ئەندازیار

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-05-18-20:05:00 - کۆدی بابەت: 8692
ئەندازیار

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئەندازیار (بە عەرەبی: المهندس، بە ئینگلیزی: Engineer) کەسێکی بنیاتنەر و داهێنەرە، دۆزەرەوە و جێبەجێکار و داهێنەری چارەسەری کێشە و گرفتە هەمەجۆرە زانستییەکانە لە واقیعدا، دۆزراوە و تیۆرییە زانستییەکان دەکات بە کردارەکی و بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی بەکاریدەهێنێت، بە گشتی زانستی ئەندازیاری بریتییە لە جێبەجێکردنی یاسا و ڕێسا زانستیەکان بەشێوەی کردارەکی و لۆجیکی لە واقیعدا، بە مەبەستی فەراهەمکردن و دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانی مرۆڤ، هەروەها داهێنان و نوێکاریکردنە لە دۆزینەوە زانستییەکان، بە جۆرێک کە هاوکار بێت بۆ چارەسەر و ئاسانکردنی ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤ. کەسی ئەندازیار  بە پشتبەستن بە تیۆری و زانستە خەیاڵییەکان کار ناکات، بەڵکۆ بنچینەی کاری ئەندازیاری بریتییە لە واقعی بوون و زانستی کردارەکی و متمانە بەخۆبوون.
وشەی ئەندازیاری یاخود Engineering وشەیەکی لاتینییە واتای ژیریی، دانایی و داهێنان و نوێگەری دەگەیەنێت.

پسپۆڕی و خوێندنی بوارە ئەندازیارییەکان

پسپۆڕییە سەرەکییەکانی ئەندازیاری هەمەجۆرن، لە ڕابردوودا پسپۆڕییەکان دیاریکراو بوون، بەڵام بەهۆی پێشکەوتنەکانی سەردەم، لە ئێستادا ئەندازیاریی چەندان پسپۆڕیی گرنگی هەیە.
لە پاش خوێندنێکی چڕ و وردی چوار ساڵ لە هەندێک پسپۆڕی پێنج ساڵی زانکۆ، خوێندکار دەبێتە خاوەن بڕوانامەی بەکالۆریۆس و بە فەرمی دەبێت بە ئەندازیار، دواتر بەپێی ویستی خۆی لەڕێگەی خوێندنی ماستەر و دکتۆراوە دەتوانێت خوێندن و پلەی باڵا لە پسپۆڕییە ئەندازیارییەکەی بەدەست بهێنێت.
گرنگترین پسۆڕییە ئەندازیارییەکان بریتیین لە:

تایبەتمەندیی کەسایەتی ئەندازیارێکی سەرکەوتوو

پیشەی ئەندازیاریی بۆ هەموو کەسێک گونجاو نییە، چونکە بەرپرسارێتی و ماندووبوونێکی زۆری لەخۆگرتووە، پێویستە کەسەکە چەندان توانایی و لێهاتوویی هەبێت کە بتوانێت بە باشی ئەرکەکانی بەڕێوەبەرێت، بەو واتایەی بوون بە ئەندازیاێکی لێزان و بە ئەزموون پێویستی بە هەبوونی کارامەیی و لێهاتوویی هەیە لە کۆمەڵێك بواردا و دەبێت ئەندازیار کەسایەتییەکی بەهێزی هەبێت و خاوەنی چەند تایبەتمەندییەكی گرنگ بێت لەوانە:

ـ لێهاتوویی لە شیکارکردن و لێکۆڵینەوە: پێویستە ئەندازیار ناوەڕۆك و بەشەکانی دیزاین و پێکهاتەکانی بە وردی شیکار بکات و لێکۆڵینەوە لە هەموو وردەکارییە بچوكەکان بکات، واتا وردکار بێت و توانای لێکۆڵینەوەی هەبێت.

- لێهاتوویی لە مامەلە کردن لەگەڵ کەسانی تردا: ئەندازیار هەرگیز ناتوانێت بیرۆکە و پڕۆژە و پلانەکانی بخاتەڕوو و ڕوونکردنەوەیان بۆ بکات ئەگەر لێهاتوو نەبوو لە چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ خاوەنکار و ئەندازیارانی تردا، پێویستە متمانەی بەخۆی بێت و خاوەن کەسایەتییەکی بەهێز بێت و قبووڵی ڕەخنە و تێڕوانینی کەسانی تری هەبێت و بە لۆجیکی مامەڵەیان لەگەڵ بکات.

