەرگێڕانی ئەو پەرتووکە بەسوودانەی کە لەوێ پارێزراون. ئیمپڕاتۆر بە بەڵێ وەڵامی دایەوە و زاناکان ڕۆشتن، پاشان بە دەستی پڕەوە و بە پەرتووکی یۆنانییەوە گەڕانەوە. مەئمون هەر تەنها ماڵی دانایی بەڕێوەنەدەبرد و ئاراستەی بکات، بەڵکو لە گفتوگۆی زانا و مامۆستاکاندا بەشداری دەکرد. هەروەها ناوەندێکی گەردوونی دامەزراند و ناونرا ڕووانگەی ئاسمانی، ژمارەیەک لە گەردوونناسە شارەزاکانی تێدابوو لە نموونەی یەحیای کوڕی ئەبی مەنسوڕ، لەناویاندا گەردووناسێکی جوولەکە هەبوو بە ناوی سەنەدی کوڕی عەلی و دەوترێت لەسەر دەستی خەلیفە مەئموون موسڵمان بووە.

سەرەڕای ئەوەی کە خەلیفە مەئموون جڵەوی ماڵی دانایی لەدەستدا بوو، شوێنی باوکی گرتەوە لە دامەزراندنی ژمارەیەکی زۆر لە دامەزراوەی باڵای فێرکاری و ڕووانگەی ئاسمانی و کارگەی ڕستن و چنین. دەوترێت کە ژمارەی دامەزراوە باڵاکانی فێرکاری لەسەردەمی حوکمڕانییکەیدا گەشتووەتە ٣٣٢ دامەزراوە. 

هەروەها داوای لە دەستەیەک لە پیاوانی زیرەک و ژیر کرد کە نەخشەی جیهانی بۆ ئامادەبکەن و ئەوانیش کردیان. کە بە نەخشەی مەئموون یان نیگاری مەئموون بەناوبانگ بوو. ئەم نەخشەیە ناوبانگێکی فراوانی پەیداکرد و باڵی کێشا بەسەر نەخشە باوە دێرینەکانی سەردەمی خۆی کە لە بەتلیمۆس و جوگرافیزانە یۆنانییەکانی ترەوە بەجێمابوون.

لە ناو کەسایەتییە درەوشاوەکانی ناو ماڵی داناییدا کوڕانی موسای کوڕی شاکر کە بریتیبوون لە محەمەد، ئەحمەد و حەسەن بەناوبانگ بوون بە بیرکاریزانی و داهێنانی ئامێرە میکانیکییە هزرییەکان، چەندین زانای تر دەرکەوتن وەک خەواریزمی باوکی زانستی جەبر، کیندی داهێنەری زانستی کردنەوەی هێما نهێنی و بیردۆزی مۆسیقا، جاحیزی وێژەوان و زانا و خاوەنی پەرتووکی حەیوان، حەنینی کوڕی ئیسحاق ئەلعیبادیی پزیشک و وەرگێڕ.

شوێنەکانی هاوشێوەی ماڵی دانایی

دەبێت ئێمە جیاوازی بکەین لە نێوان ماڵی داناییەکەی عەباسییەکان و خانەی دانایی فاتمییەکان کە خەلیفە حاکم بیئەمریلا لەساڵی ١٠٠٥ لە قاهیرە بنیادینا و بۆماوەی ١٦٥ ساڵ بەردەوام بوو. جگەلەوەش لە سەدەکانی نۆزدەیەم و دەیەم هەندێک شار لە هەرێمەکانی ڕۆژهەڵاتی جیهانی ئیسلامی بە لاسایی کردنەوەی ماڵی داناییەکەی بەغداد، چەندین خانەی زانستیان دروستکرد.


سەرچاوەکان



185 بینین