- لێهاتوویی لە بوارە تەکنیکییەکان: ئەندازیاران زۆرینەی پڕۆگرامەکانی کۆمپیوتەر لە کارەکانیان بەکاردەهێنن، بۆیە دەبێت لە بواری پرۆگرامسازی و پرۆگرامەکانی ئۆفیس زۆر لێهاتوو و کارامە بن، هاوکات چەند پسپۆڕی و چەند بەشێکی ئەندازیاریی بە جۆرێکە کە بەرکەوتن و مامەڵەکردنت لەگەڵ ئامێری ورد و کارەبا و بابەتە تەکنەلۆجییەکانی سەردەم دەبێت، بۆیە پێویستە زانیاریی تەواوت هەبێت لەسەر ئەو بوارەی کە کاری لەسەر دەکەیت.

 چەند مەرجێکی سەرەکی بوون بە ئەندازیارێکی سەرکەوتوو

  • هەبوونی خەیاڵێکی فراوان، بە جۆرێک کە بە ئاسانی وێنای شتەکان بکات
  • لێهاتوو و کارامەیی و بوونی حەزی نوێگەری
  • هەستکردن بە بەرپرسیارێتی
  • کارامە بێت لە پلاندانان
  • گرنگیدان بە وردەکارییەکان و وردکار لە پڕۆژەکان
  • توانای ڕووبەڕوبوونەوەی کێشەکان و داهێنان لە چارەسەرکردنیان
  • خاوەن زەوق و سەلیقە و شێوازی تایبەتی بێت لە دیزاینکردن
  • بەتوانا بێت لە بیرکاری و فیزیا و ژماردن و ئامار.
  • کراوە بێت و توانای قبووڵکردنی ڕەخنە و پێشنیارەکانی هەبێت و بەدڵی فراوانەوە وەریانبگرێت
  • داهێنان و نوێکاری لە بیرۆکە و پڕۆژەکان و خستنەڕووی چارەسەری نوێ
  • توانای بەڕێوەبردنی کاری بەکۆمەڵ و هاوکاریکردن و کۆمەكکردنی تیمی کارەکەی هەبێت
  • لێزان و لێهاتوو بێت لە کاروباری ئۆفیس
  • لێکۆڵینەوە بکات لە کاروبارەکان و شیکاریان بکات
  • هەڵسەنگاندن بکات بۆ بەڕێوەچوونی پرۆژەکان
  • بەردەوام بێت لە پێشکەشکردنی ڕاپۆرتی ورد لەسەر قۆناغەکانی  بەڕێوەچوونی کاروبارەکان
  • بە توانا بێت لە زمانی ئینگلیزی
  • توانای بەڕێوەبردن و ڕێکخستنی کاتی هەبێت و پەیوەست بێت بە کاتی دیاریکراوی پڕۆژەکانی
  • لێهاتوو بێت لە کارە تەکنیکییەکان
  • شیکردنەوەی نەخشە و داتاکان
  • بوونی هەست و هزری لۆجیکی و وردەکار لە مامەڵەکردندا

لایەنە ئەرێنییەکانی پیشەی ئەندازیاری

بەهۆی پێشکەوتنی سەردەمی ئێستا، ئەندازیار ڕۆڵ و پێگەیەکی گرنگی لە زۆرێک لە بوارەکانی ژیاندا هەیە، بۆیە لە نێو بازاڕی کارکردندا داواکارییەکی زۆر لەسەر چەند پسپۆڕییەکی دیاریکراوی بەشە ئەندازیارییەکان هەیە نموونەی ئەندازیاریی پڕۆگرامسازی و ئەندازیاریی کۆمپیوتەر و چەند بەشێکی تر، هەروەها داهات و بڕی مووچەی ئەندازیار بەندە بە ساڵانی ئەزموون و خزمەتکردنی لەگەڵ جۆری پسپۆڕیی ئەندازیارییەکەی، هاوکات کەسایەتی ئەندازیار لەنێو کۆمەڵگەدا پێگەیەکی تایبەتی هەیە. هەروەها بوارەکانی کارکردنی ئەندازیار تاڕادەیەک فراوانە داواکاری زۆری لەسەرە، ئەگەر بە توانا و لێزان بیت هەلی کار زۆر و فراوانە.

لایەنە نەرێنییەکانی  پیشەی ئەندازیاری

بوونی کێبڕکێیەکی زۆر لەنێو بازاڕی کارکردندا، پێدانی کار تەنها بە خاوەن ئەزموونەکان و بە کەم سەیرکردنی ئەندازیارانی تازە دەرچووەکان و ئەندازیارە گەنجەکان لە گرنگترین خاڵە نەرێنییەکانی پیشەکەیە، هەروەها کار و پیشەی ئەندازیاری زۆر ورد و ئاڵۆز و قورسە تاڕادەیەکی زۆر پێویستی بە پشوودرێژی و  ئارامیی هەیە، ماندووبوونێکی لە ڕادەبەدەرە و تاقەت پڕوکێنە بۆ کەسێك کە حەز و خولیای بۆ کارەکە نەبێت و بەرپرسیارێتییەکانی زۆرن، بەهۆی کاروبارەکانەوە کاتی کەمت بۆ ژیانی تایبەتی دەمێنێتەوە.
سەرەڕای ئەوەی کە خوێندن و کارکردن لە هەموو پسپۆڕییە ئەندازیارییەکان بۆ هەردوو ڕەگەزە، لە هەموو ڕووییەکەوە ئاسایی و ڕێگەپێدراوە، بەڵام ژنان و خانمانی ئەندازیار لە هەندێک ناوچەدا بەچاوی کەم لە تواناکانیان دەڕوانن سەرباری ئەوەی کە هەندێک کات ژنانی ئەندازیار لە ڕەگەزی بەرامبەر لە زۆرێک لە بوارەکاندا لێهاتووتر و زیرەکترن، بەڵام هەلی کار بۆ خانمان لەم پیشەیەدا لە چەند ناوچەیەک دیاریکراو و سنووردارە.

ئەرکە سەرەکییەکانی ئەندازیار

ئەرکی ئەندازیاران هەمەچەشن و فراوانە و بەرپرسیارێتی زۆریان هەیە، ئەرکە سەرەکییەکانی چەند قۆناغێک لەخۆدەگرێت کە بریتیین لە:

دیزاین

هەموو ئەندازیارێک چارەسەری نوێ و بێوێنە بۆ کێشەکان پێشنیار دەکەن. لە کاتی پڕۆسەی دیزاینی ئەندازیارییدا، ئەرکی ئەندازیارەکە لە سەرەتادا بریتییە دە دەستنیشانکردنی کێشەکە، پاشان هەنگاوەکانی دواتر بریتیە لە ئەنجامدانی توێژینەوە لە بارەی کێشەکەوە، دواتر شیکردنەوە و چارەسەر و بڕیاردان لەسەر بنەمای کێشەکە دەخاتەڕوو.

شیکارکردنی ئەندازەیی

شیکردنەوە و شیکاریی ئەندازەیی دوای پڕۆسەی دیزاینکردن و دەستنیشانکردنی کێشەکە و دیاریکردنی چارەسەرە. 
شیکردنەوەی ئەندازیاری بریتییە لە جێبەکێکردن و بەکارهێنانی بنەما زانستییەکان لە پڕۆسەی چارەسەرکرندا، هاوکات شیکاریی ئەندازیاری تایبەتە بە جێبەجێکردنی بنەما و پڕۆسەکانی شیکردنەوەی زانستی بۆ هەر سیستم و ئامێرێک یان تەکنیکێک بە مەبەستی زانینی تایبەتمەندی و مەرجەکانی. 
 ئەو دیزاینەی کە لە قۆناغی یەکەم دانراوە لەم قۆناغەدا بە تەواوی بەپێی بنەما سەرەکییەکانی نموونەی فیزیا و بیرکاری و یاساکانی سروشت شیدەکرێتەوە و شیکاریی بۆ دەکرێت.

پسپۆڕیی

بەپێی پسپۆڕی و بەشەکان چارەسەری و پڕۆژەکان لەلایەن ئەندازیارانەوە جێبەجێ دەکرێت، واتا کاری ئەندازیاران تا ڕادەیەک دەستەجەمعیی و بەکۆمەڵە، زۆرێک لە پسپۆڕیی و بەشەکان بە یەکەوە پەیوەستن.

بەڕێوەبردن

بەڕێوەبردن و ڕابەرایەتی کردنی پڕۆژەکان کڕۆکی سەرکەوتنی کارەکانە، لەڕێگەی بەدواداچوون، ئاگاداربوون، لێکۆڵینەوە و وردبوونەوەی ئەندازیار لە قۆناغ بە قۆناغی پڕۆژەکان دەکرێت پڕۆژەیەکی سەرکەوتوو و تەواو بەرهەم بهێنرێت.


سەرچاوەکان



1493 بینین